Draw Media

درەو: ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە خۆپیشاندان چوونە بەردەم خەیمەی مانگرتووان، مانگرتوان كفنی سپییان لەبەركرد، پێشتر داواكارییەكانیان لە وار خاڵدا خستەڕوو: 1-    رێزگرتنی كەرامەتی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و سەروەری یاسای 2-    تەوتینی موەی موچەخۆران لە بانكە فیدراڵیەكان 3-    رێزگرتنی هاوڵاتیانی كوردستان لە رێگەی دابەشكردنی موچەكانیان سی رۆژ جارێك و گەرنەوەی موە پاشەكەوتكراوەكانیان 4-    گەڕانەوەی پلەبەرزكردنەوەی موچەخۆران ناوی مانگرتووان: 1-    زانا شێخ محەمەد- فەرمانبەری كارەبا 2-    شنە عەلی عەزیز- مامۆستا 3-    دڵشاد مەحمود تۆفیق- مامۆستا 4-    هادی حەمەڕەشید- مامۆستا 5-    پاكیزە حەمەئەمین – فەرمانبەر 6-    سەنگەر مەهدی عەلی – مامۆستا 7-    سروشت سیروان عەلی – مامۆستا 8-    عەتا ئەحمەد رەشید- مامۆستا 9-    محەمەد رەسوڵ محەمەد- فەرمانبەری زانكۆ 10-    محەمەد نیعمەت – فەرمانبەری كشتوكاڵ 11-    فازڵ قادر حەمە رەئوف – مامۆستا 12-    دڵشاد بابان- مامۆستا  


(درەو):  بەگوێرەی لێكدانەوەی پسپۆڕێكی نەوت لە عێراق، هەمواری یاسای بودجە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كوردستان وا دەكات ئیدارەدانی كێڵگەكانی نەوت هەر لەدەستی حكومەتی هەرێمدا بمێنێتەوەو چاوەڕوانی ئەوەش بكرێت تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان بۆ نزیكەی (36 دۆلار) بەرزبێتەوە، بەڵام عێراق تێچووی ئەو نەوتەی تر نادات كە هەرێم بۆخۆی بەرهەمی دەهێنێت و دەیفرۆشیت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بە بۆریی، رەنگە پرۆسەی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هەر بەردەوام بێت.  دەقی نوسینەكەی:  هەندێك هەڵێنجاندن بۆ هەمواری ماددەی 12 نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری یەكەم: تێچووی كۆتایی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو پشت بەو توێژینەوەیە دەبەستێت، كە لەلایەن ئەو كۆمپانیای راوێژكارییەوە پێشكەش دەكرێت كە گرێبەستی لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها بەهۆی سروشتی پێكهاتەی جیۆلۆجی كێڵگەكان و پۆلێنكردنیان لەچوارچێوەی كێڵگە بچوكەكاندا، چاوەڕێ دەكرێت تێچووی هەر بەرمیلێك بۆ نزیكەی 36 دۆلار بەرزببێتەوە.   دووەم: ئەم تێچووە تەنیا لەو نەوتەدا كورتدەبێتەوە كە رادەستی سۆمۆ دەكرێت، كە لەنێون 250 بۆ 300 هەزار بەرمیلدایە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئەو بڕە نەوتەی تر كە هەرێم بەرهەمی دەهێنێت، سۆمۆ خەرجییەكەی نادات، چونكە هەرێم خۆی ئەو نەوتە دەفرۆشێت و داهاتەكەی وەردەگرێتەوە.  سێیەم: بەڕێوەبردنی كێڵگەكان هەر لەدەستی هەرێمدا دەمێنێتەوە كە پابەندە بە گرێبەستی شەراكەت لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان كە ملكەچە بۆ حساباتی ئاڵۆز سەبارەت بە (كرێ)و (نەوتی تێچوون)و (نەوتی قازانج)و (باجەكان)و ئەمیش ملكەچە بۆ وردبینی كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت.  چوارەم: بە كردەوە ئەستەمە بەشیك لە بەرهەمی نەوت رادەستی سۆمۆ بكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی تەنیا یەك هێڵی هەناردەكردنەوە، رەنگە پەنا بۆ پاوكتاوكردن (مقاصە) ببرێت، بەو واتایەی هەرێم نەوت دەنێرێت دواتر قەبارەی گشتیی فرۆشی ئەو بڕە حساب دەكرێت كە رێككەوتن كراوە لەسەر رادەستكردنی، ئەمەش دوای لێدەركردنی تێچوو و داشكاندنی لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا.  پێنجەم: هەمواركردنەوەی ئەم ماددەیە هیچ سەرچاوەیەكی نوێی دارایی زیاد ناكات، چونكە دەستپێكردنەوەی ناردنی نەوت لەرێگەی هێڵی جەیهانی توركییەوە بەواتای كەمكردنەوەی هەمان بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دێت لە باشورو ناوەڕاست كە تێچوویان كەمترە، ئەمەش بارگرانی گشتیی زیاترو كورتهێنانی بودجە گەورەتر دەكات. شەشەم: دەكرێت ئەم هەموارە داهاتە نەوتییەكانی عێراق زیاتر بكات، ئەمەش لەحاڵێكدا عێراق لە كۆتوبەندە ناچاریی و ئارەزوومەندانەكانی ئۆپێك پڵەس رزگاری ببێت، كە رۆژانە 650 هەزار بەرمیل بۆ بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق زیاد دەكات و بەمەش عێراق دەتوانێت هەناردەی خۆی بۆ (3.3) تاوەكو نزیكەی (3.7 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانە بەرزبكاتەوە.   


راپۆرت: درەو 🔻 ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئامارەکانی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق، تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) مانگانە بڵاو دەکاتەوە، دواترینیانی بۆ مانگی کانونی یەکەمی (2024) لە (21/1/2025) بڵاوکردەوە، پاڵپشت بە کۆی ئەو ئامارانەی کە بۆ (12) مانگی ساڵی (2024) بڵاوی کردوونەتەوە،؛ 🔹 لە ساڵی (2024)دا ئامارەکان دەگاتە (320 هەزار و 459) حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمارکراو، کە (287 هەزار و 949) گرێبەستیان بە ڕێژەی (90%) لە دادگاکان و (32 هەزار و 510) حاڵەتیان بە ڕێژەی (10%) لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. 🔹 (72 هەزار و 842) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە. (75%)ی جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلاکراونەتەوە! کە (54 هەزار و 846)ی کۆی حاڵەتەکان بوە! تەنها (25%)ی جیابوونەوەکان بە بڕیاری دادگا یەکلاکراونەتەوە کە ژمارەیان (17 هەزار و 996) کەیس بووە. 🔹 دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە پارێزگای بەغداد زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری و دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ هەر لە پارێزگای بەغداد، بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە. 🔹 دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای موسەننا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق کەمترین رێژەی هاوسەرگیری و کەمترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە.    یەکەم؛ ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە (15) پارێزگاکەی عێراق لە ساڵی 2024 رۆژی (21/1/2025) ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، داتاکانی خۆی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) بۆ مانگی؛ # کانونی یەکەمی (2024) بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە؛ (28 هەزار و 980) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە، هاوکات ژمارەی جیابوونەوە کە لەم مانگەدا تۆمار کراوە بریتی بووە لە (5 هەزار و 99) حاڵەتی جیابوونەوە. بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی مانگەکانی پێشووتری ساڵی 2024 حاڵەتەکان لە تەواوی ساڵەکەدا دەگاتە (320 هەزار و 459) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (72 هەزار و 842) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران. بە جۆرێک؛ # لە کانونی دووەمی 2024 دا، (30 هەزار و 895) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (27 هەزارو 295) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 600) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هەر لە هەمان ماوەدا (7 هەزار و 453) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، کە (هەزارو 843) حاڵەتیان لە دادگاکان و (5 هەزار 610) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە کانونی شوباتی 2024 دا، (29 هەزار و 119) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (25 هەزارو 793) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 326) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لەگەڵ ئەوەشدا (6 هەزار و 324) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 764) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 560) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی ئازاری 2024 دا، (24 هەزار و 88) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (21 هەزارو 215) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 873) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (6 هەزار و 222) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، کە (هەزارو 805) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزارو 417) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی نیسانی 2024 دا، کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە بەراورد مانگەکانی دیکەی ساڵی 2024، بەجۆرێک؛ (21 هەزار و 851) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (19 هەزارو 386) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 465) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لە کاتێکدا (4 هەزار و 537) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 360) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 177) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی ئایاری 2024 دا، (28 هەزار و 505) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (25 هەزارو 534) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 971) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ئامارەکانی جیابوونەوە، کە لەم مانگەدا تۆمار کراوە بریتی بووە لە؛ (6 هەزار و 666) حاڵەتی جیابوونەوە کە (هەزارو 643) حاڵەتیان لە دادگاکان و (5 هەزار و 23) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئاماری حوزەیرانی 2024 دا، هاتووە؛ (23 هەزار و 324) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (21 هەزارو 168) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 156) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (4 هەزار و 779) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 251) حاڵەتیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 528) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئاماری تەموزی 2024 دا، هاتووە؛ (26 هەزار و 62) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (23 هەزارو 302) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 760) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (6 هەزار و 344) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 782) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 562) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی ئابی 2024 دا، (16 هەزار و 687) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (14 هەزارو 608) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 79) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ئامارەکانی جیابوونەوە، کە لەم مانگەدا تۆمار کراوە بریتی بووە لە؛ (5 هەزار و 402) حاڵەتی جیابوونەوە کە (هەزارو 661) حاڵەتیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 741) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئاماری مانگی ئەیلولی 2024 دا، هاتووە؛ (29 هەزار و 909) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (26 هەزارو 91) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 818) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هەر لە مانگی ناوبراودا ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (6 هەزار و 586) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 680) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 906) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە تشرینی یەکەمی 2024 دا، هاتووە؛ (34 هەزار و 951) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (31 هەزارو 456) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 495) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (6 هەزار و 696) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 667) حاڵەتیان لە دادگاکان و (5 هەزار و 29) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئاماری مانگی تشرینی دووەمی 2024 دا، هاتووە؛ (26 هەزار و 88) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (23 هەزارو 121) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 967) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (5 هەزار و 734) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 540) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 194) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. کەواتە کۆی حاڵەتەکان (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) لە ساڵی (2024)دا دەگاتە (320 هەزار و 459) هاوسەرگیری تۆمارکراو، کە (287 هەزار و 949) گرێبەستیان بە ڕێژەی (90%) لە دادگاکان و (32 هەزار و 510) حاڵەتیان بە ڕێژەی (10%) لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (72 هەزار و 842) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە (75%)ی جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلاکراونەتەوە کە (54 هەزارو 846)ی کۆی حاڵەتەکان بوەوە تەنها (25%)ی جیابوونەوەکان بە بڕیاری دادگا یەکلاکراونەتەوە کە (17 هەزار و 996) حاڵەت بووە. (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە (1)) خشتە و چارتی ژمارە (1)   دووەم؛ ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی پارێزگاکانی عێراق بۆ ساڵی 2024 لەسەر ئاستی پارێزگاکانی کە (بەغداد)ی پایتەخت دابەش بووە بەسەر دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی (رەسافە و کەرخ) لەگەڵ (14) پارێزگاکەی دیکەی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک لە چارت و خشتەی ژمارە (2) رونکراوەتەوە؛ دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە پارێزگای بەغداد زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری و دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ هەر لە پارێزگای بەغداد، بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە، بەراورد بە تەواوی دادگاکانی دیکەی عێراق. هاوکات دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای موسەننا کەمترین رێژەی هاوسەرگیری و کەمترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە، بەراورد بە تەواوی دادگاکانی دیکەی عێراق.    خشتەو چارتی ژمارە (2) سەرچاوەکان؛ •    ڕاگەیەیندراوەکانی (ئەنجومەنەی باڵای دادوەری عێراق) مانگانە لە ساڵی 2024؛ https://sjc.iq/statistics/  


(درەو):  هەمواری بودجە تایبەت بە تێچووی نەوتی هەرێمی كوردستان پەسەندكرا، هەرێم دەبێت دەست بە هەناردەی نەوت بكاتەوە، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی (سۆمۆ) بكات، داهاتی نەوتەكەش ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم.  دواجارو پاش ماوەیەك مشتومڕو ناڕەزایەتی هەندێك لە پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی پەسەندكرد. لەبری (مەحمود مەشهەدانی) سەرۆكی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتیی دانیشتنەكەی كرد، نزیكەی (50) كەس لە ئەندامانی پەرلەمان دژی هەموارەكە وەستانەوە، بۆیە بەشداری دانیشتنەكەی پەرلەمانیان نەكرد. ئەوانەی بایكۆتیان كرد، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی باشورو ناوەڕاست بوون كە داوای ئەوەیان دەكرد لە هەموارەكەدا بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە هاوبەشی لەگەل حكومەتی فیدراڵ بەڕێوەببرێن، ئەمەش بابەتێكە كە لەم هەموارەدا جێگای نابێتەوەو دەبێت لە یاسای نەوت و غازی عێراقدا یەكلابكرێتەوە كە لە 2007وە تائێستا ناكۆكی لەسەرەو دەرنەچوێندراوە، هەروەها ئەم پەرلەمانتارانە داوای پێداچوونەوە بە گریبەستە نەوتییەكانی هەرێم و هەندێك بابەتی تریان دەكرد تایبەت بە پارێزگاكانی دیكەی عێراق.   هەموارەكە تایبەت بوو بە مادەی١٢/دووەم/ج لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەدەركرا لەو نرخەی كە یاسای بودجە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بە گشتیی لە عێراق دیاریكردبوو، كە 6 دۆلارە بۆ تێچووی هەر بەرمیلێك.  هەموارەكە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كوردستان بۆ هەر بەرمیلێك بە بڕی 16 دۆلار دیاریكردووە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا لیژنە یاخود كۆمپانیایەكی پسپۆڕی نێودەوڵەتیی بە رەزامەندیی هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر كێڵگەیەك بە جیا لە كوردستان دەردەهێنن و دواتر لەسەر بنەمای ئەم راپۆرتە نرخێكی جێگیر بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دیاری دەكرێت.  لە 25ی ئازاری 2025وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستا، لە مانگی ئۆكتۆبەری 2023وە دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بە رەزامەندیی حكومەتی فیدراڵی عێراق.  لەوكاتەوە تائێستا یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان بەغدادو هەولێر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بریتییە لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان. حكومەتی هەرێم بەو شەش دۆلارە قایل نەبوو كە یاسای بودجە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دیاریكردبوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپێی یاساكە چیتر داهاتی نەوتی هەرێم لە حاڵی هەناردەكردنیدا ناگەڕێتەوە بۆ هەرێم و دەچێتە ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، كۆمپانیا نەوتییەكانیش بەم نرخە قایل نەبوو.  ئێستا كە ئیتر نرخێكی نوێ بۆ تێچوو دیاریكراوەو حكومەتی هەرێم پێی قایلە، وەكو نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ:" لێرە بەدواوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی دەکرێت"، سەرباری ئەمەش نەوتەكە بە نرخی پێشتری كوردستان نافرۆشرێت كە زیاتر لە 10 دۆلار لە خوار نرخی بازاڕی جیهانییەوە بوو، ئێستا ئیتر بە نرخی فەرمی دەفرۆشرێت.  بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، لەدوای بەركاربوونی ئەم هەموارەوە، دەبێت حكومەتی هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عیراق "سۆمۆ" بكات. لەبەرامبەریشدا، وەكو (سیپان شێروانی) ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: پێویستە حکومەتی فیدراڵیش پابەند بێت بە خەرجکردنی هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەیان پێ دراوە. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد رایگەیاند، دوای پەسەندكردنی هەمواری بودجە، یاسا پەسەندكراوەكە دەگەڕیننەوە بۆ حكومەت بۆ ئەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.  بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت.  دەقی هەمواری یاسای بودجەی عێراق سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان:  🔹وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەڵێن دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت، کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە وەردەگیرێت، بەپێی بڕگەکانی (ا)و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بەجیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن لایەنێكی راوێژکاریی تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لەماوەی (٦٠) رۆژدا لە بەركاربوونی ئەم یاسایەوە، لە ئەگەری ناکۆکی، لەو ماوەیەی پێشوودا، ئەوا ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی راوێژکارییە دیاری دەکات. 🔹ئەو لایەنە راوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێکراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت، حیسابکردنی قەرەبوو كە لە خاڵی (ا)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلە وەرگیراوەكان دەبێت بەپێی بڕگەکانی (ئەلف) و (ب)، لەم بڕگەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکومەتی هەرێم. 🔹دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەكرێت بەپێی خاڵەكانی (ا) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، و قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە، بە تێکڕای (١٦) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دواتر چارەسەر دەكرێت، دوای تەواوبونی كاری راوێژكاریی تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باسكراوە، لەسەر بنەمای (اپر رجعی) لەرێكەوتی دەستكردن بە رادەستكردنی نەوت بە گوێرەی ئەم هەموارە.   دەقی هەموارەكە وەكو خۆی:


درەو: بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوە ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوتی هەرێم، لە ساڵی 2024؛ # لە (8) کێڵگەی نەوتییەوە، نەوت بەرهەم هێنراوە. # تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (311 هەزار و 491) بەرمیل. # کۆی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان (114 ملیۆن و 5 هەزار و 815) بەرمیل بووە. # داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ملیار و 841 ملیۆن و 484 هەزار و 635) دۆلار. # تێکڕای بەرمیلێک نەوت بە نزیککراوەیی بریتی بووە لە (33 دۆلار و 69 سەنت)، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لە ڕێی سۆمۆوە تێکڕا بە (81 دۆلار و 70 سەنت) بەرمیلێک نەوتی فرۆشتووە # ئەگەر بەغدا نەوتی هەرێمی بفرۆشتبا کۆی داهاتەکەی لە بری (3 ملیار و 841 ملیۆن) دۆلار، (9 ملیار و 324 ملیۆن) دۆلار دەبوو تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵی 2024دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵی 2024دا لە 8 کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتەوە بریتی بووە لە (311 هەزار و 491) بەرمیل، کۆی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان لەو ساڵەدا (114 ملیۆن و 5 هەزار و 815) بەرمیل بووە. لەم بڕە (33 ملیۆن و 74 هەزار و 566) بەرمیلی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان بووە، کە دەکاتە ڕێژەی (29٪)ی هەموو بەرهەم، ئەوەشی بۆ حکومەت ماوەتەوە (80 ملیۆن و 931 هەزار و 249) بەرمیل بووە بە ڕێژەی (71٪). هەر وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا هاتووە، ئاستی بەرهەمی ڕۆژانەو کۆی بەرهەم و پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی هەرێمیش کێڵگە بە کێڵگە جیاکراوەتەوە. کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵی 2024دا لەماوەی ئەمساڵدا داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ملیار و 841 ملیۆن و 484 هەزار و 635) دۆلار، لەم بڕەش هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت (ملیارێک و 121 ملیۆن و 893 هەزار و 406) دۆلار داهاتی نەوتیان بووە. هەرێمی کوردستانیش بڕی (2 ملیار و 719 ملیۆن و 591 هەزار و 229) دۆلاری بۆ ماوەتەوە لە داهاتی نەوت. تێکڕای بەرمیلێک نەوت بە نزیککراوەیی بریتی بووە لە (33 دۆلار و 69 سەنت)، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لە ڕێی سۆمۆوە تێکڕا بە (81 دۆلار و 70 سەنت) بەرمیلێک نەوتی فرۆشتووە. واتە بە جیاوازی (48) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، کۆی جیاوازییەکە لە ساڵی (2024)دا بۆ ئەو بڕەی هەرێم بەرهەمی هێناوە دەکاتە (5 ملیار و 472 ملیۆن و 279 هەزار) دۆلار. بە مانایەکی دیکە ئەگەر بەغدا نەوتی هەرێمی بفرۆشتایە لە ساڵی (2024)دا ئەوا کۆی داهاتەکەی لە بری (3 ملیار و 841 ملیۆن) دۆلار، (9 ملیار و 324 ملیۆن) دۆلار دەبوو. ئەم خشتەیەی خوارەوە داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2024)دا ڕوون دەکاتەوە.   دەقی راپۆرتەكەی روونبیین  


درەو: فەرمانبەرێك كاتێك خانەنشین دەبێت (6) موچەی مۆڵەتی كۆكراوەو (12) موچەی تەواوەتی وەردەگرێت، مەرجەكانی وەرگرتنی ئەو دوو موچەیە چیەو پەیوەندیان بەیەكەوە چیە؟ هەردووكیان پێكەوە ئەدرێت یان یەكێكیان بدرێت ئەوەی تریان نادرێت؟ (پاداشتی كۆتایی راژە) و(موچەی مۆڵەتی كۆكراوە ) دووەم/ موچەی مۆڵەتی كۆكراوە (6) موچەی بنەڕەتی موچەی مۆڵەتی كۆكراوە لە زمانی ناو فەرمانگەكاندا پێی دەوترێت (ئیكرامیە) ئەم موچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە بە دوورو نزیك پەیوەندی بە مافەكانی خانەنشینیەوە نیە، بەپێی مادەی (45) لە یاسای خزمەتی مەدەنی كاتێك كە فەرمانبەرێك هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت مافی خۆیەتی موچەی مۆڵەتی كۆكراوەی (180) رۆژی پێبدرێت كە دەكاتە (6) مانگ، ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە فەرمانبەر مافی ئەوەی هەیە لەمانگێكدا (3) رۆژ مۆڵەت و لە ساڵێكدا (36) رۆژ مۆڵەت وەربگرێت، بەڵام فەرمانبەر ئەو مۆڵەتانەی وەرنەگرتووە، یاسادانەر، بواری داوە ئەو مۆڵەتانەی كەڵەكە بووە، تا (180) رۆژی مۆڵەت بە موچە خەرجی دەكات، لەسەرو (180) رۆژەكەشیەوە دەكرێت بە خزمەتی خانەنشینی و ئەچێتە سەر خزمەتی خانەنشینیی فەرمانبەرەكە. لەبەر ئەوەی كەسێك كە هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت مافی خۆیەتی موچەی بنەڕەتی مۆڵەتی كۆكراوەی بۆ خەرجبكرێت، بۆ (180) رۆژ كە دەكاتە (6) مانگ، واتا مەرج نیە هەموو فەرمانبەرێك ئەمەی بۆ خەرجبكرێت ئەكرێت فەرمانبەرەكە لە ژیانی فەرمانبەریدا مۆڵەتی زۆر كردبێت یان ئیحتیمالە (50) رۆژ یان (100) رۆژ مۆڵەتی هەبێت، بەقەدەر ئەو رەسیدەی مۆڵەتەی هەیەتی بۆی خەرجدەكرێت بەمەرجێك نەچێتە سەرو (180) رۆژەوە، ئەم موچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە مەرج نیە تەنیا لە خانەنشینیدا خەرجبكرێت بەڵكۆ فەرمانبەرێك كاتێك دەستلەكاركێشانەوە دەدات بە فەرمانگەكەی و فەرمانگەكەی رەزامەندی بۆ دەكات لەو حاڵەتەشدا بۆی هەیە ئەو مۆچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە وەربگرێت با خانەنشینیش نەبووبێت، ئەمەش بە گوێرەی بڕگەی (2) لە مادەی (49) لە یاسای خزمەتی مەدەنی. یاسادانەر ئەمەی لەبەر چی كردووە؟، فەرمانبەر ژیانی وەستاوەتە سەر ئەوەی (30) رۆژ جارێك موچەی وەرگرتووەو ئێستا خانەنشین بووەو لەوانەیە (2-3) مانگی پێ بچێت تا مامەڵەی خانەنشینیەكەی دەگەڕێتەوە، یاسادانەر ئەو مافەی داوە بە فەرمانبەرەكە ئەو پارەیەی لەبەردەستدا بێت تا ئەوكاتەی كە مافی خانەنشینیەكەی بۆ جێگیر دەكرێت و موچەی خۆی وەردەگرێت. ئەگەر فەرمانبەرێك موچەی بنەڕەتیەكەی (509) هەار دینار بێت، موچەی (6) مانگی دەكاتە (3 ملیۆن و 54 هەزار) دیناری پێدەدرێت و لەبەردەستیدا دەبێت تا ئەوكاتەی موچەی خانەنشینیەكەی وەردەگرێت. دووەم: پاداشتی كۆتایی راژە (12) موچەی خانەنشینی ئەم (12) موچەیەی كە دەدرێت بە فەرمانبەر لەكاتی خانەشنین بوونیدا، بە گوێرەی یاسای ژمارە (9) ساڵی 2014 بڕیاری لێدراوە وە یەكەمجارە لە تەشریعی عێراقیدا مافی ئاوا بدرێت بە فەرمانبەر ئەمەش وەكو ئیمتیازێكە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی (25) ساڵ خزمەتیان كردووە لە بواری وەزیفیدا (لە 25 ساڵ یەك رۆژ كەمتر بێت ئەو 12 موچەیە شمولی ناكات)، یاسادانەر بڕیاریداوە بۆ هەر فەرمانبەرێك (25) ساڵ و زیاتر خزمەتی هەبێت ئەوا موچەو دەرماڵەی (12) مانگ وەردەگرێت كە دوایەمین موچەو دەرماڵەی وەریگرتووە حیسابە، واتا ئەگەر فەرمانبەرێك كە هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت موچەكەی (ملیۆنێك و 500 هەزار) دینار بوبێت لەم حاڵەتەدا، (12) موچەی (ملیۆن و 500) هەزار دینارەی پێدەدرێت كە دەكاتە (18 ملیۆن) دینار، لەرووی یاساییەوە پێی دەوترێت (پاداشتی كۆتایی راژە) ئەمەش پەیوەندی بە مۆچەی مۆڵەتی كۆكراوەوە نیە واتا (6) موچەكە، ئەویان سەربەخۆ وەردەگیرێت و ئەمیشیان سەربەخۆ وەردەگیرێت. لەمەیاندا (12 موچەكە) مەرجە فەرمانبەر (25) ساڵ خزمەتی هەبێت، لەمەیاندا موچەو دەرماڵەكە پێكەوە وەردەگرێت، بەڵام لە موچەی مۆڵەتی كۆكراوە (6 موچەكە) تەنیا موچەی بنەڕەستی (ئیسمی) وەردەگیرێت، ئەم دوانە پەیوەندیان بەیەكەوە نیەو كەسیان نابن بە بەدیلی ئەوەی تر، وەك كەسیان مەرج نین بۆ ئەوەی تر ، دوو یاسای جیاواز رێكی خستوون و پەیوەندییان بە دوو بابەتی جیاوازەوە هەیە.   * ئەم بابەتە لە چاوپێكەوتنێكی (درەو) لەگەڵ عەبدولقادر ساڵح شارەزایی یاسایی وەرگیراوە  


(درەو):  كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق پلانی ئەوەیە تەنیا لەمساڵدا، پرۆسەی هەڵكەندن و نۆژەنكردنەوە بۆ (194) بیرە نەوت بكات.   كازم حەبەش خلێف جێگری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق ئاشكرایكرد، لە ساڵی 2024دا كۆمپانیاكەیان (51) بیری نەوتی لێداوەو (137) بیری لە كێڵگە نەوتییە جیاجیاكانی عێراقدا نۆژەنكردوەتەوە، لەوانەش (زوبێر، مەجنون، خۆرئاوای قورنە، بزورگان، خۆرهەڵاتی بەغداد، زیقار، كەركوك). ئەم كارانەی كۆمپانیای هەڵمەندی عێراق لەچوارچێوەی پابەندییەكانیدا بووە بە پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی بەرهەمی نیشتمانی و بەهێزكردنی توانای كاركردن. كازم حەبەش كە قسەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق كردووە، دەڵێ: كۆمپانیاكەمان لە ساڵی 2024دا بەرزترین پۆلێنی لە بواری سەلامەتیدا لە كێڵگەی نەوتی مەجنون بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی جێبەجێكردنی كاریگەرانەی سیستەمی بەڕێوەبردنی یەكگرتوو (IMS)و پابەندبوونی توند بە پێوەرەكانی تەندروستیی و ژینگەیی و سەلامەتییەوە، لەپاڵ جێبەجێكردنی پرۆگرامی چڕی راهێنان و بۆ پەرەپێدانی توانای كارمەندان بەگوێرەی نوێترین تەكنەلۆژیای جیهانیی.  لەچوارچێوەی روانگەی ئایندەدا، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق باس لەوە دەكات پلانیان بۆ ئەمساڵ (2025) ئەوەیە (64) بیری نەوت لێبدەن و 130 بیری تر نۆژەن بكەنەوە، ئەمەش لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی كەرتی نەوت لە عێراقدا، ئەم پلانەش وەكو خۆی باسی دەكات بەوە بەهێز دەبێت گرێبەستی ستراتیژی نوێ لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی جیهان لە نمونەی (BP ، ENI، CNOOC، Total) بكرێت، كە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی گەورە بە تواناكانی كۆمپانیاكەو كارایی لە پرۆسە هونەرییەكانیدا. 


درەو: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە واژۆی د. هەیمان تەحسین بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری حزب و رێكخراوە سیاسیەكان نوسراوێكی ئاراستەی "گۆڕانی كوردسات" كردووەو دەڵێت پەلەمەكەن لە ئەنجامدانی بەستنی كۆنفرانسی حزبتان، لەوبەروارەی دیاریتانكردووە كە رۆژی یەكشەممە 2/2/2025 ئەویش لەبەر ئەوەی داوایەك لەلایەن دەستەی گشتی گۆڕانەوە پێشكەشی كۆمسیۆن كراوە. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی "گۆڕانی كوردسات" كە بۆ (درەو) قسەیان كرد دەڵێن: ئەو نوسراوەی كۆمسیۆن داوا دەكرێت پەلە نەكرێت لە ئەنجامدانی كۆنفرانس بەڵام بە مانای هەڵوەشانەوە نایات و لەداهاتوودا جارێكی تر بە واژۆی رێكخەری گشتی نوسراو ئاراستەی كۆمسیۆن دەكرێتەوە بۆ بەستنی كۆنفرانس. لەبەرامبەردا سەرچاوەیەك لە  "گۆڕانی گردی زەرگەتە" بە (درەو)ی راگەیاند: نوسراوەكە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو كۆنفرانسەیە كە "گۆڕانی كوردسات" بە نیازبوو لە رۆژی یەكشەممە بیبەستێت، ئەویش لە ئەنجامی تانەی دەستەی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ل فەرمانگەی حزب و رێكخراوە سیاسیەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان. ئەو سەرچاوەیەكی "گۆڕانی گردی زەرگەتە" دەڵێت ئێمە رۆژی 22ی شوبات لە گردی زەرگەتە كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەین و زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی هەڵبژێردراو لەگەڵ ئێمەیە. لە ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر گۆڕانی "گەڕەكی كوردسات"  بەسەرۆكایەتی دانا ئەحمەد مەجید و گۆڕانی "گردی زەرگەتە" بەسەرۆكایەتی چیا نەوشیروان مستەفادا دابەش بووە" لە نێو ئەو دابەشبوونەدا بەشێك لە ئەندامانی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی لەگەڵ گۆڕانی "گەڕەكی كوردسات"ن كوێستان محەمەد و كەمال موسلیم و بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ ئەم بەشەی گۆڕانن، ئەگەرچی ئەم بەشەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەی داوە لە حكومەت بەڵام ئەندامانی بەردەوامن لە حكومەت، بەشێكیش لە ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتمانی لەگەڵ "گۆڕانی گردی زەرگەتە"ن لەگەڵ سەرۆكی تیمی حكومەتی بزووتنەوەی گۆڕان دانا ئەحمەد مەجید و بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان لەناو حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان، ئەم بەشەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەیان نەداوە لە حكومەت، بەشێك لە جڤات و ئەندامانی تیمی حكومەت لە لای گۆڕانی "گردی زەرگەتەن" لە وەزیرەكان (دانا عەبدولكەریم). بەشێكی تر لە ئەندامانی جڤات و تیمی گۆڕان لە حكومەت لە لەگەڵ گۆڕانی "گەڕەكی كوردساتن" وەك (كوێستان محەمەد و كەمال موسلیم)، ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییش لەگەڵ هیچ لایەكیاندا نیە.


(درەو):  سەرۆك وەزیرانی جەخت لەسەر پابەندبوونی حكومەتەكەی دەكات بەو هەموارەی یاسای بودجە، كە تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان ئامادەكراوەو بەمدواییە لە پەرلەمان گرفتی بۆ دروستكرا.  محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا كۆبووەوە، سەرۆكی ئەنجومەن و هەردوو جێگرەكەشی بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەدا. بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، لە كۆبونەوەكەدا باس لە هەمواری یاسای بودجە كراوە، كە لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، سودانی پابەندبوونی بەو دەقە دووپاتکردووەتەوە کە باس لە پرسی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات لە هەرێمی كوردستان. هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.  یاسای بودجەی سێ ساڵەی (2023-2024-2025)ی عێراق بڕی (6 دۆلار)ی بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لەسەرتاسەری وڵات دیاریكردووە، ئەمە هەر لەسەرەتاوە ناڕەزایەتیی حكومەتی هەرێمی لێكەوتەوە، بەوپێیەی لە هەرێمی كوردستان بەتێكڕا خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت دەگاتە (24) دۆلارو تێچووی گواستنەوەش بە بڕی (7) دۆلار ئەژماركراوە، واتا بەتێكڕا تێچووی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان بڕی (31) دۆلارە. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەمواری یاسای بودجەی پەسەندكردو سەرەتای ئەمساڵ هەموارەكەی رەوانەی پەرلەمان كرد، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ هەموارەكە كردووەو لە لیژنەی داراییش پەسەندكراوە، بڕیاری بوو رۆژی 21ی ئەم مانگە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی هەندێك لایەنی عێراقییەوە گرفتی بۆ دروستكراو لە بەرنامەی كاری پەرلەمان لادرا.  لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس، یەكێك لە بەربەستە سەرەكییەكان لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەنێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمدا بابەتی تێچوونی نرخی نەوت بوو، بۆیە ئامانج لەم هەموارەی یاسای بودجە ئەوەیە هەناردەی نەوتی كوردستان سەرلەنوێ دەستپێبكاتەوە.   


درەو: وەزارەتی دارایی عێراق لە رونكردنەوەیەكدا وەڵامی رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە. رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق: وەزارەتی دارایی ڕونکردنەوە دەدات کە لێدوانەکەی بەڕێز ڕێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی لە وەڵامی ئەوەی لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان - وەزارەتی دارایی روونیدەكاتەوە، ئێمە پیشەییانە مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستاندا كردوه‌ و هه‌مان مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی و ئه‌و رێكارانه‌ی كاری پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێ ده‌كرێت. - دوبارەی دەکەینەوە و کە وەزارەتی دارایی هیچ پەیوەندییەکی بەو بابەتە نییە چونکە دەمانەوێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی كه‌ زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر ده‌رچوه‌، جێبەجێ بکەین، به‌ڵام تا ئێستا هەرێم هیچ داتایەکی نەداوەتە وەزارەت سەبارەت بە خۆجێیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە سەرجەم بانکەکان - هۆکاری دواکەوتنی موچه‌ی هەرێم بۆ جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە ڕەوانەی خانەنشینی کراون بۆیە وەک چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە و بەبێ دواکەوتن، زیاتر لە 10 ڕۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری، بودجە، ڕەوانە کردوه‌، بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێم بەمەبەستی وردبینی لە لیستەکان و جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە ڕەوانەی خانەنشینی کراون بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ی ساڵی 2019 وەک هەموارکراو، حیسابکردنی بڕە پارەکە لە دوایین زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و حیسابکردنی پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە؛ کە ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە - داوا له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ین كه‌ ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە زیاتر لە موچەیەک وەردەگرن و یاساکانی هەرێم دەیانگرێتەوە، کۆپییەکی ئەو یاسایانەشمان ڕاده‌ست بكات بۆ ئەوەی مانگانە لە لیستەکان دورنەخرێنەوە  - پرسی  (ته‌وتین) زۆر پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و پشت نەبەستن بە لیستە کاغەزییەکان بۆ ئەوەی دەستبەجێ موچەکە بگاتە ده‌ستی ئەو کەسانەی کە مافی خۆیانە، ئەوەش مافێکە کە به‌پێی دەستور بۆ هەمو فەرمانبەرێک مسۆگەر کراوە، هه‌ربۆیه‌ وەزارەتی دارایی فیدراڵی زیاتر لە جارێک ڕونیکردوه‌تەوە کە هۆکاری ئەم دواکەوتنە نییە، بەڵکو هەرێمە  


درەو: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "هاوار نیوز": 🔹سوریا گۆڕانكارییەكی مێژوویی بەخۆوە دەبینێت، بەڵام روبەڕوی ئاستەنگ و ئاڵنگاری بووەتەوە. 🔹داگیركەری توركی هەوڵەكانی سەقامگیری و بونیادنانی سوریای ئایندە پەكدەخات. 🔹ئێمە بەردەوام كاردەكەین لەپێناو راگرتنی ئاگربەستی هەمیشەیی و ئاڕاستەكردنی ناوچەكە هاوشێوەی تەواوی سوریا بەرەو سەقامگیری، بەڵام تائێستا هیچ دەستپێشخەری ئەرێنیمان پێنەگەیشتووە لەو لایەنانەی هێرشمان دەكەنە سەر. 🔹ئەو سەردانەی بۆ هەولێر ئەنجامماندا تایبەت بوو، بەدەر نەبوو لەكۆبونەوەكانی تر، پەیوەندییەكەی تەلەفونیشیمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، وەك دەزانن پەیوەندیەكی باشیشمان هەیە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و لەپەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵی، یەكێتی كورد لەم كاتەدا لەهەموو كات زیاتر گرنگترە. 🔹هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەرێنیە، ئەوان دەیانەوێت هاوكاری رۆژئاوا بكەن لە دانوستەكانمان، پشتیوانی و پاڵشپتی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژئاوا لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە. 🔹پێویستە لە رۆژانی داهاتوودا حزبە سیاسیە كوردیەكانی رۆژئاوا كۆببنەوە، لەسەردانەكەمان بۆ هەولێر یەكێك بوو لە تەوەرە سەرەكییەكانی باسەكانمان و هەولێریش پشتیوانی دەكات. 🔹بەشێك لەوەی لەگفتوگۆكانی سەردانەكەمان پێیگەیشتن، یەكخستنی هەڵوێست و بەرمانەی سیاسیە حزبە كوردیەكانی رۆژئاوای كوردستان و پێكهێنانی دەستەیەكی یەكگرتووە بەناوی كوردەوە، بۆ رۆیشتن بۆ دیمەشق و ئەنجامدانی دانوستان. 🔹هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك رابردوو نیە، چوار ساڵە هێزەكانمان كاردەكات لەسەر پێشخستنی توانا سەربازییەكانی و پەنابردن بۆ جۆرەها تەكنیكی سەربازی، كە سەرجەمیان لەچوارچێوەی بەرگریكردنە، چونكە ئێمە هێزێكین بۆ بەرگریكردن لەخۆمان دروستبوین نەك بۆ هێرشكردن. 🔹پێویستە هەموان ئەوە بزانن هێرشكردن بۆ سەرناوچەكانمان گەشت و سەیران نیە، لەم قۆناغەدا ئەوەمان سەلەماندووە لەڕێی پاراستنی هێزەكانمان لە بۆردومانی ئاسمانی توركیا. 🔹لەسەر ئاستی تەكنیكیش، رێوشوێنمان هەیە و سەركەوتنی سەلماندووە، ئەو هێرشانەی پوچەڵكردووەتەوە كە دەكرێتە سەرناوچەكانمان، هێرشی زەمینی بێت وەك ئەوەی ناوچەی تشرین بەخۆیەوە دەبینێت، یان ئاسمانی، كە چەندین درۆنی توركیامان تێكشكاندووە، ئەوەی تائێستا پیشاندراوە تەنها بەشێك لە رێوشوێنەكانی پاراستنی ناوچەكانمانە، كە سەرجەمیان بەرهەمی خۆمان و ناوی خۆماڵیان لێنراوە. 🔹هێزەكانمان رێگەنادات داگیركەران و بەكرێگیراوەكانی لە دەریاچەی فورات بپەڕنەوە. 🔹كاتێك پرۆسەی (ردع العدوان) دەستی پێكرد، دەستەی تەحریری شام پەیوەندییان پێوەكردم، وتیان ئامانجیان رژێمی سوریایەو ناوچەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات ناكەنە ئامانج، ئەمڕۆش بەهاوكاری نێوەندگیران، هەماهەنگی هەیە لەنێوانمان لەڕووی سەربازییەوە لە رقەو دەیرلزورو تەنانەت لە شاری حەڵەبیش. 🔹دیدارێكی دورودرێژمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی دەستەی تەحریری شام ئەنجامدا، خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوانمان و رێككەوتنمان كردووە لەسەری، سەبارەت بە ئایندەو سروشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەچوارچێوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سوپای سوریای ئایندەداو، یەكێتی خاكی سوریاو پێویستی چالاككردنی گفتوگۆو چارەسەری سیاسی.


وینثرۆپ رۆجەرز, تایبەت بە (درەو): ئیدارەی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم، ڕووبەڕووی دیمەنێکی سیاسی نوێ دەبێتەوە. لەناو ئەو نادڵنیاییە زۆرەدا، پرسیاری زۆر بەپەلە سەبارەت بە داهاتووی هەیە. لەوانە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆیی، نیشتمانی، ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکی. دۆزینەوەی وەڵامەکان شتێکی ئاسان نیە. -     چی بکرێت سەبارەت بە دابەشبوونی ناوخۆیی کوردەکانی سوریا؟ -     پێگەی كوردەكان لە سوریای نوێدا چۆن دەبێت؟ -     هەنگاوەکانی تورکیا و زلهێزەکانی تری ناوچەکە چی دەبێت؟ -      ئایا ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەردەوام دەبێت یان سیاسەتەکانی ئێستای لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگۆڕێت؟ -    ئەمریكا لە نێوان پشتیوانی كوردەكانی سوریا وتەماحە سیاسیەكانیدا كامیان هەڵدەبژێرێت؟ کاروباری ناوخۆی کورد وەک لە زۆرێک لە بەشەکانی تری کوردستان، سیاسەتی کوردی لە سوریا دابەشبووە بەسەر چەند کوتلەیەکدا. هەرچەندە خواستی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بە شێوەیەکی بەرفراوان دانپێدانراوە. کە ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی حوکمڕانییەکی یەکگرتوو و دیموکراسی و پێگەیەکی بەهێز لە دانوستان لەگەڵ زلهێزە نوێیەکانی دیمەشقدا دەخاتە ڕوو، هەروەها چارەسەری داواکارییەکانی ئەکتەرە ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکییەکان دەکات. سەرەڕای ئەوەش، سەلمێنراوە بەهۆی ناکۆکییەکانیان یەکڕیزی زەحمەتە لە نێوان پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، کە پابەندە بەو بەرنامە سیاسییەی کە عەبدوڵڵا ئۆجالان دایمەزراندووە، لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا ئەمریکا و فەرەنسا و ئەوانی تر چەندین جار هەوڵی ئاشتکردنەوەی هەردوولایان داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. بەڵام پێدەچێت ئەو چەقبەستووییە بشکێنرێت. ڕۆژی 16ی کانونی دووەم، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی سوریا و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنزیک هەولێر کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن بە ئامانجی بنیاتنانی یەکڕیزی کورد. ئەو کۆبوونەوە گرنگە بە نێوەندگیری ئەمریکا بووە، کە دەوترێت عەبدییان گواستووەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. هەردوولا دانیان بەوەدا نا کە گفتوگۆکان ئەرێنی بوون. ئەم هەواڵە بووە هۆی ئاهەنگگێڕان لە قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە دڵەوە لەلایەن کوردانی جیهانەوە پێشوازی لێکرا. لە کاتێکدا ئەم پێشهاتە چاوەڕواننەکراوە هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام تەنها بەشێکە لە پرۆسەکە. ڕێککەوتنەکانی پێشوو بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکان لەنێوان فراکسیۆنە کوردەکانی سوریا جێبەجێ نەکران. پرسیاری ئەوەی ئایا ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە دەتوانێت بەرهەمدار بێت و بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەشق و حکومەتە دەرەکییەکان دابمەزرێنێت؟ وەڵامەکەی هەم بەندە بە فاکتەرە ناوخۆییەکان و هەم بە هەڵوێستی زۆر گرووپی دیکە. سوریای نوێ پرسیارێکی دیکەی بەپەلە ئەوەیە کە چۆن ئەو پێکهاتە سیاسی و ئەمنییە تاڕادەیەک باش دامەزراوانەی کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبوون، لەگەڵ ئەوانەی لە دیمەشق تازە دروست دەبن، کارلێک دەکەن. سیستمێکی بەهێزی فیدراڵی دیموکراسی لە دڵی بەرنامەی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادایە، کە بە پێچەوانەی ئەو ناوەندگەرایی و دەسەڵاتخوازی نەتەوەییەوە بوو کە ڕژێمی ئەسەد پشتگیری لێدەکرد. هەروەها دەستەی تەحریر شام و گروپە یاخیبووەکانی دیکەی سوریا کە ئێستا بەرپرسی حکومەتن لە دیمەشق، دژایەتی مۆدێلی بەعسیان دەکرد، بەڵام هاوبەشی تێڕوانینی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نین لەم خاڵەدا، پێناچێت پێکهاتەیەکی فیدراڵی قبوڵ بکەن کە ئەو جۆرە ئۆتۆنۆمییە بە کورد ببەخشێت کە لە تەنیشتیەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەبینرێت. ڕەنگە بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی ئەوەندە بەهێز بێت کە بتوانێت دانوستان لەسەر ڕێکخستنێکی لەو شێوەیە بکات، بەڵام بەزەحمەت گەرەنتی دەکرێت. بێ گوێدانە ئەوە، زۆر گرنگە کە کوردەکانی سوریا و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە پارێزگاری یاسایییان هەبێت کە بە شێوەیەکی متمانەپێکراو جێبەجێ بکرێت. ئەمەش هەم چارەسەری ئەو پێشێلکارییە مێژووییانە دەکات کە بەرامبەریان ئەنجامدراون و هەم یارمەتیدەر دەبێت بۆ دامەزراندنی ئەو بناغە هاوسەنگانەی کە سوریا پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی گەشە بکات. ئایا کوردەکانی سوریا هاوبەشێکی هاوکار لە حکومەتی نوێی دیمەشقدا دەدۆزنەوە یان نا، پرسیارێکی کراوەیە. پاشخان و مەبەستی کوتلە پێشەنگەکانی - بە تایبەت سوپای نیشتمانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت - لەڕادەبەدەر گوماناوییە. وریایی پێویستە، هەروەها پراگماتیزمیش. تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت زلهێزە ناوچەییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئایندەی کورد لە سوریا دەبێت. گرنگترینیان تورکیایە کە بەردەوام دژی دامەزراندنی قەوارەیەکی کوردی بووە لەسەر سنووری باشووری خۆی. لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دەستێوەردانی سەربازی گەورەی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامداوە و زۆرجاریش هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان ئەنجام دەدات. جگە لەوەش، میلیشیا بە وەکالەتەکانی ئەنقەرە، سوپای نیشتیمانی سوریا، لە شوێنەکانی وەک عەفرین، چەندین دڕندەییان بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی کورد ئەنجامداوە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوپەیمانە سیاسییەکانی ستراتیژێکی نوێیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گرتەبەر و ڕێگەیاندا بە کۆبوونەوەی نێوان ئۆجەلان، کە تا ئێستاش لە گرتووخانەیەکی تورکیادا زیندانە، لەگەڵ سیاسەتمەدارانی کورد. گەشبینییەک لەم هەوڵە هەیە، کە دەتوانێت ڕێڕەوی کورد لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت. کە هەر ئەوەش رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی بارزانی و عەبدی بەڕێوەبچێت. بەڵام بەهەمانشێوە ڕونە کە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەنقەرە سەبارەت بە کورد بە گشتی و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی گۆڕانکارییەکی جەوهەرییان بەسەردا نەهاتووە. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بەردەوامن و لێدوان و ئەدەبیاتی قسەکردنیشیان هەروا دوژمنکارانەن. تورکیا چۆن دۆخەکە بەڕێوە دەبات، ڕەنگە کاریگەرترین پرسیار بێت کە لێرەدا دەخرێتەڕوو. تا ڕادەیەکی کەمتر، ئێران و ڕووسیاش لە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا ڕۆڵیان هەیە. هەردووکیان یاریزانی سەرەکی بوون لە سەردەمی ئەسەد و لە ئەنجامی کەوتنی ئەسەد کاریگەرییان کەمبووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش بەردەوامن لە پاراستنی بەرژەوەندییە ناوچەییەکانیان و بۆ ئەوەش هەلپەرستانە مامەڵە دەکەن. کە ئەمەش بە دڵنیاییەوە شایەنی ئەوەیە لەبەرچاوبگیرێت. گەڕانەوەی ترەمپ لە کۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی چۆن مامەڵە لەگەڵ سوریا دەکات؟ بە پێچەوانەی زۆربەی سەرۆکە تازە هەڵبژێردراوەکانی ئەمریکا، ترەمپ پێشینەیەکی لەوبارەیەوە ھەیە، ھەرچەندە پێشینەیەک نییە کە بۆ کورد دڵخۆشکەر بێت. لە ساڵی ٢٠١٩ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕایگەیاند کە بەنیازە هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکشێنێتەوە، ئەمەش گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵکرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی. هەرچەندە دواتر قایلکرا بە هێشتنەوەی ئامادەیی سەربازی ئەمریکا بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە ترەمپ بە گومانە لە گرنگی و بەهای ئەو ئامادەبوونە سەربازییەی ئەمریکا لە ناوچەکە. هەرچەندە تیمی ئاسایشی نیشتمانییەکەی لە کەسانێک پێکهاتووە کە زیاتر پشتگیری ڕۆڵێکی بەهێزی ئەمریکا دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش وەزیری دەرەوەی پێشنیارکراو مارکۆ ڕوبیو و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی مایکل والتز. زۆر کەس ئەمە بە نیشانەیەکی ئەرێنی دەزانن کە ئیدارەی نوێ ئامادەیی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەپارێزێت. بەڵام دوو هۆشداری گرنک هەیە لەگەڵ ئەم دەرفەتە گرنگەدا.  یەکەم: بەزەحمەت گەرەنتی ئەوە دەکرێت کە یاریدەدەرانی ترەمپ بتوانن ڕێنمایی ڕەفتارەکانی بکەن. ئەوان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لەوێدان نەک بە پێچەوانەوە. جگە لەوەش تەنها ئەوان نین کە ترەمپ گوێیان لێدەگرێت و سەرۆک خوی ئەوەی هەیە کە کەسەکانی خوار خۆی بشکێنێت ئەگەر ناڕەزایی لە شتێک دەرببڕن. ڕوبیۆ ڕکابەرێکی سیاسی پێشووە کە ترەمپ بە "مارکۆی بچووک" بێڕێزی پێدەکرد. هەربۆیە وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا ڕێگایەکی سەختی لەپێشە. دووەم: زۆرجار چاودێران هەڵە دەکەن کە پشتیوانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ کورد، لە چوارچێوەی ئەولەویەتەکانی جیۆستراتیژی واشنتۆندا، تێکەڵ دەکەن لەگەڵ پشتیوانی لە تەماحە سیاسییەکانیان لەو وڵاتانەی کە کوردی تێدا دەژی. هەردوو ڕوبیۆ و والتز قسەی باشیان هەیە لەسەر کورد، بەڵام بەڕوونی سەرنجیان لەسەر ئێران و دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ە. شایانی بیرهێنانەوەیە کە یەکەم ئیدارەی ترەمپ بوو کە دژایەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستانی کرد. ئاماژەکان بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ دۆخی نوێی سوریا لەوانەیە لەو ڕوداوەدا بدۆزرێتەوە. تێدەگەین، گەشبینییەکی زۆر بە داهاتووی سوریا لە دوای داڕمانی ڕژێمی ئەسەد هەیە، بەڵام نادڵنیایی گەورەش هەیە. ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆیی، نیشتمانی، ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکی لە یارییەکەدان. کوردەکانی سوریا دەبێ بەم ئاوە لێڵ و ناڕونەدا تێپەڕن. هەربۆیە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان ئەم چەند مانگەی داهاتوو گرنگە.    


  درەو: لیستی موچەی مانگی یەكی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە (1 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار، بە لیستی موچەو پاداشتی ئەوانەی خانەنشین دەبن. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند: باسی موچەی مانگی 12ی 2024 نەماوە ئەوەی لە ئێستادا تەركیزی لەسەرە موچەی مانگی یەكە چونكە دەكرێتە بنەما بۆ موچەی مانگەكانی تر لە 2025دا. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ لیستی موچەی مانگی یەكی 2025ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرجی موچە زیاد بووە و گەیشتووەتە زیاتر لە (1 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار چونكە زیاتر لە (30) هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەبن و چاوەڕوان دەكرێت (12) موچەی كۆتاییان پێبدرێت كە ئەمە پارەیەكی زۆرە، بۆیە خەرجی موچە گەیشتووەتە زیاتر لە (ترلیۆنێك و 100 ملیار) دینار، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ كارەكانی وەفدی تەكنیكی نێوان هەردوولا تەواو بێت و رۆژی هەینی لە بەغداد وەفدی هەرێم و بەغداد كۆدەبنەوە، بۆ چارەسەری كێشەی موچە.   لەماوەی (11) ساڵی رابردوودا لەگەڵ ەوەی دامەزراندن نیە، بەڵام بەردەوام خەرجی موە زیادیكردوە: خەرجی موچە چەند زیادیكردووە: -    ساڵی 2014 :بڕی (850) ملیار دینار -    ساڵی 2019 : بڕی (892) ملیار دینار -    ساڵی 2020 : بڕی (895) ملیار دینار -    ساڵی 2022: بڕی (913 )ملیار دینار -    ساڵی 2023: بڕی (930) ملیار دینار -    ساڵی 2024: بڕی (1 ترلیۆن) دینار   واتا لە ساڵی 2014 تا 2024 خەرجی موچە لە (850) ملیار دینارەوە بۆ (1 ترلیۆن) دینار زیادی كردووە بڕی زیادكردنەكە (150) ملیار دینارە واتا بەرێژەی (15%) خەرجی موچە زیادی كردووە، سەرەڕای جێبەجێكردنی یاسای چاكسای و ساڵانەش (5 -6) هەزار كەس خانەنشین دەبن.  


      مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە (هەر کەسێک ئەو کارە ئەنجام بدات، سزا دەدرێ بە بڕی،( ٢٥٠،٠٠٠) تا (١,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیۆن دینار.‌) لە ئێستادا لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردەواری و بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێ لانەکان ئەنجام دەدرێت. لە کاتێکدا چەندین فەرموودەی پیرۆز لە ئاینی ئیسلامدا هەن کە موسوڵمانان هاندەدات بەزەییان بە ئاژەڵ و باڵندەکاندا بێتەوە و چەندین چیرۆک و بەسەرهاتیش لەو بارەیەوە باس کراوە، کەواتە ئەمە بۆ کۆمەڵگەیەکی زۆرینە موسوڵمان کارێکی نەشیاو و قێزەونە.  لە کوردستان یاسایەکی تایبەت بەو بابەتە بونی هەیە بەناوی، یاسای ژمارە (۱٤)ساڵی (۲۰۲۲)یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێ لانەکان، کە لە (۲٤)مادە پێکهاتووە، بە واژۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەقایعی کوردستان لە ٥/۲/۲۰۲۳ بڵاو بۆتەوە. وەک لە کۆتایی یاساکەدا ئاماژەی پێکراوە، هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن لە پێناو پاراستنی ئاژەڵان و ڕێکخستنی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، و بۆ ڕێکخستنی ئەو بوارانەی لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمدا ڕێک نەخراون، و بۆ چەسپاندنی کلتوری ئاژەڵدۆستی، ئەم یاسایە دەرچوێندرا. ماددەی (۷):ی یاساکە بە چەند خاڵێک باس لە ئازاردانی ئاژەڵ و باڵندەکان دەکات کە ئێمە ئەم چەند دانەیەمان مەبەست بوو دیاریمان کردووە. یەکەم: -١- ئەم کردارانە دەرهەق بە ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان قەدەغەیە: أ- ئەنجامدانی هەر ڕەفتارێکی بە ئەنقەست کە ببێتە هۆی ئه‌شكەنجە دانی ئاژەڵ یان زیان پێگەياندنی. د- سازدانی شەڕ لە نێوان ئاژەڵێک و ئاژەڵێکی دیکە یان پەلەوەر و پەلەوەرێکی دیکە، بە شێوەیەک ببێتە مایەی زیان پێگەياندن یان کوشتنی یەکێکیان. و- بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە کردارەکانی هاتوو لەم بڕگەیەدا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ۲- أ- هەر کەسێک یەکێک لەو کردارانەی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، دەرهەق بە ئاژەڵی ماڵی یان ئاژەڵی بێلانە ئەنجامبدات، بە پێبژاردنێک کە لە (٢٥٠،٠٠٠) دووسەد و پەنجا هەزار دینار، کەمتر نەبێت و لە (١,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت. لە مادده‌ی (۱۷)ی ئەم یاسایەدا مافی سکاڵا تۆمارکردنی داوە بە چەند لایەنێکی تایبەتمەند کە دەتوانن سکاڵا لەسەر ئەو کەس و دەزگا ڕاگەیاندنانە تۆمار بکەن کە ئەو سەرپێچییانە ئەنجام دەدەن. کۆمەڵە و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی پاراستنی ئاژەڵان و چالاکوانانی بواری ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزى دەتوانن دەربارەی هەر سەرپێچییەک لە حوکمەکانی ئەم یاسایە، سکاڵا تۆمار بکەن. بە مافی خۆمان دەزانین، لە ئێستا بە دواوە، وەکو ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، هەر کەس و دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بەو کارانە هەستن و ئەو دیاردە نەشیاوە بڵاو بکەنەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین، و دەبێ لەبەرامبەر ئەو کارەیان سزابدرێن... داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەنیدارەکان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکەین،  سکاڵا لەسەر ئەو کەس و کەناڵ و دەزگا ڕاگەیاندنانە تۆمار بکەن کە بەم کارە هەڵدەستن، کە بە داخەوە لە ئێستا و لە ڕابردووشدا بە ئاشکرا بەشەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەکان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان گۆڕەپانی تایبەتیان هەیە و بانگەشەی بۆ دەکرێ و دواتر نمایش دەکرێ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، پێویسته ئەو شوێنانە دابخرێن و ڕێگەیان پێنەدرێت.  


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لە ساڵانی رابردودا، لە زۆرێک لە پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانی عێراق و کوردستاندا نارەزاییەکی بەرفروان و فرەجۆر بەرامبەر پلانی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩، هاتەکایەوە. چەندان رێکخراو و هێزی مەدەنی، هەزارەها چالاکەوانی بواری پاراستنی مافی ژنان، چەندان ڕێکخراوی جیهانی، لەناویاندا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و رێکخراوی «چاودێریکەری مافەکانی مرۆڤ»، هیومان رایتس ۆچ، بەگژ پلانی هەموارکردنەوەکەدا چوونەوە و رەخنەی قورس و وێرانکەریان لێگرت. هەموو ئەم لایەنانە هەوڵی هەموارەکردنەوەکەیان وەک پاشکشەیەکی بەرچاو وهەوڵدان بۆ  ژێرپێنانی مافەکانی ژنان و مافی کچانی منداڵ نرخاند، لەراستیدا وەک عەیب و عارێکی یاسایی و ئەخلاقی گەورە مامەڵەیان کردوە. لەسەر ئەو بنەماوانەش زیاد لە جارێک   رێ لە تێپەڕاندنی پلانی هەموارکردنەوەکە لەناو پەرلەمانی عێراقدا، گیرا. بەپێی هەندێک راپرسیش، لەناویاندا ڕاپرسیەکی ئەلکترۆنی کە ساڵی پار لەگەڵ 61 هەزار و 648  هاووڵاتی عێراقیدا ئەنجامدراوە، 73.2٪ بەشداربووانی راپرسییەکە بەتوندیی دژی هەموارکردنەوەی یاساکە بوون، لەبەرامبەردا تەنها 23.8٪ بە توندیی پاڵپشتیی هەموارکردنەوەی یاساکەیان کردوە. بەگوێرەی هەمان راپرسی 81.6٪ی بەشداربووان دەیانەوێت یاسای باری کەسێتیی مەدەنی و ناتائیفی بێت، لەبەرامبەردا تەنها 18.4٪ بەشداربووان یاسایەکی ئاینیی و تایفەگەرییانەیان دەوێت. کەچی سەرەرای ئەو ڕاستییە سادانەی سەرەوە، هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق، لەناو کەش و هەوای سازشکردنێکی سیاسیی ناشیریندا، یاساکەیان هەموارکرد و سەرجەمی نارەزایبوونەکانیان فڕێدایە ناو تەنکەی خۆڵی پەرلەمانەکەیانەوە. تێپەڕاندنی ئەم یاسایە یەکێک لە رووداوە هەرە ناشیرینەکانی دونیای دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینە. هێماش بۆ یەکێک لەو غەدرە گەورانەش دەکات کە نوخبە سیاسییە گەندەڵ و نوخبەی دینییە هەلپەرستەکە، لە ولاتەکەدا لە کۆمەڵگاکەی دەکەن. ئەوەی روویدا پیادەکردنی چەند گۆڕانکاریەکی ترسناکە لە یاسای باری کەسێتیدا لە پەیوەندیاندا بە مافەکانی ژنان و منداڵانەوە لەو وڵاتەدا. لەپێش هەمووانەوە ئەنجامدانی هاوسەرگیریی نەک لەسەر بنەمایەکی یاسایی مەدەنیی، بەڵکو لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ئەحکامی مەزهەبی، جا چ لای شیعە یان لای سونەکان بێت. خۆ ئەگەر ژن و پیاوەکەش مەزهەبیان جیاوازبوو مەزهەبی پیاوەکە بەسەر ژنەکەدا دەسەپێندرێت. هاوکات یاساکە ڕێ بەوە دەدات کچی تەمەن ٩ ساڵان هاوسەرگیربکات. لە دۆخی جیابوونەوەشدا پیاوان لەو پەیوەستبوونانە ئازاددەکات کە لە بەرامبەر هاوسەر و منداڵەکانیاندام پێویستە هەیانبێت.  یاسا تازەکە بەشێوەیەکی گشتی مافەکانی ژنان لەزیاد لە بوارێکدا پێشێلدەکات. ئەمەش هەم لە دابەزاندنی تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرییەوە بۆ تەمەنێکی هێجگار منداڵ، هەم لە بێبەشکردنی ژنان لە زۆرێک لە مافەکانیان لە دۆخی جیابوونەوەیاندا. بەبۆچونی من لانی کەم چوار کێشەی سەرەکیی لە ئەنجامدانی ئەم هەموارکردنەیەوە دەکەوێتەوە. یەکەمیان، تۆخکردنەوەیەکی ترسناک و هەمەلایەنەی شوناسی تائیفیی و مەزهەبی کە بە تائیفکردنی زیاتر و زیاتری ژیانی کۆمەڵایەتیی و مەدەنی کۆمەڵگای عێراقی لێدەکەوێتەوە. شیعەکان پێیانوایە زیاد لە هەزار ساڵە سیاسەتی بێبەشکردن و چەوساندنەوە لە دژی شیعە هەیە، بۆیە بە مافی خۆیانی دەزانن بگەڕێنەوە بۆ فیقی جەعفەری، سونەش بگەرێتەوە بۆ هەر فیقێک کە دەیەوێت. بەبێ گوێدانە ئەو راستییە سادەیە کە ئەم بە مەزهەبیکردنەی یاسای بواری کەسایەتی، ئەو چەند رایەڵە لاوازەش وێران دەکات کە عێراق دەکاتە وڵاتی هەموو دانیشتیوانەکەی. کۆتاییش بە بیرۆکەی هاوڵاتیبوون لەم وڵاتەدا دەهێنێت و ئەو درزە گەورەتر و قووڵتر دەکاتەوە کە رێ لەوەدەگرێت دانیشتیوانی ئەو وڵاتە ببن بە نەتەوە یان میلەتێک بەلانی هەرەکەمی یەکگرتن و هەبوونی هاوبەشەوە. لانیکەم هاوبەش لە ئاستی یاساییدا لە بوارێکی گرنگی وەک بواری دروستکردنی خێزاندا، وەک یەکەیەکی سەرەکی دروستکردنی کۆمەلگایەکی هاوبەش .   دووهەمیان، لاوازکردنی دەوڵەت و دەزگاکانی لەبەردەم دەسەڵاتی دینیی گروپ و بکەرە دینییەکاندا، ئەمەش لە ڕێگای دروستکردنی دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت و بە دەزگا دەوڵەتییەکان. ئەمە لە وڵاتێکدا کە چەندان فۆرمی ترسناک لە دەسەلاتی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت لەو وڵاتەدا هەیە و کاردەکات. لەم رووەوە وەکچۆن «حەشدی شەعبی» دروستکردنی دەسەڵاتێکی سەربازیی تەریبە بە دەسەڵاتی سەربازیی دەوڵەت و سوپا لە عێراقدا، ئاواش ئەم هەموارکردنەوەیە سەندەنەوەی دەسەڵاتە لە دەوڵەت و دەزگاکانی، بە تایبەتی لە دەزگاکانی دادوەریی و بەخشینی بە کۆمەڵێک بکەری دینی کە وەک مەرجەع و موفتی و وەقف دەناسرێن. هەموارکردنەوەکە پەراوێزخستنی تەواوی دادگا و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دینیی و مەزهەبی بکەرە دینییەکانی لێدەکەوێتەوە، لەوانەش بەهێزبوونی دەسەڵاتی وەقفی شیعە و وەقفی سونە و مزگەوت و حوسەینییەکان و ئەو مەلا و کەسایەتییە دینیانەش کە وەک مەرجەعی دینیی خۆیان دەناسێن. ئەم یاسا تازەیە ڕێگا بە پیاوانی ئاینی شیعە و سوننە دەدات بڕیار لەسەر کاروباری هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میرات بدەن، کە پێویستە بریارەکانی ئەو بوارانە بڕیاری دادگابێت، نەک ئەم یان ئەو بکەری دینیی. ئاوسانی دەسەڵاتی دینیی لاوازبوون و پەراوێزخستنی دەسەڵاتی یاسایی و مەدەنیی، دەرنجامی ئەم هەموارکردنەوەیە. سێهەم، بەهێزکردن و سەپاندنی پیاوسالاریی لە فۆرمە هەرە دەسەڵاتگەر و بێمافکەرەکەیدا. یاسا تازەکە بە پیاوان دەسەڵاتێکی گەورە دەبەخشێت و بە ژنان و منداڵان بێمافییەکی گەورە. بۆ نموونە لە دۆخی ئەنجامدانی هاوسەرگیری دوو کەسی سەربە دوو مەزهەبی جیاوازدا، مەزەهەبی پیاوەکە پیادەدەکرێت و مەزهەبی ژنەکە پشتگوێدەخرێت. هەروەها لە ئازادکردنی پیاواندا لەو پابەستەبوونە ماڵیی و داراییەی لە هاوسەرگیریدا بەرامبەر بە ژنان دەکەوێتە سەریان. لە کۆمەڵگایەکدا ئیشکردنی ژنان لە ئاستێکی تەواو نزم و پڕ لە هەڵاوێردنی جێندەریانەدایە، لابردنی ئەو بەرپرسیاریە ماڵییە لەسەر پیاوان، بێبەشکردنی ژنانە لەو لانی هەرەکەمە لە بژێو کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی. ئەمەش هەم تاوانێکی یاساییە، هەم تاوانێکی ئەخلاقیی و ئینسانییە. ئەمە جگە لە گەیاندنی دۆخی پیاوسالاری بەئاستێکی تەواو نابەرپرسیارتر لەوەی لە ئێستادا هەیە و کاردەکات.  چوارهەم، گرێدانی پیاوبوون بە حەز و خواستی سێکسرکردن لەگەڵ کچانی زۆر منداڵدا، کە یەکسانە بە گرێدانی چەمکی پیاوبوون بە تاوانی پیدۆفیلییەوە. تاریکترین بەشی یاسا هەموارکراوەکە دابەزاندنی تەمەنی بەشودانی کچانە لە تەمەنی ٩ ساڵیدا. ئەمەش بە هەموو مانایەک ئەنجامدانی تاوانێکی هێجگار گەورەیە بەرامبەر بە منداڵیی و منداڵبوون. بەیاسایکردنی ئەنجامدانی تاوانی سێکسکردنە لەگەڵ منداڵێکدا، کە پێویستە، بە هەموو رێگایەک، لەناویاندا رێگای یاسایی، لەو حەز و خواستە سێکسییە نائینسانییە توندوتیژە، بپارێزرێت. سێکسکردن  لەگەڵ کچێکی ٩ ساڵیدا یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی دونیای ئەمرۆ.   گرێدانی ژیانی سێکسی نێرینە، «پیاو» بە سێکسکردن لەگەڵ منداڵێکی ٩ ساڵاندا، گرێدانی پیاوەتیی و پیاوبوونە بە تاوانێکی  گەورەوە. بەمەش خودی یاساکە ناشیرینکردنێکی کەم وێنەی چەمکەکانی «پیاو» و «پیاوبوون»ە و دابەزاندنیانە بۆ ئاستی گرێدانیان بە خواستێکی وەحشییانەی تەواوەوە. یاسا کۆنەکە تەمەنی هاوسەرگیریی بە ١٨ ساڵ دیاریکردوە. هەموارە تازەکە ئەم تەمەنە بۆ ٩ ساڵی دادەبەزێنێت. ئەمەش تەنها یەک ناوی هەیە بەیاساییکردن و بەدینیکردنی لاقەکردنی منداڵان. ئەوە چ یاسا و چ دینێکە سێکسکردن لەگەڵ کچێکی ٩ ساڵاندا وەک کردەیەکی شەرعی مامەڵەدەکات. بە کورتییەکەی، ئەم هەموارکردنە یاساییە هەم گیانی مەزهەبی لە عێراقدا تۆختر و تۆختر دەکاتەوە، هەم بە کردەوە دەوڵەت دەگۆرێت بۆ دەوڵەتێکی مەزهەبیی، هەم ژنان و منداڵانی وڵاتەکە دەخاتە ژێر دەستی عەقڵیەتێکی کۆنەپارێز و دواکەوتوی سەر بە هەزاران ساڵ لەمەوبەر. هاوکات ئەم هەموارکردنە رێ لە دروستبوون و بڵاوبوونەوەی چەمکی هاوڵاتیبوونی یەکسان دەگرێت، عێراق وەک دەوڵەت زیاتر لەوە دووردەخاتەوە  خاوەنی میلەتێکی یەکگرتووبێت. ئینجا پیاوسالاریی لە فۆرمە هەرە دەسەڵاتگەر و بێمافکەر و ئابرووبەرەکەیدا بەهێز و بەهێزتردەکات، تا ئەو شوێنەی جەمکی پیاوبوون بە لاقەکردنی کچانی تەمەن ٩ ساڵەوە گرێئەدات. ئەم فۆرمەش لە پیاوبوون رێگا لەبەردەم بە یاساییکردنی لاقەکردنی منداڵاندا دەکاتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand