Draw Media

(تەحنون) ركابەری (خالید) بوو

(تەحنون) ركابەری (خالید) بوو

2023-03-30 17:01:42


(درەو): 
هاوشێوەی سعودیە، لە ئیماراتی عەرەبیش دەسەڵات لە باوكەوە شۆڕكرایەوە بۆ كوڕەكەی‌و لەمەدا براكان وەلانران، سەرۆكی ئیمارات (خالید)ی كوڕی كرد بە جێنشین، تەحنون سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات ركابەری خالید بوو، سەرباری پەیوەندییە بەهێزەكانی لەگەڵ هەواڵگرییەكانی خۆرئاوا، پێناچێت رۆڵی گشتی لە داهاتووی ئیماراتدا وەرگرێت، ئەمە پەیوەندی بە ناكۆییەكانی خێزانی (زاید)ەوە هەیە. 

جێنشینیی لەنێوان كوڕو براكاندا 
شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی رۆژی چوارشەممە شێخ (خالید بن محەمەد بن زاید)ی كوڕی كرد بە جێنشینی میرنشینی (ئەبوزەبی)، براكانیشی بۆ پۆستە باڵاكانی تر دەستنیشان كرد. 
ئاژانسی دەنگوباسەكانی ئیمارات ئەم گۆڕانكارییانەی راگەیاند، كە بە دیارترین گۆڕانكاری لەسەردەمی دەسەڵاتی سەرۆكی ئیمارات ئەژماردەكرێت، لەوكاتەوە كە لە ئایاری 2022وە پاش كۆچی دوایی شێخ (خەلیفە بن زاید ئال نهەیان)ی برای پۆستەكەی وەرگرتووە.
گۆڕانكارییەكان دانانی (مەنسور بن زاید) وەكو جێگری سەرۆكی دەوڵەت لەخۆدەگرێت، هاوشانی (محەمەد بن راشد ئال مەكتوم)ی جێگری ئێستا سەرۆكی دەوڵەت كە حاكمی (دوبەی)ە، هەریەكە لە شێخ (تەحنون)‌و شێخ (هەززاع)یش بە جێگرانی سەرۆكی میرنشینەكە دانران. 

جێنشینی نوێی ئەبوزەبی كێیە ؟ 
شێخ خالید بن محەمەد بن زاید ئال نهەیان لە 8ی كانونی دووەمی 1982 لەدایكبووە، كوڕی گەورەی شێخ  محەمەد بن زایدە، شێخە (سەلامەی كچی حەمدان ئال نهەیان) دایكیەتی. 
دەرچووی ئەكادیمیای (ساندهێرست)ی سەربازییە لە بەریتانیا، لە دەزگای ئاسایشی دەوڵەت كاریكردووە.
بەگوێرەی مەرسومێكی فیدراڵی كە لە رۆژی 15ی شوبای 2016 دەرچووە، كراوە بە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی دەوڵەت بە پلەی وەزیر، تاوەكو رۆژی 17ی كانونی دووەمی 2017 لەم پۆستەدا ماوەتەوە، پاشان وەكو راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بە پلەی وەزیر دەستبەكاربووە. 
بەگوێرەی مەرسومێكی میرایەتی كە لە رۆژی 21ی كانونی دووەمی 2019 دەرچووە، شێخ خالید بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی میرنشینی (ئەبوزەبی).
دوای 9 مانگ، شێخ خالید وەكو سەرۆكی نوسینگەی جێبەجێكردنی ئەبوزەبی دانراوە، بووە بە بەرپرس لە هەموو ئەو كاروبارانەی كە پەیوەندییان بە ئەنجومەنی جێبەجێكردنەوە هەبووە، لەوانە بابەتە بەرزكراوەكان یان پلان‌و داواكاری‌و نەخشەرێگاكان. 
هەروەك شێخ خالید ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەزگای ئەبوزەبیە بۆ كاروباری وەبەرهێنان‌و كۆمپانیای نەوتی ئیمارات (ئەدنوك).

"جێنشینییەكی چاوەڕوانكراو"
لەوكاتەوە دەوڵەتەكە دامەزراوە، جگە لە حاكمەكانی میرنشینی (ئەبوزەبی) هیچ كەسێكی تر سەرۆكایەتی ئیماراتی عەرەبی نەگرتوەتە دەست، ئەمە لەكاتێكدا بووە جێگرانی سەرۆك بەردەوام لە میرنشینی (دوبەی) بوون. 
بۆیە لە چەند مانگی رابردوودا، قسەوباسی زۆر هەبوو لەبارەی ئەگەری دانانی شێخ خالید وەكو جێنشینی ئەبوزەبی، بەتایبەتیش بەهۆی دەركەوتنی لە زۆرێك لە دیدارە سیاسییەكاندا. 
شێخ خالید بەشداری لە ژمارەیەك بۆنەی گرنگدا كرد، رۆژی 26ی ئەیلولی 2022 لەگەڵ فۆمیۆ كیشیدا سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن دەركەوت، كە لەگەڵیدا رێككەوتنی شەراكەتی ستراتیژی گشتگیری نێوان هەردوو وڵاتی ئیمزا كرد، ئەمە لە پەراوێزی سەردانێكیدا بوو بۆ تۆكیۆ.  
هەروەك سەرۆكایەتی وەفدی بەشداربووی ئیماراتیشی كرد لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمی شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن، لە شاری تۆكیۆی پایتەخت، بەئامادەبوونی ژمارەیەك  لە سەركردەو رێبەرانی وڵاتانی جیهان، ئامادەبوونی لە مەراسیمەكەدا سەرەنجڕاكێش بوو، بەتایبەتیش كە ولاتانی كەنداو سەركردە یان وەزیرە دیارەكانیان ناردبوو بۆ بەشداریكردن. 
لە شوباتی ئەمساڵدا شێخ خالید سەرپەرەشتی پرۆسەی " الفارس الشهم"ی كرد، كە دەوڵەتی ئیمارات بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكەی توركیا‌و سوریا رایگەیاندبوو، ئەمەش لەرێگەی دروستكردنی پردێكی ئاسمانیی بۆ گواستنەوەی تیمەكانی گەڕان‌و رزگاركردن‌و كەلوپەلی پزیشكی‌و یارمەتی پێویست. 
چالاكییەكانی شێخ خالید ئاماژەن بۆ ئەوەی بایەخێكی تایبەت بە گەنجان دەدات، هەروەها بە بوارەكانی ئابوری، بەڵام زانیاریی لەبارەی ژیانی تایبەتی شێخ سەبارەت بە هاوسەرو منداڵەكانی، دور  لە چاوی میدیاكان ماوەتەوە. 

دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی ئیمارات چین ؟
مەنسور بن زاید جێگری سەرۆك وەزیران وەكو جێگری سەرۆكی وڵات دانرا، هاوشان لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئێستا. 
جیگری سەرۆكی دەوڵەت لە ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو دووەم پۆستی گەورەیە لە دەوڵەتدا، راستەوخۆ لەدوای سەرۆكی دەوڵەتەوە دێت. 
بەگوێرەی ماددەی 51ی دەستوری ئیمارات، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ لەنێو ئەندامەكانیدا جێگری سەرۆكی دەوڵەت هەڵدەبژێرێت. 
جێگری سەرۆكی دەوڵەت هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەوڵەت وەردەگرێت لەكاتی نائامادەگیی سەرۆكدا، ئەمە بەپێی ماددەی 52ی دەستوری ئیمارات. 
ماوەی ولایەتی جێگری سەرۆكی دەوڵەت 5 ساڵە‌و دەكرێت نوێ بكرێتەوە، لەحاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆكی دەوڵەت بە هەر هۆكارێك، جێگری سەرۆك بەشێوەیەكی كاتیی دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەردەگرێت تا ئەوكاتەی سەرۆكێكی نوێ هەڵدەبژێردرێت. 
لەدوای دامەزراندنیەوە، لە ئیمارات بووە بە نەریت كە حاكمی (دوبەی) جێگری سەرۆكی دەوڵەت‌و حاكمی (ئەبوزەبی) سەرۆكایەتی دەوڵەتەكە دەكات، هەروەك بووە بە نەریت جێگری سەرۆكی دەوڵەت دەبێت بە سەرۆك وەزیران. 

ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ چییە؟
بەگوێرەی ماددەی (46)ی دەستوری دەوڵەت، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ دەسەڵاتی باڵای دەوڵەتە، پێكدێت لە حاكمی حەوت میرنشینەكە، لە گفتوگۆكانی ناو ئەنجومەنەكەدا هەر میرنشینێك (1) دەنگی هەیە. 
بەگوێری ماددەی (49)، بڕیارەكانی لەناو ئەنجومەنی باڵادا بۆ پرسە بابەتییەكان بەدەنگی زۆرینەی (5) ئەندام دەبێت، بەمەرجێك ئەم زۆرینەیە دەنگی هەردوو میرنشینی ئەبوزەبی‌و دوبەی لەخۆبگرێت، كەمینە پابەند دەبێت بە بۆچوونی زۆینەوە، بەڵام بڕیارەكانی ئەنجومەن لە بابەتە رێكارییەكاندا بەزۆرینەی دەنگ دەردەچن. 
ماددەی (53) دەڵێ" لەحاڵی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆك یان جێگرەكەی بەهۆی مردن یان دەستلەكاركێشانەوە یان كۆتایهاتنی حوكمی هەریەكێكیان لە میرنشینەكەیدا بە یەكێك لەو هۆكارانە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا لەماوەی مانگێكدا لە رۆژەوە، بانگەواز دەكات بۆ سازدانی كۆبونەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی پۆستە بەتاڵەكە، لەو ماوەی كە دیاریكراوە". 

ئەو ئاڵنگاریانە چین رووبەڕووی جێنشینی نوێ دەبنەوە ؟
دانانی شێخ خالید وەكو جێنشین رەنگدانەوەی ئەو ئاڕاستەیە كە لە زۆرینەی وڵاتانی كەنداودا هەیە بۆ پێشختنی كوڕەكان بەسەر براكاندا لە پرسی جێنشینیدا، بە سعودیەشەوە. 
لەوكاتەوە كە لە ساڵی 1971وە ئیماراتی عەرەبی لەسەر دەستی باوكی شێخ محەمەد دامەزراوە، ئەبوزەبی پارێزگاری لە پۆستی سەرۆكی وڵات كردووە. 
تەنانەت پێش ئەوەش دوای مردنی براكەی لە مانگی ئایاری رابردوو دەسەڵات بگرێتە دەست، شێخ محەمەد چەند ساڵێك لەوەوبەر هەر خۆی حاكمی ئیمارات بووە، ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات‌و ئەمریكا ئاڵۆزی تێكەوتبوو، بەهۆی ئاڕاستەی واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوچەكەدا. 
شێخ محەمەد سەركردایەتی پرۆسەی دووبارە رێكخستنەوەی كارتەكانی كرد لە  ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش كاتێك بوو كە ساڵی 2020 ئیمارات‌و بەحرەین پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل گرێدا بۆ پێكهێنانی میحوەرێكی نوێی دژە ئێران لە ناوچەكەدا. 
هاوكات، ئیمارات بەردەوام بوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ تاران بۆ كۆنترۆڵكردنی گرژییەكان‌و جەختكردن لەسەر ئەولەویەتە ئابورییەكان. هەروەك ئیمارات كاریكرد لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیا‌و چیندا. 
ئەم دەوڵەتە كە ژمارەی دانیشتتوانەكەی (10 ملیۆن) كەسە، شانازی بە سەقامگیرییە سیاسی‌و ئابورییەكەیەوە دەكات. یەكێك لەو وڵاتانەی جیهانە كە خاوەنی بەرزترین داهاتی تاكە، میوانداری ملیۆنان كرێكاری بیانی دەكات، كە بەشێكی گەورەی دەستی كار پێكدەهێنن. 

"رۆڵی رانەگەیەندراوی تەحنون گرنگ‌و بەهێزترە"
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان تیشكیان خستوەتەسەر ئەو ركابەرێتییەی كە لەنێوان جەمسەرەكانی خێزانی (زاید)دا هەیە لەوكاتەوە كە محەمەد بن زاید وەكو سەرۆكی دەوڵەت هەڵبژێردراوە، خالید ركابەرێتی چەندین كەسایەتی كردووە كە دیارترینیان: تەحنون‌و مەنسور‌و براكانی زاید بووە. 
تەحنون كە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بەدەستەوەیە، یەكێك لە دیارترین ركابەرەكانی شێخ خالید بوو، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە خۆرئاواییەكان هەیە‌و مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی تایبەت بە توركیا‌و ئێران دەكات. 
شرۆڤەكاران پێشبینی ئەوە ناكەن تەحنون رۆڵی گشتی هەبێت، بەتایبەتیش كە زۆربەی كات كارو جموجوڵی سەرۆكی دەزگا هەواڵگرییەكانی هاوشێوەی تەحنون ئاشكرا نیە‌و ئەمەش هەندێكجار ئاسانكاری دەكات بۆ بڕیاردان یان هەڵوێستی سیاسی. 
تەحنونی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كە لەسەر ئاستی كەسایەتیی بەوە ناسراوە خولیای هونەرە جەنگییەكانی وەكو كاراتی‌و تایكواندۆیە، كانونی یەكەمی رابردوو سەردانی ئێرانی كرد‌و ئەمە لەكاتی خۆیدا بوو بە مانشێتی هەواڵەكان، بەوپێیە یەكەم سەردان بوو لەماوەی چەندین ساڵدا. 

دیارترین جێنشینەكانی ئیمارات 
•    شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان: جێنشینی ئەبوزەبی‌و فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان
•    شێخ سوڵتان بن محەمەد قاسمی: جێنشینی جێگری حاكمی شاریقە
•    شێخ محەمەد بن سعود بن سەقر قاسمی: جێنشینی رەئس خەیمە
•    شێخ محەمەد بن حەمەد شەرقی: جێنشینی فوجێرە
•    شێخ راشد بن سعود موعەلا: جێنشینی ئەم قەیوین
•    شێخ عەمار بن حەمید نعێمی: جێنشینی عەجمان

سەرچاوە: BBC
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand