Draw Media

سەرۆكێكی بێ بڕوانامە بۆ هەرێمی كوردستان

سەرۆكێكی بێ بڕوانامە بۆ هەرێمی كوردستان

2019-05-08 13:54:50


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
نێچیرڤان بارزانی بە هەمان دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی مامییەوە دەبێت بە سەرۆكی هەرێم‌و بڕوانامەی زانستی هیچ كێشەیەك لەبەردەم دانیشتنی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بۆ دروستناكات‌و پەرلەمانی كوردستانیش مافی ئەوەی نابێت لێپرسینەوەیەكی لەگەڵدا بكات.
پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی پێشنیازی "هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكرد.

یارو نەیارەكانی پرۆژەكە !
لە كۆی (111) پەرلەمانتار، 89 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، پێكهاتەكان، سۆسالیست) بە "بەڵێ" دەنگیان بە كۆی هەمواری یاساكەدا.
لەبەرامبەردا تەنیا (12) پەرلەمانتار لەدژی هەموارەكە دەنگیاندا، ئەوانەی دژی هەموارەكە بوون، بریتی بوون لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی (یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی).
فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە (8) پەرلەمانتاری هەیە، كۆبونەوەكەیان جێهێشت و  بەشداری دەنگدانی نەكرد.

پەرلەمانیی یان سەرۆكایەتیی ؟
بەپێی ئەو پرۆژەیەی كە ئەمڕۆ پەسەندكرا، پەرلەمانی كوردستان توانای لێپرسینەوەی لە سەرۆكی داهاتووی هەرێم نابێت، ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی داهاتوو بەدەنگی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت نەك دەنگی خەڵك.
پێشنیازێك خرایە بەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمان، كە داوای دەكرد لە هەموارە نوێیەكەدا ئەو بڕگەیە بچەسپێندرێت كە "پەرلەمان دەسەڵاتی لێپرسینەوەی لە سەرۆكی هەرێم هەبێت"، ئەمە لەبەر ئەوەی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.
بەڵام ئەو پێشنیازە رەتكرایەوە‌و لە پاساوی رەتكردنەوەیدا، ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند" لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆكی وڵات یان سەرۆكی هەرێم لەڕووی سیاسییەوە لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرس نابێت، بۆیە ئەو پێشنیازە رەتكراوەتەوە".

دەسەڵاتەكانی سەرۆك
بەدەنگی (86) پەرلەمانتار، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەكو خۆی هێڵدرایەوە تا ئەو كاتەی دەستورێك بۆ هەرێم پەسەند دەكرێت، پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەنگیان بۆ ئەم بڕگەیە دا، لەبەرامبەردا تەنیا (21) پەرلەمانتار دژی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەنگیاندا.
بەپێی پرۆژە پێشنیازە پەسەندكراوەكە، سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) هەمان دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) دەبێت، كە ئەم دەسەڵاتانە پێشتر ناڕەزایەتی‌و قەیرانی سیاسی لێكەوتەوە.
بەپێی ئەو رێككەوتنەكەی كە لەنێوان سێ لایەنی سەرەكی بەشدار لە دەسەڵاتدا كراوە (پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی)، پرسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە دەستوری هەرێمدا چارەسەردەكرێت.
دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كە بەپێی پرۆژە پەسەندكراوەكەی ئەمڕۆ وەكو خۆی دەمێنێتەوە، زیاتر لە (20) دەسەڵاتە‌و بریتین لەم دەسەڵاتانەی خوارەوە:
• سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی راپەڕاندنە
• فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە
• ئەگەر پەرلەمان نەتوانێ كۆببێتەوە، سەرۆكی هەرێم بە راوێژ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت هەندێك بڕیار دەربكات‌و بڕیارەكانیشی حوكمی یاسایان دەبێت
• لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات، هەماهەنگی دەكات لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و دەسەڵاتەكانی هەرێمدا 
• ئەو یاسایانەی (پەرلەمان) دایاندەنێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی دانانیەوە دەریان دەچووێنێت‌و مافی ئەوەشی هەیە تانە لە كۆی یاساكە یان بەشێكی بدات‌و رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە تا چاوی پێدابخشێنێتەوە
• لە حاڵەتێكدا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكەی كۆتایی هاتبێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی دەردەچوێنێت
• سەرۆكی هەرێم لەماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەوە، فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ خولی یەكەمی كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن دەردەچوێنێت
• سەرۆكی هەرێم لەچەند حاڵەتێكدا بە فەرمانێك پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە
• سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی لێبوردنی گشتی هەیە 
• سەرۆكی هەرێم دەتوانێت حوكمی لە سێدارەدان پەسەند بكات، یان سزاكە بۆ بەندكردنی هەتاهەتایی سوك بكات
• سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی جاڕدانی باری نایاسایی هەیە
• سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لە كاتی پێویستدا بانگهێشتی پەرلەمان بكات بۆ كۆبوونەوەیەكی ناچاریی، سەرۆكی هەرێم هاوكات سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكەش دەكات
• دەسەڵاتی هەیە رێگەبدات بە هێزە چەكدارەكانی فیدڕاڵ بێنە ناو هەرێمەوە، بەڵام لێرەدا دەبێ رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت 
• سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە بە رەزامەندی  پەرلەمان هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت
• دوای ناونانی سەرۆك وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆكی هەرێم داوای لێدەكات لە ماوەی 30 رۆژدا كابینەكەی پێكبهێنێت
• كاتێك پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر لە متماتە دەخات، سەرۆكی هەرێم فەرمانی قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیان دەردەچوێنێت
• دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەكان لەسەر پێشنیازی وەزیری پەیوەندیدارو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران
• سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەران‌و سەرۆك‌و ئەندامانی داواكاری گشتی هەیە، دوای پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە
• دەسەڵاتی بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو دەركردن‌و خانەنشینیان بەپێی یاسا رەچاوكراوەكان
• بەخشینی نیشان‌و مەدالیا

سەرۆكێكی بێ بڕوانامە
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پێشنیازكرا یەكێك لە مەرجەكان بۆ ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی هەرێم ئەوە بێت "نابێت لە بڕوانامەی بەكالۆریۆس كەمتری هەبێت"، 69 پەرلەمانتار لەدژی ئەم پێشنیازە دەنگیاندا، واتە رەتیانكردەوە مەرجی بڕوانامە بۆ سەرۆكی هەرێم دابنرێت، پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لەوانەبوون كە دژی پێشنیازەكە دەنگیاندا، ئەمە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی لێكەوتەوە، بەوپێیەی لەماوەی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەدیاریكراویش (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە وتارێكدا لە دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی وەكو ئاماژەیەك بۆ بنەماڵەی بارزانی وتی:" حوكمڕانی بە كەسانی نەخوێندەوار ناكرێت".
بەگوێرەی ئەو ژیاننامەیەی كە لە سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڵاوكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی بەهێزی پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستانە، هیچ بڕوانامەیەكی نییە، بەڵام میدیاكانی پارتی ئاماژە بەوە دەكەن، ناوبراو دەرچووی "بەشی زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی تاران" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بە وردەكاری‌و ساڵی دەرچونەكەی بكەن.

سەرۆكی هەرێم یان حزب ؟
یەكێكی تر لەو پێشنیازانەی كە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان رەتیكردەوە، ئەو پێشنیازە بوو كە داوا دەكات" سەرۆكی هەرێم لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا واز لە پۆستە حیزبییەكەی بهێنێت‌و دەست لەكاربكێشێتەوە".
بەهەمان شێوەی مەرجی بڕوانامە، ئەم پێشنیازەش بەدەنگی 69 پەرلەمانتار رەتكرایەوە، لێرەشدا زۆرینەی پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەنگیاندا بۆ رەتكردنەوەی پێشنیازەكە.
نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئێستا جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە‌و هەندێك زانیاریش هەن باس لەوە دەكەن لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، دەبێت بە سەرۆكی پارتی‌و مەسعود بارزانی مامی وەكو مەرجەعێكی سیاسی دەمێنێتەوە‌و دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پارتی دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand