Draw Media

دەنگ كڕین پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوای راگرت

دەنگ كڕین پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوای راگرت

2019-05-12 19:14:32


راپۆرت: نامیق رەسوڵ
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێی بۆ نەینەوا راگرت، كە بڕیاربوو سبەی دووشەممە ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامیبدات‌و دۆسیەكەشی رادەستی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی  گەندەڵی كرد بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوەش بەهۆی بەرتیلدان بۆ سەرخستنی ( مەنسور مەرعید) بۆ پارێزگاری نەینەوا كە لەلایەن مەسعود بارزانی‌و فالح فەیازەوە پشتیوانی لێدەكرێت.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە ئاگادارییەكدا داوای لە ئەندامانی كرد سبەی دووشەممە ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەن بن، بە مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ‌ بۆ نەینەوا بۆئەوەی جێگەی ( نەوفەل عاكوب ) پارێزگاری پێشوو بگرێتەوە، كە دوای رووداوی نقومبوونی كەڵەكێك لە پاركێكی شارەكە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.

بەرتیل بۆ سەرخستنی كاندیدێك دراوە
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند 50 كەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا كاندیدكردووە‌و هەوڵ و دانوستان هەیە بۆئەوەی رێككەوتن بكرێت لەسەر كاندیدێك، ئاشكراشیكرد دیارترین ئەو كاندیدانەی كێبركێی بەدەستهێنانی پۆستەكە دەكەن بریتین لە:
* موزاحم ئەلخەیات
* حسامەدین عەبار
* مەنسور مەرعید

دوابەدوای ئاگاداریەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، چەند پەرلەمانتارێك بە نوسراوی فەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان ئاگاداركردەوە بە بەخشینەوەی پارە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگادا بۆئەوەی دەنگ بە كاندیدێكی دیاریكراو بدەن.
بە گوێرەی میدیاكانی عێراق بەرتیل دراوە بە زیاتر لە 20 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆئەوەی لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاردا دەنگ بدەن بە ( مەنسور مەرعید).
میدیاكانی عێراق نوسراوێكیشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا 20 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پشتیوانی خۆیان بۆ (مەنسور مەرعید) راگەیاندووە‌و ئاشکرایانکردووە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی پێدەدەن بۆئەوەی ببێتە پارێزگاری نەینەوا.
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەوە، محەمەد حەلبوسیک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە نوسراوی رەسمی‌و بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە بوونی گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا، دۆسیەكەی ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی كرد بۆئەوەی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.
ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت‌و هەفتانە بۆ لێكۆڵینەوە‌و تاوتوێكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی كۆدەبێتەوە.

پرۆسەكە راگیرا
هاوكات پەرلەمانی عێراق بە نوسراوی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ‌ رابگرێت، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نوسراوێكی كە سیفەتی "زۆر بەپەلە"ی داوەتێ‌ داوا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەكات پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار‌و دوو جێگرەكەی رابگرێت، تا ئەو كاتەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ئاگاداردەكرێنەوە.

نەوفەل عاكوب لە كوێیە؟
24ی ئازاری رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بۆ دوورخستنەوەی نەوفەا عاكوب ، پارێزگاری نەینەوا‌و دوو جێگرەكەی ئەوەش دوای روودانی نقومبونی كەڵەكێك لە ناوچەی غابات و گیان لەدەستدانی دەیان كەس.
دوای لەسەركارلابردنی، دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەوفەل عاكوب دەركرد ‌و بەو هۆیەی كە شوێنی دانیشتنی پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە، لایەنە پەیوەندیدارەكان داوایان لە هەرێمی كوردستان كرد عاكوب دەستگیربكات، بەڵام ناوبراو تائێستا دەستگیرنەكراوە.


ئەو لایەنانەی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار دەدەن
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار چەند سەركردەیەكی سیاسی عێراق كێبركێ دەكەن بۆئەوەی كاندیدەكەیان پۆستی پارێزگاری نەینەوا بەدەستبهێنێت، ئەوانیش بریتین لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، خەمیس خەنجەرن پەرلەمانتار ئەحمەد جبوری( ئەبومازن)، فالح فەیاز راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی هاوپەیمانێتی قەرار.
ئەو سەرچاوانە كە قسەیان بۆ میدیاكانی عێراق كردووە ئاشكرایانكردووە كە حەلبوسی خەنجەر پشتیوانی ئەوە دەكەن كە ئەحمەد عەبدوڵا  جبوری، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمرود ببێتە پارێزگاری نەینەوا، فالح فەیاز‌و مەسعود بارزانیش پشتیوانی لە مەنسور مەرعید دەكەن، ئوسامە نوجێفیش پشتیوانی لە موزاحم خەیات دەكات كە سەرۆكی زانكۆی موسڵەو دوای دوورخستنەوەی پارێزگای نەینەوا كراوەتە سەرۆكی ئەو لیژنەیەی كە كاروبارەكانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەبات.

 

 

 


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand