هێرشەكەی كۆرمۆر (67%) كارەبای هەرێمی بڕی
2024-01-26 12:08:15
درەو:
بەهۆی هێرشە درۆنییەكەی شەوی رابردووی كۆرمۆر، رێژەی (67%)ی كارەبای هەرێم بڕاوەو پێدانی كارەبا بە موسڵ و كەركوك سفر بووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوی هەردوو وەزارەتی كارەباو سامانەسرووشتیەكانی هەرێم بەهۆی هێرشە درۆنیەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر رەوانەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راگیراوەو بووەتە هۆی بڕینی (2800) مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستان.
لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە (غازی سروشتی) بە بۆری رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت بۆ وێستەگەكانی كارەبای چەمچەماڵو هەولێر، كە رۆژانە (500) پێ سێجای غازی سروشتی رەوانەی ئەم وێستگانە دەكرێت
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پێش هێرشەكەی سەر كۆرمۆر لەسەرجەم وێستەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی (4200) مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهات و رۆژانە (6 - 10) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرایە هاوڵاتیان.
بەهۆی هێرشەكەوە بڕی (2800) مێگاوات لە كۆی (4200) مێگاوات كارەبای هەرێم بڕاوە دەكاتە رێژەی (67%)ی كۆی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان كەمكراوەتەوە، وەزارەتی كارەبای هەرێم بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، پێدانی بڕی كارەبای بە موسڵ و كەركوك راگرتووەو لە نزیكەی (1400) مێگاواتەوە كراوە بە سفر، بۆ ئەوەی بتوانێت رۆژانە دوو بۆ سێ كاتژمێر كارەبا بداتە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی مۆلیدە ئەهلییەكان تەحەمول بكەن و بتوانن لە پێدانی كارەبا بەردەوام بن.
بە پێی خشتەیەكی وەزارەتی كارەبا كە لە مانگی رابردوو دەست (درەو) كەوتبوو، بڕی پێدانی كارەبا بەم شێوەیە بوو:
لە سلێمانی (6:02) خولەك كارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتیان و لە هەولێر (10:17) خولەك، لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆدا (1413) مێگاوات دراوەتە موسڵ و كەركوك و (2318) مێگاوات بۆ هەرێمی كوردستان و (237) مێگاوات بۆ كارگەكان، لەكۆی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێم كە (3968) مێگاوات.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا دۆخی كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان لە نزمترین ئاستیدایە، بە جۆرێك ئێستا رۆژانە (6:02) خولەك كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و (10:17) خولەك دەدرێتە پارێزگای هەولێر.
دابەشبوونی كارەبا بە پارێزگاكانی هەرێم:
🔹 پارێزگای سلێمانی: 669 مێگاوات كارەبای پێدەدرێت
🔹 پارێزگای هەولێر: 1011 مێگاوات كارەبای پێدەدرێت
🔹 دهۆك: 525 مێگاوات كارەبای پێدەدرێت
🔹 گەرمیان: 86 مێگاوات كارەبای پێدەدرێت
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی رۆژی 27/12/2023:
🔹 موسڵ: (898) مێگاوات كارەبای لە هەرێمەوە پێدەدرێت
🔹 كەركوك: (515) مێگاوات كارەبای لە هەرێمەوە پێدەدرێت
🔹 كۆی ئەو كارەبایی دەدرێت بە موسڵ و كەركوك ( 1413) مێگاواتە، بەرێژەی (36%)
🔹 كۆی ئەو كارەباییەی دەدرێتە هاوڵاتیانی هەرێم (2318) مێگاواتە بەرێژەی (58%)
🔹 كۆی ئەو كارەبایەی دەدرێتە كارگەكانی هەرێم (237) مێگاواتە بەرێژەی (6%)
🔹 كۆی گشتی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێم (3968) مێگاواتە
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای هەرێم لە مانگی (12)ی ساڵی (2023)، سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا (2 هەزار و 715) مێگاوات کارەبایان هەیە بە توانای (39%)ی خۆیان، بەرهەمەکانیشیان بەم شێوەیە بووە؛
- وێستگەی غازی دهۆک (81) مێگاوات بە توانای (8%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- وێستگەی غازی هەولێر (581) مێگاوات بە توانای (39%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- وێستگەی غازی چەمچەماڵ (494) مێگاوات بە توانای (33%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- وێستگەی غازی خورمەڵە (740) مێگاوات بە توانای (74%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- وێستگەی غازی بازیان (475) مێگاوات بە توانای (95%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- وێستگەی غازی گەرمیان (80) مێگاوات بە توانای (48%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
هەریەک لە وێستگانەشی بە (دیزڵ) کاردەکەن؛
- هەولێر (13) مێگاوات بە توانای (45%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- سلێمانی (20) مێگاوات بە توانای (69%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- دهۆک (0) مێگاوات بە توانای (0%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
لەو وێستگانەشی بە نەوتی ڕەش کاردەکەن، بەرهەمهێنانی کارەبا بەم شێوەیەبووە؛
- تاسلوجە (0) مێگاوات بە توانای (0%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- باعەدرێ (125) مێگاوات بە توانای (83%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- خەبات (-2) مێگاوات بە توانای (-1%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
هەریەک لەو وێستگانەشی بە ئاو کاردەکەن، تێیاندا بەرهەمهێنانی کارەبا بەم شێوەیەبووە؛
- دوکان (35) مێگاوات بە توانای (9%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- دەربەندیخان (65) مێگاوات بە توانای (26%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
- دێرەلوک (8) مێگاوات بە توانای (22%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە.
راپۆرتی پەیوەندیدار