فراوانكردنی كێڵگەى كۆرمۆر، ناكۆكی ناوخۆی گروپە شیعەكان
2024-01-26 15:24:25
درەو:
شەوی رابردوو لەیەككاتدا بە درۆن هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و كێڵگەی غازی كۆرمۆر، هێرشە درۆنیەكانی هەولێر لەلایەن (گروپی موقاوەمەی ئیسلامی عێراق)یەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەنجامدەری هێرشەكەی كۆرمۆر رانەگەیەندراوە، هێرشەكانی سەركۆرمۆر كۆمەڵێك رەهەندی جیاوازی هەیە، كێشە ناوخۆییەكانی گروپە شیعەكان و فراونكردنی كێڵگەی غازی كۆرمۆر و وشككردنی سەرچاوە ستراتیژییەكانی هەرێم بەشێكن لە هۆكاری هێرشە درۆنییەكان.
ئەمشەو هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە لەلایەن كۆمپانیای دانەغازەوە كاری بەرهەمهێنانی تێدا دەكرێت، بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هێرشەكە لەرێگەی درۆنەوە بووەو بەهۆیەوە هەناردەكردنی غاز بۆ وێستەگانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی (2800) مێگاوات كارەبا راگیراوە.
تا ئێستا ئەنجامدەر و هۆكاری پشت هێرشەكە رانەگەیەندراوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ گروپە شیعەكانی عێراقی سەربە ئێران دەچن كە لەناوچە جێناكۆكەكانی نێوان قادر كەرەم و دووزخورماتوو جێگیرن و نزیكەی (20) كیلۆمەترێك لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورن، كە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە، هەرچەندە بەشێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن ئەو گروپەی هێرشەكەی دوێنێ شەوی ئەنجامداوە، گروپێكی حەشدی توركمانیەو لەو ناوچەیە جێگیرن، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی رانەگەیەندراوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هۆكاری هێرشەكەی سەر كۆرمۆر كە چەند مانگ جارێك دووبارە دەبێتەوەو سەرچاوەی سەرەكی غازی وێستگەكانی كارەبای هەرێمەوە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە:
یەكەم: ناكۆكی گروپە شیعەكان:
لە ئێستادا لەرووی سیاسیەوە گروپە شیعە چەكدارەكانی سەربە ئێران ناكۆكن لەناو خۆیاندا، نێگەرانن لە پەیوەندییە دۆستایەتیە بەهێزەكەی نێوان قەیس غەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو گروپانە پێیان وایە ئەو دۆستایەتییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابورییەو قەیس خەزعەلی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان خۆی بەدوور دەگرێت، كە گروپەكانی (بەرەی موقاوەمەت) بۆسەر بنكەو بارەگاكانی هێزەكانی ئەمریكا ئەنجامی ئەدەن، لەرێگەی ئەم هێرشەوە بۆسەر غازی كۆرمۆر ئەیانەوێت ئەو پەیامە بە قەیس خەزعەلی و رەیان كلدانی بدەن یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەسەڵاتدارێتیەكەی لە سلێمانی لەو هێرشانە جیاناكرێنەوە، ئەو هێرشانە پەیام و مەسجی روونی گروپە شیعەكانی نزیك ئێرانە بۆ یەكێتی.
دووەم: فراوانكردنی كێڵگەكە:
هەر كات باس لە فراونكردنی كیڵگەی غازی كۆرمۆر دەكرێت لەلایەن كۆمپانیای دانەغازەوە، كێڵگەی كۆرمۆر رووبەرووی هێرشی موشەكی و درۆنی دەبێتەوە، فراوانكردنی بەرهەمهێنانی كێلگەی غازی كۆرمۆر نیگەرانی ئێران و گروپە شیعەكانی نزیك ئێرانی لێكەوتووەتەوە، ئەوان پێیان وایە ئەو كێڵگەیە بەشێكە لە كۆمپانیای نەوتی باكورو غازی ئەو كێلگەیە دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای نەوتی باكووردا بێت.
سێیەم: لێدان لە ژێرخانی هەرێم
لێدان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر تێكدانی ژێرخانی هەرێمی كوردستانە، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا غازی سروشتی وێستگەكانی كارەبای هەرێم و غازی ماڵانیش كە سەرچاوەی رووناككردنەوەو گەرمكردنەوەیە لە هەرێمی كوردستاندا سەرچاوەكەی كێڵگەی غازی كۆرمۆرە، بۆیە ئەو گروپانە دەیانەوێـت ژێرخانی هەرێمی كوردستان بەتەواوی وێران بكەن، هەروەك چۆن یەكێك لە ئامانجەكانی هێرشە درۆنییەكانی سەر هەولێر، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی هەولێرەو ئەویش بە ئامانجی داخستنی هەرێمی كوردستان بەرووی جیهاندا.
كێ هێرشەكان ئەنجام دەدات؟
لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هێرشكراوەتەوە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر بەڵام هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
مانگی حوزەیرانی 2022 چەند جارێك هێرشكرایە سەر كۆرمۆر، بۆیە لیژنەیەكی سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق پێكهات، ئەنجامی لیژنەكە دەست (درەو) كەوتوو ئەوكات كۆپییەكی بڵاوكردەوە بەم شێوەیە بوو:
• بەپێی شیكاری ئەو چاڵانەی بەهۆی هێرشەكەكانەوە دروستبوون، دەركەوت هەموو ئەو موشەكانەی ئاڕاستەی (كۆرمۆر) كراون، لە یەك ئاڕاستەوە هاتوون واتە لە خۆرهەڵاتەوە بە ئاڕاستەی خۆڕئاوا، هێرشەكان لەناو قوڵایی هەرێمی كوردستانو لە پشت كەرتی لیوای 16ی پێشمەرگەوە روویداوە.
• نزیكترین خاڵی شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان نزیكەی (29 بۆ 30) كیلۆمەتر لە هێزەكانی حكومەتی فیدراڵەوە دوورە، ناوچەی بۆشایی ئەمنیی لەنێوان هێزە فیدراڵییەكانو پێشمەرگە نزیكەی (9 بۆ 10 كیلۆمەترە) لە شوێنی كێڵگەكەوە.
• كێڵگەی كۆرمۆر بە سێ بازنەی ئەمنیی دەورە دراوە، بازنەی یەكەمو دووەم كۆمپانیایەكی ئەمنیی تایبەتە، بازنەی سێیەم پێشمەرگەیە، لە ئێستادا هێزێكی كۆماندۆش لەو ناوچەیە جێگیركراوە.
بۆچی كۆرمۆر ؟
رۆژی 5ی ئایاری رابردوو كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیای باكور لەوانە (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر).
خورمەڵە گەورەترین كێڵگەی نەوتی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمە لە زۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ( 175 )هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی كێشەلەسەرو حكومەتی عێراق داوای دەكاتەوە، لە زۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستانو پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات.
كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگاكانی عێراق لەبارەی (خورمەڵەو كۆرمۆر)ەوە سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە.
هەندێك پێیانوایە ئەم بارودۆخە وایكردووە گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانیان لە شوێنە دیپلۆماسییەكانەوە بگوازنەوە بۆسەر دامەزراوەكانی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان لەسنوری دەسەڵاتی پارتیو یەكێتی.
لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە هۆكاری پشت هێرشەكان بۆسەر كۆرمۆر دەبەستێتەوە بە كێشەیەكی یاسایی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتیو حكومەتی ئێرانەوە هەیە سەبارەت بە غاز، كۆمپانیا ئیماراتییەكە كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكات لە دادگای پاریس سكاڵای لەسەر كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران تۆمار كردووە لەبارەی پابەندنەبوون بە رێككەوتنێكی (25 ساڵە) كە ساڵی 2005 لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كراوە، سكاڵاكەی دانەغاز دوو بەشە، بەشی یەكەمی لە ئێران بردوەتەوە كە بەهاكەی (608 ملیۆن) دۆلارەو بڕیارە دادگا مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بڕیار لەسەر بەشی دووەمی كەیسەكە بدات.
گومان دەكرێت ئێران لەرێگەی میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە شەڕی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی گواستبێتەوە بۆ كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە پەیام بە ئیماراتییەكان بدات لەبارەی ئەوە دەتوانێت زیان بە ئابورییەكەیان بگەیەنێت.
كۆرمۆر.. سەرچاوەی غازی كوردستان
كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراو خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ.
كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو هەولێر.
بەرهەمی ئێستا كێڵگەكە بەمشێوەیە:
• گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا
• كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی
• گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێتو دەیگوازێتەوە.
غاز لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە.
گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت.
یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دابەشبونەكە بەمشێوەیە:
یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی
• كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا
یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی
• كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا
• كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا
• كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا
راپۆرتی پەیوەندیدار
غازی هەرێم لە كێشمەكێشی پارتیو یەكێتیدا
كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتیو یەكێتیدا گیری خواردووە
دادگای فیدراڵی سكاڵایەك لەسەر غازی كۆرمۆر رەتدەكاتەوە
غاز قەیرانی دارایی ھەرێم چارەسەر دەکات ؟
كێ هێرش دەكات ؟
دابەشبوونی جوگرافی بلۆکە غازییەکانی هەرێمی كوردستان
توانای کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان