Draw Media

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) نە مەلا بەختیار و نە ھیچ سیاسییەکی دەسەڵاتداری دونیای دوای ڕاپەرین، قابیلی بەرگریلێکردن نین. ئەو نوخبە سیاسییەی لە دوای ڕاپەرینەوە کاروباری وڵاتەکەی کەوتۆتەدەست، کە مەلا بەختیار یەکێکیانە، بەرپرسن لە کۆی ئەو دۆخە نەخواستراو و ناھەموارەی لە سی ساڵی ڕابردوودا دروستکراوە، بەرپرسن لە دروستبوونی ئەو واقیعە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگییە ناھەموار و ترسناکەی، ئەمڕۆکە لە ھەرێمەکەدا سەروەرە. ئەوان بە دەستەجەمعی ئەو نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەن کە بەرپرسن لە شەڕی ناوخۆ، لە دروستبوونی دوو زۆنی سیاسیی ناکۆک بەیەک، لە جێگۆڕکێیەکی کۆمەڵایەتیی ناعەقڵانیی، لە بەحیزبیکردنی ھەمووشتێک لە وڵاتەکەدا، بەرپرسن لەو گەندەڵیی و جەردەییە سیستماتیکیەی شوناسی ئەزموونە سیاسییەکەیە، لە بەرھەمھێنانی ئەو بێمتمانییە گەورەیەش کە کۆمەڵگاکەی توشی نامموێدییەکی گەورە و ھەمەلایەنکردوە، بەرپرسن لە تەزویرکردنی ھەڵبژاردنەکان و لە بونیادنانی پەیوەندیی ئیقلیمی ناھاوسەنگ و نانیشتیمانیانەی بە کردەوە ھەرێمەکەی گۆڕیوە بۆ ویلایەتێک لە ویلاتەیەکانی دەوڵەتە دراوسێکان. بەرپرسن لە دروستبوونی گەڕەکی فیرعەونی و دروستبوونی ملیاردلێر و ملیۆنێرە حیزبییە دەسەڵاتدارە بێئیش و بێھونەر و بێھیچ توانایەک، ھتد... ھاوکات ئەم پیاوە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی بووە.  لەم پێگەیەشدا بەرپرسە لە سەرجەمی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی خۆیشی، کە لەسەردەمی مام جەلالدا گۆڕابوو بۆ ھێزێک بە ”سوڵتانێکی بێسوڵتانیزم“ەوە و لە دوای خۆیشییەوە، لەسەر مۆدێلی پارتی، گۆڕاوە بۆ پارتێکی خێزانیی و بنەماڵەیی. ھەموو سەرکردایەتی یەکێتی، لە پێش ھەمووانیشەوە مەلا بەختیار، بەرپرسە لەم بەپارتیبوونە ترسناکەی یەکێتی. ھاوکات مەلا بەختیار بەشێکبووە لە دۆخی باڵباڵێنە سیاسییە شەخسییەکانی ناو یەکێتیی و بەشداربووە لە گەیاندنی دۆخی یەکێتیدا، بەمڕۆکەی. لەمەش بترازێت مەلا بەختیار یەکێک لەو سیاسییانەی ناو یەکێتی نیشتیمانی بوو، کە بەناوی فیکرەوە، بەگژ ئەو نەوە نووسەر و رۆشنبیرە گەنجەدا دەچووەوە کە لە ساڵانی نەوەد دا ڕەخنەیان لەو مۆدێلە لە حوکمڕانیی و ئەو مۆدێلە حیزبایەتیی دەگرت کە لە دوای ڕاپەڕینەوە دروستبوو، ھەروەھا ڕەخنەیان لە شێوازە لە پەیوەندیی دەگرت کە حیزبی بە دەزگاکانی حوکمڕانیی و بە کۆمەڵگای مەدەنیی و بە میدیا و بە ئابوریی وڵاتەکەوە، گرێئەدات. مەلا بەختیار زۆر کۆمیدیانە ئەم دیدگا رەخنەیەی بە ”پۆست مۆدێرن“ ناودەبرد و خۆی وەک فەیلەسوفی ”ئەزموونی دیموکراسیانەی خۆماڵی“، نمایشدەکرد. لەم کارەشیدا تا ئەو شوێنە دەڕۆیشت کە نەک تەنھا سەرجەمی دەزگا رۆشنبیرییەکانی یەکێتی و نووسەرەکانی ناو حیزب و نزیک لە حیزب بە گژ ئەو کۆمەڵە نووسەر و رۆشنبیرە تازەیەدا بکاتەوە، بەڵکو ھەندێک لە نووسەرانی کوردستانی ئێرانیش خەڵاتدەکرد و ھانئەدا، دژ بەو نووسەرانە بنووسن. لە سەرێکی دیکەوە ئەوەمان لەیادنەچێت کە مەلا بەختیار بە زمانی خۆی دانی بەوەدا نا کە ئەوان، بەخۆشیەوە، ئەو بزوتنەوە سەلەفییە دینییە ترسناکەیان دروستکرد کە ئەمرۆکە بەربۆتە گیانی کۆمەڵگاکە و ھەڕەشەیەکی گەورەیە لە کۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی خەڵکی ھەرێم. ئەمە لەکاتێکدا ئەم پیاوە خۆی بە پاڵەوانی بەرگریکردن لە عەلمانیەت دەناسێت. بەرگریکردنێک لەسەد سەرەوە قابیلی ڕەخنەکردن و نیشاندەری تێنەگەیشتنێکی ترسناکە لە چۆنیەتی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دین و ژیانی گشتیی. بە کورتییەکەی، مەلا بەختیار کوڕێکی بە ئەمەکی ئەو مۆدێلەیە لە حیزبایەتیی و  لە حوکمڕانیی و لە مامەڵە و ئیدارەدانی خراپ و نەشیاو، کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. یەکێک لە دروستکەرەکانی ئەو مۆدێلە و گەشەکردنەکانی بووە، مۆدێلێک کۆمەڵگاکەی بە کۆی ئەو دەردە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگیانەی ئەمڕۆکە گەیاندوە. ئەوەی ئێستا لەناو یەکێتیدا رووئەدات، نە ھیچ پەیوەندییەکی بە کێبەرکێی فیکریی و بیروبۆچوونی جیاوازەوە ھەیە، نە ململانێیەکیشە بەرەیەک تیایدا” دیموکراس“ و ”عەلمانیی“ و ”پێشکەوتنخواز“ بێت، بەرەکەی تر ”نادیموکراس“ و ”دژە عەلمانیەت“ و ”کۆنەپارێز“. ململانێیەکیش نییە لەسەر ئەوەی مۆدێلێکی تر لە حوکمڕانیی و حیزبایەتیی و بەڕێوەبردن دروستبکرێت، لەم وێرانەیەی ئێستا باشتر، بەڵکو پەیوەندیی بە ”ململانێی ناو کۆشک“ەوە لەسەر دەسەڵات، ھەیە. پەیوەندیی بەو پرۆسەی کۆکردنەوە و چڕکردنەوە ھەمەلایەنەی دەسەڵاتەوە ھەیە لە دەستی چەند کەسێکی زۆر کەمی ناو یەکێتیدا. ململانێیەک تیایدا یەکێتی بە کردەوە گۆڕاوە بۆ حیزبی خێزان و بنەماڵەی تاڵەبانیی و جێگای کەسانی وەک مەلا بەختیار و غەیری مەلا بەختیاری تێدانابێتەوە. ئەوەیش کە مەلا بەختیار خەریکیەتی نە شەڕە بۆ دیموکراسیەت و نە ھەواڵدانە بۆ باشترکردنی سیستمی حوکمڕانیی و نە دەسکاریکردنی پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا و حیزب و دەزگاکان، بەڵکو خەمخواردن و توڕەبوونە لەو پێگە پەراوێزیی و لاوازەی ماڵی تاڵەبانی ئەویان تێدا فرێداوە. دیوێکی تری دۆخەکە ئەو ھەڵە گەورە و ستراتیژیانەیە کە یەکێتی لەچەند ساڵی ڕابردو و لە ئێستادا دەیانکات. ھەڵەی پاڵپشتیکردن و قەڵەوکردنی ئەو بزاوتە سەلەفییە ترسناکەی لە کوردستاندا دروستبووە. بزاوتێک لە ئێستادا بە دۆخێک گەیشتوە سەرۆکەکەیان بە ئاشکرا و بێسڵکردنەوە بڵێت، ئەوەی لەناو یەکێتیدا ڕووئەدات، بە داوا و ویست و خواستی ئەو ڕووئەدات. بەشێکە لە بەگژاچوونە و جەنگی ئەم بزاوتە سەلەفیە لەگەڵ عەلمانیەت و سەرکەوتن بەسەر عەلمانیەتدا. داخستنی ”چاودێر“ و ”رۆشنگەری“ و ”گەلاوێژ“، بە ھەموو نووقسانییەکانیانەوە، ھەم ھەڵەیەکی سیاسیی و فەرھەنگیی گەورە و ھەم بەخشینی دیارییەکی تەواو ترسناکە بە سەلەفیەتی دینیی. سەلەفیەتێک کە خاوەنی دەیەھا پێگەی میدیایی و چەندەھا مزگەوت و ناوەندی دینییە بۆ بڵاوکردنەوەی دیدگا دینییە ترسناکەکەیان بە ھەموو شوێنێکدا. دواھەمین خاڵ کە پێویستە لێرەدا زۆر بە توندی جەغتی لێبکرێت بەھێزبوون و فوکردنە ئەو ڕۆحی بە کۆماندۆکردن و بەسەربازیکردنە ترسناکەیە کە یەکێتی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەستیداوەتێ. ئەمەش دیاردەیەکی یەکجارەکی دابڕاو و لاوەکیی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو دیاردەی کۆکردنەوە و کەڵەکەکردنە ھەمەلایەنەی دەسەڵات لەدەستی چەند کەسێکی کەمی ناو حیزبەکەدا، بەبێ بوونی ھیچ توانایەکی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنێکی یاسایی و دەزگایی ئەو کەسانە. ئەم دیاردەیەش جگە لە ستەمگەریی و دیکتاتۆریەت و پەرەدان بە دەسەڵاتێکی مافیایی ھیچ شتێکی تری لێ سەوزنابێت.   چارەسەرکردنی ئەم کێشانە ئەو ھەنگاوە سەرەتاییانەیە کە دەشێت شتێک لە ئومێد بۆ کۆمەڵگاکە بگەڕێنێتەوە و مانایەک بە سیاسەت لەمڕۆدا ببەخشێتەوە.  


راپۆرتی: درەو 🔻 دابەزینی نرخی نەوت جۆرێک لە ناسەقامگیری و دڵەڕاوکێی لە شەقامی عێراقیدا هێناوەتە ئاراوە، بە تایبەت ترس لەوە هەیە نرخی نەوت زیاتر ڕوو لە دابەزین بکات و حکومەتی عێراق توشی قەیرانی دارایی بکات، ئەم تێڕوانینەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەشێوەیەکی گشتی داهاتی گشتی عێراق بە نزیکەیی ڕێژەی (90%)ی ئابورییەکی پشت بە داهاتی هەناردەی نەوت دەبەستێت. 🔻 پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی بانکی ناوەندی عێراق (CBI) لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا؛ 🔹 جگە لە ساڵی (2020) لە سەرجەم ساڵەکانی دیکەی (2014 - 2023)، تەرازووی بازرگانی عێراق لاسەنگی ئەرێنی بووەو تەنانەت لە ساڵی (2023)دا بەڕێژەی (127%) و بڕی (55 ملیار و 408 ملیۆن) دۆلار قەبارەی هەناردە زیاتر بووە لە قەبارەی گشتی هاوردە. 🔹 لە ساڵی (2016) داهاتی گشتی عێراق تەنها (54 ترلیۆن و 409 ملیار و 270 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام لە ساڵی (2023)دا بۆ زۆر زیاتر لە دوو هێندەی ئەو داهاتە هەڵکشاوەو گەیشتووە بە (135 ترلیۆن و 681 ملیار و 266 ملیۆن) دینار. دەستپێک ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهای نەوتی برێت ڕووی لە دابەزینە، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ خوار (74 دۆلار)ی ئەمریکی دابەزیوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە نەوتی خاو ئەو نرخەی بەخۆوە نەبینیوە. هاوکات بەرمیلێک نەوتی عێراق (بەسرە) لە بازاڕەکانی جیهان لە دەوری (70 – 71 دۆلار) مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەم دابەزینە جۆرێک لە ناسەقامگیری و دڵەڕاوکێی لە شەقامی عێراقیدا هێناوەتە ئاراوە، بە تایبەت ترس لەوە هەیە نرخی نەوت زیاتر ڕوو لە دابەزین بکات و حکومەتی عێراق توشی قەیرانی دارایی بکات، ئەم تێڕوانینەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەشێوەیەکی گشتی داهاتی گشتی عێراق بە نزیکەیی ڕێژەی (90%)ی ئابورییەکی پشت بە داهاتی هەناردەی نەوت دەبەستێت. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی ڕاستەقینەی بودجە کە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەو دۆخەش وا دەخوازێت نرخی نەوت بەرمیلێک نەوتی عێراقی لە سەروو (70 دۆلار)ەوە  مامەڵەی پێوە بکرێت. هەر ئەمەشە وای لە بەشێک لە چاودێران و بەشێک لە بەپرسانی عێراق کردووە پێیان وابێت ئەگەر ئەو دابەزینە لە نرخی نەوت بەردەوامبێت مەترسی بۆ سەر دابینکردنی مووچە دروست ببێت، بۆ نمونە نەبیل ئەلمەرسومی شارەزای بواری ئابووری شەممە لە پۆستێکی سۆشیال میدیا ڕایگەیاند؛ "لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا وەزارەتی دارایی تەنانەت لە دابینکردنی پارەی مووچەشدا کێشەی بۆ دروست ببێت، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت مووچە دوابکەوێت... ئەگەر نرخی بەرمیلێک بۆ ماوەی 6 مانگ لەو نرخەدا بمێنێتەوە". لەم ڕاپۆرتەدا هەڵسەنگاندن و شیکاری بۆ باری ئابوری عێراق لەڕووی قەبارەی گشی هەناردەو هاوردە (تەرزاووی بازرگانی) و (داهاتی ڕاستەقینە (فعلی)) بەهەردوو داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراقەوە لە ماوەی ساڵانی (2014 - 2023) ڕوونبکەینەوە، تا کاریگەری دابەزینی بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لەسەر داهات و دۆخی دارایی و ئابوری عێراقمان بۆ دەربکەوێت. یەکەم؛ تەرازووی بازرگانی عێراق 2014 – 2023 پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی بانکی ناوەندی عێراق (CBI) لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، تەرازووی بازرگانی عێراق لەڕووی قەبارەی (هاوردەو هەناردە)وە، جگە لە ساڵی (2020) نەبێت (لەو ساڵەدا پەتای کرۆنا سەریهەڵدا) تەرازووی بازرگانی بە زیانی ئابوری عێراق ناهاوسەنگ بووەو قەبارەی هاوردە لە قەبارەی گشتی هەناردە زیاتر بووە، بەڵام ئەو ڕێژەیەک کە بە ناهاوسەنگی نەرێنی تۆمار کراوە ڕێژەکەی ئێجگار بەرز نەبووەو تەنها بە ڕێژەی (3%) و بەهای (ملیارێکی و 430 ملیۆن) دۆلار قەبارەی هاوردە زیاتر بووە لە بڕی قەبارەی هەناردە. جگە لە ساڵی (2020) لە سەرجەم ساڵەکانی دیکەی (2014 - 2023)، لاسەنگییەکە ئەرێنی بووەو تەنانەت لە ساڵی (2023)دا بەڕێژەی (127%) و بڕی (55 ملیار و 408 ملیۆن) دۆلار قەبارەی هەناردە زیاتر بووە لە قەبارەی گشتی هاوردە. لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی یەکەم و چارتەکانی (1 و 2)). بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە بۆسەر ئابوری و داهاتی گشتی عێراق ئەگەر نەوترێت سەرجەم ئەوا پشکی شێرو هەرە گەورەی ئەو داهاتەی عێراق دەستی دەکەوێت لە ڕێگەی هەناردەی نەوتی خاوەوەیە، هەر ئەمەشە نادڵنیاییەکەی دروستکردووە، لە خاڵی دووەمدا ئەوە ڕووندەکەینەوە کە داهاتی نەوتی عێراق لە دەیەی ڕابردوودا چۆ باڵی کێشاوە بەسەر داهاتی گشتی وڵاتەکەدا.   دووەم؛ داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق 2014 – 2023 بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی عێراق (CBI) لە دەیەی ڕابردوودا، عێراق داهاتێکی قەبارە گەورەی هەبووە، بەڵام بە وردبوونەوە لە ئامارەکان بەردەوام بە نزیکەیی (90%) ئەو داهاتەی ساڵانە عێراق دەستی دەکەوێت، لە ڕێگەی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خاوەوە بووە، هەر ئەم هۆکارەشە چارەنوسی دۆخی دارایی و ئابوری عێراقی گرێداوە بە بەرزی یاخود نزمی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆیە ساڵانە هەڵبەزو دابەزی زۆر لە داهاتی گشتی عێراقدا تۆمار دەکرێت و جۆرێک لە سەقامگری بەخۆوە نابینێت. بۆ نمونە ئەگەر لە (خشتەی دووەم و چارتەکانی (3 و 4)) بڕوانین، بە ڕوونی ئەوە هەستی پێدەکرێت لە ساڵی (2016) داهاتی گشتی عێراق تەنها (54 ترلیۆن و 409 ملیار و 270 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام لە ساڵی (2023)دا بۆ زۆر زیاتر لە دوو هێندەی ئەو داهاتە هەڵکشاوەو گەیشتووە بە (135 ترلیۆن و 681 ملیار و 266 ملیۆن) دینار. بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لە بارەی گەورەیی قەبارەی داهاتی نەوت بەراورد بە کەمی داهاتی نانەوتی لە دەیەی ڕابردوودا بڕوانە خشتەو چارتەکانی خوارەوە.       سەرچاوەکان -    العالم الجديد، ما تداعيات انخفاض أسعار النفط على الموازنة ورواتب الموظفين؟، 7/9/2024؛ https://shorturl.at/WaOf4 -    البنک المرکزي العراقي(CBI)، التجارة الخارجية (الصادرات)؛ https://shorturl.at/SlozR -    البنک المرکزي العراقي(CBI)، التجارة الخارجية (الواردات)؛ https://shorturl.at/ul6hp -    البنک المرکزي العراقي(CBI)، القطاع المالي (الارادات النفطیة)؛ https://shorturl.at/KnjNv -    البنک المرکزي العراقي(CBI)، القطاع المالي (الارادات الفعلیة)؛ https://shorturl.at/x4lkR  


درەو: راپۆرتی: رێبین فەتاح دەشتاییەکی وشک و بەرفرەوان، بەدەگمەن درەخت و سەوزایی تێدا دەبینرێت، دووکەڵی ڕەشی کارگە و پاڵاوگەکانی نەوت لە هەموو لایەکەوە ئاسمانی تەنیوە. لە خوار هەر پاڵاوگەیەکیشدا، جۆگەلەی پاشماوەکانی نەوت، بەتاو دەڕوات و خاکەکە شەق دەکات. ئێرە، ڕۆژئاوای هەولێرە؛ یەکێک لە بە پیتترین زەوییەکانی کشتوکاڵی لە دەشتی هەولێر. زێی گەورە بەدرێژایی دەشتاییەکە دەبڕێت، بەڵام پڕۆژە و کەناڵی ئاودێری لە ناوچەکەدا نییە. ناوچەکە بە هەزاران بیری قووڵ کونڕێژ کراوە. گەشەی خێرای شاریش لە ڕووبەری خاکە بەپیتەکە کەم دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی دامەزراندنی نزیکەی ١٥٠ پاڵاوگەی نایاساییش لەسەر ئەم زەوییە کشتوکاڵیانەدا، دۆخێکی نائاساییتریان دروستکردووە. لەو دەشتاییە پان و پۆڕەدا، بیرە قووڵەکان، بەنزیکەیی تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و ئاودێریین بۆ دانیشتووانی سەدان گوند و شارەدێ. خەڵکەکە بەگشتی پشت بە کشتوکاڵ و بە پلەی یەکەم بەرووبوومی دانەوێڵە دەبەستن. "بیرەکان نەبوونایە، ئاوی خواردنەوەیشمان نەدەبوو"، حوسێن بڵباس جووتیارێکی سنوری پیرداود وای گوت. بەدرێژایی دەیان ساڵ، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، بەتەنگ سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی نەبوون، دانیشتووانی ناوچەکەش لە بێئاویدا پەنایان بۆ هەڵکەندنی بیر برد بۆ دابینکردنی ئاو. ئەوەش لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەی ئاودێری لەئارادا نەبوو، لەلایەن حکوومەتەکانەوە پەسندکرا. ئەگەر ئاوی ژێرزەویش نەبووایە، حوسێن و ڕەنگە نزیکەی تێکڕای جووتیارانی دەڤەرەکە، ساڵانێک بوو ناوچەکەیان چۆڵ دەکرد. دوای دەیان ساڵ، ژمارەی بیرە قووڵەکان بۆ هەزاران هەڵکشاون، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەخێرایی لە کورتیی دەدات، خاکەکە بەهۆی ڕەچاو نەکردنی ڕێوشوێنەکانی ژینگەییەوە، ڕووبەڕووی مەترسی دیکەی نوێ دەبێتەوە، ئەوەش جووتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە بەرەو ڕووی مەترسی جددییتر دەکاتەوە. لە وشکەساڵییەوە بۆ وشکایەتیی زەوی بە پێچەوانەی باشوورو ناوەڕاستی عێراق، باران سەرچاوەی سەرەکی ئاودێرییە لە کەرتی کشتوکاڵیدا لە هەرێمی کوردستاندا. بەو جۆرەش گۆڕانی شێوازی دابارین بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێراویی خاک و بەرووبوومە کشتوکاڵییەکەی هەیە. بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، بەدرێژایی ٢٧ ساڵی ڕابردوو، کەمترین بڕی داباران لە ساڵەکانی ١٩٩٩ و ٢٠٢١دا بوە لەنێوان (١٥٧.١ملم) بۆ (١٩٦.٢ملم). لانیکەم لە نۆ ساڵدا تێکڕای دابارین لە خوار (٣٠٠ملم) بووە، ئەم بڕەش لە دابارین لە هەرێمی وەک بڕێکی نامسۆگەر دیاریکراوە. ناوچەکە، بەگشتی دەکەوێتە نێوان دوو هەرێمی دابارینی نیمچە مسۆگەرو نامسۆگەرەوە. "لە دوای ساڵی (٢٠٠٠)ەوە زۆرترین دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی ڕوویداوە و ئەوەش دیاردەیەکی بێ پێشینەیە لە ناوچەکەدا". د. هۆشیار ڕەحمان پسپۆڕی بواری خاک وای گوت. تێزی دکتۆراکەی هۆشیار ڕەحمان پێوەستە بە وشکێتیی و وشکەساڵی لە ناوچە نیمچە وشکەکانی هاوشێوەی ڕۆژئاوای هەولێر. ئەو، وشکێتی بە سەر چوار قۆناغ دابەش دەکات: وشکێتیی کەش لە کەمبارانییەوە؛ وشکێتیی کشتوکاڵیی کە قۆناغی لە کورتدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە؛ وشکێتیی ئاوی، کە ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی کەم دەکات و لە کۆتاییشدا وشکێتیی ئابووری کە ئیتر خاک توانای خۆی لەدەست دەدات، بەبیابانبوون ڕوودەدات و سەردەکێشێت بۆ کۆچی دانیشتووان؛ "لەزۆربەی ناوچە نیمچە وشکەکاندا لە قۆناغی سێیەمی وشکێتیین یان بەرەو دواقۆناغ تێپەڕمان کردووە"، د. هۆشیار ڕەحمان گوتی. لە ئایاری ساڵی ڕابردووەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگە مەترسیدارەکەی لێدا، کاتێک ڕایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی جددی بووەتەوە، لەوانە وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی. هەروەها پاڵپشت بە داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، لانیکەم ٨٠٠ گوند بەهۆی وشکەساڵییەوە لە لێواری چۆڵکردندان. نە حکوومەتی هەرێم و نە بەڕێوەبەرایەتییەکە، وردەکاری ئامارەکەیان ئاشکرا نەکرد، بەتایبەت لەوەی پێوەندی بە دابەشبوونی جوگرافیی گوندەکانەوە هەیە. "چیتر نابێت باس لە وشکەساڵی بکرێت، پارێزگای هەولێر بە دۆخی وشکایەتیی زەوی (drought) تێپەڕدەبێت. ئەوە دۆخێکە کە چینیی وشکی زەوی ئەستوور دەبێت، هەر ئێستا ئێمە لە دۆخی وشکایەتیی زەویداین"، د. هێرش شکاک پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی ئاو و شارەزا لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان وای گوت. ئەستووربوونی چینی وشکی زەوی و دابەزینی خێرای ئاستی ئاوی ژێرزەوی، دوو لە ئەنجامە گرنگەکانی توێژینەوەکەی شکاک بوون، کە ساڵی ڕابردوو بەناونیشانی "بەڕێوەبردنی ستراتیژی ئاو لە پارێزگای هەولێر"، بڵاوکرایەوە. ئەو، دەڵێ: "ئەستووربوونی چینیی وشکی زەوی، وا دەکات بەروبوومە کشتوکاڵییەکان پێویستیان بە بڕێکی زۆر زیاتری ئاو بێت، بەراورد لەگەڵ دۆخی ئاسایی". ئەنجامەکەی شکاک، لەگەڵ هەمان ئەو گوتانە یەکدەگرێتەوە، کە جووتیارانی ناوچە جیاجیاکان لە ڕۆژئاوای هەولێر بۆ ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەیان بۆ کرد. "خاکەکە زۆر تینووە و بەهەمان بڕە ئاوی جاران بۆ ئاودێری بەکاردەهات، تێراو نابێت"، ڕەمەزان شەمامکی، نوێنەری یەکێتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە دەشتی شەمامک، وا دەڵێ. شەمامک بەدووری ٢٥کم لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر هەڵکەوتووە و یەکێکە لە ناحیەکانی سەربە قەزای ناوەندی هەولێرە. ناوەکەی لە شەمام (گندۆرە)ەوە هاتووە و گوزارشت لە بەپیتیی خاکەکەی بۆ ئەو بەربوومە هاوینییانە دەکات، کە ئێستا وەک نوێنەرەکەی جووتیاران دەڵێ: "بەدەگمەن نەبێت، جووتیاران نایچێنن". داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دابەزینێکی خێرا لە چەندین بەربوومی هاوینە لە سنوری پارێزگاکە پیشان دەدەن. ئەوەش لەژێر کارتێکەرییە جیاجیاکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ئاو، بەپیتیی خاک و پاشان پاشەکشەی دەستی کاری کشتوکاڵیی، وەک ئەوەی نوێنەرەکەی جووتیاران ئاماژەی بۆ دەکات. دۆخەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی دەگۆڕێت. دڵشاد عومەر یەکێک لە جووتیارە ناسراوەکانی شارەدێی دیبەگەی سەربە قەزای مەخموور، گەنمەشامی کردووە و هەر سێ ڕۆژ جارێک ئاوی دەدات، بەڵام بە گوتەی نوێنەرەکەی جووتیاران، ئەو جووتیارانەی لە سنوری شەمامک گەنمەشامییان کردووە، "جار هەیە، هەر ٢٤ کاتژمێر و بە بەردەوامی ئاودان دەکەن". پسۆڕانی بواری کشتوکاڵ، سەرنج لەسەر کاریگەریی وشکاتیی زەوی لەسەر کەمبوونەوەی بەپیتیی خاک چڕ دەکەنەوە. "وشکایەتییەکە بەپیتیی خاک کەم دەکاتەوەو زیندۆچکەکان لەناودەبات؛ ئەو کارتێکەرییانە بە چاو نابیندرێن، بەڵام دەرهاوێشتەکەی لەسەر بڕست و بەرهەم بەزوویی و بەزەقی دەردەکەوێت"، د. ڕابەر فەتاح پسپۆڕ لە زانستە ڕووەکییەکان و مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەددین گوتی. "خاک بە هەموو جۆرەکانییەوە و بە زیندۆچکەکانی ناوییەوە، هەر بە ئاو دەژین، کاتێک وشکێتیی ڕوودەدات، گەردیلەکانی خاک گرێداییان نامێنێت، زیندۆچکەکانی ناو خاک و گژوگیا لەناودەچن، لەکۆتاییدا خاکەکە فشۆڵ دەبێت و بەبیابانبوون دەستپێدەکات"، د. هۆشیار ڕەحمان وای گوت. ناوچەکە لە زۆر پێشترەوە، کەمترین ڕووپۆشی سەوزایی هەبووە. بەگەڕانەوە بۆ ڕووپێوی ڕووپۆشی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان، کە پێش دە ساڵ ئەنجامدراوە، ڕۆژئاوای هەولێر کەمترین ڕووپۆشی سەوزایی لەسەر ئاستی پارێزگاکە و هەرێمی کوردستان هەیە. ناوچەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە چەند قەزایەک لەخۆدەگرێت، لە سنوری قەزای مەخموور(بە دووری ٦٥کم لە ڕۆژئاوای هەولێر) ڕێژەی ٢.٤٩٪ی ڕووپۆشی سەوزایی و قەزای دەشتی هەولێر ڕێژەی ٤.٥١٪ی ڕووپۆشی سەوزایی هەیە. ئەوەش کەمترە لە ڕووپۆشی سەوزایی لە قەزای کەلار- یەکێک لە ناوچە هەرە کاریگەرەکان بە گۆڕانی کەشوهەوا، کە ٥.٥٠٪ پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا ڕێژەکە لە سنوری قەزای خەبات (بەدووری ٣٧کم لە ڕۆژئاوای هەولێر) بە ٦.٤٥٪ بەرزبوونەوەیەک بەخۆیەوە دەبینێت. پارێزگاکە لەڕووی دارستانیشەوە، کەمترین ڕووبەری دارستانی هەیە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕووبەری زەوی دارستان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بە زیاتر لە ملیۆن و نیو دۆنم دیاریکراوە؛ پارێزگای هەولێر بەڕێژەی زیاتر لە ٢١ لە سەد، پارێزگای دهۆک بە ڕێژەی نزیکەی ٥٠ لە سەد، پارێزگای سلێمانیش بە ڕێژەی نزیکەی ٣٠ لە سەد. لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا، پاشەکشەیەک بەڕێژەی ٥٠٪ لە ڕووبەری دارستانی هەرێمی کوردستان ڕوویداوە؛ لە پێنج ملیۆن دۆنمەوە بۆ دوو میلیۆن نیو دۆنم، ئەوەش وەک بەرپرسێکی دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، زیاتر بە هۆکاری مرۆییەوە، لەناویاندا فرەوانبوونی بازنەی شارەوانی، بڕینەوەی ناوچە دارستانییەکان و ئاگرکەوتنەوە. هەر لە بنەڕەتدا، ڕۆژئاوای هەولێر ناوچەیەکی دارستانیی نییە، جگە لە چەند پڕۆژەیەکی کۆن و سنورداری دارستانی دەستکرد، بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو، هیچ پڕۆژەیەکی دارستانی دەستکرد لە هەموو ئەو پانتاییە بەرفرەوانەدا نەبووە. ڕووبەرە دارستانییەکەی هەولێر، لە باکوور بەرەو ڕۆژهەڵات دابەشبووە.   دابەزینی خێرای ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەماوەی ٢٠ ساڵدا ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سەنتەری هەولێر ٥٠٠ مەتر کەمیکردووە، واتە لە قوڵایی ٢٠٠ مەترەوە گەیشتووەتە زیاتر لە  ٧٠٠ مەتر.  لەماوەی ١٠ ساڵیشدا لە ڕۆژئاواو باشووری هەولێر، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە قوڵایی ٢٠٠ مەتر دابەزیوە لە ٣٥٠ مەتر بۆ ٥٤٥ مەتر. بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، لە هەر ڕۆژێکدا نزیکەی ملیۆن و نیوێک مەتر سێجا لە هەردوو سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی بۆ پارێزگای هەولێر دابینکراوە. بەڵام وەک د. هێرش شکاک ڕوونی دەکاتەوە، کە زیاتر لە ٥٤٠ هەزار مەتری سێجا لەو بڕە بەفیڕۆدراوە کە دەکاتە ٣٨.٥٪ی تەواوی ئاوی دابینکراو. لێکدانەوەکە پشتی بەستووە بە ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە و بڕی پێویستی هەر تاکێک بۆ ئاو کە بە ٣٠٠ لیتر دیاریکراوە. لە سنوری پارێزگای هەولێر، چەندین سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی هەن، زێی گەورە کە زۆرترین سوودی لێوەرگیراوە و بەنزیکەی ٥٠٪ی ئاوی دابینکراو لەو سەرچاوەیەوە دێت. بەم پێیەش نیوەکەی تر ئاوی ژێرزەوییە. سوودوەرگرتنێکی کەم لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی، هۆکاری پشت بەستن بووە بە ئاوی ژێرزەوی بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی. بە گوێرەی ئامارەکانیش تا ساڵی ٢٠٢٢، سەرووی ١٦ هەزار بیری قووڵ لە پارێزگای هەولێر هەڵکەندراون، کە لانیکەم شەش هەزاریان بێمۆڵەتن. بەپێی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی هەولێر، بەڕێژەی ٧٠٪ی ئاوی دابینکراوی ژێرزەوی لە پارێزگاکە بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت، ئەوەش زۆرترین بڕە بەراورد بە ڕێژەی بەکارهاتوو بۆ خواردنەوەو پیشەسازی. واتە ڕێژەی ٩٠٪ی سەرچاوەی ئاودێری لە پارێزگای هەولێر پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت، بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو. "لە پارێزگای هەولێر، هەموو کات بڕی ئاوی دەرهێنراو، زۆر زیاترە لە بڕی ئاوی چۆڕاوە بۆ ناو زەوی. لەکاتێکدا ئەو هاوکێشەیەی پارێزگاری لە ئاوی ژێرزەوی دەکات، بریتییە لەوەی کە بڕی ئاوی دەرهێنراو کەمتر بێت لە تێکڕای بڕی ئاوی چۆڕاوەی سەرزەوی بۆ ناو عەمبارەکانی چینە جیۆلۆجییەکان"، شکاک وای گوت. دەستبردن بۆ ئاوی ژێرزەوی لەلایەن حکوومەتی خۆجێی هەولێرەوە، "ڕێگە ئاسانەکە" بووە لەڕووی تێچووی دابینکردنی ئاوەوە، لە هەمان کاتدا "هەڵبژاردنە قورسەکە"یش بووە لەڕووی مەترسییەکانی بەڕێوەبردنی ئاوەوە. بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی، بەردەوامی بە کشتوکاڵکردن لە ناوچەکە داوە، بەڵام وەک عەبدولسەمەد محەمەد بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، بەردەوامیدانەکە لەسەر حیسابی زیانگەیاندنی گەورە بە ئاوی ژێرزەوی بووە. قەبارەی حەوزی ئاوی ژێرزەوی هەولێر، ٣٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی ٨٠٠ مەتر قووڵە. سنوردارە بە هەردوو زێی بچووک لە باشووری ڕۆژهەڵات و زێی گەورە لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگاکە. حەوزەکە بەسەر سێ حەوزی بچووکتر؛ حەوزەکانی باکوور، باشوور و ناوەڕاست دابەشبووە. قەبارەی ئاو و کوالێتییەکەی بەگوێرەی حەوزەکان دەگۆڕێت؛ هەریەکێک لە حەوزەکانیش بەڕادەی جیاواز گوشاریان لەسەر دروستکراوە. وەک شارەزاکەی دەستەی ژینگە ڕوونی دەکاتەوە، زۆرترین گوشاری بەکارهێنان لەسەر حەوزی ناوەڕاست چڕکراوەتەوە، بەمەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ سەنتەری شاری هەولێر. ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی خێرا لە ژمارەی هاوبەشانی ئاوەوە؛ ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە شاری هەولێر لە ٢٦١ هەزار و ٤٩٣ هاوبەش لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٣٨٠ هەزار و ١٧٢ هاوبەش لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ زیادی کردووە. لەپلەی دووەمیشدا، گوشاری لەسەر حەوزەکانی باشوور و ناوەڕاست دروستکراوە. لەکورتدانی دابارین لە چەندین ساڵی ڕابردووەوە و زیاد بەکارهێنانی ئاو، بە هۆکاری دابەزینە خێراکەی ئاوی ژێرزەوی هەولێر دادەندرێن. هێشتا، هۆکاری دیکە هەن کە پێوەندییان بە کات و شێوازی دابارینەکەوە هەیە. "لەژێر کارتێکەری گۆڕانی کەشوهەوا کات و شێوازی دابارین گۆڕاون. هەر تەنیا بارانی زۆر بۆ خاک و بۆ بەرووبووم بەس نییە، بەڵکوو شێواز و کاتی دابارینەکە گرنگن"، عەبدولسەمەد محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر وای گوت. ئەو، ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات: "دەشێت بارانی زۆر ببارێت، بەڵام هەر تێکڕای بارانەکە گرنگ نییە، بەڵکو کات و شێوازەکەی، واتە شێوازی دابەشبوونی بارانەکە بەسەر وەرزەکانی ساڵدا. ئەمساڵ بە تێکڕا بارانی زۆر باریوە، بەڵام لەکاتی پێویستدا نەبوو".   کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی لە دوو دەیەی ڕابردوودا، شارەکە گەشەیەکی خێرای لەڕووی بیناسازییەوە کردووە، ئەوەش بە گۆڕینی پانتاییەکی بەرفرەوانی ڕەگەزیی زەوی، لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون کۆتایی هاتووە. ئەو پڕۆسەیە لەوەتەی ساڵی ١٩٩٨ەوە بەیاساییکراوە. بەگوێرەی داتایەکی یەکێتی جووتیاران، تەنیا لە قۆناغی یەکەمی ماستەرپلانی شاری هەولێر، زیاتر لە ٣٠ گوند خراونەتە ناو بازنەی شارەوانییەوە و ڕەگەزی زەوییەکانیان بۆ نیشتەجێبوون گۆڕدراوە، ڕووبەری زەوی کوژاوە، لەو سنوردانەدا، دەیان هەزار دۆنم دەبێت. "سنوری شارەوانی هەولێر، بە هەڕەمەکی و لەبەرچاوگرتنی قازانجی وەبەرهێنەرانی کەرتی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنەرانی دی فرەوانکراوە، نەک ڕەچاوکردنی خاک و کشتوکاڵ و ژینگەکەی. لەبەرئەوە گەڕەکە نوێیەکان لەسەر بەپیتترین زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستکراون"، کانەبی ڕەسووڵ چالاکی بواری جووتیاران وای گوت. جگە لە شارەوانی، لە کۆتایی ٢٠٠٦ەوە تا ئەمڕۆ، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی زیاتر لە ١٣٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لە هەولێر داوە، ڕەگەزی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی بۆ نیشتەجێبوون و یان پیشەسازی گۆڕدراوە. کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی، ئەوەندە بەرفرەوان بوو، تا لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر زۆر سنوردارکردنی کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ هەر مەبەستێکی ناکشتوکاڵی دەرکرد. بەڵام هەر ئێستا شارەوانی شارەکە، سەرقاڵی دیاریکردنی زەوییە بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا و چاوەڕوان دەکرێت هەزاران دۆنم زەوی دیکەی کشتوکاڵی لەو پڕۆسەیەدا بکوژێنرێنەوە. لەدەرەوەی فرەوانبوونی بازنەی شارەوانی، شارەزایان ئاماژە بە گرفتی دیکە لە نەخشەسازی شاری هەولێر دەکەن. وەک د. ڕابەر فەتاح پسپۆڕی بواری کشتوکاڵ دەڵێ: "شاری هەولێر وەک بەربەستێکی کۆنکرێتییە لەبەردەم داچۆڕانی ئاو بۆ ناو خاک و ڕێڕەوی ئاو بەرەو ڕۆژئاوای شارەکە لە وەزری داباریندا. بەنزیکەی تێکڕای پانتایی شارەکە و تەنانەت بە ناوچەکانی پیادەڕەوییەوە کۆنکرێتکراون و دەرفەتی داچۆڕانی ئاو بۆ ناو خاک نییە". دەرهاوێشتەی ئەو بەربەستە کۆنکرێتییە لە ناوخۆی شارەکەدا، دروستبوونی لافاوە لەگەڵ هەر بڕە بارانێکدا و کارتێکەرییەکەیشی لەسەر زەوییەکانی خوارووی شارەکە، پڕۆسەی داچۆڕانی ئاو بۆ ناو چینەکانی خاک بۆ دروستکردنی لافاو دەگۆڕێت. بەو جۆرەیش بڕێکی زۆری بارانەکە، لەبری داچۆڕان بۆ ناو خاک، وەک لافاو بە شیو و دۆڵەکاندا تێپەڕ دەبێت. ئەوەش ئەوەندەی دیکە وشکێتیی لە ڕۆژئاوای شارەکە زیاتر دەکات. کشتوکاڵ لە خاکی تینوودا هەرچەند بەرووبوومە هاوینییەکان بەگشتی لە کورتییان داوە، بەڵام لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوو، هەندێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگای هەولێر گەشەی خێرایان کردووە، کە پێویستیان بە بەکارهێنانی بڕێکی زۆری ئاو هەیە. بەرهەمی هەرە گەشەکردوویش، کە زۆرترین بڕی ئاوی پێویستە، بەربوومی گەنمەشامییە لە پارێزگاکەدا. هەردوو گەنم و گەنمەشامی بەڕێگەی مەڕەشەوە ئاودەدرێن "نیوەی ئاوی مەڕەشە بەفیڕۆ دەچێت"، ڕەمەزان شەمامکی وای گوت. داتاکانی وەرگیراو لە دەستەی ئاماری کوردستان پیشانی دەدەن، تا ساڵی ٢٠٠٩ بەرهەمی گەنمەشامی لە پارێزگای هەولێر تەنیا ٦٢٩ تۆن بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ ١٣٧ هەزار و ٣٥٥ تۆن گەشەی کردووە. لەو ساڵانەدا سەرووی پێنج هەزار هیکتار لە ڕووبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە بە گەنمەشامی چێندراوە، بەپێی داتایەکی وەرگیراو لە وەزارەتی کشتوکاڵ. ڕەزاق خەیلانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات: "تەواوی ئاوی بەکارهاتوو بۆ پڕۆژەکانی گەنمەشامی لەڕێگەی بیری قووڵ و لەژێر زەوییەوە دێت"، بەڵام بەدواداچوونی مەیدانیی ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات، دەیان جووتیاریش بە ئاوی ئاوەڕۆی شاری هەولێر کشتوکاڵ دەکەن، لەناویدا گەنمەشامی. هەرچۆنێک بێت، بەشی زۆری گەنمەشامی بەرهەمهاتوو لە پارێزگای هەولێر، پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت. لەناویاندا سەرجەم جووتیارانی دەشتی شەمامک تا دیبەگە، ئەوەش ئەوەندی دی گوشارەکانی لەسەر ئاوی ژێرزەوی هەولێر توندتر کردووە. "ئێمە کشتوکاڵی هەڕەمەکیمان هەیە نەک پلان بۆداڕێژراو، کشتوکاڵی هەڕەمەکی دەشێت کاریگەری نەرێنی لەسەر خاک و ئاو هەبێت"، د. ڕابەر فەتاح وای گوت. ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی (٦٦.٧٦٪)ی گەنمەشامی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر بەرهەمهاتووە و بەنزیکەی تێکڕای ئەو بەرهەمەش لە ڕۆژئاوای شارەکە یان دەشتی هەولێر سەرچاوەی گرتووە. دابەشبوونی جوگرافی بەرهەمی گەنمەشامی لە پارێزگای هەولێر، دەکەوێتە قەزاکانی مەخموور، دەشتی هەولێر و قەزای ناوەندی هەولێر، ئەوەش بەشی ڕۆژئاوا بەرەو باشووری شارەکە دەگرێتەوە، جگە لە قەزای مێرگەسور، لە هیچ ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاکە گەنمەشامی ناکرێت. هەردوو پسپۆڕە کشتوکاڵییەکە و بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، پێداگیری لەسەر پێویستیی ڕەچاوکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی، بەگوێرەی خاک و ئاو دەکەن. د. ڕابەر فەتاح لەو ڕووەوە دەڵێ: "دەبێت لەڕێگەی پلانی کشتوکاڵییەوە، بڕیار بدرێت لە کام خاک و ناوچەدا چ جۆرە بەرووبوومێکی کشتوکاڵی بکرێت، گونجاو نییە لە خاکێکی نیمچەوشکدا، ئەو بەرووبوومانە بکرێن، کە پێویستیان بە ئاوی زۆر هەیە، بەدڵنیایی پێویستە پەیڕەوی لەڕێگە نوێکانی ئاودێری بکرێت، لەپێناو بەکارهێنانی بڕێکی زۆر کەمتر لە ئاو". بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێریش ئاودێرکردنی گەنمەشامی بە ئاوی ژێرزەوی، بە "تاوان" لەقەڵەم دەدات. لە دۆخێکدا خاکەکە بەرەو وشکێتیی تەواو دەچێت و ئاستی ئاوی ژێرزەوییش بەخێرایی دادەبەزێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە، چەند ساڵێکە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی تەرزێکی خۆماڵیی گەنمەشامییە، تەرزێک بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی کوردستان بگرێت و وەک ئەو، دەڵێ: "تەنیا ڕێگە بدرێت لە زەوییەکانی نزیک لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و بە ئاوی سەرزەوی بەرهەم بهێندرێت". بەپێچەوانەوە، زۆرینەی بەروبوومە هاوینییەکان لە سنوری پارێزگای هەولێر بەرەو داکشان و پووکانەوە چوون. "کەمبوونەوەی ئاو و بەپیتیی خاک، بڕشتی بەرهەمەکانی هاوینەی کەم کردنەوە و جووتیارانیش دەستبەرداربوون"، حەسەن فەتاح جووتیارێکی قەراج وای گوت. بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، پێداگیری لەسەر پێویستی پشتکردنە ڕێگا کۆنەکان لە کشتوکاڵ و ئاودێریدا دەکات و وەک دەڵێ: "ئەگەر هەر بەو ڕێگا کلاسیکییانەی تا ئێستا ئاودێری بکرێت، چارەسەرییەک نابێت". سەرنجڕاکێشە، کە هەر ئێستا بەڕێژەی ٩٥٪ی ئاودێری لە پارێزگای هەولێر، پشت بە ئاودێری کۆن دەبەستێت و لەوەشدا وەک شارەزاکەی دەستەی ژینگە دەڵێ: "چەند باری بڕی پێویست، ئاو بەکاردەهێندرێت و بەفیڕۆ دەدرێت".     پیسکەرەکان؛ نائامادەیی سیاسەتی ژینگەیی بەدرێژایی دەیان ساڵ، هەر مامەڵەکردنێک لەگەڵ زەوی، لە دەرەوەی ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی بووە. لە فرەوانکردنی بازنەی شارەوانی، بەکارهێنانی بەربڵاوی ئاوی ژێرزەوی، دامەزراندنی کارگە پیشەسازییەکان و لانیکەم ١٣٨ پاڵاوگەی نەوتیش لە پارێزگاکە، ڕەهەندە ژینگەییەکە لایەنێکی ڕەچاوکراو نەبووە. وەک ئاسۆ شکاک سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی دەڵێ، بەدرێژایی دەیان ساڵ سەرجەم پڕۆژەکانی دەڤەرەکە، بەبێ هەڵسەنگاندنی ژینگەیی مۆڵەتیان پێدراوە، "لەماوەی ئەم کابینەیەدا بە مەرجی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی مۆڵەت بە پڕۆژەکان دەدرێت و ئەگەر ڕەزامەندی ژینگەیی بەدەست نەهێنن مۆڵەت نادرێن"، ئاسۆ وای گوت. لەکۆی پاڵاوگەی نەوت لە سنورەکەدا، کە زۆرترینیان لە ڕۆژئاوای شارەکەن، تەنیا دووانیان مۆڵەتیان هەیە و سەرجەم ئەوانی دی، بە نایاسایی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان جێگیرکراون. پاڵاوگەکان لەڕێگەی هەڵڕشتنی پاشماوەکانی نەوتییەوە، سەرچاوەکانی ئاو و خاک پیس دەکەن. "پاڵاوگە نایاساییەکان یەکەی چارەسەری ئاویان نییە و پاشماوە نەوتییەکانیان بە جۆگەلەی ئاساییدا دەچێتە خوارەوە و تێکەڵ بە خاک و ئاو دەبێت"، گوتەبێژەکەی دەستەی ژینگە وای گوت. زۆرینەی پاڵاوگە نایاساییەکان کەوتوونەتە بەشی ڕۆژئاوای شارەکە. هەرچەند سەرنجی زیاتر لەسەر کارتێکەری دووکەڵی پاڵاوگەکان لەسەر هەوای شاری هەولێر چڕکراوەتەوە، بەڵام بەشدارییەکی جددی لە پیسکردنی خاک و ئاوی بەتایبەت ڕۆژئاوای شارەکە دەکەن، لەکاتێکدا لەبەردەم هەر پاڵاوگەیەکدا، جۆگەلەک لە پاشماوەی نەوتی، دەڕژێتە سەر خاک و بۆ ناو ئاوی ژێرزەویش دەچۆڕێتەوە. "پاشماوی نەوتی، کاریگەریی ترسناکی لەسەر خاک و ئاو هەیە، ڕووەک و زیندۆچکەکانی ناو خاک لەناودەبات و ساڵانێکی دەوێت تا خاکەکە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە. چۆڕاوەی پاشماوەی نەوتی بەناو خاکدا هەم ئاوی ڕووکەش-نزیک لە چینەکانی سەرڕووی خاک و هەم ئاوی ژێرزەوی پیس دەکات"، د. ڕابەر فەتاح وای گوت. جووتیارانی ڕۆژئاوای هەولێر دەمێکە هەستیان بەو کاریگەرییانە کردووە، کە کەرتی ناستانداردی پاڵاوتن لە سنورەکە دروستی کردووە. سەلاح حەسەن جووتیارێکی گوێڕ و باس لەوە دەکات، ئاوی بیرەکەی تاڵاوکە و بەتاقیکردنەوەیش بۆیان دەرکەوتووە، بۆ بەخێوکردنی ماسی دەست نادات. "هیچ چارەسەرییەک نییە، جگە لە بە تەواوەتی هەڵگرتنی هەندێک لە پڕۆژەکان و گواستنەوەی هەندێکی دیکەیان، نەک ئەوەندە، بەڵکوو لە هەندێک ناوچەدا، خاکەکە بە جۆرێک پیس کراوە، بەهۆی پاشماوەکانی نەوتی یان ماددە کیمیاییەکانی دیکە و پاشماوەی خۆڵ و خاشاکەوە، شیاوێتیی هەتا بۆ کشتوکاڵیش لەدەستداوە، ئێستا مەگەر خاکەکە بگوازرێتەوە"، ئاسۆ شکاک وای گوت. هێشتا پیسکەری دیکە هەن، ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر یەکێکیانە. لەکاتێکدا ئاڕاستەی جوڵەی ئاوی ژێرزەوی هەولێر لە باکووری ڕۆژهەڵات بەرەو باشووری ڕۆژئاوایە، ئەوەش هەمان ئاڕاستەی ڕێڕەوی ئاوی ئاوەڕۆی شارەکەیە. د. هێرش شکاک ڕوونی دەکاتەوە، ڕێژەی خوێی تواوە (TDS) و هەندێک توخمی وەک نیترات (NO3) لە بیرەکانی باشووری ڕۆژئاوای شارەکە زیاترە، بەراورد بە ڕێژەی خوێی تواوە و توخمە زیانبەخشەکانی دیکە لە بیرەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، بەو هۆیەوە کە ئاوەڕۆی قورسی هەولێر بووەتە هۆی چۆڕانەوەی ئەو توخمە زیانبەخشانە بۆ ناو ئاوی ژێرزەوی و بەهۆی ئاودێریشەوە، جارێکی دیکە هەموو ئەو توخمانە لە پانتاییەکی فرەواندا تێکەڵی خاک دەکرێنەوە. بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی هەولێر، تەواوی ئاوەڕۆی پارێزگای هەولێر (٥٠٠ هەزار مەتر سێجا/ ڕۆژ) دەبێت و لەو بڕەشدا قەبارەی ئاوی ئاوەڕۆی سەنتەری هەولێر (٢٥٠ هەزار مەتر سێجا/ڕۆژ) دەبێت. ئاوەڕۆ پیسەکە بەبێ هیچ چارەسەرییەک دەڕژێتە ناو سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوییەوە و لە ڕۆژئاوای شارەکەوە تێکەڵی ئاوی زێی گەورە دەبێت، بەڵام هێشتا کارتێکەری لەسەر کوالێتیی ئاوی حەوزی هەولێر دروستکردووە، وەک لە پشکنینەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی شارەکەدا دەرکەوتووە. هێشتا، دەیان جووتیار، کە زەوییەکانیان بەدرێژایی ئاوەڕۆی هەولێر هەڵکەوتووە، بەبێ هیچ چارەسەرییەک ئاوە پیسەکە بۆ ئاودێری بەکاردەهێنن. لە ڕۆژئاوای شارەکە، جووتیارانی نزیکەی ٣٥ گوند پشت بە ئاوەڕۆی شاری هەولێر دەبەستن. ئاوەڕۆکە یەکەی چارەسەری نییە و ڕاستەوخۆ بەکاردەهێندرێت. چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئاژانسی جایکای ژاپۆنی، پڕۆژەی یەکەی چارەسەریی بۆ ئاوەڕۆی هەولێر ڕاگەیاند، بەڵام وەک بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵیی هەولێر گوتی، ئێستا پڕۆژەکە ڕاگیراوە. "قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئاوە پیسەکە، دوو لێکەوتی نەرێنی هەن؛ یان کۆتاییهێنان بە کشتوکاڵ لە دەیان گونددا و چۆڵکردنیان یان هەڵکەندنی هەزاران بیری دیکە و دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر ئاوی ژێرزەوی"، ڕەحمان سێودین یەکێک لە جووتیارانی دەشتی هەولێر وای گوت. ئەو، خۆیشی پشت بە ئاوەڕۆی هەولێر دەبەستێت. ڕاستییەکەی، ئەگەر تا ئێستا کشتوکاڵ لە ڕۆژئاوای هەولێر بەردەوام بووە و دانیشتووانیش گوندەکان چۆڵیان نەکردووە، هۆکارەکەی بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوییە وەک قەرەبووکردنەوەیەک بۆ ئەو شکست و لاوازییانەی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی هەیە. بەڵام وەک دەردەکەوێت، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەخێرایی دادەبەزێت، ئەوەش هەر ئێستا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ژیان و بژێوی هەزاران خێزان کە لە سەدان گوندی ڕۆژئاوای شارەکە بە کشتوکاڵەوە خەریکن. مەترسییەکە زیاتر دەبێت، کاتێک دەزانین هەمەچەشنییەک لە سەرچاوەکانی ئاودێریدا نییە و بەنزیکەی تێکڕا پشت بە تەنیا سەرچاوەیەک- ئاوی ژێرزەوی- دەبەستن.         * ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی رۆنامەوانی ژینگەیی عێراق بەرهەمهاتووە كە ئينتەر نیوز پاڵپشتی دەكات    


درەو:   پەیمانگای واشنتۆن لە راپۆرتێكدا، باسی وردەكاری ئەو تۆڕە سیخوڕییە دەكات كە لە نوسینگەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەكراون و، دزەیان كردووەتە ناو تەلەفونی زۆرینەی بەرپرسانی عێراق، راپۆرتەكە، ئەو دۆخە خراپەش دەخاتەڕوو، كە بەسەر دەزگا ئەمنیە هەستیارەكانی عێراقدا هاتووە، لەدوای هاتنی سودانی و كۆنتڕۆڵكردنی زۆرینەی پۆستە گرنگەكانی ئەو دەزگایانە، لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئێرانەوە. دكتۆر(Michael Knights)، نوسەری دیاری ئەمریكی و  شرۆڤەكاری تایبەت بە میلیشا چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران، سەرەتای راپۆرتەكەی بەوە دەستپێكردووە" گەندەڵی بە سیاسی كراو، لە نایابترین ئاژانسی هەواڵگری عێراقدا تەقییەوەو گەیشتووەتە ئابڕوبەریی گوێگرتنی گەورە، كە لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە ئاڕستەكراوەو،  پێویست دەكات واشنتۆن ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری دووقۆڵی لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ عێراق هەمواربكاتەوە.   لە (28)ی ئاب، هەواڵەكان لەڕێی لێكۆڵینەوە بنكۆڵكارییەكان بڵاوبونەوە ، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵمەتێكی چاودێری سیاسی فراوان، كە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گرتووەتەوە، قەبارەی هەڵمەتە چڕەكە بە جۆرێك بووە، تەنانەت سیاسی و هاوڵاتیانی ئاسایی عێراق، كە راهاتوون لەسەر گەندەڵی و ئابڕوبەریی، تووشی شۆك بوون لەو مەسەلەیە.  بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە، ئەو ئابڕوبەرییە، ئاماژەیەكی زەقی ترە لەسەر ئەوەی عێراق سەقامگیرنییە، وەك ئەوەی هەندێك جار وێنا دەكرێت، حكومەتی ئێستاش ئەو هاوبەشە ئەمنیە هەواڵگریە متمانە پێكراوە نیە، كە واشنتۆن پێویستی پێیەتی. كێ‌ گوێی لەكێ‌ گرتووە؟ راپۆرتە دروستەكان لەبارەی ئابڕوبەرییەكە، هەرزوو لە رووماڵی میدیا عەرەبییە سەرەكییەكان و دزەپێكردنی زانیاری لەلایەن بەرپرسانی عێراقی و سیاسیە دیارەكانەوە بڵاوبونەوە، دەنگدانەوەی بولەمەرزە ئاساكەی لەبەغدادو كۆبونەوە نائاسایی گروپە سیاسیەكان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ،ئاگرێكی زۆر لەپشتی ئەو دوكەڵە بینراوەوەیە، تائێستا ئەمانەی خوارەوە هەندێك لە خاڵە روونەكانن: بەنزیكی زۆرینەی كەسایەتیە سیاسیە باڵاكانی عێراق كراونەتە ئامانج، لەڕێی دزەكردنە ناو یان چاودێریكردنی ئامرازەكانی پەیوەندییان(تەلەفون), بە مانەشەوە: •    دادوەر فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری. •    نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوترو یاسر عەبد سخێل مالیكی زاوای و بریكاری بازرگانی. •    هادی عامری، سەرۆكی دوو قەوارەی سیاسی پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێرانەوە:(چوارچێوەی هەماهەنگی، رێكخراوی بەدر). •    موحسین مەندەلاوی، لەبری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی رێكخراوی بەدر. •    محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران(یەكێكە لەو چەندان سیاسیە سوننەیەی كراوەتە ئامانج). •    حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتر. •    هومام حەمودی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی. •    ئەحمەد فەتلاوی، راوێژكاری عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە. •    كەسایەتی جۆراوجۆر لە نوسینگەی سەرۆك. •    بەرپرسی جیاواز لە هێزەكانی حەشدی شەعبی. ئەوەی جێی سەرنجە، نزیكترین كەسایەتی سودانی تیادانیە، كە قەیس خەزعەلی و ئەندامانی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەقە، كە ئەو سەرۆكیانەو خۆی و میلیشیاكەی، لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە. ئەو شانەیەی كاری گوێگرتنی كردووەو لەناو نوسینگەكەی سودانی بوون، لەلایەن گروپێك لە كەسایەتی نزیك لە سودانیەوە بەڕێوەبراون، كە ئەمانەن: •    عەبدولكەریم سودانی، سكرتێری سەربازی سەرۆك وەزیران و ئەندامی هۆزەكەی. •    خالید یەعقوبی، راوێژكاری سودانی بۆ كاروباری سیاسەتە ئەمنیەكان. •    محەمەد جوحی، سەرۆكی شانەكەو جێگری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئیداری لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران(جوحی دانی ناوە بە تاوانەكەداو، تەماشای ئامێرە ئەلەكترۆنیەكانی كراوە). •    ئەحمەد سودانی، كەسی نزیكی سودانیەو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقە بە وەكالەت. •     (11)كەسی تەكنیكی لەبواری هەواڵگری ئاماژە، لە هۆبەی گوێگرتنی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هونەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی. •    چەندین ئەفسەر، لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئاژانسی زانیاری و لێكۆڵینەوە فیدراڵیەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ. جوحی و ئەوانەی تر، كە بەشداریان لە پرۆسەی گوێگرتن كردووە، كەرەستەو ئۆتۆمبیلی دەزگای هەواڵگرییان بەكارهێناوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەیان، كە ئەحمەد سودانی دانی پێداناوە،  وێڕای ئەوەی ئەندامانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی خراوەتە ناو شانەكەی جوحی، لەلایەن ئەبو عەلی بەسری، سەرۆكی دەزگاكە، كە بەناوی عەبدولكەریم عەبد فازیل حسێن_یش ناسراوە، خاوەنی ناوبانگێكی كاریگەرە لە راوەدونانی تیرۆرستەكانی سوننە، بەڵام لە هەمان كاتدا یەكێكە لە دیارترین ئەندامەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، كە هەڵمەت دژی نەیارە سیاسیەكانی رێكدەخات. لە رۆژی (3)ی ئەیلول، وێنەگرە شەخسییەكەی سودانیش، لەسەر ئەو دۆسییە دەستگیركرا. شانە گوێگرەكە، هەوڵی داوە كەسایەتیە سیاسیە جیاوازەكان بخات و دۆسیەی خراپەكارییان بۆ ئامادە بكات، لەنێو ئەو كەسایەتیانەشدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و، بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی و، ئەفسەرانی هەواڵگری و، ژنانی كەسایەتیە گرنگەكان. وێرانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق ئابڕوبەری چاودێری_ كە پێدەچێت تا پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەردەوام بێت، دوای هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی (2025)_ نابێت شتێكی كتوپڕبێت بە لەبەرچاوگرتنی هۆشداریەكانی پێشوو، لەبارەی بە سیاسیكردنی باشترین ئاژانسی هەواڵگری لە عێراق، لە سەرەتای ساڵی (2023)وە_ كاتێك سودانی ئەحمەدی نزیكی خستە ئەو شوێنە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو دەزگایە. دەزگای هەواڵگری عێراق، ئەمریكا لەسەرەتاوە دەستیكرد بە ئامادەكردنی، لەو ئەندامانەی  دەزگای هەواڵگری عێراق، كە پێش ساڵی (2023) رزگاركران، دواتر دەستیكرد بە راهێنانی ئەندامەكانی و لێكۆڵینەوە لە باكگراوندەكانیان بە درێژایی بیست ساڵ، لەكاتێكدا زۆرێك لە ئاژانسەكانی تری عێراق گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران بە قوڵی دزەیان كردە ناوییانەوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری عێراق وەك پێگەیەكی متمانەپێكراو بەلای ئەمریكاو وڵاتانی خۆرلائاواوە مایەوە. لەبەر ئەو هۆكارە، ئەو دەزگایە لەنێو ئەو قەوارە كەمە عێراقیانەدا بوو متمانەی پێدەكرا، بۆ ئەوەی زانیاری هەواڵگری هەستیاری رادەستبكرێت و، كەرەستەو راهێنانی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە بێت، بەڵام هەموو ئەمانە گۆڕان دوای ئەوەی سودانی بوو بە سەرۆك وەزیران. لە ساڵی(2022)وە، حكومەتی سودانی دەستیكرد بە پاكتاوكردنی چەندان ئەفسەر، لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، كە جێی متمانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بوون و، گۆڕیانن بە ئەندامانی میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران. لە سەرەتای ساڵی (2023)دا، بەڕێوەبەرێكی نوێ‌ بۆ روبەڕوبونەوەی سیخوڕی لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دانرا، ئەركی چوونە ناو(دزەكردنە)ئامێرە ئەلەكترۆنیەكانە، كە ناوی فەیسەڵ غازی ئەللامی_یە، برازای فاح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیە، یەكێكە لە شوێنكەوتووەكانی ئەبوئالائی وەلائی، كە ماویەكی زۆرە لەناو لیستی تیرۆر ئەمریكادایە، هەر یەك لە فەیازو وەلائی لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و چالاكییە تیرۆرستیەكان، هاوكات ویسام ئەلمحیاوی، كە لەلایەن فەیازەوە كاندیدكراوە، بووەتە بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێری لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی. هەروەك، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی_ كە لە رابردوودا بەرەو دۆخێكی باش رۆیشتبوو، دوای ساڵانێك لە دزەكردنی تیرۆرستان_ ئەویش لە ساڵی (2023)وە پاشەكشێی كردووە، كاتێك دەزگاكە رادەستی بەسری كرا. پۆستە باڵاكانی وەك جێگری بەڕێوەبەر، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكان، سەرۆكی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشی بەغداد، دران بە عەسائیبی ئەهلی هەق. ئەو ئابڕوبەرییەی ئێستا جەخت لە ئاستی رۆچوونی دیارترین ئاژانسەكانی هەواڵگری عێراقی و لێهاتوترینیان دەكات لە ڕووی تەكنیكیەوە، بۆ گۆلای میلیشیا پاڵپشتیكراوەكان لەلایەن ئێران و سیاسیە گەندەڵەكانەوە. بژاردە سیاسیەكانی ئەمریكا پێویستە ئابڕوبەریی گوێگرتن، ساتەوەختی كردنەوەی چاوی بڕیادەرە سیاسیەكانی خۆرئاوابێت، ئەوەش لەبەر هەندێك هۆكار: یەكەم: نابێت واشنتۆن هەوڵی چاپۆشیكردن بدات لەو زیانەی كە بەر سەرۆكایەتی وەزیران بەرابەرایەتی سودانی كەوتووە، بەدرێژایی ساڵانێك، بەرپرسانی ئەمریكا خۆیان بەدورگرت لە داننان بەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی كە سودانی دەبەستێتەوە بە گروپی عەسائیبی ئەهلی هەقەوە، كە وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی ریزبەندكراوە، نابێت رێگەش بدرێت بە قەیس خەزعەلی، رابەری ئەو گروپە، كە بەتیرۆرست ریزبەندكراوە، هەژمونی بەسەر حكومەتی عێراقدا هەبێت، بەوەش بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانیش، ئەگەر بەڵگەی نوێش دەركەوێت كە ئاماژە بەوەبكات، سودانی ئاگاداریی راستەوخۆی هەبووە لە هەڵمەتی گوێگرتنە، ئەوا واشنتۆن پێویستی بەوەیە هەڵوێستی خۆی دەستكاری بكات بەرامبەر سەرۆك وەزیران بەشێوەیەكی گشتی.  نابێت ویلایەتە یەكگرتووەكان پابەندبێت بە هێشتنەوەی سیاسی سودانی زیاتر لە خەزعەلی سەرپەرشتیاری، كە پێدەچێت تۆرەبێت، چونكە ئەو ئابڕوبەرییە لە ئاكامی هەڵەیەكی كاری شانەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران ئاشكرابووە. لە (31)ی ئابدا، ئێران وەفدێكی بۆ بەغداد ناردووە، لە هەولێكدا بۆ هێوركردنەوەی ئابڕوبەرییەكە، ئەوەش واپێویست دەكات كە واشنتۆن رێك پێچەوانەی ئەو كارەبكات.   دووەم: پێویستە واشنتۆن بەشێوەیەكی بەرچاو هاوكاری هەواڵگری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق  و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگاكانی تر كۆتوبەندبكات، تا هەڵدەستێت بە دورخستنەوەی دامەزرێنراوە سیاسیە گلاوەكان، لە پۆستە باڵاكان، بەتایبەت كەسایەتیەكانی سەر میلیشیاكان و هاوپەیمانەكانی ئێران. دوای ئەوەی سودانی بوو بە سەرۆك وەزیران، واشنتۆن چاوی نوقاند لەو دامەزراندنانە كە جێی نیگەرانین و حكومەت ئەنجامیدا لەكەرتی هەواڵگریدا، بە دڵنیایی گروپە چەكدارە جیاوازەكان هەوڵی قۆستنەوەی ئەو ئابڕوبەرییەی ئێستا دەدەن، بۆ دامەزراندنی ئەندامی تری خراپەكار لە پۆستە باڵاكانی دەزگای هەواڵگری. پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەژموونی خۆی بەكاربهێنێت، وەك هاوبەشی سەرەكی عێراق لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر، بۆ زامنكردنی ئەوەی حكومەتی عێراق خراپەكان بە كەسی خراپتر نەگۆڕێت، لەكاتی چارەسەركردنی ئەو ئابڕوبەرییە و، بەرپرسی نوێ‌ لە دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئاژانسی زانیاری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی دابمەزرێنێت. سێیەم: پێویستە واشنتۆن پێداچونەوە بە هەڵوێستی خۆیدابكات بەشێوەیەكی فراوان، بەرامبەر بە بەرپرسە عێراقییەكان لە كەرتە جۆراوجۆرەكانی دەزگای دژە تیرۆرو، دەسەڵاتی فرۆكەوانی و، دەسەڵاتی بەندەرەكان و، وەزارەتە سەرەكییەكان، بۆ نمونە، دارایی، ناوخۆ، نەوت، گواستنەوە، تەنانەت خوێندنی باڵاش، كە وەزیرەكەی ئەندامی گروپێكی ریزبەندكراوە  لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەڵام بە ئازادی لە پایتەختەكانی وڵاتانی خۆرئاوا دەسوڕێتەوە. ئەم ئاژانسانە و ئاژانسەكانی تریش، بەشێوەیەكی بەرچاو دزەكراوەتە ناویانەوە، بەهەمان ئەوشێوەیەی دزە كراوەتە ناو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی، ئەوەش دیاردەیەكی كە پێش ساڵی (2022) دەستیپێكردووە، بەڵام لەدوای ئەو كاتەوە بەشێوەیەكی بەرچاو پەرەیسەندووە، بەهۆی هەژمونكردنی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەریدا لە عیراق. وانەی سەرەكی بۆ بەرپرسانی ئەمیركا ئەوەیە، كەسایەتی سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق و ئیرادەی سیاسیان، بایەخدارترین كارتێكەرە لە دەستنیشانكردنی ئاستی دەستبەراگرتنی ئەو دەوڵەتەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت، لەگەڵ قورسی ئەو زیانە چاوەڕوانكراوەشی بە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی دەگەیەنێت.


(درەو): "ئامادەین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەگەر رێككەوتنێك هەبێت تێچووی هەناردەكردن دیاری بكات، ئەمەش پێویستی بە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان هەیە" وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازی كوردستان وا دەڵێ، واتا ئەو كۆمپانیا بیانییانەی كە لە كەرتی نەوتی هەرێمدا كاردەكەن.  مایڵز کاگینز وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" وتی:" حکومەتی عێراق هیچ ڕێکارێکی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەگرتووەتەبەر، لەکاتێکدا تورکیا رایگەیاندووە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیەو لەهەمانکاتدا حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە، ئەپیکۆریش ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان". " کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکۆر ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن لەکاتێکدا ڕێککەوتنێک هەبێت کە تێچووی هەناردەی پێشوو، ئێستاو داهاتووش دەستەبەر بکات، پارەپێدانەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ بێت، هەروەها ڕەچاوەی مەرجە بازرگانییەکانیشی تێدا بکرێت، بێگومان بوونی ڕێککەوتنێکی لەم جۆرەش پێویستی بە دەستکارییکردنی گرێبەستەکان هەیە" وتەبێژی ئەپیكور وای بە ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا وتووە. لەبارەی زیانە داراییەکان لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوت، وتەبێژی ئەپیکۆر باسلەوە دەكات، زیانەکان مانگانە بڕی یەک ملیار دۆلارە، ئەم زیانە بەر حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان و عێراقیش دەکەوێت کە کۆی گشتی دەکاتە ١٩ ملیار دۆلار". مایڵز کاگینز پێیوایە:" دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگای بەندەری جەیهان، چانسێکە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پشکی خۆی لە بازاڕی جیهانی زیاد بکات، بەهەمانشێوە پەرە بە ئابوری خۆی بدات، بۆیە چاوەڕێی هەنگاوی کردەیین لە بەغدا بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە".  


(درەو): پارتی و یەكێتیی لە پێشەنگی هەڵبژاردندا دەمێننەوە، بەڵام پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو سەخت و كاریگەر دەبێت بە هاتنە ناوەوەی هێزی ئۆپۆزسیۆنی نوێ بۆ ناو گۆڕەپانەكە، لە دیارترینیان (بەرەی گەل) بە رێبەرایەتی لاهور شێخ جەنگی. رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردن پارتی بخاتە بەردەم بژاردەیەكی قورس، كە ئەوەش دەستهەڵگرتنە لە سەرۆكایەتیی هەرێم یاخود سەرۆكایەتیی حكومەت، ئەمە پوختەی راپۆرتێكی شیكارییە كە (سەنتەری ئیمارات بۆ سیاسەت) لەبارەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن لە كوردستان كردویەتی. چۆن پێناسەی حزبەكان دەكات؟ (سەنتەری ئیمارات بۆ سیاسەت) راپۆرتێكی شیكاریی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە كە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. راپۆرتەكە كورتەیەكی لەبارەی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكە خستوەتەڕوو، بەمشێوەیە باسی دۆخی هەریەكەیان دەكات: •    پارتی دیموكراتی كوردستان: پێشبینی دەكرێت ژماری كورسییەكان بەراورد بە پێشوو كە 45 كورسی بوو، دابەزین بەخۆوە ببینێت، بەهۆی دابەشكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن و كەمبوونەوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان كە هاوپەیمانی نەریتیی پارتین، هەروەها لەدەستدانی دەستكەوتەكان بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای نەینەواو كەركوك و لاوازبوونی كاریگەریی ئەم حزبە لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی ئەو دوو پارێزگایەدا، كە هاوپەیمانێتیی ركابەرەكەی (یەكێتیی نیشتمانی) لەگەڵ لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) لە بەغداد نەخشەی ئیداری ئەو ناوچانەیان یەكلاكردەوە، بەتایبەتیش پارێزگای كەركوك كە لە رۆشنبیری كوردیدا دۆخێكی تایبەتی هەیەو حكومەتە خۆجێییەكەی بە هاوپەیمانێی نێوان بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی و قەیس خەزعەلی رێبەری عەسائیبی ئەهلی حەق و رەیان كلدانی سەركردەی مەسیحی یەكلاكرایەوە، دور لە پارتی.  •    یەكێتیی نیشتمانی كوردستان: ئەم حزبە چەندین ساڵە بەدەست جیابوونەوەو ململانێی باڵەكانییەوە دەناڵێنێت، دواترینیان جیابونەوەی "بەرەی گەل" بوو بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشوو، كە هاوینی 2021 بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای لە پۆستەكەی لایدا. ئەم هەڵبژاردنە ئاڵنگارییەكی گەورەیە بۆ سەركردایەتیی نوێی ئەم حزبە لە تێپەڕاندنی لێكەوتەكانی دابەشبوونی ناوخۆیی، بەتایبەتیش لە سلێمانی كە مەڵبەندی سەرەكی حزبەكەیە.  •     بزوتنەوەی گۆڕان: ئەم بزوتنەوەیە كە لەدوای 2009وە كێبركێی لەگەڵ دوو حزبە سەرەكییەكە دەكرد، ئێستا بەدەست پاشەكشێ و نەمانی هەژمونەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی لەدوای مردنی دامەزرێنەرە كاریگەرەكەیەوە (نوشیروان مستەفا) لە ساڵی 2017و بەشداربوونی لە دەسەڵاتدا بەبێ بەدیهێنانی گۆڕانكارییەك كە جێگای باس بێت وەكو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرا، بزوتنەوەكە بەدەست كێشەی رێكخراوەیی و دابەشبوونی ناوخۆییەوە دەناڵێنێ، ئەمە لەپاڵ دەركەوتنی لیستی ركابەر كە گوتاری هاوشێوەی گۆڕانیان هەڵگرتووەو هەەڵ بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئۆپۆزسیۆن دەدەن. بزوتنەوەكە پشت بە كەلەپوری خۆی دەبەستێت وەكو یەكەمین ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی خاوەن بنكەی فراوان و كەلەپوری سیاسی و رۆشنبیری رێبەرە كۆچكردووەكەی.  •    نەوەی نوێ: جوڵانەوەیەكی مەدەنییە كە خاوەنی باسكی میدیایی كاریگەرە، هەوڵ دەدات وەكو رەوتێكی هاوچەرخ دەربكەوێت لەبری ئەوەی وەكو هێزێكی حزبیی نەریتی كاربكات. جوڵانەوەكە 2017 دروستبووە، پشت بە ئامادەگیی و دەستكەوتەكانی رێبەرەكەی "شاسوار عەبدولواحید" دەبەستێت لە بواری كارگێریی و پرۆژەكانی وەبەرهێنانی بیناسازیی. جوڵانەوەكە لە هەڵبژاردنەكانی 2018و 2012دا قەڵەمبازێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام دواتر توشی لێكترازان و هەژان هات، ئەم جوڵانەوەیە هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رێبەرایەتیی ئۆپۆزسیۆن بكات و گرەو لەسەر دەنگی ئەو گەنجانە دەكات كە ئەم ساڵانەی داهاتوو مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی بێبەشكردنیان لە دامەزراندن و كارو دەستكەوتەكانی دەسەڵات.  •    بەرەی گەل: لە هەناوی "یەكێتیی نیشتمانی كوردستان" هاتوەتە دەر، هاوسەرۆكی پێشوو "لاهور شێخ جەنگی" رێبەرایەتیی دەكات، سەرباری ئەوەی لیستەكە خۆی وەكو پرۆژەی جێگرەوەی هەردوو حزبە سەرەكییەكە نیشان دەدات، بەڵام ناوەندو تێڕوانینەكانی بە ئاڕاستەی شاری سلێمانییە وەكو بنكەیەكی هەڵبژاردن، هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی خەڵك دەدات بۆ ئەوەی جارێكی تر رێبەرەكەی "لاهور شێخ جەنگی" بگەڕێنێتەوە بۆ پێشەنگایەتی پرۆسەی سیاسی كوردی، پێدەچێت دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتیی لەگەڵ "پارتی دیموكراتی كوردستان" بكات. كاكڵەی ئەم لیستە بنكە ناڕازییەكەی یەكێتیی نیشتمانییە، ئەم لیستە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی بەشێوەیەكی پێشوەخت و توند دژ بە یەكێتیی دەستپێكرد، لەگەڵ ئەمەشدا دەیەوێت لە هەولێرو دهۆك نوێنەرایەتیی هەبێت، بەجۆرێك لە قۆناغی ئایندەدا ببێت بە پێشەنگی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان.  •    بەرەی هەڵوێست: لەلایەن كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسییەوە دروستكراوە كە هەڵگری گوتاری ئۆپۆزسیۆنن، رێبەرەكەی "عەلی حەمەساڵح" ئامادەگییەكی بەرچاوی میدیایی هەیە، ئەمەش بەهۆی دەركەوتنە میدیایی و پەرلەمانییەكانی لە دوو خولی پێشوودا، ئەم بەرەیە بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە گوتارو تێڕوانینێكی سیاسی گشتگیری نییە، بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە دەركەوتنی پەرلەمانی و میدیایی رەخنەگرانەی سەرۆكەكەی دەبەستێت لەگەڵ ئەو كاندیدە گەنجانەی كە سەربە رەوتەكەن، كە هەندێكیان لە رێگەی ئۆپۆزسیۆنبوونی دەسەڵاتی كوردییەوە لە هەولێر قوربانییان بە خۆیان داوە.  •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: حزبێكی ئیسلامییە لە باڵی رێكخراوی ئیخوان موسلیمینی نێودەوڵەتی. لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵی گەڕانجنەوەی رۆڵی خۆی دەدات دوای پاشەكشێی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا. پشت بە لیستێك كاندیدی خاوەن پسپۆڕیی سیاسی و كاری حزبیی دەدات، هەروەك پشت بە ئامادەگیی لە فەزای كۆمەڵایەتیی و خێرخوازی دەبەستێت لەرێگەی مزگەوتەكانی خۆیەوە. •     كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (كۆمەڵی ئیسلامی): لە ساڵی 2003وە تێكەڵی سیاسەت بووە، خاوەنی بنكەیەكی دەنگدەری كۆنەپارێزو دیاریكراوە لە دهۆك و هەڵەبجەو هەندێك لە شارەكانی تر. ئەم حزبە بەدەست چەند بومەلەرزەیەكی سیاسی و میدیاییەوە دەناڵێنێ بەهۆی تۆمەتباركردنی هەندێ لە سەركردەكانی لە دۆسیە كۆمەڵایەتیی و داراییەكان، هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەم بابەتانە دەدات لەرێگەی پشتبەستن بە كەلەپورە ئاینییەكەی و ئامادەكردنی لیستێك كاندیدی ئیسلامی گەنج ئەمە جگە لە باسكە ئاینییەكەی.  •    بزوتنەوەی ئیسلامی: یەكەمین حزبی ئیسلامی چەكدارە لە گۆڕەپانی كوردیدا، بەڵام رووبەرووی چەند لێكترازانێك بوەتەوە كە بووەتە هۆی بچوكبوونەوەی قەبارە سیاسی و جەماوەرییەكەی، وەكو دامەزراندی "بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی" لەلایەن سەركردە جیابووەكانییەوە. گومان هەیە ئەم دوو بزوتنەوەیە بتوانن بگەنە پەرلەمان، ئەمەش بەهۆی سیستەمی فرەبازنەییەوە كە دەنگەكان پەرت دەكات، ئەمە جگە لەوەی بنكەی جەماوەرییان سنوردارەو پەرش و بڵاوبووەتەوە لەسەر ئەو هێزە ئیسلامییانەی لێی جیابووەتەوە. بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ گەیشتن بە پەرلەمان سەرەنجی لەسەر بازنەی هەڵەبجەیە كە قەڵای سەرەكی خۆیەتی. •    حزبە بچوكەكانی تر: ژمارەیەم لە حزب و رەوتە چەپ و نەتەوەیی و فرە ناسنامەكان هەوڵی ئەوە دەدەن لەرێگەی ژمارەیەك لیستی سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە بچنە ناو كێبركێكەوە، لەوانە حزبی شیوعی و پارتی سۆسیال دیموكرات و چەند پارتێكی تری بچوك. ئەم حزبانە بەدەست كاریگەریی دابەشبوونی بازنەكانەوە دەناڵێنن كە بنكەی دەنگدانیان لەبەریەك هەڵدەوەشێنێ، كە بە زەحمەت بنكەی دەنگدەرانیان ژمارەی ئەو كەسانە تێدەپەرێنێت كە لە موچەی ئەوان سودمەندد بووە، موچەیەك كە حكومەت دابینی دەكات، ئەوەشی ئەم ئەگەرە بەهێز دەكات، مانەوەی 13 لیستە لە دەرەوەی پەرلەمان لەكۆی 29 لیست لە دواین هەڵبژاردندا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، سەرباری ئەوەی دەنگدانەكە بەپێی سیستەمیی یەك بازنەیی بەڕێوەچوو.    •  كاندیدە تاكەكەسییەكان: ئەم هەڵبژاردنە بە كاندیدبوونی ژمارەیەك چالاكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جیادەكرێتەوە وەكو كاندیدی تاكەكەسیی، لەوانە ئەكتەرە كۆمیدییەكان و هونەرمەندو كەسایەتییە كاریگەرەكانی فەزای دیجیتاڵی (نزیكەی 120 كاندیدی تاكەكەسیی). دور نییە هەندێك لەمانە وەكو سوپرایزی هەڵبژاردن سەركەون بۆ پەرلەمان، ئەمەش مەترسی پەرەسەندنی دیاردەی پۆپۆلیزم لە پەرلەمانی داهاتوودا زیاتر دەكات، بەتایبەتیش كە شایستەیی سیاسی و ئەزموونی پێشووتریان نییە.   سیناریۆكان سەنتەری ئیمارات پشتبەست بە ئەزمونەكانی پێشوو هەروەها خوێندنەوەی سیاسیی بۆ دەرفەرتی بەردەم لیستە ركابەرەكان، چەند سیناریۆیەكی بۆ دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان داڕشتووە كە ئەمانەن:  سیناریۆی یەكەم: هەردوو پارتە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتیی) بەربەستی (50+1) تێپەڕێنن و زۆرینەی پەرلەمان ببەن، ئەمە لەپاڵ پەراوێزێك بۆ لیستەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ بردنی یەك لەسەر سێ و زیاتری ئەو كورسییانەی دەمێنێتەوە. ئەم سیناریۆیە دووبارەبوونەوەی ئەوەیە كە لە خولەكانی پێشتردا هەبووە، كە دوو حزبەكە دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا بەش دەكەن و بوارێك دەهێڵنەوە بۆ بەشدارییكردنی بەهێزترینی ئەوانەی كە وەكو ئۆپۆزسیۆن سەركەوتوون بۆ پەرلەمان. لەبەر رۆشنایی ئەم سیناریۆیەدا پیشبینی دەكرێت پارتی (30 بۆ 35) كورسی یاخود تۆزێ زیاتر هەروەها یەكێتیی نیشتمانی (20 بۆ 25) كورسی یان تۆزێ زیاتر بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی بە پاڵپشتی هێزەكانی نزیك لەخۆیان یاخود تەنانەت بەبێ ئەوانیش حكومەت پێكبهێنن. سیناریۆی دووەم: سەرهەڵدانی بەرچاوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لەسەر بنەمای سوپرایزی هەڵبژاردن، كە پەراوێزێك بۆ ئەوانی تر بەجێدەهێڵێت و بنەما نەریتییەكەی گەمەكە دەگۆڕێ، بنەمایەك كە لەسەر دابەشكردنی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات لەنێوان دوو حزبەكە راوەستاوە. ئەم سیناریۆیە پەیوەستە بە چەند فاكتەرێكەوە لەوانە زۆری بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان لەلایەن بنكە جەماوەرییە بێدەنگ و توڕەكان، بەپێچەوانەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە 30ی ئەیلولی 2018 روویدا كە لە كۆی (3 ملیۆن و 85 هەزار) كەس لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو (ملیۆنێك و 845 هەزار) دەنگدەر بەشدارییان كرد. هەروەك ئەم سیناریۆیە پشت بەوە دەبەستێت ئەكتەرە كاراكان كاریگەرییان لەسەر ئەندازەی هەڵبژاردن نەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم سیناریۆیە بەر چەندین ئاڵنگارییەك دەكەوێت، لەوانە بوونی تۆڕێك لە سودمەندبوانی هەردوو حزبە گەورەكەو توانایان بۆ دانانی كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەكان لەرێگەی دامودەزگا  حكومییەكان و دەسەڵاتی داراییەوە، ئەمە جگە لەوەی بەدوردەزانرێت جوڵەیەكی كتوپڕ لەلایەن زۆرینە بێدەنگەكەوە لە بەرژەوەندی هێزە بچوكەكان رووبدات، سەرباری پەرتبوونی چاوەڕوانكراوی دەنگی ئۆپۆزسیۆن بەهۆی زۆری لیستە ركابەرەكانەوە.    سیناریۆی سێیەم: ئەم سیناریۆنە لەهەموو ئەوانی تر زیاتر چاوەڕوانكراوە، ئەمەش ئەوەیە هەردوو حزبە گەورەكە لە پێشەنگدا ماونەتەوەو پارتی هەندێك لە پێشەوەیە لە ژمارەی كورسییەكانیدا. هاوتەریب لەگەڵ دوو حزبەكەدا، دەرفەتێك هەیە بۆ سەركەوتنی پارتە تازە دروستبووەكان و ئۆپۆزسیۆن و هێزە نوێیەكان هەیە بۆ ئەوەی ببن بە "هێلكەی سەر قەپانەكە" لە كێبركێی نێوان دوو حزبەكەدا، لەگەڵ سەركەوتنی بەرچاوی حزبەكەی لاهور شێخ جەنگی. بەلەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی دۆخەكە، پێكهێنانی حكومەتی ئایندە ئاڵۆزتر دەبێت،  بەجۆرێك پارتی هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانی دەدات بۆ فشاركردن لە یەكێتیی، كە بە پشتیوانی هاوپەیمانە شیعەكانی ئیدارەی كەركوكی و پۆستەكانی لە نەینەوا وەرگرتووە، بەجۆرێك كە سەرلەنوێ شەراكەتی نێوان دوو حزبەكە لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم دابڕێژرێتەوە.  لە دەرەنجامی شیكارییەكەیدا، سەنتەری ئیمارات ئاماژەی بەوەكردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتووی هەرێمی كوردستان لەبەر چەند هۆكارێك جیاوازتر دەبێت لە هەڵبژاردننەكانی پێشتر، لەوانە گۆڕانی یاساو رێساكانی سازدانی هەڵبژاردن كە ئەمەش بەواتای پاشەكشەی دەرفەتی قۆستنەوەی كورسییەكان دێت و پێشبینیكراوە نەخشەی سیاسی داهاتووە فرەرەنگتر بێت بەهۆی زۆریی لیست و كاندیدە تاكەكەسییەكان، ئەمە لەپاڵ مانەوەی هەژموونی دوو حزبە گەورەكە بەشێوەیەكی رێژەیی بەسەر زۆرینەی كورسییەكان و ئاڕاستەی پێكهێنانی حكومەتەوە.  راپۆرتەكە پێشبینی ئەوە دەكات، چانسی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتیی بەشێوەیەكی خێرا لەناو یەك ئیئتیلافی حكومیدا دوای هەڵبژاردن سەخت بێت، ئەمەش بەهۆی گەورەبوونی كەلێنی نێوانیان و نەمانی زەمینەی كاری هاوبەش بەهۆی چەند پاڵنەرێكەوە، لەوانە دابەشبوونیان بەسەر میحوەرە دەرەكی و ناوچەییەكان.  "گۆڕاوێكی دیاری تر لە قۆناغی ئایندەی ژیانی پەرلەمانی كورددا، خۆی لە ملكەچبوونی پەرلەمانی كوردستان بۆ چاوجێری دەستوریی دادگای فیدراڵی لە بەغداد دەبینێتەوە، ئەمەش شتێكە كە لە پێنج خولی رابردوو تاڕادەیەك بوونی نەبووە، چەند یاسایەك كە لە پەرلەمانەوە دەرچووە رووبەڕووی ڤیتۆو بڕیاری نادەستوریبوون بووەتەوە، ئەمەش وا لە پەرلەمانەكە دەكات خۆی لەگەڵ سیستەمی دەستوریی و یاسایی عێراقدا بگونجێنێت یاخود بكەوێتە ململانێیەكی ئاشكراوە لەگەڵ دەسەڵاتە ناوەندییەكان، لەوانە دەسەڵاتی دادوەریی لەبارەی دەسەڵاتەكانی هەرێمەوە، كە مافی ئەوەی هەیە دەستورێكی تایبەت بەخۆی پەسەند بكات هەروەها دادگای باڵا دروست بكات".  كاریگەریی دەرەكی راپۆرتەكە باس لەوە دەكات، ئایندەی یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستان و دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت دوای هەڵبژاردن، بەدوور نابێت لە ململانێ ناوچەییەكان، كاریگەریی توركیاو ئێران بە بەهێزی ئامادەگی دەبێت، ئەمە لەپاڵ رۆڵی ئەمریكا. پارتی كە لە ئەنكەرەو واشنتۆنەوە نزیكە، لەوەی كە قبوڵی كردووە لەم قۆناغەدا بەشداری هەڵبژاردن بكات سەرباری ئەو پاشەكشێیەی لەبەرامبەر ركابەرەكەی (یەكێتیی نیشتمانی كە نزیكە لە ئێرانەوە) توشی بووە، مەبەست لێی هەوڵی حزبەكەی بارزانییە بۆ "كۆنترۆڵی زیانەكان"و رێگریكردن لە هەڵپەی ركابەرەكەی بۆ لێسەندنەوەی پۆستە ئیدارییەكان و پەیوەندییەكانی و دەسەڵاتەكان لە بەغدادو نەینەواو كەركوك، بەجۆرێك كە لە دەسەڵاتی پارتی بدات لەناوخۆی هەرێم. لەسەر ئەم بنەمایە، راپۆرتەكە پێشبینی ئەوەی كردووە پارتی دەست لە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم یاخود سەرۆكی حكومەت هەڵبژگرێت، ئەمە لەپاڵ هەندێك پۆست و دۆسیەی تر، لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بەجۆرێك بتوانێت سەرلەنوێ لە ناوخۆو لە هاوكێشە عێراقییەكەشدا یان تەنانەت لەسەر ئاستی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیش پەیوەندییەكانی رێكبخاتەوە. ئەمەش بژاردەیەكی ئاسان نییە لەناو حزبەكەی بارزانیدا كە چەندین ساڵە بەشێوەیەكی بێدەنگ لەناو ململانێی باڵەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدایەو، تائێستا بوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە هۆكار بووە بۆ پارسەنگ و رێگریكردن لە پەرەسەندن و تەقینەوەی ململانێكە. 


(درەو):  هێزێكی ئەمنیی چووە سەر بینای دەزگای (چاودێر)ی لە گردی ئەندازیارانی شاری سلێمانی، دەستی بەسەر بیناكەدا گرت، ئەمە نوێترین پەرەسەندنە لە پەیوەندییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، هێزە ئەمنییەكە پاسەوانەكانی دەزگاكەیان كردوەتە دەرەوەو دەستیان بەسەر بیناكەدا گرتووە، كاتێك چونەتە سەر بیناكە مەلا بەختیار لەوێ نەبووە. (تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر) دەزگایەكی رۆشنبیریەو لەلایەن مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییەوە سەرپەرەشتی دەكرێت، كە لەدوای كۆنگرەی پێنجەمەوە بەرادەیەكی زیاتر لە یەكێتیی دوركەوتوەتەوەو بەردەوام رەخنە لە سیاسەتەكانی ئێستای حزبەكەی دەگرێت. چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی مەلا بەختیار، راژەیان لەسەر پۆلیسی گەرمیانەوە گواسترایەوە بۆسەر پۆلیسی پاسەوانی پارێزگای هەولێر، ئەمە ناڕەزایەتیی ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتیی لێكەوتەوە، وا وێنایان كرد مەلا بەختیار هێزی یەكێتیی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی پارتییەوە.  سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار بە (درەو)ی راگەیاند" ئەو هێزەی چوەتە سەر بینای چاودێر هێزی كۆماندۆیەو بەبەهانەی ئەوە دەستیان بەسەر بیناكەدا گرتووە گوایە موڵكی یەكێتییە، بەڵام بیناكە موڵكی حكومەتە".  هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەكرد، دەستبەسەرداگرتنی بینای چاوێری دوای هەوڵێكی بافڵ تاڵەبانی هاتووە بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆ لەگەڵ مەلا بەختیار بەمەبەستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان بە نێوەندگیری كەسایەتییەكی شیعەی عێراق، بەڵام بەوتەی ئەو مەلا بەختیار رەتیكردوەتەوە هیچ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا بكات و رایگەیاندووە، هیچ كێشەیەكی شەخسی لەنێوانیاندا نییە، بەڵام ئەو تەنیا رەخنەی لە سیاسەتەكانی یەكێتیی گرتووە.  


(درەو):  دوای نزیكەی سێ ساڵ لە دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن، هێشتا ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردنی رێكخەرو خانە كۆتاییان نەهاتووە، دوو بەرە ناكۆكەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی ناكۆكن، یەكێكیان دەڵێ (رێكخەری ژوورەكان) دەبێت دەنگ بدات، ئەوی تر دەڵێ "شەرعیەتیان نەماوە"، بەوهۆیەوە ئەمڕۆ یەكەم هەنگاوی هەڵبژاردنی رێكخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن ئەمڕۆ پەكخرا.  بڕیار بوو ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەستەی بەڕێوەبەری (جڤاتی گشتی) خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام هەڵبژاردنەكەی نەكرد. جڤاتی نیشتمانی ئۆرگانێكی راوێژكارییەو بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو كەسە دەبێت بە سەرۆكی ئەم جڤاتە هاوكات دەبێت بە ئەندامی (خانەی راپەڕاندن)ی بزوتنەوەكە.  هەڵبژاردنی سەرۆكی جڤاتی گشتی كە ئەمڕۆ پەكخرا، ئەڵقەی یەكەمی ئەو زنجیرە رێوشوێنە بوو، كە رۆژی 26ی ئابی رابردوو ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان دیاریكرد بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی پەیكەری رێكخراوەیی بزوتنەوەكەو، بڕیاربوو دوای هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی، رۆژی 7ی ئەم مانگە واتا شەممەی داهاتوو رێكخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت.  هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ ئۆكتۆبه‌ری 2021 به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تای قۆناغێكی نائومێدكه‌ری تر بوو بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ گۆڕان به‌ هاوپه‌یمانێتیی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی به‌شداری كرد، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌شێوه‌ی فره‌بازنه‌یی بوو، ده‌نگی گۆڕان توشی داڕمان هات و ته‌نیا (22 هه‌زارو 91) ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مه‌ دواجار عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد، لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان رێكخەرو دەسەڵاتی جێبەجێكردنی (خانەی راپەڕاندن)ی نەماوەو بەهۆی ناكۆكی بەرەكانی ناو بزوتنەوەكەوە چەندجارێك هەوڵی هەڵبژاردنی خانەو رێكخەری نوێ پەكیكەوتووە، واتا نزیكەی سێ ساڵە گۆڕان سەری نەماوە.  ئەوەی ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەیە دوو بەرەیە، یەكێكیان كە ژمارەیەك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لەخۆدەگرێت و نزیكن لە عومەر سەید عەلییەوە خۆیانن ناو لێناوە "بەرەی دژە تەوریس" یاخود بەرەی "بەرێكخراوەییكردن"، لەمەشدا مەبەستیان لە كوڕانی نەوشیروان مستەفای رێكخەرو دامەزرێنەری بزوتنەوەكەیە. بەرەكەی تریش چیا نەوشیروان مستەفا سەرۆكایەتیی دەكات و خۆیان ناو لێناوە بەرەی "هەستانەوەی گۆڕان"، ئەم بەرەیە لەماوەی رابردوودا لەرێگەی بڵاوكراوەیەكەوە بەروونی بەرپرسیارێتیی شكستی بزوتنەوەی گۆڕانی خستە ئەستۆی عومەر سەید عەلییەوە.  ئێستا، هەردوو بەرەكە لەسەر ئەوە رێككەوتوون تەنیا یەك كاندیدیان بۆ پۆستی رێكخەری گشتیی هەبێت كە ئەویش (دانا ئەحمەد مەجید) پارێزگاری پێشووتری سلێمانییە، دانا ئەحمەد مەجید لەسەر كەیسێكی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو، لە ئەوروپا دەژیا، بەمدواییانە بە ئاگاداری بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی، لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان كەیسەكەی لە دادگا بۆ داخراو گەڕایەوە بۆ سلێمانی، بەڵام هەردوو بەرەكە لەسەر ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رێككەوتنیان نییەو ناكۆكن.  بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان كە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، بەهۆی ناكۆكی هەردوو بەرەكەوە بووە لەسەر ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی.  جڤاتی نیشتمانی بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەم جڤاتە بە دەنگدان رێكخەرو ئەندامانی خانە هەڵدەبژێرێت، بۆیە هەردوو بەرە ناكۆكەكەی گۆڕان لەسەر ژمارەی ئەندامانی جڤاتەكە ناكۆكن.  لایەنگرانی عومەر سەید عەلی رێكخەری پێشووی دەڵێن جڤاتی نیشتمانی لە (46) ئەندام پێكدێت، كە بەمشێوەیە دابەشبوون:  •    26 كەس لە باژێڕوان •    13 كەس كە رێكخەری ژورەكانن •    3 كەس وەكو نوێنەرانی رەوەندی كوردی •    سەرۆكی تیمی گۆڕان لە حكومەت •    3 كەس كە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڵام بەرەكەی چیا نەوشیروان مستەفا دژی ئەوەن رێكخەری ژوورەكان كە ژمارەیان (13) كەسە وەكو ئەندامی جڤات دەنگ بدەن، دەڵێن ئەمانە شەرعیەتیان نەماوەو لە كۆنفرانس هەڵوەشێندراونەتەوە، لەبەرامبەردا بەرەكەی تر جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە بەگوێرەی دەستورو پێشتریش لە عورفی بزوتنەوەكەدا رێكخەری ژوورەكان هەر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بوون و مافی دەنگدانیان هەیە.  دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی بۆ ئەوە بوو تاوەكو سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەردوولا لەسەر ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بگەنە رێككەوتن و ئەوكاتە سەرەتا دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی هەڵبژاردنی بۆ بكرێت و دواتریش رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێن.  بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتێكی توشی كێشمەكێشی ناوخۆیی بووە لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن رێكخەرو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، كە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت.  رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان كە تائێستا بەپێی هەموو ئەگەرەكان (دانا ئەحمەد مەجید) دەبێت، لەبەردەم ئەركێكی سەختدا دەبێت، دوای ئەو نسكۆیەی كە لەدواین هەڵبژارندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021) توشی هات، بەرپرسیارێتی داڕمانی تەواوەتی یاخود هەستانەوەی سەرلەنوێی بزوتنەوەكەی دەكەوێتە ئەستۆ.  بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دانا ئەحمەد مەجید هەستی بە هەستیاری دۆخی بزوتنەوەكە كردووە، بۆیە لە دیدارەكانیدا لەگەڵ ئەوانەی بەمدواییەی گفتوگۆی لەگەڵ كردوون، پێشنیاری ئەوەی كردووە بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی كوردستان نەكات و دەرفەتێك وەربگرێت بۆ بەخۆداچوونەوەو خۆڕێكخستنەوە، بەڵام ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی لیستی كاندیدی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە پێشكەش كردووە. لە كاتێكدا هێشتا پرسی كشانەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا تاوتوێ دەكرا، لەم هەفتەیەدا بزوتنەوەكە چەند پۆستێكی تری (راوێژكار)ی لە حكومەت پڕكردەوە.  


(درەو):  یەكەم كاروانی كەلوپەلی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆمەڵەكان" ئەمڕۆ بە بارهەڵگر لە (زڕگوێز)ەوە دەگوازرێتەوە بۆ (سورداش)، هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی چونەتە ناو كەمپەكانەوە، یەكێك لە بەرپرسانی كۆمەڵە دەڵێ:" تەوافوقمان كردووە كاردانەوەمان نەبێت". هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بە ژمارەیەك بارهەڵگرەوە چونە ناو هەرسێ ئۆردوگای (زڕگوێز- بانەگەورە- زڕگوێزەڵان). یەكەم كاروانی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو كەمپانە، ئەمڕۆ رەوانەی (سورداش) دەكرێن، ئەمە جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانەو دوای چۆڵكردنی تەواوەتیی كەمپی هێزەكانی رۆژهەڵات رادەستی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەكرێت.  سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو هێزەكانی رۆژهەڵات بە (درەو)ی راگەیاند" هەرسێ لایەن (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران- كۆمەڵەی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) تەوافوقمان كردووە كە هیچ كاردانەوەیەكمان لەبەرامبەر هێزەكانی ئەمنییەكانی سلێمانی نەبێت". ئەو سەرچاوەیە وتی:" نامانەوێت ئەمە بكەین بە بابەتێك كە كاریگەریی لەسەر ئەمنی قەومی كورد هەبێت لەنێوان رۆژهەڵات و باشور، بۆیە قبوڵمان كردووە ئەو شوێنانە بەجێبهێڵین". رۆژی 19ی ئازاری 2023، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی عێراق سەردانی بەغدادی كرد، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێككەوتنی ئەمنیی پاراستنی سنورەكانی ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنرا "كۆنوسی ئەمنیی"، ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە پاككردنەوەی سنوری هەرێمی كوردستان‌و ئێران بوو لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێكی تری رێككەوتنەكە جەخت لەسەر چەككردن‌و گواستنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو لەناو هەرێمی كوردستان بۆ ناو چەند كەمپێكی نوێ.  پارتی و یەكێتیی لەرێگەی نوێنەرە ئەمنییەكانی خۆیانەوە (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم) هەرزوو پابەندبوونی خۆیان بە رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان تاران و بەغداد نیشاندا. رۆژی 27ی ئەیلولی 2023، وەفدێكی ئێران كە بۆ بەشداری لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی سەردانی سلێمانیان كردبوو، چونە زڕگوێزو بەناو كەمپی حزبەكانی رۆژهەڵاتدا سوڕانەوەو وێنەیان گرت، وەفدەكە دوو كەس بوون، یەكێكیان (حەسەن دانایی فەڕ)‌و ئەوی تر (ئاغای مسگریان) بوو، كە دوو فەرماندەن لە سوپای قودس، یەكێتیی بەم كارە ویستی دڵنیایی بە ئێران بدات كە كەمپەكەی چۆڵ كردووەو هێزی پێشمەرگەی تێدا نەماوە.‌ بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان عێراق و ئێران بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران بە جۆرێكی تر ئەنجامدراوە. (درەو) زانیویەتی، حزبی دیموكرات لەگەڵ (قاسم ئەعرەجی) راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێككەوتنی كردووە لەسەر ئەوەی خانەوادەكانیان لە كۆیە، لە شوێنی خۆیان و لە ناوچەكانی (ئازادی و ئامریە)و چەند شوێنێكی تر بمێننەوە، بۆیە ئەم شوێنانە پەرژیزنیان بۆ كراوەو بوون بە كەمپ بۆ خانەوادەكانی دیموكرات. سەرەتای ئەم فشارە نوێیەی كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ سەردەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەكەی ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بە ناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، لەوكاتەوە بەرپرسانی ئێران دەستیانكرد بە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگە بە گواستنەوەی چەك دەدات بۆ ناو خاكی ئێران و ئەو چەكانە دژ بە هێزە ئەمنییەكان لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا بەكاردەهێنرێن، سەرباری رەتكردنەوەی ئەم تۆمەتە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، هەر لەو ساڵەدا ئێران زنجیرەیەك هێرشی موشەكیی و درۆنی بۆسەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە كۆیەو زڕگوزێز دەستپێكرد.  ئاكامی ئەم هێرشانە، ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئەمنیی بوو لەگەڵ بەغداد، كە ئێستا دواین قۆناغی بە چۆڵكردنی كەمپی حزبەكانی رۆژهەڵات جێبەجێ دەكرێت.    


راپۆرتی: درەو 🔻 کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ی بەریتانی، بەرهەم و داهاتی گشتی بۆ نیوەی یەکەمی (2024) بڵاو کردەوەو ڕایگەیاند؛ 🔹 بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (590) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن. 🔹 تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە نیوەی یەکەمی (2024) بە ڕێژەی (69%) زیادیکردووە بۆ (39 هەزار و 252) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2023)  تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (23 هەزار و 256) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆییە بۆ نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان. 🔹 بە تێکڕای (8) مانگی ڕابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بەرزتربووەتە بۆ (41 هەزار و 400) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چونکە خواستی بازاڕی ناوخۆیی لە مانگی شوبات بەدواوە زیادی کردووە، تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە مانگی تەمموزدا نزیکەی (47 هەزار و 900) بەرمیل و لە مانگی ئاب و تا ئێستا ڕۆژانە نزیکەی (48 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت. 🔹 ئەو نرخەی لە بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە لە نێوان (25 بۆ 28) دۆلار بووە، لە ئێستادا هەر بەرمیلێک بە (27) دۆلار دەفرۆشرێت. بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە هەر بەرمیلێک نەوتدا (57.8) دۆلار داشکاندنمان بۆ کڕیاران کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکەش سەروو (71 ملیۆن) دۆلار بووە. بەرهەم و داهاتی کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم) لە کێڵگەی نەوتی شێخان بۆ نیوەی یەکەمی 2024 کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی لە (29/8/2024) ڕایگەیاند، بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (590) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی کێڵگەکە لە نیوەی یەکەمی (2024) بە ڕێژەی (69%) زیادیکردووە بۆ (39 هەزار و 252) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2023)  تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (23 هەزار و 256) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەم بەرزبونەوەیەش کاریگەری و ڕەنگدانەوەی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆییە بۆ کڕینی نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان. کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە، بە تێکڕا لە ماوەی (8) مانگی ڕابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بەرزتربووەتە بۆ (41 هەزار و 400) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چونکە خواستی بازاڕی ناوخۆیی لە مانگی شوبات بەدواوە زیادی کردووە، ئەم زیادکردنە لە ئاستی بەرهەمهێنان بەردەوام بووەو تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە مانگی تەمموزدا نزیکەی (47 هەزار و 900) بەرمیل و لە مانگی ئاب و تا ئێستا ڕۆژانە نزیکەی (48 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت. بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو نرخەی لەماوەی ڕابردوودا لە بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە لە نێوان (25 بۆ 28) دۆلار بووە، لە ئێستادا هەر بەرمیلێک بە (27) دۆلار دەفرۆشرێت. وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت (84 دۆلار و سەنتێک) بووە، بەڵام بەرمیلێک نەوتی کێڵگەی شێخان بە تێکڕا دراوە بە (26 دۆلار و 3 سەنت)، واتە بۆ هەربەرمیلێک (57 دۆلار و 8 سەنت) داشکاندن کراوە. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم ئەوەشی ئاشکرد کردووە، کە کۆی داهاتی کۆمپانیاکە لە کێكگەی نەوتی شێخا (71 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار بووە. خشتەی ژمارە (1)     تێکڕای بەرهەمی کێڵگەی نەوتی شێخان لە مانگەکانی ساڵی (2024) وەک لە چارتەکەدا هاتووە، لە (1/1/2024 بۆ 27/8/2024) تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە کێڵگەی نەوتی شێخان بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بە جۆرێک؛ -    مانگی کانونی دووەم؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (21.9 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. -    مانگی شوبات؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (39 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. -    مانگی ئازار؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (43.8 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. -    مانگی نیسان؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (39.1 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. -    مانگی ئایار؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (48.3 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. -    مانگی حوزەیران؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (43.6 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. -    مانگی تەموز؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (47.9 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. -    مانگی تا ڕۆژی 27ی مانگی ئاب؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (48.2 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. چارت کێڵگەی نەوتی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەکات، کێڵگەکە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆک، قه‌زای شێخان ده‌گرێته‌وه‌ بە (60) کم لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە، ڕووبه‌ری کێڵگەکە نزیکەی (283) کیلۆمەتر دووجایە، کۆمپانیاکە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە و 80%ی پشکی کارکردنی لە چوارچێوەی گرێبەستی شێخان هەیە. گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخان لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەخشراوە، ساڵی (2009) لە یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزرایەوە، بۆ یەکەم جاریش تەمموزی ساڵی (2013) کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان. لەو کاتەوە، زیاتر لە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە  (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. کێڵگەکە (18) بیری تێدایە بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێزگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگەو لەوێوە بە بۆری نەوتی کوردستان دەگوزارێتەوە.  


درەو: موچەی بەشێك لە خانەنشینان لە (200) هەزار دینارەوە بۆ (600) هەزار دینار زیاد دەكات واتا (400) هەزار دینار زیاد دەكات، بەڕێژەی (200%). وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە ، مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و بەهاوتاکراوی هاوشێوەی عێراق سبەینێ دابەش دەکرێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) خانەنشینێك ئەگەر پێش 2014 خانەنشین بووبێت و موچەكەی (200) هەزار دینار بووبێت، ئەوا موچەكەی دەبێتە (500) هەزارو (100) هەزار دیناری مەعیشەش دەچێتە سەر موچەكەی، ئەوا كۆی موچەكەی دەبێتە (600) هەزار دینار واتا موچەكەی لە (200) هەزار دینارەوە بۆ (600) هەزار دینار زیاد دەكات بەڕێژەی ( 200%) زیاد دەكات . لە هەرێمی كوردستان كۆی ژمارەی خانەنشینی سەربازی و مەدەنی نزیكەی (227) هەزار موچەخۆرەو كۆی موچەكانیان نزیكەی (115) ملیار دینارە، لە سنوری سلێمانی (47) هەزار خانەنشینی  هەیە كۆی موچەی مانگانەیان ( 19) ملیار دینارەو بە هاوتاكردنی بۆ ئەم مانگە كۆی موچەكانیان نزیكەی (34) ملیار دینارە، واتا (15) ملیار دینار زیادیكردووە بەرێژەی ( 80%)ی موچەی خانەنشینی زیادیكردووە.  


دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، د. بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانتاری عێراق بڵاویكردووەتەوە: رۆژانە هەرێمی كوردستان (286) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانەسروشتییەكان دەبێت هەرێم (46) هەار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت. د. بڕیار ڕەشید, ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: هەر لە درێژەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی :- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕۆژانـە ٢٨٦ هەزار بەرمیل نــەوت بەرهەم دەهێنێت، بەپێ ڕێکـەوتنی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم پێویست بوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەنها ٤٦هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت بۆ پێداویستی ناوخۆ بەڵام سامانە سروشتیەکان پابەندی ئەم ڕێکەوتنـە نەبووە، ئەمەش گرفتی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق دروستکردووە لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپیک. بۆ جاری سێهەم ئۆپیک وەزارەتی نەوتی عێراق ئاگـادار کردۆتەوە کە بەرهەم هێنانی نەوت کەم بکەنەوە. ئەو بڕە زیادەیەی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت ئیحراجی زۆر و کێشەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردوە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە کێشەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەک خۆی ماون و چارەسەر نەبوون.  


راپۆرت: درەو بڕیارێك كە گومانی ئەوەی لەسەر بوو پرۆسەی پارەداركردنی كۆمپانیا نەوتییەكان لە عێراق بە (مەركەزیی) بكات، رووبەڕووی بەربەست بووەوە، وەزارەت نەوت و لیژنەی نەوت لە پەرلەمان رێككەوتن داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بكەن پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا بكات، كۆمپانیا نەوتییەكان لە عێراق چۆن پرۆژەكانیان پارەدار دەكەن؟ وردەكاری بڕیارەكەو لێكەوتەكانی لە حاڵی جێبەجێكردنیدا لەم راپۆرتەدا. بڕیارەكە چی دەڵێ ؟ رۆژی 13ی مانگی ئابی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە (24600) دەركرد، بەپێی ئەم بڕیارە پشكی خەزێنەی دەوڵەت لە قازانجی كۆمپانیا گشتییەكان لە رێژەی (45%) بۆ (75%) بەرزكرایەوە. سەرباری ئەوەی حكومەت هۆكاری دەركردنی بریارەكەی بۆ چاكسازی ئابوری و پشتیوانیكردن لە خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندەوە، بەڵام  یەكسەر بڕیارەكە لە ناوەندی سیاسی و ئابوری عێراقدا مشتومڕێكی توندی دروستكرد، بەهۆی گریمانەكردنی ئەوەی بڕیارەكە كاریگەری لەسەر كۆمپانیا گشتیی و تایبەتەكانی نەوت دەبێت و دواجاریش لەسەر موچەی كارمەندانی كەرتی نەوت رەنگدانەوە بەجێدەهێڵێت.  ئەم ناڕەزایەتییە وایكرد، رۆژی 21ی ئاب ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەپەلە رونكردنەوەیەك بڵاوبكاتەوەو دڵنیایی بدات لەوەی بڕیارەكە بۆ ئەوە نییە سیستەمی پارەداركردنی كۆمپانیاكان بە مەركەزی بكرێت، چونكە كۆمپانیا گشتییەكان هێشتا مەحكومن بە یاسای كۆمپانیا گشتییەكان (ژمارە 22ی ساڵی 1997)، ئەمەش بەو واتایە دێت هەر گۆڕانكارییەكی ریشەیی پێویستی بە دەركردنی یاسای نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە.  هەر لەو رونكردنەوەیەدا ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیران دڵنیایی دا كە بەرزكردنەوەی پشكی خەزێنەی گشتی لە قازانجی كۆمپانیا گشتییەكان كاریگەریی لەسەر خەرجی كۆمپانیاكان و موچەی كارمەندەكانیان نابێت، چونكە ئەم زیادكردنە لەسەر پوختەی قازانجی كۆمپانیا دادەنرێت دوای پاكتاوی هەموو خەرجییەكانی كۆمپانیاكە لەناویشیاندا موچەو دەرماڵەو هاندانی كارمەندان. ئەمیندارێتیی ئەوەی بە بیرهێنایەوە كە ئەمە یەكەمجار نییە پشكی خەزێنەی دەوڵەت لە قازانجی كۆمپانیا گشتییەكان زیاد دەكرێت، پێشترو لە حكومەتەكانی پێشوودا هەمان هەنگاو جێبەجێكراوە بەمەبەستی پشتیوانیكردنی خەزێنەی دەوڵەت.  سەرباری ئەم روونكردنەوە، رۆژی 27ی ئاب كارمەندی كۆمپانیا نەوتییەكان دەستیان بۆ خۆپیشاندان كردو دەرگای كۆمپانیاكانیان داخست، رایانگەیاند، بڕیاری ژمارە (24600)ی لەبری قازانج، حكومەت كۆمپانیاكان وا لێدەكات زیان بكەن، پێیانوابوو بڕیارەكە شایستە داراییەكان لە كۆمپانیا نەوتییەكان وەردەگرێتەوەو دەیباتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەمەش وا دەكات كۆمپانیاكان خۆیان نەتوانن پرۆژەكانی خۆیان پارەدار بكەن و بەمەش رەوڕەوەی ئابوری وڵات رادەوەستێ و رێگر دەبێت لەوەی كۆمپانیاكان شایستەی بەرهەمهێنان بۆ كارمەندەكانیان خەرج بكەن.  نەبیل مەرسومی كە شارەزای ئابورییە لەبارەی بڕیارەكەوە بۆچوونی بەوشێوەیە كە، لەبەر ئەوەی كۆمپانیا نەوتییەكان پشت بە سیستەمی خۆتەمویلكردن دەبەستن و لەم رێگەیەوە دەتوانن بەشێك لە داهاتی خۆیان گلبدەنەوە بۆ پارەداركردنی كارو خەرجییەكانیان بە موچەی فەرمانبەرانیشەوە، بۆیە بڕیارەكەی حكومەت ئەو ئەگەرە بەهێز دەكات كە سیستەمی پارەداركردنی كۆمپانیاكان بە مەركەزیی بكرێن، ئەمەش لەرێگەی گواستنەوەی بەشێك لە داهاتی فرۆشیان بۆ وەزارەتی دارایی، سەرباری ئەمەش زیادكردنی پشكی خەزێنەی دەوڵەت بەو بڕە زۆرە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەرمایەی بەردەستی كۆمپانیاكان و توانایان بۆ فراوانكردن و پەرەپێدان دروستدەكات، ئەمە جگە لە كاریگەرییەكانی ئەو خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییانەی كە كۆمپانیاكان پێشكەشی دەكەن لەگەڵ قازانی تەرخانكراو بۆ كارمەندان. عەلا حەیدەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق باسلەوە دەكات، سەرباری ئەوەی بریارەكەی حكومەت هەندێك بڕگەی یاسایی تێدایە بەگوێرەی ماددەی (11/ پێنجەم) لە یاسای كۆمپانیا گشتییەكان، بەڵام لە هەمان كاتدا هەندێك بڕگەی نایاسایشی تێدایە، بەتایبەتیش ئەوەی كە وەزارەتی نەوت ناچار دەكات بەشێوەیەكی راستەوخۆ داهاتی فرۆشی خۆی رەوانەی  وەزارەتی دارایی بكات، ئەمە بەوتەی حەیدەری پێچەوانەی چەمكی كۆمپانیا گشتییەكانە وەكو یەكەیەكی ئابوری كە خۆی تەمویلی خۆی دەكات.  دیمەنێك لە خۆپیشاندانی كارمەندانی كەرتی نەوت لە بەسرە دژی بڕیارەكە دروستكردنی لیژنە ئیتر دوای ئەو هەڵایەی لەسەر بڕیارەكە دروستبوو، دوێنێ 31ی ئاب، محەمەج شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ناچاری بڕیاریدا لیژنەیەك دروست بكرێت بۆ لێكۆڵینەوەو پێداچوونەوە بە هەموو ئەو تێبینییە دارایی و یاساییانەی لەسەر بڕیارەكە هەیە.  لەسەر ئەم بنەمایە، دوێنێ لیژنەی نەوت و غازو سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانتار (هەیبەت حەلبوسی) كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی لیژنەكە رێككەوتن لەسەر ئەوەی بۆ رێككەوتن لەسەر كارنامەیەك و دواتر گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆك وەزیران، سەرەتا لەگەڵ وەزیری نەوت كۆبوونەوە بكەن و گوێ لە تێڕوانینی وەزارەت بگرن لەبارەی بڕیارەكەوە.  هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە لیژنەی نەوت و غاز ئەمڕۆ لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی لیژنەكە رایگەیاند، لەسەر چەند راسپاردەیەك رێككەوتوون كە هۆشداریدانە لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری (24600)ی ئەنجومەنی وەزیران، لەمەشدا ستایشی رۆڵی بەرپرسانەی ئەندامانی لیژنەی دارایی و وەزارەتی نەوتی كرد كە بەوتەی ئەو بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقییان هەڵگرتووە بۆ بەرگریكردن لە پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت لە وڵات و دەست نەبردن بۆ ماف و دەرماڵەی توێژێك لە فەرمانبەران، كە بەهۆی كارەكانیانەوە رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.  سەرۆكی لیژنەی نەوت لە پەرلەمان ئاشكرایكرد، لەسەر ئەم بنەمایانە بڕیاریانداوە راسپاردەیەك بۆ سەرۆك وەزیران دەربكەن بۆ راستكردنەوەی بڕیارەكە.   كۆبونەوەی لیژنەی نەوتی پەرلەمان و وەزارەتی نەوت لەبارەی لێكەوتەكانی بڕیارەكەی حكومەتەوە كورتەیەك  كرۆكی مەترسییەكان لەبارەی بڕیاری ژمارە (24600)ی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پسپۆڕانی نەوتەوە تەنیا پرسی دەستبردن نەبوو بۆ موچەی كارمەندانی كەرتی نەوت، بەڵكو مەترسییە گەورەكە ئەوە بوو، ئەم بڕیارە وابكات سیستەمی پارەداركردنی كەرتی نەوت لە عێراق بە مەركەزی بكرێت، سیستمێك كە وەكو (نەبیل مەرسومی) شارەزای ئابوری ئاماژەی بۆ دەكات وڵاتانی رێكخراوی "ئۆپێك" لە سەدەی رابردووەوە بەجێیان هێشتووە.  لە عێراق (15) كۆمپانیای نەوتی هەیە كە بە سیستەمی (خۆتەمویلكردن) بەڕێوەدەچن، واتا خۆیان دارایی بۆ پرۆژەكانی خۆیان دابین دەكەن، ئەمانە ئەگەر بۆ هەموو بابەتێكی دارایی بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڕای ئەوانەی دژی بڕیارەكەن، كارەكانیان پەكی دەكەوێت، یاخود لانی كەم ئەگەر ناچار بكرێن بچنە ناو پرۆسەیەكی رۆتینی ئیدارییەوە ئەوا ئاستی بەرهەمهێنانیان كەمدەبێتەوە.  رێژەی 90%ی داهاتی عێراق لە پرۆسەی هەناردەو فرۆشتنی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە مەترسی هەبوو بڕیارەكە كاردانەوەو ناڕەزایەتی زیاتری لێبكەوێتەوەو ببێتە هۆی راوەستانی ئەم كەرتە هەستیارەی وڵات.  هاوكات لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان لەبارەی بڕیارەكەی حكومەتەوە، چەند رۆژی رابردوو دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی (حەیان عەبدولغەنی) وەزیری نەوت بڵاوبووەوە، ئەمە وەزارەتی ناچاركرد راگەیەندراوێك بڵاوبكاتەوەو دەستلەكاركێشانەوەكە رەتبكاتەوە.  وەزیری نەوت سەربە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكییە، هەر لە سەرەتای كابینەكەوە قسەوباس هەبوو لەبارەی ناڕەزایەتیی مالیكی دژ بە وەزیرەكەی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی، ئەمەش بە گومانی ئەوەی نزیكبوونەوەی وەزیرەكەی لە (قەیس خەزعەلی) ئەمینداری گشتیی (عەسائیبی ئەهلی حەق)و تێپەڕاندنی پرۆژەكانی ئەو لە وەزارەتی نەوت. 


راپۆرتی: درەو 🔻 پاڵپشت بە داتاو زانیارییەکانی هەردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی ناوەندی عێراقی لە ماوەی ساڵانی (2012 - 2023)؛ 🔹 داهاتی گشتی باج لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە. 🔹 داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2012) بڕی (128 ملیار و 796 ملیۆن) دیناربووەو (5%) داهاتی گشتی باجی پێکهێناوە لە (عێراق هەرێم)، لە ساڵی (2022) گەیشتووە بە (912 ملیار و 558 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (19%) داهاتی گشتی باجی (هەرێم و عێراق)ی پێکهێناوە. 🔹 داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق لە ساڵی (2012) بڕەکەی (2 ترلیۆن و 633 ملیار و 357 ملیۆن) دینار بووە. بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (5 ترلیۆن و 913 ملیار و 188 ملیۆن) دینار. 🔹 بە تێکڕا ڕێژەی داهاتی باج لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا لە عێراق (13%) و لە هەرێم (25%) گەشەی کردووە.   سەرەتا بەشێوەیەکی گشتی (باج) بەشدارییەكی دارایی ناچارییە، حكوومەتە  ناوچەیی، هەرێمییەكان دەیسەپێنێت  بە سەر كەس و كۆمپانیاكاندا، ئامانجەکەشی پاەدارکردنی حکومەتە بۆ ڕاییکردنی چالاكییە داراییەکانی، لە پێناسەیەکی کوردتیشدا دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە باج؛ بڕێكی نەختینەیە حكومەت بە مەبەستی دابینكردنی پارە بۆ خەرجییه‌كانی دەوڵەت لە دامەزراوەو كەسەكانی وەردەگرێت، وەک داهات لە كەرتە گشتییەکانی؛ وەك کشتوکاڵ، پەروەردە، پیشەسازی، ڕێگاوبان، وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییە گشیییەکان و ژێرخانی دەوڵەتدا خەرجی دەکات. کەواتە باج هۆكارێكە بۆ پارەداركردن یان دابینكردنی سامان بۆ گشت كەرتەكانی حكومەت كە خەرجیان لە ئەستۆی دەوڵەتیدایە و سەرچاوەیەكی گرنگی داهات و بەدیهێنانی گەشەی ئابوورییە لە وڵاتدا. دەکرێت ئاماژە بەوەش بدرێت کە لە چوارچێوەی گشتییەکەیدا دەیان جۆری جیاواز (باج) هەیە، وەک؛ (باجی داهات و سەرمایە، باجی وەبەرهێنان، باجی کرێ، باجی خانوبەرە، باجی بەکاربردنی سەر خۆراک و شمەک،  باجی فڕۆشتنی کاڵاو شمەک، باجی مامەڵە و باجی گومرگی هەناردەو هاوردەکردن...هتد) گرنگترین تایبەتمەندییەکانی باج بریتین لە؛ 1.    ئەو پڕە پارەیەیە کە كەس یان كۆمپانیاكان بەپێی یاسا دەیدەن بە حكومەت. 2.    ئەو باجەی وەردەگیرێت و بێ‌ بەرانبەر و ناچارییە. 3.    کەس یان دامەزراوەی باجدەر بەو پێودانگەی لە كۆمەڵگادا دەژی و چالاکی هەیە بڕێک لە بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ، پابەندبوون بە باجدانیش بەشێكی ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆ لا دەبات. 4.    ئەو بڕە باجەی دەدرێت بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت لە موڵكی تاكەوە دەگوێزێتەوە بۆ موڵكی گشتی و نابێت بۆ مەبەستی تایبەت بەکاربهێنرێت. یەکەم؛ داهاتی باج لە عێراق و هەرێمی کوردستان (2012 - 2023) پاڵپشت بە داتاو زانیارییەکانی هەردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندی عێراقی لە ماوەی ساڵانی (2012 - 2023) داهاتی گشتی باج لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەبووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))؛ 1.    لە ساڵی (2012) داهاتی گشتی باج بڕی (2 ترلیۆن و 762 ملیار و 153 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (128 ملیار و 796 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (5%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (95%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (2 ترلیۆن و 633 ملیار و 357 ملیۆن) دینار بووە. 2.    لە ساڵی (2013) داهاتی گشتی باج بڕی (3 ترلیۆن و 38 ملیار و 407 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (161 ملیار و 551 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (5%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (95%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (2 ترلیۆن و 876 ملیار و 856 ملیۆن) دینار بووە. 3.    لە ساڵی (2014) داهاتی گشتی باج بڕی (2 ترلیۆن و 97 ملیار و 827 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (212 ملیار و 700 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (10%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (90%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (ترلیۆنێک و 885 ملیار و 127 ملیۆن) دینار بووە. 4.    لە ساڵی (2015) داهاتی گشتی باج بڕی (2 ترلیۆن و 205 ملیار و 174 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (190 ملیار و 164 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (9%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (91%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (2 ترلیۆن و 15 ملیار و 10 ملیۆن) دینار بووە. 5.    لە ساڵی (2016) داهاتی گشتی باج بڕی (4 ترلیۆن و 40 ملیار و 911 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (179 ملیار و 14 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (4%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (96%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (3 ترلیۆن و 861 ملیار و 897 ملیۆن) دینار بووە. 6.    لە ساڵی (2017) داهاتی گشتی باج بڕی (6 ترلیۆن و 504 ملیار و 969 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (206 ملیار و 697 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (3%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (97%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (6 ترلیۆن و 298 ملیار و 272 ملیۆن) دینار بووە. 7.    لە ساڵی (2018) داهاتی گشتی باج بڕی (5 ترلیۆن و 991 ملیار و 746 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (308 ملیار و 535 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (5%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (95%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (5 ترلیۆن و 686 ملیار و 211 ملیۆن) دینار بووە. 8.    لە ساڵی (2019) داهاتی گشتی باج بڕی (4 ترلیۆن و 641 ملیار و 955 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (627 ملیار و 424 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (14%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (86%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (4 ترلیۆن و 14 ملیار و 531 ملیۆن) دینار بووە. 9.    لە ساڵی (2020) داهاتی گشتی باج بڕی (5 ترلیۆن و 296 ملیار و 277 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (578 ملیار و 87 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (11%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (89%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (4 ترلیۆن و 718 ملیار و 190 ملیۆن) دینار بووە. 10.    لە ساڵی (2021) داهاتی گشتی باج بڕی (5 ترلیۆن و 332 ملیار و 529 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (796 ملیار و 287 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (15%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (85%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (4 ترلیۆن و 536 ملیار و 242 ملیۆن) دینار بووە. 11.    لە ساڵی (2022) داهاتی گشتی باج بڕی (4 ترلیۆن و 823 ملیار و 955 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (912 ملیار و 558 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (19%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (81%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (3 ترلیۆن و 911 ملیار و 397 ملیۆن) دینار بووە. 12.    لە ساڵی (2023) تەنها داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بەردەستە و بڕەکەی (5 ترلیۆن و 913 ملیار و 188 ملیۆن) دینار بووە.   دووەم؛ گەشەی داهاتی باج لە عێراق و هەرێمی کوردستان (2012 - 2023) پاڵپشت بەو داتاو ئامارانەی لە بەشی پێشوودا خراونەتە ڕوو، داهاتی گشتی باج لە عێراق هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی (2012 - 2023) بەرزو نزمی زۆریان بەخۆ بینیوە، بەڵام بەتێکڕا لەسەر ئاستی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق ڕێژەی گەشەی داهاتی باج زیاترە لە پاشەکشە و وەک لە (خشتەی ژمارە (2))دا رونکراوەتە، لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕای (25%) و لە عێراقیش (13%) داهاتی باج گەشەی کردووە؛ 1.    لە ساڵی (2012) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان (128 ملیار و 796 ملیۆن) دینار و داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕەکەی (2 ترلیۆن و 633 ملیار و 357 ملیۆن) دینار بووە. 2.    لە ساڵی (2013) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (32 ملیار و 755 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (25%) گەشەی کردووە، هاوکات داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (243 ملیار و 499 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (9%) گەشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2012). 3.    لە ساڵی (2014) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (51 ملیار و 148 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (32%) گەشەی کردووە، لە کاتێکدا داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (991 ملیار و 729 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (34%) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2013). 4.    لە ساڵی (2015) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (22 ملیار و 535 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (11%) پاشەکشەی کردووە، لە کاتێکدا داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (129 ملیار و 883 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (7%) بەرزبووەتەوە بەراورد بە ساڵی (2014). 5.    لە ساڵی (2016) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (11 ملیار و 150 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (6%) پاشەکشەی کردووە، لە کاتێکدا داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (ترلیۆنێک و 846 ملیار و 887 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (92%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی (2015). 6.    لە ساڵی (2017) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (27 ملیار و 683 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (15%) گەشەی کردووە، هاوکات داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (2 ترلیۆن و 436 ملیار و 375 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (63%) گەشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2016). 7.    لە ساڵی (2018) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (101 ملیار و 837 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (49%) گەشەی کردووە، لە کاتێکدا داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (612 ملیار و 61 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (10%) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2017). 8.    لە ساڵی (2019) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (308 ملیار و 888 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (103%) گەشەی کردووە، لە کاتێکدا داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (ترلیۆنێک و 671 ملیار و 680 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (29%) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2018). 9.    لە ساڵی (2020) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (49 ملیار و 337 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (8%) پاشەکشەی کردووە، لە کاتێکدا داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (703 ملیار و 659 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (18%) گەشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2019). 10.    لە ساڵی (2021) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (218 ملیار و 200 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (38%) گەشەی کردووە، لە کاتێکدا داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (181 ملیار و 948 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (4%) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2020). 11.    لە ساڵی (2022) داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بڕی (116 ملیار و 271 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (15%) گەشەی کردووە، لە کاتێکدا داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بڕی (624 ملیار و 845 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (14%) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2021). 12.    لە ساڵی (2023) تەنها زانیاری لەبارەی داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بەردەستەو بڕی (2 ترلیۆن و 1 ملیار و 791 ملیۆن) دینار بەڕێژەی (51%) گەشەی کردووە بەراورد بە داهاتی گشتی باج لە ساڵی (2022).   سەرچاوەکان -    البانک المرکزي العراقي، الارادات الضریبیة؛ https://www.cbiraq.org/SeriesChart.aspx?TseriesID=423 -    درەو میدیا، داهاتی گشتی باج لە هەرێمی کوردستان (2012 - 2022)، 25/12/2023؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14402 -     وەهاب حەسیب محەمەد، كاریگەری باج لە سەر داهاتی حكومەت، چاوی کورد، 27 ئایاری 2023؛ https://shorturl.at/aerOf    


سۆران عومەر- ئەندامی پەرلەمانی عێراق  عێراق داوا دەکات بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم کەمبکرێتەوە بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل و تەسلیمی سۆمۆی بکەن بۆ هەر بەرمیلێکیش ٧٠ دۆلار حساب دەکەن و لەناوخۆ بەکاریدەهێنن. عێراق دەڵێ ئەو نەوتەی مانگانە تەسلیمی سۆمۆ بکە بە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار حسابی دەکەین، هەرێم ئەمە ناکات و دەیفرۆشێ بە ١٧٠ ملیۆن دۆلارو ١٢٠ ملیۆن دۆلاری دەدات بە کۆمپانیا بیانییەکان! بەپێی نوسراوی ژمارە (٣٦٥٤٨)ی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماژە بە نوسراوی ژمارە (١٨٨٩)ی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕۆژانە (٢٨٦٩٤٦) بەرمیل نەوتی خام بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هیچی تەسلیم بە کۆمپانیای سۆمۆ ناکەن وەک وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی پێدەکات بەپێی (مادەی ١٢/دووەم/ب ) لەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراق هاتووە: لەکاتێکدا نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری نەڕوات بۆ بەندەری جیهانی تورکی، یان هەر دەروازەیەکی ڕەسمی تر کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات، هەرێمی کوردستان پابەندە بە پێدانی ئەو نەوتە بەپێی (مادەی ١٢/دووەم/أ) بە وەزارەتی نەوتی عێراق تاکو لە ناوخۆ بەکاریبهێنێت. بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٥٩/اتحادیە/ ٢٠١٢ و موحدتها ١١٠/ اتحادیە/٢٠١٩) هەرێمی کوردستام بۆی نیە نەوت هەناردە بکات بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق. لەنوسراوەکەدا هاتووە: بەپێی یاسای (ادارە المالیە والدین العام) ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ پێویستە سەرجەم داهاتەکانی کە لە نەوت دەستی دەکەوێت ڕادەستی خەزێنەی گشتی عێراق بکات. وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی بە حکومەتی هەرێمی وتووە گرێبەستە نەوتییەکانتان کە بە گرێبەستی هاوبەشی کراوە لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان لە وڵاتان و کۆمپانیا بۆ گەڕان بەدوای نەوت و دۆزینەوەی و هەڵکەندنی بیرەکان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یاسایی نیە، پێویستە هەمووی ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و داهاتەکەشی بخرێتە ئەو هەژمارەی لەبانکی ناوەندی بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە. داوا دەکات هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل و تەسلیمی سۆمۆی بکات.  وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەنوسراوی ژمارە (١٨٨٩) وەزارەتی نەوتی ئاگادارکردوەتەوە کە ڕۆژانە ( ٢٨٦٩٤٦) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت (٢٠٠) هەزار بەرمیلی دەدات بەکرێی دەرهێنانی نەوت بە کۆمپانیاکان و خەرجییەکانی دیکەی نەوت کە مانگانە (١٢٠) ملیۆن دۆلارەو (٤٦) هەزار بەرمیلیش دەدات بە پاڵاوگەکان و ئەوی دیکەشی دەدات بەکرێی غازی کارەبا، بۆ هەر بەرمیلێکیش (٢٠ $)ی داناوە. وەزارەتی نەوتی عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێ لەوەی بەرمیلی نەوت بە (٢٠$) دەفرۆشن، بۆیە هەرێم ئاگادار دەکاتەوە نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکەن چونکە نرخی نەوت بەپێی یاسای بودجە بە (٧٠) دۆلار دانراوە! ئەوان بەو نرخە وەریدەگرن لەهەرێم و بۆ ناوخۆ بەکاریدەهێنن. عێراق بەنوسراوی فەرمی دەڵێ نەوتەکەمان رادەست بکەن لەناوخۆ بەکاریدەهێنین مانگی (٦٠٠ ) ملیۆن دۆلار دەکات، هەرێم ئەمە ناکات خۆی دەیفرۆشێ بە (١٧٠) ملیۆن دۆلار! گوایە لەو پارە (١٢٠) ملیۆن دۆلاری دەداتەوە بە کۆمپانیا بیانییەکان و (٥٠) ملیۆن دۆلاریشی بۆ خۆی هەڵدەگرێ!



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand