Draw Media

یەكێتی هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی كرد

یەكێتی هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی كرد

2019-05-05 19:46:46


راپۆرت: محەمەد رەئوف، نامیق رەسوڵ  
ئەمڕۆ گەرمترین ‌و سەختترین گفتوگۆی نێوان ( یەكێتی  نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەڕێوەچوو، گۆڕان و یەكێتی داوای جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیان دەكرد، نێچیرڤان بارزانیش بە جێگری بێ ناونیشان هەردووكیانی رازیكرد و سوپاسێكی گەرمی بزوتنەوەی گۆڕانیشی كرد.


پارتی لە سلێمانی یەكلایكردەوە
پێش هاتنی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی‌و كاندیدی ئەو حزبە بۆ سەرۆكی هەرێم سەركردایەتی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداردەكاتەوە رۆژی یەكشەممە سەردانیان دەكات لە سلێمانی و داوای دوایین رەشنوسی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات.
 بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستی كەوتووە، شەوی شەممە عیماد ئەحمەد وەك سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی رەشنوسی رێككەوتنەكەی داوەتە كەمال كەركوكی سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری پارتی، بەڵام لە رەشنوسەكەدا هەندێك گۆڕانكاری تێدا دەبێت كە بە دڵی پارتی نابێت و پێشتر لە رێككەوتنی زارەكی نێوان یەكێتی و پارتی باس نەكراوە، بۆیە گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان وەفدی پارتی و یەكێتی دەستپێدەكاتەوەو ناگەنە ئەنجام، دوای گەیشتنی وەفدی پارتی بە سلێمانی و كۆبوونەوەیان لەگەلًَ بزوتنەوەی گۆڕان ناكۆكییەكانیان لەگەڵ یەكێتی بەردەوام دەبێت‌و دەگاتە ئاستی بە بنبەست گەیشتن و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی نێوانیان.


جێگری بێ ناونیشان 

بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، رەزامەند دەبن بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم، بە مەرجێك جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بدرێتە كاندیدەكەی گۆڕان، بەڵام وەفدی پارتی رایدەگەیەنن یەكێتی بەو پێشنیازە رازی نیە، بۆیە لەوێدا وەفدی پارتی پێشنیازی جێگری یەكەم و دووەم دەخاتە بەردەم گۆڕان و بەتەلەفۆنیش لەگەڵ وەفدی یەكێتی، بەڵام یەكێتی ئەو پێشنیازەش رەتدەكاتەوە، یەكێتی سور دەبێت لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، بەهەمان شێوەش بزوتنەوەی گۆڕان، تەنانەت گۆڕان بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە، بۆ ئیحراج نەبوون لەبەردەم جەماوەرەكەیان‌و رازی بونیان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم بەبێ وەرگرتنی هیچ پۆستێكی دیكە لەبری، بۆیە پێویستە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بدرێتە گۆڕان، بەڵام یەكێتی بەتەواوەی رەتیکردوەتەوە.
لەبارەی هۆكاری رازی نەبوونی یەكێتی بەو پێشنیازە سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئەوان لەبەر دوو هۆكار ئەو پێشنیازی پێدانی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە بزوتنەوەی گۆڕان رەتدەكەنەوە کە بریتین لە:
-    یەكێتی خاوەنی هێزی سەربازییەو گۆڕان هیچ هێزێكی سەربازیان نیە, بۆیە لە حاڵەتی وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن گۆڕانەوە، هێزەكانی یەكێتی بەهیچ شێوەیەك پەیوەست نابن بەو بڕیارەوە.
-    پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی ( 70) و ( 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە لەبەرامبەر رازی بوونیان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم، بەرپرسانی یەكێتی بەتەواوی توڕەكردووەو ئەوان وەك ( ئیستفزازكردن) لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكێتی لێی دەڕەوانن‌و بەهیچ شێوەیەك لەم قۆناغەدا رازی نابن بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانەو رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كە ئێستا بە هەوڵی هێزەكانی هاوپەیمانان دەستیپێكردووە، بۆیە سوربوونی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشنیازەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوایین كۆبونەوەیدا كردی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80 ی پارتی.
هەر بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) نێچیرڤان بارزانی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە" با جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم هیچ ناونیشانێكی دیاریكراویان نەبێت (نە جێگری یەكەم و دووەم، نە جێگری سەربازی و ئیداری)، تەنانەت بە بەرپرسانی یەكێتی راگەیاندووە، لەكاتی چۆڵ بوون یاخود چونە دەرەوەی سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی شوێنی ناگرێتەوە، بەڵكو جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سیاسی‌و ئیداری جێگەی دەگرێتەوە، بۆیە لە كاتی چوڵبونی پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆئەوەی جێگرەكەی یەكێتی شوێنی بگرێتەوە، پێویستە جێگرەكان ناونیشانیان نەبێت، تەنانەت پێشی وتوون بە پێی ئەمری واقیع جێگرەكەی یەكێتی دەسەڵاتی تەواوی سەربازی‌و ئیداری پیادە دەكات، ئیتر بۆچی جێگرەكەی خۆتان تەنها لە كاروباری سەربازیدا قەتیس دەكەن، بەم پێشنیازە یەكێتی رازی دەكات، كە جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم هیچ ناونیشانێكیان نەبێت.
ئەم پێشنیازە تا ئاستێك بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانیش رازی دەكات و لەبەرامبەر رازی بونیشیان وەفدی باڵای پارتی سوپاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن لەبەرامبەر نەرمی نواندنیان و رازی بوونیان هەروەك چۆن شۆڕش حاجی، وتەبێژی گۆڕان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا رایگەیاند" برایانی پارتی هاتبون ستاییش و پێزانین بەرامبەر گۆڕان دەرببڕن"، وتەبێژی پارتیش دەڵێت " ئەمڕۆ بۆیە هاتوین بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان تا سوپاسیان بكەین لە ئاسانكاریكردن و رازیبونیان بۆ پێكهێنانی حكومەت"


دۆخێكی هەستیار
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند"لە ساتی كۆبونەوەی وەفدی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەبەردەوامی وەفدی پارتی لەگەڵ وەفدی یەكێتی لە گفتوگۆدا بوون لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوانیان، سەرەرای كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری پارتی كێشەیان دەبێت لەسەر چەند بڕگەیەكی دیكەی رێككەوتنەكەی نێوانیان بەتایبەتیش لەسەر جێگری وەزیرەكان.
وەفدی یەكێتی داوایانكردووە ئەو جێگرانەی كە بەر یەكێتی دەكەون دەبێت لەسەرو ئەو جێگرانەوە بن كە ئێستا لای یەكێتین و بەردەوامن لە كاركردن، بەڵام وەفدی پارتی بەتەواوی ئەمەیان رەتكردوەتەوەو پێیان راگەیاندوون كە جێگرو ئەو پشكانەی بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەون بەوانەشەوەیە كە ئێستا لای یەكێتین، ئەم ناكۆكیە وا دەكات بارودۆخێكی ئاڵۆز دروست ببێت و گفتوگۆكان دەگەنە ئاستی بنبەست، بەتایبەتیش ئەم كێشانە تێكەڵ بە كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم دەبن و یەكێتی هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی نێوانیان دەكات، پاشان لەدوای چارەسەركردنی كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم كێشەی پۆستەكانی دیكەش چارەسەر ەبن بەڵام وەك سەرچاوەكەی (درەو میدیا) ئاماژەی بۆ دەكات " بە نابەدڵی".  
بەركەوتەی یەكێتی 
•    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
•    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم  
•    وەزارەتی پلاندانان
•    وەزارەتی خوێندنی باڵا
•    وەزارەتی كشتوكاڵ
•    وەزارەتی رۆشنبیری
•    وەزارەتی پێشمەرگە
•    وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد
•    دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم
•    دەستەی گەشتوگوزار
•    دەستەی مین
•    ژمارەیەك جێگر وەزیرو راوێژكارو نوێنەرایەتی دەرەوە 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand