کێشەکانی پەیوەست بە سامانی ئاژەڵ لە گەرمیان
2024-01-22 16:19:28
درەو:
راپۆرتی: رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی رێكخراوی (NED)
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌نوێترین راپۆرتى مانگانه‌ى خۆیدا، تیشكیخستوهته سه‌ر کێشەکانی پەیوەست بە سامانی ئاژەڵ لە گەرمیان.
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به شێوازى (PDF).
رادیۆی ده‌نگ له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى دا به پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، له رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانه‌وه، مانگانه راپۆرتێك له‌سه‌ر كه‌رتێك بڵاوده‌كاته‌وه، تیایدا ورده‌كاری ناساندنى ئه‌و كه‌رته و كێشه‌كانى ده‌خاته‌ڕو.
بۆ ئه‌م مانگه به پێویستی زانیوه له‌سه‌ر سامانى ئاژه‌ڵ له گه‌رمیاندا بوه‌ستێت، تیایدا به داتا قه‌باره‌ى ئه‌م سامانه‌ى خستوه‌ته‌ڕو، هاوكات ئه‌و كێشه و ئاسته‌نگی و ئالهنگارییانهیشی باس كردوه كه بواره‌كه هه‌یه‌تى، ئاماژه‌یشی به رۆڵی حكومه‌ت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بواره و كێشه‌كانى دا داوه. هه‌روه‌ك له كۆتایی راپۆرته‌كه‌شدا، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ى گه‌ڵاڵه كردوه.
ده‌قی راپۆرته‌كه له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه.
کێشەکانی پەیوەست بە سامانی ئاژەڵ لە گەرمیان
بەشی یەکەم: کێشەکانی پەیوەست بە سامانی ئاژەڵ لە گەرمیان
یه‌كه‌م: مه‌ڕوماڵات
مه‌ڕوماڵات له پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانى سامانى ئاژه‌ڵه له گه‌رمیان، ژماره‌یه‌كى زۆریان له گه‌رمیان به‌خێوده‌كرێن.
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان له سنوره‌كه‌دا رێژه‌ى مه‌ڕوماڵات "مەڕ و بزن" و ره‌شه‌وڵاخ "گا و مانگا و گامێش" به‌مشێوه‌یه‌یە:
مه‌ڕوماڵات: 600 هه‌زار
ره‌شه‌وڵاخ: 10 هه‌زار
بەوتەی: به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، هیچ پرۆژه‌یه‌كى ئاژه‌ڵى گۆشت له سنورى گه‌رمیان كه مۆڵه‌تدار بێت، بونی نییە، ئەوەی کە هەیە هاوڵاتیان خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە ئاژەڵ بەخێودەکەن و دواتر دەیفرۆشنەوە.
خاوەن ئاژەڵەکان باس لەوەدەکەن چەندین کێشەیان روبەڕودەبێتەوە، کە لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین.
1. نه‌بونى کۆمەک و هاوکاریی لەلایەن حکومەتەوە
خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كه‌یان و رێژه‌یه‌ك مه‌ڕوماڵاتیان هه‌یه، به‌ڵام حكومه‌ت خزمه‌تگوزارى پێویستى پێشكه‌ش نه‌كردون.
به‌ختیار حه‌مه‌خان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى توكن له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: نزیكه‌ى 200 سه‌ر حه‌یوانم هه‌یه و چه‌ندین ساڵه به‌م كاره‌وه خه‌ریكم، حكومه‌تیش هیچ گرنگیه‌ك به‌م بواره نادات، هیچ هاوكارییه‌كمان ناكه‌ن، به‌جۆرێك بۆ ماوه‌ى 3 ساڵیشه ته‌نها ئه‌مساڵ 4 لیتر ئهسپهنهكى پێداوین كه حهیوانهكانمان پێ شۆردوه.
وتیشى: له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردو هه‌ر حه‌یوانێك 7 كیلۆ جۆى پێ ئه‌درا ئه‌ویش به پاره‌یه‌ك بو له‌گه‌ڵ بازاڕ هێنده‌ى جیاواز نه‌بو بۆ هه‌ر ته‌نێك 20 هه‌زار جیاوازى هه‌بوه، بۆیه حكومه‌ت هاوكارى نیه له ئێستادا، به‌تایبه‌ت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان.
هاوكات، ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى به‌رلوت، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: نزیكه‌ى 150 سه‌ر حه‌یوانم هه‌یه و چه‌ندین ساڵه به‌م كاره‌وه خه‌ریكم، حكومه‌تیش گرنگیه‌كى ئه‌وتۆى نه‌داوه به سامانى ئاژه‌ڵ و ئه‌وه‌ى هه‌یه خۆمان به‌خێوى ده‌كه‌ین.
وتیشى: له ئێستادا هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك بۆ خاوه‌ن ئاژه‌ڵ نیه و ئه‌وه‌ى هه‌یه له‌سه‌ر داهاتى خۆى به‌خێوى ده‌كات، ئه‌مه‌ش وایكرد رێژه‌یه‌كى زۆرى خه‌ڵك ناچاربون حهیوانهكانیان بفرۆشن.
ستار حسێن، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى عه‌لى په‌كان له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: له ساڵى 2000ه‌كانه‌وه تاوه‌كو ئێستا حكومه‌ت خزمه‌تگوزارى ئه‌وتۆى نه‌بوه بۆ خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان، ئه‌وه‌ى هه‌یه له ماوه‌ى 6 ساڵى رابردو به ته‌ن جۆیان ئه‌دا بۆ نمونه ئه‌گه‌ر 300 سه‌ر حه‌یوان بێت ئه‌وه 2 ته‌نێكى به‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه.
وتیشى: 300 سه‌ر ئاژه‌ڵم هه‌یه، حكومه‌ت هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كى نه‌ماوه، به‌تایبه‌ت له‌م 2 ساڵه‌ى وشكه‌ساڵى كه هیچ نه‌كرا بۆمان، ئه‌وه‌ى هه‌بوه خاوه‌ن مه‌ڕوماڵات خۆى له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆى به‌خێوى ده‌كات.
حەسەن عه‌لى، بزگیرى رهشهوڵاخه له گه‌رمیان، وتى: رۆژانه كارى كڕین و فرۆشتنى گوێره‌كه و مانگا ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دابهستهم هه‌یه كه دواى چه‌ند مانگێك له بازاڕدا ساغى ده‌كه‌مه‌وه، دیارییكراویش نیه كه چه‌ند دابه‌سته ئه‌كه‌ین، چونكه هه‌ندێكجار به‌پێى شوێنه، هى وا هه‌یه 50 دانه دابه‌سته ئه‌كات هى واش هه‌یه 30 یان 100 یان 150 دابه‌سته ئه‌كه‌ن.
باسى له‌وه‌شكرد: له ئێستادا ئیشەکەمان ئه‌ركى زۆره و هاوكاریش نیه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، به‌جۆرێك زۆرجار توشى زیان ئه‌بین.
به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵیش هه‌مان راى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانى هه‌یه و ده‌ڵێت: به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه نه‌مانتوانیوه هاوكارییان بكه‌ین.
به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وتى: له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی، نه‌مانتوانیوه خزمه‌تگوزارى پێویست پێشكه‌ش به خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان بكه‌ین، له كاتێكدا پێشتر بودجه‌ى پاڵپشتى كشتوكاڵیمان هه‌بو، بۆ ماوه‌ى 4 ساڵه ئه‌و بودجه‌یه نه‌ماوه، كه ده‌مانتوانى به‌شێك له‌و بودجه‌یه بۆ سامانى ئاژه‌ڵ ته‌رخان بكه‌ین.
ده‌شڵێت: به‌جۆرێك ده‌مانتوانى 3 هه‌زار ته‌ن ئالیك دابین بكه‌ین و به نیوه‌ى نرخى بازاڕ پێمان ده‌دان.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: گرفتى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان زیاتر له وشكهساڵیهكه بو كه روبه‌ڕوى بونه‌وه، ئه‌گه‌رچى له رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه چه‌ند جارێك كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا و نوسراویشمان ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمان كرد كه بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته، به‌ڵام هیچ نه‌كرا، هاوكات داواى به‌شێك له بودجه‌ى پارێزگاكانیشمان كرد له رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه ئه‌ویش نه‌كرا، ئێمه‌ش نه‌مانتوانى هیچ بكه‌ین.
ئه‌مه له كاتێكدایه له هه‌مو وڵاتان سامانى ئاژه‌ڵ گرنگى پێدراوه و پرۆژه‌ى تایبه‌ت به‌و بواره هه‌یه، به‌ڵام له هه‌رێمى كوردستان كه‌م و سنورداره، ئه‌وه‌ى هه‌یه پشت به‌و سامانى ئاژه‌ڵه ده‌به‌سترێت كه له لادێكان هه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌توانراوه وه‌ك پێویست هاوكارییان بكرێت.
شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وتى: گرفتى سه‌ره‌كى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان ئه‌وه‌یه نه‌مانتوانیوه هاوكارییان بكه‌ین له پێدانى ئالیك، كۆتا هاوكارییش ساڵى 2019 بو كه ئالیكمان دابه‌شكرد له دواى ئه‌و ساڵەشەوە هیچ هاوكارییه‌ك نه‌كراون به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه.
2. کێشەکانی لایەنی دروستیی ئاژەڵ "ڤێتهرنهریى"
"وه‌ك ڤێته‌رنه‌رى شتێكیان بۆ نه‌كردوین شایه‌نى باسكردن بێت، ئه‌وه‌ى كردویانه ساڵى جارێك یان 2 ساڵ جارێك دێن كوتانێك ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش سودى ئه‌وتۆى نه‌بوه". به‌ختیار حه‌مه‌خان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى توكن له گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
باسى له‌وه‌شكرد: هه‌ندێك ده‌رمان هه‌یه نرخیان گرانه، ئه‌گه‌ر بۆمانى دابین بكه‌ن كارئاسانیه، وه‌ك: (ده‌رمانى سی و جگه‌ر، حه‌پى زه‌رد، ده‌رزى مافه‌ته، تاعون و دانكه) كه هه‌مو ئه‌مانه بۆ خۆمان له بازاڕدا ئهیانكڕین و ئه‌ركى زۆرى خستوه‌ته سه‌رمان، به‌جۆرێك ساڵانه نزیكه‌ى 2 ملیۆن دینار ده‌ده‌م به ده‌رمان، له كاتێكدا ته‌نها نزیكه‌ى 200 سه‌ر حه‌یوانم هه‌یه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا حهیوانهكانم ده‌رمان كردوه 110 هه‌زارم داوه به ده‌رمان، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر 2 جار ده‌رمانیان بكه‌م 350 هه‌زارم له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت.
له هه‌مان كاتدا، ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى به‌رلوت، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: وه‌ك ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان له ساڵانى رابردو ده‌رمانیان ئه‌دا بۆ شۆردنه‌وه‌ى حه‌یوانه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌رزى بۆ نه‌خۆشى تاعون، ئه‌مه‌ش به مه‌رجێك ده‌رزییه‌كانیان ده‌كرد كه‌ژماره‌یان ده‌دا له گوێى ئاژه‌ڵه‌كان.
وتیشى: ئێستا ئه‌ركه‌كه هه‌موى له‌سه‌ر خاوه‌ن ئاژه‌ڵه، به‌جۆرێك نزیكه‌ى 150 سه‌ر حه‌یوانم هه‌یه باى 300 هه‌زار ده‌رزى نه‌خۆشى شهلكهم بۆ كڕیون، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌مانه‌م بۆ دابین بكات ئه‌و لۆده زۆره‌م له‌سه‌ر نامێنێت.
هاوكات، ستار حسێن، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى عه‌لى په‌كان له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: وه‌ك ڤێته‌رنه‌رى ئه‌مساڵ ته‌نها 4 لیتر ده‌رمانى شۆردنه‌وه‌ى حه‌یوانمان پێدراوه، ساڵى رابردوش ده‌رزى نه‌خۆشى دانكه و شهلكهمان پێدراوه، له‌وه بترازێت هیچ ده‌رمان و پێداویستیه‌كمان پێنه‌دراوه.
باسى له‌وه‌شكرد: بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌ك ده‌رمان كه ده‌یكڕم بۆ حهیوانهكانم، ساڵانه به‌پێى جۆرى ده‌رزییه‌كان ده‌گۆڕێت، وه‌جبه‌ى وا هه‌یه به 150 هه‌زار یان 200 هه‌زار و 300 هه‌زار ئهیكڕم، ئه‌مه‌ش ئه‌ركه له‌سه‌ر شانى ئێمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رمان زۆر گرانه به‌هۆى به‌رزى دۆلاره‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، ئارام ئه‌حمه‌د سه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، وتى: خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان به‌گوێره‌ى تواناى حكومه‌ت هه‌ندێك شتمان بۆ دابین كردون، بۆ نمونه وه‌ك كوتانى دهمهزامه و ته‌به‌ق، له‌گه‌ڵ ششتنه‌وه‌ى ئاژه‌ڵه‌كان و دهرمانڕێژكردنى "ره‌شكردنى" خانى ئاژه‌ڵه‌كان، ئه‌مه‌ش بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ى تاى خوێنبه‌ربون كه پار ساڵ ئه‌نجاممان داوه.
ده‌شڵێت: ساڵانه‌ش ده‌بێت سێ پێکوتە "ڤاكسین= لقاح"ـى سهرەكیمان هه‌بێت به به‌رده‌وامیى، ئه‌وانیش: (ته‌به‌ق "شه‌لكه"، دانكه و دهمهزام)ـه‌ن، ئه‌مانه به‌رده‌وام هه‌مانه، به‌ڵام له ئێستادا له چاو ساڵانى رابردو رێژه‌كه‌ى كه‌مبوه‌ته‌وه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له به‌شه‌كانمان له ناحیه‌كان به‌به‌رده‌وامى نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌درێت بۆ ئاژه‌ڵه‌كان، ئه‌گه‌رچى خاوه‌نه‌كانیان خۆیان پێداویستی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له ده‌ره‌وه ده‌كڕن، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر نهشتهرگهرییهكیش هیچ بڕه پاره‌یه‌كمان وه‌رنه‌گرتوه.
به‌پێى وته‌ى لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، له به‌شه نه‌سرییه‌ى بهڕێوبهرایهتیهكهیان، بڕێكى ته‌رخان ده‌كرێت بۆ كڕینى هه‌ندێك ده‌رمان و پێداویستى مانگانه، به‌ڵام وه‌كپێویست نیه و بۆ حاڵه‌تى زۆر پێویست به‌كار ده‌هێنرێت.
3. ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م
خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه گرفتى ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان نیه، ئه‌وه‌ى گرفته بۆ ئه‌وان ئه‌و ئه‌ركه‌یه كه ده‌كه‌وێته سه‌ریان تاوه‌كو پێگه‌یاندنى به‌رهه‌مه‌كه‌یان بۆیه ناچار ده‌بن ئه‌وه‌ى ده‌ستیان ده‌كه‌وێت له خزمه‌تى خۆیانى به‌كاربهێننه‌وه.
به‌ختیار حه‌مه‌خان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى توكن له گه‌رمیان ده‌ڵێت: بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانمان گرفت دروست نابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه به‌شى خۆى ناكات، بۆنمونه ئه‌مساڵ ئێستا به‌رهه‌ممان پێبگات باشه و ده‌توانین سودى لێببینین، به‌ڵام پێشتر ئه‌وه‌ى هه‌مان بوه زیان بوه بۆمان، به‌تایبه‌ت 2 ساڵى وشكه‌ساڵى رێژه‌یه‌كى زۆرى خه‌ڵك هه‌مو مهڕوماڵاتهكهى فرۆشته‌وه، چونكه نه‌یتوانى به‌خێوى بكات، هه‌موى زیان بو بۆى.
"له ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ساڵانه‌مان خراپ نین باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌گه‌ر 100 سه‌ر به‌رهه‌مت هه‌بێت ئه‌وه 50ـى مه‌سره‌ف ئه‌یبات، ئه‌مه‌یه زیانه‌كه بۆ ئێمه". ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى به‌رلوت وا ده‌ڵێت.
ستار حسێن، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى عه‌لى په‌كان له گه‌رمیان ده‌ڵێت: له ئێستادا ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌مان باشه، به‌تایبه‌ت له ئێستا ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م هه‌بێت، چونكه 1 كیلۆ به 10 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت.
حەسەن عه‌لى، بزگیرى رهشهوڵاخه له گه‌رمیان، وتى: ساغكردنه‌وه‌ى به پێى رۆژ و مانگه، هه‌مانه به 4 بۆ 5 مانگ ئینجا ساغ ئه‌بێته‌وه.
4. دابین نه‌كردنى ئالیك
له ماوه‌ى ساڵانى پێش قه‌یرانى دارایی حكومه‌ت وه‌ك پاڵپشتیه‌ك بۆ سامانى ئاژه‌ڵ، هاوكارى ده‌كردن به دابینكردنى ئالیكى وه‌ك جۆ و ئاڵف، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی ئه‌و پاڵپشتیه نه‌ماوه، بۆیه له ئێستادا خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان خۆیان ئه‌و ئالیكه ده‌كڕن، وه‌كخۆیان ده‌ڵێن زۆریان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت.
به‌ختیار حه‌مه‌خان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى توكن، ده‌ڵێت: ئاژه‌ڵه‌كانمان جۆى بۆ ده‌كڕین به ته‌ن، بۆنمونه جۆى ره‌ش ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ پاره‌كه‌ى بده‌ى ئه‌وه ته‌نى به 650 هه‌زار دینار ده‌كڕین، جۆى سپیش ته‌نى به 450 هه‌زار دینار، به‌ڵام به رێژه‌ى %80ـى خه‌ڵك به‌قه‌رز ئه‌یهێنێ تاوه‌كو به‌رهه‌م پێ ئه‌گات، بۆیه ته‌نى جۆى ره‌ش به 800 هه‌زار دینار له‌سه‌رمان ده‌كه‌وێت، بۆ ئه‌مه‌ش حكومه‌ت هیچى بۆ نه‌كردوین.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: خاوه‌ن ئاژه‌ڵ 2 شتى ئه‌وێت: ئاڵف و ده‌رمان، ئه‌گه‌ر دابینیبكه‌ن زۆر باش ده‌بێت.
ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى به‌رلوت هه‌مان راى هه‌یه و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه ته‌نێك جۆ به قه‌رزى درێژخایه‌ن به 800 هه‌زار دینار ده‌كڕێت.
سه‌ربارى گله‌ى و گازنده‌ى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان له‌وه‌ى حكومه‌ت هاوكارى نه‌كردون وه‌كپێویست، بزگیره‌كان (ئەوانەی کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەکانەوە دەکەن)، ئه‌وانیش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له هاوكاریی نه‌كردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه.
عوسمان قادر، بزگیر له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، ده‌ڵێت: حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كمان ناكات وه‌ك دابین كردنى ئاڵف و پێداویستى بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر په‌ره به‌م بواره بده‌ین، ئه‌وه‌ى هه‌یه رۆژانه بۆ بژێوى ژیانى خۆمان ئه‌و كاره ده‌كه‌ین و سنورداره.
له به‌رامبه‌ردا، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، جەخت لە قسه‌ى ئاژه‌ڵدار و بزگیره‌كان ده‌كاته‌وه به‌وه‌ى نەیانتوانیوە هاوکاریان بکەن بە پێدانی ئالیک.
وتیشی: به‌تایبه‌ت له ساڵانى وشكهساڵیهكهدا به نوسراوى فه‌رمى و به راپۆرتى تایبه‌ت 2 جار له ساڵه‌كانى 2021 و 202شدا داوامان له وهزارەتمان كردوه بڕى 6 ملیار دینار ته‌رخان بكه‌ن بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان و دابینكردنى ئالیك بۆیان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه.
5. کێشەی بزگیره‌كان
"له مه‌یدانى ئاژه‌ڵان كارده‌كه‌م، دۆخى كڕین و فرۆشتن له ئێستادا باشه و حه‌یوان پاره ده‌كات و نرخه‌كه‌ى به‌رزه، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه رێگه نادرێت له سوریا و ئێرانه‌وه بێته سنوره‌كه". ئه‌نوره ئه‌حمه‌د، بزگیر له كه‌لار وای وت.
وتیشى: له ناوخۆى گه‌رمیان له‌لایه‌ن خودی هاوڵاتیانه‌وه خواست له‌سه‌ر حه‌یوان كه‌مبوه‌ته‌وه و زیاتر بۆ خواروى عێراق ده‌ڕوات، چونكه نرخه‌كه‌ى به‌رزه و له به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سیش نیه، به جۆرێك ئه‌گه‌ر بۆ خوار نه‌ڕوات ئه‌وه لێره بازاڕ زۆر ئه‌شكێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت رێگرى نه‌كردوه بۆ خوار بڕوات، ئه‌گه‌ر رێگرى بكات ئه‌وه نرخه‌كه‌ى دائه‌به‌زێت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: جارى وا هه‌یه وه‌جبه‌یه‌ك حه‌یوان ده‌كڕم به 2 رۆژ له بازاڕدا ساغى ده‌كه‌مه‌وه، جارى واش هه‌یه به مانگ ناتوانم ساغى بكه‌مه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كى نیه بۆ ئه‌م بواره، ئه‌وه‌ى هه‌یه خه‌ڵك له‌سه‌ر خۆیه‌تى.
عوسمان قادر، بزگیر له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا هه‌مان راى ئهنوەرـى هه‌یه سه‌باره‌ت به دۆخى كڕین و فرۆشتنى مه‌ڕوماڵات.
له به‌رامبه‌ردا، به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: هێنانى ئاژه‌ڵ قه‌ده‌غه نه‌كراوه، ئه‌وه‌ى قه‌ده‌غه كراوه ئاژه‌ڵى قاچاخ بوه، به‌ڵكو رێنماى ساڵى 2023شمان هه‌یه كه چۆن ئاژه‌ڵ له ده‌ره‌وه بهێنرێته سنوره‌كه به شێوه‌ى یاسایى، ئه‌گه‌رچى ئه‌مه زیاتر په‌یوه‌ندى به ڤێته‌رنه‌ریه‌وه هه‌یه، چونكه رێنمایى هه‌یه بۆ ئه‌و بابه‌ته له روى ته‌ندروستیه‌وه.
ده‌شڵێت: ئه‌وه‌شى كراوه بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆیه و پێداویستى ناوچه‌كه‌ش پڕده‌كاته‌وه به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان.
شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، هه‌مان راى هه‌یه و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، نوسراویان ئاراسته‌ى هیچ كۆمپانیایه‌ك نه‌كردوه بۆ هێنانى ئاژه‌ڵى بچوك و گه‌وره‌ش، چونكه به‌پێى راپۆرته‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى و به‌دواداچونى خۆیان، ئاژه‌ڵى پێویست له سنوره‌كه هه‌یه و پێداویستى ناوچه‌كه‌ش پڕده‌كاته‌وه.
دوه‌م: په‌له‌وه‌ر
په‌له‌وه‌ر به‌تایبه‌ت مریشكی گۆشت و جوجكه، یه‌كێكى تره له‌و بوارانه‌ى سامانى ئاژه‌ڵ كه له گه‌رمیان گرنگى پێدراوه، به‌جۆرێك به‌پێى ئامارێكى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان له سنوره‌كه‌دا 144 پرۆژه كه له 164 هۆڵ پێكهاتون، بونیان هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 8 له‌و پرۆژانه له ئێستادا كارناكه‌ن و داخراون.
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان لە ساڵه‌كانى 2022 و 2023، رێژه‌ى هه‌ڵهێنه‌رى جوجكه له 3 پرۆژه‌ى تایبه‌ت به هه‌ڵهێنه‌رى جوجكه له سنوره‌كه به‌مشێوه‌یه‌یە:
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، بڕى به‌رهه‌مى مریشك له نێو كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان لە ساڵانی 2020 بۆ 2023 به‌مشێوه‌یه‌یە:
جگه له به‌رهه‌مى په‌له‌وه‌ر كه به زۆری مریشكه، به‌رهه‌مى جوجكهى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانیش هه‌یه كه له ناوخۆى گه‌رمیاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت له رێگه‌ى پرۆژه‌كانى هه‌ڵهێنه‌رى جوجكهوه.
هاوكات جگه له كێڵگه‌كانى په‌له‌وه‌ر، زۆر هاوڵاتى و خێزانیش به‌شێوه‌ى سه‌ربه‌خۆ خۆیان په‌له‌وه‌رى وه‌كو: مریشك و كه‌ڵه‌شێرى كوردیی، قه‌ل، مراوی و قاز له ماڵان یان كێڵگه و باخه‌كانیان به‌خێوده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان و به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ئاماژه‌یان بۆكرد، ئه‌وانه وه‌كو پرۆژه‌ى مۆڵه‌تدار نین و ژماره‌شیان زۆر نییه و هیچ ئامارێكیشیان به‌رده‌ست نییه.
دیارترین ئالەنگاری و کێشەکانی په‌یوه‌ست به كه‌رتى په‌له‌وه‌ر لە خوارەوە ئاماژە پێدەدەین.
1. داخستنى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان
"ساڵانه 5 بۆ 6 وه‌جبه جوجكه‌م ده‌خسته قاعهكانمهوه كه 3 كێڵگه‌م هه‌یه، بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌كیش 105 بۆ 120 ته‌ن به‌رهه‌مى گۆشتم هه‌بوه، به‌ڵام له ئێستادا به‌هۆى ئه‌وه‌ى توشى زیان بوم 2 له قاعهكانم داخستوه، چونكه بۆم نابرێت به‌ڕێوه". ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران له گه‌رمیان وای وت.
وتیشى: به‌هه‌ر 3 پرۆژهكهمهوه ساڵانه 450 بۆ 600 ته‌ن به‌رهه‌مى گۆشتى سپیم هه‌بوه، به‌ڵام ئێستا ساڵانه 200 بۆ 250 ته‌ن به‌رهه‌مم هه‌یه، هۆكاره‌كه‌شى بۆ نه‌بونى خزمه‌تگوزارى له‌م بواره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه حكومه‌ت ئاوڕى لێ ناداته‌وه.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: پرۆژه‌كان له‌سه‌ر روبه‌رى زه‌وى جیاوازه، هه‌مه له‌سه‌ر روبه‌رى 3 دۆنمه هه‌شمه له‌سه‌ر 2 دۆنمه دانه‌یه‌كى تریشم هه‌یه له‌سه‌ر روبه‌رى 3 دۆنم زه‌وییه، ئه‌م پرۆژانه هه‌ر یه‌كه‌یان و نزیكه‌ى 21 ده‌فته‌ر دۆلارم له‌سه‌ر خه‌رج كردون، ئێستا هه‌ر دانه‌یه‌كى به 14 ده‌فته‌ر دۆلار ده‌فرۆشمه‌وه، هێنده لێى بێزار بوم.
هاوكات، ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا له گه‌رمیان وتى: كێڵگهیهكى پهلهوهریم هه‌یه و بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌ك 25 هه‌زار جوجكه له‌خۆ ده‌گرێت، ساڵانه‌ش 5 بۆ 6 وه‌جبه‌ى تێ ئه‌كه‌م.
وتیشى: هه‌ر وهجبهیهكم نزیكه‌ى 55 ته‌ن به‌رهه‌مى هه‌یه، به‌كۆى گشتى ساڵه‌كه‌ش نزیكه‌ى 310 ته‌ن به‌رهه‌مم هه‌یه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له ساڵى 2014ـه‌وه هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك نه‌ماوه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ ئێمه، ئه‌وه‌ى هه‌یه خۆمان به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ین، ئه‌مه له كاتێكدایه چه‌ندین خاوه‌ن كێڵگه به‌هۆى زۆرى تێچوى وهجبهكانهوه، ناچاربون جوجكه تێنه‌كه‌ن و توشى زیان بوه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له ئێستادا زۆرمان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت به‌تایبه‌ت به‌هۆى به‌رزى دۆلاره‌وه، بۆ نمونه له ساڵى 2021 كه 25 هه‌زار جوجكه‌م ده‌خسته پرۆژهكهمهوه 89 ملیۆن دینار خه‌رجى هه‌بوه، له ساڵى 2022 هه‌مان رێژه‌ى جوجكه مهسرهفهكهى گه‌شتوه‌ته 144 ملیۆن دینار، له ساڵى 2023ـش مهسرهفهكهى گه‌شتوه‌ته 160 ملیۆن دینار، كاتێكیش نرخ به‌رز ده‌بێته‌وه یه‌كه ئیدارییه‌كان هه‌زار كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كه‌ن و توشى زیانمان ده‌كه‌ن.
وتیشی: له هه‌مان كاتدا، ئاڵفیش به گران ده‌كڕین، بۆ نمونه 100 وه‌جبه‌ى ئاڵفم به‌یه‌كه‌وه كڕیوه پێش دۆلار به‌رزى به 124 هه‌زار دهمكڕى، كه‌چى ئێستا به زیاتر له 150 هه‌زار دینار ده‌یكڕین، ئه‌مه‌ش وایكردوه ئهڵهف 25 ملیۆن دینارى بڕواته سه‌ر لهوبڕهى كه ده‌یكڕین.
2. رێگەنەدان بە بردنی بەرهەم بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق
خاوه‌ن كێڵگه‌كانى په‌له‌وه‌ر به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێگه‌یان لێ داده‌خه‌ن كه به‌رهه‌مه‌كانیان ببه‌نه خواروى عێراق ساغى بكه‌نه‌وه، جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه پلانیان هه‌یه سكاڵا تۆماربكه‌ن، چونكه به‌وته‌ى خۆیان، وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ رێنمایى تایبه‌تى هه‌یه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كه قه‌ده‌غه نیه.
ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: ده‌مێكه ده‌مانه‌وێت سكاڵا تۆمار بكه‌ین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو گرفتانه‌ى توشمان ده‌كه‌ن، به‌ڵام نه‌مانكردوه، چونكه ترسى ئه‌وه‌مان هه‌بوه پرۆژه‌كانمان بكه‌وێته مه‌ترسیه‌وه و شكاندن و شتمان بۆ نه‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دڵنیاین هه‌مو شتێكمان پێده‌كه‌ن و هه‌مو كێشه‌یه‌كمان بۆ دروست ده‌كه‌ن.
ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا، وتى: رێنمایی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵمان هه‌یه كه بڕیارى ژماره 6561 باس له‌وه ده‌كات به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگرى نه‌كرێت له به‌رهه‌مه‌كانمان بیبه‌ینه خواروى عێراق ساغى بكه‌ینه‌وه، كه‌چى رێگریمان لێده‌كه‌ن.
ده‌شڵێت: ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه رێگرى ده‌كه‌ن ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامیه‌ته‌كان و چاودێرى بازرگانى گه‌رمیانه، بۆیه له ئێستادا راوێژمان به پارێزه‌ر كردوه ئه‌گه‌ر رێگه‌مان لێ دابخه‌ن ئه‌وه سكاڵا تۆمارده‌كه‌ین، چونكه كۆتوبه‌ندیان كردوین و وه‌ك دوژمن ده‌مانبینن.
ئه‌مه له كاتێكدایه به‌پێى ئه‌و رێكارانه‌ى كه له گه‌رمیان گیراوهتەبهر، هه‌ر مریشكێك له 2 كیلۆ گرام كه‌متر بو ده‌توانرێت ببرێته ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى گه‌رمیان و له خواروى عێراق ساغ بكرێته‌وه، به‌ڵام یه‌كێك له خاوه‌نى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه یه‌كه ئیدارییه‌كان پێوه‌ى پابه‌ند نین.
"كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌ر ئەبێت دوای 38 رۆژ مریشکەکەت بفرۆشیت، ئێمەش داوامان بۆ دێت لە ناوەڕاست و خواروی عێراق کیلۆی بە 600 و 700 باردەکەن، جاری واهەیە بازاڕ باشە، بەڵام ئەبێت چاوەڕێ بکەیت تا 38 رۆژ قەپات بکات، مریشکیش بەدەقەیە جاری واهەیە بازاڕ دادەبەزێت یان دەرد لێی ئەدات". ئاسۆ مستەفا حسێن، خاوەنی پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى ئامەد وا ده‌ڵێت.
له به‌رامبه‌ردا، هه‌ردى سه‌ركه‌وت، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار باسى له‌وه‌كرد: وه‌ك قایمقامیه‌ت هیچ رێگرییه‌كمان نه‌كردوه له رۆشتنى مریشك بۆ خواروى عێراق و ساغكردنه‌وه‌ى، به‌ڵكو پێشمان خۆشه به‌رهه‌مى گه‌رمیان ببرێت و له‌وێ ساغ بكرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نها له حاڵه‌تێكدا نه‌بێت كه نرخى مریشك گه‌شته سه‌روى 3 هه‌زار و 500 دینار ئه‌وكات داوامانکردوە بازگه‌كان به‌شێوه‌ى كاتى دابخرێن بۆ ئه‌وه‌ى نرخه‌كه زیاتر به‌رز نه‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش به ره‌زامه‌ندى نوێنه‌رى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان كه له كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له دیوانى قایمقامیه‌ت به كۆنوسێك بڕیارى لێدراوه، ئه‌گه‌رنا له حاڵه‌تى ئاسایی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگریمان نه‌كردوه.
ده‌شڵێت: مریشكى خوار 2 كیلۆ گرامیش كه له خواروى عێراق سهرفیاتى زۆره، ته‌واو پابه‌ندى ئه‌و خاڵهشبوین و رێگریمان نه‌كردوه بۆ رۆیشتنى، به‌ڵكو ئاسانكاریشمان بۆ كردون.
هاوكات، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: هیچ كات نه‌بوه رێگرى له خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بكه‌ین بۆ ساغكردنه‌وه به‌رهه‌مه‌كانیان و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك پشتگیریان بون، چونكه مۆڵه‌تیان هه‌یه و له ژێرچاودێرى ئێمه‌دان".
ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ى كه هه‌یه هاوكارى نه‌بێت به‌ده‌ره له دهسەڵاتى ئێمه، راسته لۆدیان له‌سه‌ره و هه‌مو شتێك گرانه به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ى دۆلار و دابه‌زینى نرخى مریشك و رێگه‌نه‌دانیان به رۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ خواروى عێراق، هه‌مو ئه‌مانه گرفته بۆ ئه‌وان، له كاتێكدا ئه‌وه‌شى هه‌یه له پێداویستى ناوخۆ زیاتره، ده‌كرێت رێگه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كان و تا نرخ دائه‌به‌زێت و له ناوخۆش بەرهەم كهڵەكه نه‌بێت.
3. دابین نه‌كردنى ده‌رمان
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه روبه‌ڕوى خاوه‌ن كێڵگه‌كان بوه‌ته‌وه، دابین نه‌كردنى ڤاكسین و پێداویستی ته‌ندروستییه، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ قه‌یرانى دارایی هاوكارییه‌كان وه‌ستاوه و به‌رپرسێكى ڤێته‌رنه‌ریش ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه.
ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: ساڵانى پێش قه‌یرانى دارایی ڤاكسین و ده‌رزیان پێ ده‌داین، بۆنمونه شەش یه‌كى مهسرهفهكهیان له كۆڵ كردبوینه‌وه و به نیوه‌ى نرخى بازاڕ پێمان ده‌درا، به‌ڵام ئه‌و خزمه‌تگوزارییه نه‌ماوه له ئێستادا.
له به‌رامبه‌ردا، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: "ئه‌ركى ئێمه سه‌ردانكردنى كێڵگه پهلهوهرییهكانه له كاتى تێكردنى جوجكه و له‌كاتى فرۆشتنى مریشكه‌كاندا، هاوكات له بونى هه‌ر نه‌خۆشیه‌ك كه ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه و سه‌ردان ده‌كه‌ین و ده‌رمان و ڤاكسینیان پێده‌ده‌ین كه له ئێستادا كه‌مبوه‌ته‌وه و ته‌نها ده‌رمانى پاكژكردنهوهمان هه‌یه، ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌ى مانگێكه به‌رده‌سته".
وتیشى: له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی ڤاكسین و ده‌رمانه‌كان كه‌مبونه‌وه، به‌جۆرێك له ساڵى 2018 به‌شێكى باشمان كڕى تاوه‌كو ساڵى 2020 به‌رده‌وامى هه‌بو، دوابه‌دواى ئه‌وه بۆ ماوه‌ى 4 ساڵه هیچ شتێكمان نیه و هیچ به‌شه بودجه‌یه‌كیش بۆ ئه‌و بابه‌ته نیه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ خۆمان دهمانكڕى یان به شێوه‌ى داواكارى داوامانكردوه و بۆیان دابینكردوین.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌به‌رده‌وامى داوامان كردوه، به‌ڵام له سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌ت ره‌زامه‌ندى نه‌هاتوه‌ته‌وه بۆمان، ئه‌وه‌شى كه ئێمه ده‌یكه‌ین هه‌موى رێنماییه چ له به‌دواداچون بێت یان سه‌ردان و پشكنین، چونكه ئێمه ئه‌وه‌ى له‌سه‌رمانه جێبه‌جێكردنى رێنماییه‌كانه، ئه‌وه‌شى به ئێمه بكرێت هاوكارین.
4. ئاستەنگی ئیداریی
خاوه‌نى كێڵگهیهكى په‌له‌وه‌رى ده‌ڵێت: حكومه‌ت هه‌وڵى شكاندنى ئه‌م كه‌رته ده‌دات و هیچ هه‌نگاوێكى نه‌ناوه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌م بواره، حكومه‌تیش له به‌رامبه‌ردا رونكردنه‌وه ده‌دات.
ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كى ئه‌م كه‌رته‌ى نه‌كردوه تاوه‌كو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ى ببات، ئه‌وه‌ى هه‌یه هه‌وڵى شكاندنى ئه‌م بواره ده‌دات و نایه‌وێت سه‌ریبخات.
وتیشى: ئێستا كێشه‌ى ئه‌وه‌یان بۆ دروستكردوین كه سه‌رپه‌رشتیارى مانگانه هه‌بێت، له كاتێكدا پێشتریش ئه‌م سهرپهرشتیارە هه‌بوه، به‌ڵام ته‌نها له كاتى شكاندنى كێڵگه‌كان هه‌بوه كه به‌رهه‌مه‌كه‌مان پێگه‌شتوه به 300 هه‌زار دینار، كه‌چى ئێستا ئه‌ڵێن با مانگانه بێت و پاره‌یان پێبده‌ین، ئه‌م بڕیاره‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و ڤێته‌رنه‌رییه‌وه دراوه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئه‌و مۆڵه‌تى كه پێمان دراوه بۆمانى تازه ناكه‌نه‌وه و شكاندنمان بۆ ناكه‌ن تاوه‌كو ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره دانه‌نێین، ئه‌مه‌ش یه‌كێكى تره له فێلهكان كه له ئێمه‌ى ده‌كه‌ن.
له‌به‌رامبه‌ردا، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: بابه‌تى ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ى كه دانراوه رێنمایی وه‌زاره‌ته و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى داوه و له په‌رله‌مانه‌وه كراوه به رێنمایی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خول كراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و بۆ ئه‌و كهسانهشه كه ده‌رچوى زانكۆ و په‌یمانگاكانن و دانه‌مه‌زراون.
5. گرانی بازاڕ و كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رهه‌م
جگه له به‌رهه‌مى په‌له‌وه‌ر كه به زۆری مریشكه، به‌رهه‌مى جوجكهى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانیش هه‌یه كه له ناوخۆى گه‌رمیاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت له رێگه‌ى پرۆژه‌كانى هه‌ڵهێنه‌رى جوجكهوه، ئه‌گه‌رچى به‌شێكى زۆرى هێلكه‌كانى پیتاندان له ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كه ده‌هێنرێت.
ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران له گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: هه‌ڵهێنه‌رى جوجكهكان ناوخۆى خۆمانه و هه‌ندێك له هێلكه‌كانى پیتاندنیش هه‌ر ناوخۆى خۆمانه، به‌ڵام وه‌كپێویست نیه، بۆیه له ده‌ره‌وه‌ش ده‌یهێنین.
ده‌شڵێت: به‌ڵام وه‌كو به‌رهه‌مه‌كانى ئاڵف و مه‌واده‌كانى دیكه هه‌موى له ده‌ره‌وه ده‌هێنین، ئه‌مه‌ش بارگرانیه‌كى دیكه‌یه بۆ ئێمه، چونكه هه‌موى به دۆلار بۆمان دێت و دۆلاریش به‌و به‌رزى خۆیه‌وه زیانى پێگه‌یاندوین.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: كشتوكاڵ و سامانى ئاژه‌ڵ و ڤێته‌رنه‌ریش له‌و روه‌وه هاوكارى ئێمه نه‌بون، كه نوسراومان بۆ بكه‌ن و هه‌ر به‌رهه‌مێك ده‌كڕین كه جارى وا هه‌یه نزیكه‌ى 5 ده‌فته‌ر دۆلار مه‌واد و ئاڵف ده‌كڕین، ده‌كرێت دۆلار به 132 هه‌زار بێت نه‌ك 150 هه‌زار دینار.
6. گرفتى ساغ نه‌كردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م
"گرفتى ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانمان هه‌یه له هه‌ر شكاندنێكى كێڵگه‌كانمان، ئه‌گه‌ر سامانى ئاژه‌ڵ و كشتوكاڵ و ڤێته‌رنه‌رى و لایه‌نه‌كانى تر به‌رهه‌مه‌كانى خۆمان له ناوخۆ ساغ بكه‌نه‌وه و رێگه نه‌ده‌ن مریشكى به‌ستو بێته سنوره‌كه، ئه‌وكات ئێمه‌ش توشى زیان نابین و ته‌نانه‌ت نرخى مریشكیش كه‌متر ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر هاوڵاتیان". ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران وای وت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: سه‌ربارى ئه‌و هه‌مو خه‌رجیه‌ى له‌سه‌رمانه، كاتێك نرخ به‌رز ئه‌بێته ئه‌وه له رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامیه‌ته‌كانه‌وه رێگرى ده‌كرێت مریشك بڕوات بۆ خواروى عێراق، له كاتێكدا ئه‌وان بتوانن نرخ دیارى بكه‌ن و جێگیربێت به به‌رده‌وامى، بۆ نمونه هه‌ر كیلۆیه‌ك 150 دینار بخاته سه‌رى ئه‌وه نرخ به‌رزونزمى نامێنێت و هه‌موانیش سودى لێ ده‌بینن و ئێمه‌ش توشى زیان نابین.
له به‌رامبه‌ردا، هه‌ردى سه‌ركه‌وت، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار، باسى له‌وه‌كرد: له ساڵانى رابردودا مریشكى توركى هێنراوه‌ته سنوره‌كه، به‌ڵام له ئێستادا به ده‌گمه‌ن ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆى لیژنه هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیهتهوهیه كه به‌به‌رده‌وام پشكنین و به‌دواداچونیان هه‌یه.
ده‌شڵێت: به ته‌واوى ئه‌و رێنماییه‌مان جێبه‌جێ كردوه كه بۆ مریشکى به‌ستو ده‌رچوه له سنورى قایمقامیه‌تمان.
7. گرفتى دابین نه‌كردنى غاز
گرفتى غاز یه‌كێكى دیكه له‌و گرفتانه‌ى كه روبه‌ڕوى خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بوه‌ته‌وه، وه‌كخۆیان ده‌ڵێن حكومه‌ت هیچ هاوكارى نه‌كردوین له‌و روه‌وه و به نرخى گرانیش ده‌یكڕین.
ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌ك به‌م سه‌رمایه‌ى ئێستا، نزیكه‌ى 14 ته‌ن غاز به‌كار ده‌هێنم، هه‌ر ته‌نێكیش به 970 هه‌زار دینار ده‌كڕین، واتا نزیكه‌ى 14 ملیۆن دینار خه‌رجى ئه‌مه‌شم هه‌یه.
وتیشى: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌و روه‌وه هاوكارمان بێت، ئه‌وه ئێمه‌ش توشى زیان نابین و نرخى مریشكیش گران نابێت.
له به‌رامبه‌ردا، یادگار فه‌تاح، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: دابینكردنى غاز به‌پێى سیاسه‌تى حكومه‌ت ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ هاوڵاتیانه، بۆ كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانیش به‌گوێره‌ى بارودۆخ ده‌توانین هاوكارییان بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌رج نیه به‌رده‌وام هاوكاریان بین، بۆیه ئه‌گه‌ر غازى پێویست به‌رده‌ست بێت ئه‌وه ده‌توانن له رێگه‌ى كشتوكاڵه‌وه پشتگیرى بهێنن و له رێگه‌ى یه‌كه ئیدارییه‌كانه‌وه بڕى غازیان بۆ دابین بكه‌ین به هه‌مان ئه‌و نرخه‌ى كه ده‌درێت به هاوڵاتیان.
ده‌شڵێت: به‌و نرخه‌ى كه خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان باسى لێوه‌ده‌كه‌ن ئه‌وه بازرگانیه، بۆیه بڕى غازى پاڵپشتیكراوى حكومه‌ت %100 به‌شى هاوڵاتیان ناكات به‌تایبه‌ت له وه‌رزى زستاندا و ئه‌وانیش زیاتر ئه‌م وه‌رزه پێویستیانه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: تاوه‌كو ئێستاش هیچ رێنمایی و بڕیارێك نیه كه به نیوه‌ى نرخ غاز بدرێت به‌و خاوه‌ن كێڵگانه، چونكه ده‌بێت حكومه‌ت پاره‌ى پاڵپشتیكراوى ئه‌و بڕه غازه بدات.
8. گرفتى كاره‌با
یه‌كێك له كێشه‌كان كه روبه‌ڕوى خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بوه‌ته‌وه، گرفتى نه‌بونى كاره‌باى به‌رده‌وامه، وته‌بێژى كاره‌باى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له سنورى گونده‌كانن ناتوانین كاره‌باى به‌رده‌وامیان پێبده‌ین.
ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: گرفتى كاره‌با یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ى كه روبه‌ڕومان بوه‌ته‌وه، چونكه له كاتژمێر 3ـى بەرەبەیانەوە تاوه‌كو 5 ئێواره كاره‌با نیه، ته‌واوى ئه‌و كاته مۆلیده كارپێدهكهین، بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌كیش 7 بۆ 8 هه‌زار لیتر گاز ده‌سوتێنم، كه باى 5 ملیۆن دینار ده‌بێت.
وتیشى: له پێش قه‌یرانى دارایی حكومه‌ت هاوكارى ده‌كرین، بەجۆرێك نوسراوى بۆ ده‌كرین كه گازمان وه‌رده‌گرت به نرخى حكومه‌ت وه‌رمانده‌گرت، ئه‌مه سودى هه‌بو بۆ ئێمه، به‌ڵام له ساڵى 2014ـه‌وه ئه‌و هاوكارییه نه‌ماوه.
ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا، دەڵێت: له ساڵى 2021 بۆ هه‌ر 2 مانگ جارێك 450 هه‌زار دینارم داوه به كاره‌با، دواتر نرخه‌كه به‌رزبوه‌ته‌وه بۆ 560 هه‌زار دینار.
له به‌رامبه‌ردا، ئالان ئه‌ركان، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كاره‌باى گه‌رمیان، وتى: به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان له سنورى گونده‌كانن، بۆیه ناچارن له گونده‌كانه‌وه كاره‌با ببه‌ن، له گونده‌كانیش له كاتژمێر 4 بۆ 5ـى ئێواره كاره‌بایان پێ ده‌درێت تاوه‌كو 2 بۆ 3ـى به‌یانى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م كاتژمێرانه كه‌م و زیا ئه‌كه‌ن به‌پێى خواستى هاوڵاتیان و وه‌رزه‌كانیش.
ده‌شڵێت: ئێمه ناتوانین كاره‌باى به‌رده‌وام بده‌ین به‌م كێڵگانه، چونكه كاره‌باى به‌رده‌وام ته‌نها بۆ ئه‌و شوێنه خزمه‌تگوزاریانه‌یه كه له خزمه‌تى هاوڵاتیاندان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان ئه‌هلین، ناتوانین كاره‌باى به‌رده‌وامیان پێبده‌ین.
9. بونى كێلهگهى په‌له‌وه‌رى نایاسایی
"له سنورى گه‌رمیان چه‌ندین كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌ر به زیاده‌ڕه‌وى و نایاسایی دروستكراون و به‌بێ مۆڵه‌ت كارده‌كه‌ن، كه‌چى ئێمه‌ش كۆت و بهندكراوین". ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا وای وت.
ده‌شڵێت: ئیدخالمان بۆ ده‌كه‌ن، شكاندنمان بۆ ده‌كه‌ن، كه‌چى مریشكێكیشمان تۆزێك ناساغ بێت و هیچ زیانێكى نه‌بێت بۆ ته‌ندروستى رێگه ناده‌ن بیخه‌ینه بازاڕه‌وه تاوه‌كو چاك ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاره‌ى كاره‌با ده‌ده‌ین، باج ده‌ده‌ین، ساڵانه مۆڵه‌ت نوێ ده‌كه‌ینه‌وه كه به 50 هه‌زاره، هه‌مو كاره‌كانمان به پاره ئه‌نجام ده‌ده‌ین، كه‌چى هەشە بەبێ مۆڵەت کاردەکات و به‌بێ هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ى كه باسم كرد.
وتیشى: چه‌ندینجار ئه‌م بابه‌ته‌مان بردوه‌ته لاى یه‌كه ئیدارییه‌كان، به‌ڵام گوێمان لێناگرن.
له به‌رامبه‌ردا، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: كێڵگه‌ى نایاسایی له سنورى گه‌رمیان هه‌بوه و به لیژنه چوینه‌ته سه‌رى و به نوسراوى فه‌رمى و به راپۆرت ناوه‌كان و شوێنهكانیانمان داوه به ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامیه‌ت و ناحیه‌كان، بۆیه ئه‌وه‌ى له‌سه‌رمان بوه كردومانه".
ده‌شڵێت: ئیجرائات له‌لاى یه‌كه ئیدارییه‌كان و هێزه ئه‌منیه‌كانه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌وانه‌شى كه سه‌رپێچیان كردوه و مۆڵه‌تیان نوێ نه‌كردوه‌ته‌وه به‌هه‌مان شێوه راپۆرتى خۆمان داوه له‌سه‌ریان، بۆیه له پێش ساڵى نوێ 2 شوێنمان هه‌بو له نزیكه جاده‌ى پشتێنه‌ى كه‌لار كه به نایاسایی ئه‌و كاره‌یان كردوه و جوجكه‌یان هێناوه و به‌خێوى ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى قایمقامیه‌ت رۆشتوینه‌ته سه‌ریان و راپۆرتى خۆمان داوه به به‌شى یاسایى و داویه‌تى به قایمقامیه‌ت چاوه‌ڕوانى ئه‌وانین لایبده‌ن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له سنورى گه‌رمیان كێڵگه‌ى نایاسایی زۆر كه‌مه، به‌جۆرێك له په‌نجه‌كانى ده‌ست تێناپه‌ڕن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌نگه دور له چاوى ئێمه كه‌سێك یان بازرگانێك مریشك بهێنێت و بۆماوه‌ى چه‌ند رۆژێك بیهێڵێته‌وه و دواتر بیفرۆشێته‌وه، ده‌كرێت ئەمە روبدات، چونكه به‌هۆى كه‌مى ستافه‌وه ناتوانین به‌رده‌وام ده‌رچونمان هه‌بێت.
10. بونی مریشكی قاچاخ
خاوه‌ن كێڵگه‌یه‌ك باس له‌وه‌ده‌كات به‌رپرس هه‌بوه مریشكى نایاسایی هێناوه‌ته سنوره‌كه و ساغى كردوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سكاڵاى تۆماركردوه، ئه‌گه‌رچى بۆماوه‌ى 5 ساڵه تاوه‌كو ئێستا ئیجرائات نه‌كراوه.
ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا له گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: به‌رپرس هه‌بوه له سنوره‌كه مریشکى نایاسایی هێناوه‌ته ناوچه‌كه و ساغى كردوه‌ته‌وه، له رێكه‌وتى 21ـى 4ـى 2019 سكاڵام تۆماركردوه له دادگا تاوه‌كو ئێستا هیچ ئیجرائاتێك نه‌كراوه.
وتیشى: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ند جارێك سه‌ردانى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لارم كردوه كه نوسراوه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه كراوه وتومه بۆ ئیجرائات ناكه‌ن كه توشى زیانى كردوین، كه‌چى نه‌كراوه، بۆیه ئه‌یبه‌ستمه‌وه به‌وه‌ى كه چاو له به‌رپرسان و ده‌ستڕۆشتوان داده‌خه‌ن.
له به‌رامبه‌ردا، هه‌ردى سه‌ركه‌وت، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار، وتى: له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نوسراومان بۆ هاتوه له بهڕێوبهرابهتى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیانه‌وه، ئه‌وه‌ى ئه‌ركى ئێمهبوه كردومانه و رێكارى یاسایمان به‌رامبه‌ر گرتوه‌ته‌به‌ر و نوسراومان ئاراسته‌ى دادگا كردوه، دواجار بڕیار له‌لاى ئه‌وانه كه چى ده‌بێت و سزاكه‌ى چییه.
11. دروستكردنى ئاستەنگ له‌لایه‌ن حکومەتەوە
خاوه‌ن كێڵگهیهكى په‌له‌وه‌رى جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه بەڕێوبەرایەتی ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان كێشه‌ى بۆ دروست كردوه و ناچاربوه كێڵگه‌كه‌ى دابخات، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان رونكردنه‌وه ده‌دات.
ئاسۆ مستەفا حسێن، خاوەنی پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى ئامەد، دەڵێت: "بەڕێوبەرایەتی ڤێته‌رنه‌رى بەناوی یاساوە چاو لە خەڵک سور دەکاتەوە، من جوجکە دەکەمە قاعەوە داوادەکەم ئیدخالەکەم بۆ بکات مەعقول نییە من لە کەلارەوە دکتۆر بخەمە سەیارە و بچمە کوڵه‌جۆ لەوێشەوە یەکێکی کە بێنم بۆ قاعە دوبارە لەقاعەوە بگەرێمەوە بۆ کەڵەجۆ لە وێوە بێمەوە بۆ کەلار، یانی ئەمە بێزارکردن نییە چییە؟"
باسى له‌وه‌شكرد: دو-سێ دکتۆریان لەگەڵدایە عەیادەیان هەیە لەشاردا، بەناوی یاساوە چاو سور دەکەنەوە لەخەڵک بۆ ئەوەی مەجبوریان بکەن لە دەرمانخانەکانیان دەرمانیان لێ بکڕن، بەبەڵگەوە دێمە بەرامبەریان واژۆشیان بوێت 200 بۆ 300 واژۆیان بۆ کۆدەکەمهوە کە خەڵک ناڕازییە لەئەوان.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ناچاربوم هه‌ردو كێڵگه پهلهوهرییهكهم دابخه‌م کە "پرۆژەکەم فول مواسەفاتە و زۆر پێشکەوتوە بو".
به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان ده‌بێت پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى سه‌رپه‌رشتى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى دێته بازاڕه‌وه شیاوبێت بۆ به‌كارهێنان و رێگرى كردن له به‌رهه‌مى نه‌خۆش، به‌ڵام وه‌ك خاوه‌ن كێڵگه‌كان ده‌ڵێن بێزاریان كردوین و ناچار به‌هه‌ندێك شتمان ده‌كه‌ن یه‌كێك له‌وانه كڕینى ده‌رمانه له‌لاى خودى خۆیان.
له‌به‌رامبه‌ردا، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: هه‌مو ئه‌و وتانه دوره له راستیه‌وه، هه‌ر كه‌سێك گله‌ییه‌كى هه‌یه و چاوسوركردنهوهیهك هه‌یه ده‌توانن سه‌ردان بكه‌ن و ئیداره هه‌یه، بێمنه‌تیشن له‌و بابه‌ته ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندى به ڤێته‌رنه‌رییه‌وه هه‌یه و به‌رپرسین لێى.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له ساڵى 2018ـه‌وه له‌وێم هیچ حاڵه‌تێكى وا روى نه‌داوه و رێگه‌پێدراویش نیه و جێگه‌ى قبوڵ نیه.
لەبارەی بردنى پزیشكان له لایه‌ن خاوه‌ن كێڵگه‌كانه‌وه بۆسه‌ر پرۆژه‌كان به ئۆتۆمبیلی خۆیان، وتى: ئه‌مه هه‌ر وابوه، له یه‌ك وه‌جبه‌شدا له‌ماوه‌ى 6 هه‌فته‌دا ته‌نها 2 جار سه‌ردان ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ى كه جوجكه ده‌كه‌نه پرۆژه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وكاته‌ى كه ده‌یشكێنن.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: ته‌نها له حاڵه‌تى نه‌خۆشى مریشكه‌كان ئۆتۆمبێلى خۆمان ده‌به‌ین، چونكه ده‌زانن کێشەی ئۆتۆمبێل هەیە له به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان.
باس له‌وه‌شده‌كات: هیچ بڕه پاره‌یه‌ك وه‌رناگرین بۆ كه‌شفى مریشكه‌كان، به‌ڵام بۆ هه‌ر 10 هه‌زار مریشكێك 500 دینار وه‌رئه‌گیرێت، ئه‌مه‌ش له رێنمایى وه‌زاره‌تى داراییدا هاتوه، بۆ نمونه گه‌وره‌ترین پرۆژه كه 25 هه‌زار مریشكى تێدا بێت ئه‌وه ته‌نها بڕى 12 هه‌زار دینار وه‌رئه‌گیرێت.
ده‌شڵێت: دوابه‌دواى ئه‌وه فۆرمێكى شكاندنى مریشكمان هه‌یه كه پشكنینى بۆ ده‌كرێت و ته‌ندروست و شیاوبێت ئه‌وه ده‌خرێته بازاڕه‌وه و نوسراو بۆ بازگه‌كان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شیاو نه‌بێت ئه‌وه راده‌گیرێت به‌گوێرى پێویست له 3 رۆژ تاوه‌كو 7 رۆژ دواتر ئه‌خرێته بازاڕه‌وه.
سێیه‌م: سامانى ماسى
جۆرێكى دیكه‌ى سامانى ئاژه‌ڵ له گه‌رمیان، ماسییه، به‌پێى ئامارێكى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ساڵانه 300 بۆ 500 ته‌ن ماسى له گه‌رمیان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له كۆى 7 پرۆژه‌ى ماسى له سنوره‌كه كه 3 پرۆژه‌یان كار ناكات.
ئالەنگاری و کێشەکانی ئەم کەرتەش لە خوارەوە دەخەینەڕو.
1. بڵاوبونەوەی نەخۆشی
به‌پێى وته‌ى خاوه‌نى پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان، بۆ ماوه‌ى 2 ساڵه توشى نه‌خۆشیى ڤایرۆسى بون، ئه‌مه‌ش بوه‌ته مایه‌ى زیان بۆیان، هه‌ر یه‌كێك له خاوه‌ن پرۆژه‌كانیش راى جیاوازیان هه‌یه و حكومه‌تیش رایه‌ك.
ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: بۆماوه‌ى 2 ساڵه نه‌خۆشى ڤایرۆسیی توشى ماسیه‌كانمان ده‌بێت، كێشه له ئاوه‌كه‌یدا هه‌یه كه زێراب ده‌ڕژێته ناو ئه‌و جۆگه ئاوه‌ى بۆ پرۆژه‌كه‌مان دێت، ئه‌مه‌ش وایكردوه به‌رهه‌ممان خراپ بێت، به‌جۆرێك %30 كه‌مبوه‌ته‌وه، له كاتێكدا ساڵانى پێشتر 25 بۆ 30 ته‌ن به‌رهه‌ممان هه‌بوه.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ندى هه‌یه بۆ سه‌ردانكردنى پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان كه پشكنینیان بۆ ئه‌نجام ده‌دات و به‌به‌رده‌وامى سه‌ردان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاقیگه‌ى تایبه‌تیان هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانى پشكنین بۆ ئه‌وه‌ى له روى ته‌ندروستیه‌وه پشكنین بۆ ئه‌و ماسیانه بكرێت ئایا نه‌خۆشن یان نا.
له‌وباره‌یه‌وه، ئه‌ركان بالول، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: ماسیه‌كانمان كه توشى ئه‌م ڤایرۆسهبون، چه‌ند ماسیهكم بردوه‌ته ڤێته‌رنه‌رى بۆ پشكنین، به‌ڵام مه‌وادیان نه‌بوه پشكنینه‌كه بكه‌ن، به‌ڵكو پێیان وتوم بڕۆ له ده‌ره‌وه ده‌رمان بكڕه و بیهێنه بۆ ئه‌وه‌ى پشكنینه‌كه ئه‌نجام بده‌ین، بۆیه پشكنینى تاقیگه‌ى باشیان نیه.
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 8 ساڵه پرۆژه‌ى ماسیم هه‌یه بوتڵێك ده‌رمانم له ڤێته‌رنه‌رى وه‌رنه‌گرتوه، ئه‌مه‌ش بۆخۆى خه‌مساردیه به‌رامبه‌ر به پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان.
لێپرسراوی به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، ئاماژە بەوەدەکات: 2 بۆ 3 پرۆژه‌مان هه‌یه به‌هۆى نه‌خۆشیه‌وه دایانخستوه و په‌نجه ماسییان نه‌كردوه‌ته حهوزهكان.
به‌پێچه‌وانه‌وه خاوه‌نى یه‌كێك له پرۆژه‌كان باس له‌وه ده‌كات ئه‌و ڤایرۆسه‌ى كه توشى ماسیه‌كان ده‌بن په‌یوه‌ندى به ئاوه‌وه نیه، به‌ڵكو به‌په‌یوه‌ندى به کەشی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه.
حیكمه‌ت محه‌مه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى سێوڵه، وتى: 2 ساڵه نه‌خۆشى ڤایرۆسى داویه‌تى له پرۆژه‌كانمان، هۆكاره‌كه‌شى بۆ جه‌وى ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له مانگى 10 بۆ 12 شه‌وان سارده و رۆژ گه‌رمه له‌گه‌ڵ مانگى 3 بۆ 5، بۆیه په‌یوه‌ندى به ئاوه‌وه نیه، چونكه ئه‌وانه‌شى كه پشت به ئاوى بیر ئه‌به‌ستن هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه.
ده‌شڵێت: ڤێته‌رنه‌ری گه‌رمیانیش هیچ رێنماییه‌كان پێنه‌داوین و بگره ئێمه له ئه‌وان باشتر ده‌زانین كێشه‌كه چیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ده‌رمانێكیان بۆ دابین نه‌كردوین و دهرمانێكیشیان نیه و هیچ هاوكارییه‌كیان نه‌كردوین.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌و ماوه‌یه‌ى كه توشى ئه‌و ڤایرۆسه ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئاڵفهكهى لێ ببڕین باشتره، ئه‌مساڵیش له هه‌مو ساڵه‌كانى تر خراپتربوین و به رێژه‌ى له %50 توشى زیان بوین.
ئه‌و ڤایرۆسه له ناوچه‌كه زۆر بڵاوه له ئێستادا و به‌شێكى زۆرى خاوه‌نى پرۆژه‌كانى ماسى توشى زیان كردوه، یه‌كه‌مجاریش له خواروى عێراق بڵاوبوه‌ته‌وه دواتر له كوردستان و به‌تایبه‌ت گه‌رمیان، هه‌مو ساڵێكیش زۆربه‌ى حهوزهكان توشیبوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك خاوه‌ن پرۆژه‌كان باسى لێوه‌ده‌كه‌ن، بەڕێوبەرایەتی ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان هیچى له‌ده‌ست نایات بۆیان بكات.
له به‌رامبه‌ردا، به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وتى: 2 ساڵه پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان توشى نه‌خۆشى ڤایرۆسى بون، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش سه‌ره‌تا له خواروى عێراق بڵاوبویه‌وه به‌هۆى زۆرى پرۆژه‌كانى ماسى له‌و سنورانه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بڕیاریدا به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌نجه ماسى له خواروى عێراق به‌تایبه‌ت حله‌وه نه‌هێنرێته هه‌رێم بۆ ماوه‌ى 3 ساڵ ئه‌و بڕیاره كارى پێده‌كرا.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: دواتر خاوه‌ن پرۆژه‌كان خۆیان وایانكرد نه‌خۆشیه‌كه بڵاوببێته‌وه، ئه‌ویش به‌هێنانى په‌نجه ماسى به‌شێوه‌ى قاچاخ، ئه‌مه‌ش وایكرد نه‌خۆشیه‌كه بڵاوببێته‌وه، دواتر وه‌زاره‌ت بڕیاره‌كه‌ى راگرت.
باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌م نه‌خۆشیه ڤایرۆسیه له هه‌مو جیهان چاره‌سه‌رى نیه و ڤاكسینیشى نیه تاوه‌كو به‌كاربهێنرێت بۆیان، بۆیه تاوه‌كو ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه.
لەبارەی بەدواداچونی حکومەت بۆ چاودێریی لایەنی تەندروستی پرۆژەکان، ئارام ئه‌حمه‌د سه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، وتى: به‌مه‌به‌ستى سه‌ردانكردن و پشكنین بۆ پرۆژه‌كانى ماسى، لیژنه‌یه‌كمان هه‌یه به‌ناوى لیژنه‌ى به‌دواداچون كه مانگانه 2 بۆ 3 جار به‌گوێره‌ى تواناى خۆمان سه‌ردان ده‌كه‌ین و ده‌پرسینه‌وه ئه‌م ماسیانه له كوێوه هاتون و له كه‌یه‌وه هێناویانه.
وتیشى: به‌ڵام وه‌ك ده‌رمان و پێداویستى ئه‌وانه‌مان نیه و بۆمان دابین نه‌كردون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له پلانى ساڵانه‌ى خۆمان داوامان كردوه بۆیان دابین بكرێت، ئه‌گه‌ریش دابین نه‌كرێت ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه.
لهبارەى ئه‌و نه‌خۆشیه ڤایرۆسیهى كه بڵاوبوه‌ته‌وه له نێو پرۆژه‌كانى ماسى، لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌شڵێت: هۆكارى ئه‌و نه‌خۆشیه ئه‌وه‌یه كه په‌نجه ماسیه‌كان له خواروى عێراقه‌وه ئه‌هێنرێن، كۆنترۆڵكردنى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ش زه‌حمه‌ته و ده‌رمان و پێکوتەی تایبه‌ت به خۆى نیه و زیاتر له 2 وه‌رزدا توشیان ده‌بێت (مانگه‌كانى 9 و10 له‌گه‌ڵ 3 و4 ، هاوكات خاوه‌ن پرۆژه‌كانیش خۆیان به هه‌ڕه‌مه‌كى پرۆژه‌كانیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
2. كێشه‌ى سه‌رچاوه‌ى ئاوى حه‌وزه‌كانى ماسى
گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاوى پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان یه‌كێكى تره له كێشه‌كانى خاوه‌ن پرۆژه‌كان، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئاوەڕۆ و زێراب ده‌ڕژێته ناو روباره‌كه و ئه‌مه‌ش كێشه‌ى بۆ دروست كردون به‌تایبه‌ت له روى ته‌ندروستى ماسیه‌كانه‌وه.
ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى، ده‌ڵێت: یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕومان بوه‌ته‌وه پیسى ئاوى روبارى سیروانه كه بۆ پرۆژه‌كانمان به‌كارى ده‌هێنین له قه‌ره‌بڵاغ و باناسیاو، به‌جۆرێك هه‌مو زێرابى كه‌لار ده‌هاته ناو روباره‌كه، دواتر له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ئه‌وه‌مان چاره‌كرد و لاماندا، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ى گرده‌گۆزینه دێته ناو مهشروعهكه، ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆى نه‌خۆشى.
باسى له‌وه‌شكرد: بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌هه‌وڵداین، ئه‌گه‌رچى بودجه‌ى پێویسته و چاره‌سه‌ره‌كه‌شى لاى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان و ئاودێرى گه‌رمیان و سامانى ئاژه‌ڵه، خۆشیان ئه‌وه ده‌زانن و ده‌بێت به بۆرى ئه‌و رێڕه‌وى ئاوه بگوازرێته‌وه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئاودێرى گه‌رمیان 2 بۆ 3 ساڵ جارێك ئه‌و مه‌شروعه ئه‌گه‌ر چاكى بكه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌مو ساڵێك خۆمان پاكى ئه‌كه‌ینه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌وا %50ـى كێشه‌كانمان نامێنێت له روى ته‌ندروستیه‌وه.
"له‌باره‌ى ئه‌و گرفته‌ى كه هه‌یه و ئاوى زێراب ئه‌ڕژێته ناو روبارى سیروانه‌وه و گرفته بۆ پرۆژه‌كانى ماسى له سنوره‌كه، ئیداره‌ى گه‌رمیان و ئاودێرى گه‌رمیان و شارهوانیشمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاگاداركردوه‌ته‌وه، كه چاره‌سه‌رێكى سهرەتایى بكرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و گرفته چاره نه‌كراوه". به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان وای وت.
له‌به‌رامبه‌ردا، موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێریى گه‌رمیان، وتى: چاره‌سه‌ركردنى ئاوى زێراب كه ده‌ڕژێته ناو روبارى سیروان له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه و له‌لاى شاره‌وانیه، شاره‌وانیش پلانى ئه‌وه‌یان هه‌یه له داهاتو یه‌كه‌یه‌كى چاره‌سه‌ر بۆ قه‌زاى كه‌لار دابنرێت، ئه‌مه‌ش بودجه‌یه‌كى زۆرى پێویسته.
باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌و ئاوه‌شى كه دێته ناو سیروانه‌وه هه‌ندێكى ده‌ڕژێته ناو پرۆژه‌ى ئاودێرى شێخله‌نگه‌ر، كه زۆنهكانى سه‌ر روبارى سیروان ته‌واو ببێت ئه‌وكات چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ش دائه‌نرێت.
هاوكات، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، له‌باره‌ى رژانى ئاوى زێرابى قه‌زاكه بۆ ناو روبارى سیروان، وتى: له پلانماندایه پرۆژه‌ى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوى قورس بۆ كه‌لار دابنرێت و پرۆژه‌یه‌كى ستراتیژى گه‌وره‌یه، به‌لاى ئێمه‌شه‌وه زیانێكى گه‌وره‌یه ئه‌و ئاوهڕۆیە ده‌ڕژێته ناو روبارى سیروانه‌وه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌م بابه‌ته به‌ستراوه‌ته‌وه به پرۆژەی زۆنهكانى سه‌ر روبارى سیروانه‌وه كه بڕیاره هه‌ر زۆنێك یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى خۆى نه‌بێت بەتەنیا، به‌ڵكو هه‌مویان له‌گه‌ڵ قه‌زاى كه‌لار یه‌ك یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بێت، بۆ بودجه‌ى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش نازانرێت چه‌ندى تێده‌چێت به دیاریكراویى، ره‌نگه نزیكه‌ى 20 ملیۆن دۆلارى تێبچێت.
له‌باره‌ى خاوێنكردنه‌وه‌ى مهشروعهكهوه كه ساڵانه پێویستى به پاكردنه‌وه‌یه و به‌پێى وته‌ى خاوه‌ن پرۆژه‌كانى ماسى خۆیان پاكى ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڕێوبه‌رى ئاودێریى گه‌رمیان وتى: ئه‌و مه‌شروعه 24 كیلۆمه‌تره و هه‌ر پاكکردنهوهیهك 30 بۆ 40 ملیۆن دینارى پێویسته، به‌هۆى قه‌یرانى داراییشه‌وه نه‌مانتوانیوه كارى جدى له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌گه‌رچى هه‌مو پاكردنهوهیهكى قورس و قوڵ خۆمان كردومانه، شته سه‌ره‌تاییه‌كان خاوه‌ن پرۆژه‌كان ده‌یكه‌ن بۆ نمونه كه قه‌وزه ده‌یگرێت.
3. ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ماسى
خاوه‌نى پرۆژه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن گرفتى ساغکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مەكانیان نیه له سنوره‌كه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى گرفته بۆ ئه‌وان وه‌رگرتنى مۆڵه‌ته بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان له ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان ساغ بكه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌ش رۆتیناتى زۆرى هه‌یه.
ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى، ده‌ڵێت: بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌مان گرفتمان نیه، به‌شى گه‌رمیان ده‌كات و بۆ سلێمانى و خواروى عێراقیش ده‌ڕوات، له بازگه‌كان هه‌ندێكجار گرفتمان بۆ دروست ده‌بێت ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى ڤێتهرنهرییهوهیه، چونكه پێویستمان به رێگه‌پێدانى ئه‌وان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ماسیه‌كانمان ببه‌ینه ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان.
ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكى په‌یوه‌ندى به خه‌مساردى خۆمانه‌وه‌یه كه رێگهپێدانهكان ناكه‌ین، چونكه كاتێك پرۆژه‌كان ده‌شكێنین لیژنه‌یه‌ك دێت بۆ پشكنین و دواتر به راپۆرت بۆ ڤێته‌رنه‌رى ده‌باته‌وه كه به‌رهه‌مه‌كه‌مان شیاوه یان نا، دواتر ڤێته‌رنه‌ریش رێگه‌پێدان ده‌كات، كه ده‌توانین به‌بێ كێشه به‌رهه‌مه‌كه‌مان ببه‌ینه ده‌ره‌وه.
هاوكات، حسێن حه‌سه‌ن، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى باڵا، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: راسته ئێمه زۆربه‌ى ئه‌ركه‌كان له روى مادیه‌وه له‌سه‌ر خۆمانه و بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك زیاتر له 3 هه‌زار دینارمان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌مانه‌وێت رێگرى له به‌بازاڕكردنى نه‌كه‌ن، چونكه پێویستى به مۆڵه‌ته بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌مان ببه‌ینه خواروى عێراق، ئه‌مه‌ش رۆتیناتى زۆرى هه‌یه له ڤێته‌رنه‌رى و سامانى ئاژه‌ڵ.
وتیشى: له بردنى هه‌ر بارێكى به‌رهه‌مه‌كانمان بۆ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان هیچ بڕه گومركێك وه‌رناگیرێت له بازگه‌كان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه له رێگهپێدانهكه رێژه‌یه‌كمان بۆ دیارییده‌كرێت و ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر من 20 ته‌ن به‌رهه‌مم هه‌بێت ئه‌وه به گوێره‌ى ئه‌وه ده‌توانم به‌رهه‌م ببه‌م، بۆیه ئه‌گه‌ر رێژه‌كه زیاتر بێت له‌و بڕه ئه‌وه ناتوانین بیبه‌ین، له هه‌مان كاتدا ئه‌و رێگه‌پێدانه سودى هه‌یه بۆ ئێمه، چونكه رێگر ده‌بێت له به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، ئارام ئه‌حمه‌د سه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، وتى: خاوه‌نی پرۆژه‌كان هه‌ندێكیان مۆڵه‌تى ڤێته‌رنه‌ریمان بۆ ده‌ركردون و به‌رده‌وامین بۆ ئه‌وه‌كانى دیكه‌ش.
وتیشى: كاتێك خاوه‌ن پرۆژه‌كانیش به‌رهه‌مه‌كانیان پێده‌گات سه‌ردان ده‌كه‌ن و پشكنین بۆ ماسیه‌كان ده‌كه‌ین له رێگه‌ى هه‌ڵدڕینى سكیانه‌وه، دواى ئه‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت ته‌ندروسته و شیاوه بۆ به‌كارهێنان، ئه‌وه رێگه‌پێدانیان بۆ ده‌كه‌ین له رێگه‌ى نوسراوى فه‌رمیه‌وه بۆ بازگه‌كان كه ده‌توانن ماسیه‌كانیان ببه‌نه ده‌ره‌وه و ساغى بكه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه هیچ بڕه پارهكیان لێوه‌رناگیرێت.
4. هاوكاریینهكردنى حكومه‌ت بۆ پرۆژه‌كانى ماسى
له پێش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى داراییه‌وه حكومه‌ت هاوكارى پرۆژه‌كانى سامانى ماسى كردوه له سنورى گه‌رمیان به‌تایبه‌ت له دابینكردنى ئاڵف بۆیان، به‌ڵام خاوه‌ن پرۆژه‌كان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه له‌م ساڵانه‌ى دواى ئه‌و هاوكارییانه نه‌ماوه.
ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى، ده‌ڵێت: هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك تاوه‌كو ده‌گاته به‌رهه‌م، له روى مادیه‌وه زۆرى تێده‌چێت، به‌جۆرێك هه‌مو جۆره ده‌رمانێك له ده‌ره‌وه دێت و ده‌یكڕین ئه‌مه‌ش به‌پێى به‌رزى دۆلار زۆرمان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت، هاوكات په‌نجه ماسیهكانیشمان له حله‌وه بۆ دێت بۆ هه‌ر بارێك 400 بۆ 500 هه‌زار دینار تێچوى هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نێك ئاڵف به 1 ملیۆن بۆ 1 ملیۆن و 250 هه‌زار دینار ده‌كڕین له ناوخۆى خۆماندا.
باسى له‌وه‌شكرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 3 كارگه‌ى ئاڵفمان هه‌یه له گه‌رمیان جگه له ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستان.
به هه‌مان شێوه‌ى ئه‌ركان، حسێن حه‌سه‌ن، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى باڵا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه په‌نجه ماسییه‌كان له خواروى عێراقه‌وه ده‌هێنن و به‌رهه‌مى ده‌هێنن.
هاوكات، به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وتى: له ساڵى 2019 هاوكارییه‌كان بۆ پرۆژه‌كانى ماسى له سنوره‌كه راگیراون، كۆتا هاوكاریشمان ئه‌و ساڵه بوه كه ئاڵفمان داوه پێیان.
5. نه‌بونى پرۆژه‌ى هه‌ڵهێنه‌رى ماسى له گه‌رمیان
له سنورى گه‌رمیان پلان هه‌بوه پرۆژه‌یه‌كى تایبه‌ت به هه‌ڵهێنه‌رى په‌نجه‌ماسى له سنوره‌كه‌دا بكرێته‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه‌ته.
ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: زیاتر له 10 ساڵ پرۆژه‌یه‌كیان هه‌بو كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ئه‌ویش پرۆژه‌ى (هه‌ڵهێنه‌رى په‌نجه‌ماسى) بو، به‌ڵام به نیوه‌ناچڵى به جێهێڵرا و ته‌واو نه‌كراوه، ئه‌ویش به‌هۆى خه‌رج نه‌كردنى بودجه‌وه بۆیان، ئه‌گه‌رچى حهوزهكانیشیان دروست كرد.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌دروستكردنى ئه‌و پرۆژه‌یه خه‌رجییه‌كى زۆر له‌سه‌ر ئێمه لاده‌چێت و ده‌توانین ئه‌و په‌نجه ماسیانه‌ى خۆمان به‌رهه‌م بهێنین نه‌ك له حله‌وه بیهێنین، بۆیه ئه‌گه‌ر خۆشیان ناتوانن ده‌توانن بیده‌ن به كه‌رتى تایبه‌ت یاخود ئێمه ده‌توانین ئه‌و كاره‌بكه‌ین و به‌شى هه‌مو گه‌رمیان بدات و بۆ ناوچه‌كانى تریشى بنێرین.
له وه‌ڵامدا، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان وتى: پرۆژه‌ى هه‌ڵهێنه‌رى په‌نجه‌ماسى له ساڵى 2013 له‌سه‌ر بودجه‌ى پاڵپشتى كشتو‌كاڵى كراوه، به دو قۆناغ كارى تێداكراوه، له‌ساڵى 2014 هه‌ندێك بودجه‌ى دیكه‌مان بۆ خه‌رج كرده‌وه و دواتر كاره‌كانى وه‌ستا به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه.
ده‌شڵێت: له ئێستادا رێژه‌یه‌كى زۆرى كاره‌كانى ته‌واو بوه، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه هێنانى دایكانه و باوكانه‌یه كه بۆیان بكڕین، له گه‌ڵ دابینكردنى كرێكار و ستاف بۆ به‌ڕێوه‌بردنى.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نوسراومان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ت كردوه به شێوه‌ى هاوبەش لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت بەڕێوەببرێت، بەڵام هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتوەتەوە.
بەشی دوەم: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: دهرهنجامەکان
1. له گه‌رمیاندا به‌نزیكه‌ى 610 هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵ له مه‌ڕوبزن و ره‌شه‌وڵاخ هه‌ن، ئه‌مانه زۆربه‌یان به‌شێوه‌ى تاك یان به هاوبه‌شێتى چه‌ند كه‌سێك له لادێكاندا به‌خێوده‌كرێن و هیچ پرۆژه‌یه‌كى كێڵگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى ئاژه‌ڵی گۆشت له سنوره‌كه‌دا بونی نییه.
هه‌رچی په‌له‌وه‌ره، ئه‌وا 144 پرۆژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى گۆشتى په‌له‌وه‌ر "مریشك" بونیان هه‌یه، ساڵانه سەروی (3) ملیۆن مریشک به‌رهه‌مده‌هێنن. له پاڵ ئه‌مانه‌شدا چه‌ندین كێڵگه‌ى نافه‌رمیی به‌رهه‌مهێنانى قه‌ل و قاز و مراوی هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان كێڵگه‌ى گه‌وره‌ى مۆڵه‌تدار نیین، به‌ڵكو هه‌وڵ و كاسبیی تاكه‌كه‌سیین و ژماره‌ى به‌رهه‌میشیان به دیارییكراوی نازانرێت.
هه‌رچی ماسیشه، ئه‌وا 7 كێڵگه‌ى ماسی له سنوره‌كه‌دا بونیان هه‌یه، كه به‌رهه‌مى ساڵانه‌یان له‌نێوان 300 بۆ 500 ته‌نه.
2. یه‌كێك له‌و كێشه سه‌ره‌كیانه‌ى روبه‌ڕوى ئه‌م كه‌رته ده‌بێته‌وه، بونى نه‌خۆشیی و په‌تایه، كه‌واده‌كات زیانى زۆر بدات له‌م سامانه. نه‌خۆشیه‌كانیش به‌شێكیان به وه‌رگرتنى ڤاكسین پێش‌گیرییان لێده‌كرێت، به‌شێكى دیكه‌شیان به‌هۆی ئه‌وه‌ى له‌ناوچه‌ى دیكه‌وه دێن، چاره‌سه‌ریان زه‌حمه‌ته و زیانى زۆریان ده‌بێت. ئه‌و كه‌سانه‌یشی له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن، ره‌خنه‌یان له‌وه هه‌یه كه حكومه‌ت له‌مڕوه‌وه هاوكاری ئه‌وتۆیان نییه و كۆمه‌كیان ناكات به دابینكردنى ده‌رمان و پێداویستی.
3. ئه‌م بواره به‌ته‌واوى له‌لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت و حكومه‌ت جگه له چاودێریی، رۆڵی نییه له به‌رهه‌مهێنان دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ى له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن، ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان له حكومه‌ت هه‌یه كه ئاسته‌نگی زۆریان بۆ دروست ده‌كات و هاوكاریان نییه، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت ئاماژه به‌وه‌ده‌كات به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان ئه‌ركی خۆیان به‌جێدێنن.
4. له‌ساڵانى پێش قه‌یرانى داراییدا، حكومه‌ت هاوكاریی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی پێشكه‌ش به‌م كه‌رته كردوه، به‌ڵام له دواى قه‌یرانى داراییه‌وه هه‌مو هاوكارییه‌كى گرتوه‌ته‌وه.
5. به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانى سامانى ئاژه‌ڵ بره‌ویان زۆره و به‌شێكى دیكه‌شیان گرفتى ساغكردنه‌وه‌یان هه‌یه، بۆنمونه گۆشتی ئاژه‌ڵ و ماسی كه‌متر كێشه‌ى ساغبونهوهیان هه‌یه و خواست له‌سه‌ریان به‌رزه، به‌ڵام به نیسبه‌ت گۆشتى په‌له‌وه‌ره‌وه كێشه‌ى ساغكردنه‌وه‌ى هه‌یه.
6. به‌رهه‌مى سامانى ئاژه‌ڵی سنوره‌كه، به‌ته‌واویی خواستى ناوچه‌كه له پێداویستی گۆشت پڕ ده‌كاته‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو به‌رهه‌مه‌كانیشی بۆ ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم و عێراق ده‌چێت.
7. دیارده‌ى بونى ئاژه‌ڵی قاچاغ له ناوچه‌كه‌دا بونى هه‌یه، چ به هێنانى مه‌ڕوماڵات بێت له وڵاتانى دیكه‌وه به قاچاغ، یاخود بونى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى نایاسی و بێمۆڵه‌ت و هێنانى مریشك به قاچاغ، یاخود هێنانى په‌نجه‌ماسیی بۆ كێڵگه‌كانى ماسی به‌بێ رێگه‌پێدان.
8. هه‌ندێك پرۆژه‌ى گرنگ و ستراتیژی په‌یوه‌ست به‌م كه‌رته‌وه كراون، له‌نمونه‌ى پرۆژه‌ى هه‌ڵهێنه‌رى جوجك، به‌ڵام كه‌م و سنوردارن و داخوازیی ناوچه‌كه پڕناكه‌نه‌وه، جگه له‌وه‌ى له بوارى مه‌ڕوماڵات و ماسی دا پرۆژه‌ى گه‌وره نیه چ به بونى كێڵگه‌ى مه‌ڕوماڵاتى گه‌وره یاخود هه‌ڵهێنه‌رى په‌نجه‌ماسی.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. سامانى ئاژه‌ڵ پێكهێنه‌رێكى سه‌ره‌كی ئاسایشی خۆراكه، بۆیه پێویست ده‌كات له‌سه‌ر حكومه‌ت گرنگیی زۆری پێبدات. خۆشبه‌ختانه له گه‌رمیاندا ئه‌م سامانه بره‌وى هه‌یه و وایكردوه پێویستی ناوچه‌كه پڕ بكاته‌وه، به‌ڵام ناوچه‌كه قابیلیه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌م كه‌رته زیاتر تیایدا په‌ره پێبدرێت.
گرنگه حكومه‌ت پلانی گونجاو دابڕێژێت بۆ بره‌ودان به‌م كه‌رته و هه‌روه‌ها دانانى نه‌خشه‌یه‌ك بۆ فراوانتركردن و زیادكردنى بڕى به‌رهه‌مى سامانى ئاژه‌ڵ.
2. جۆراوجۆربونى سه‌رچاوه‌كانى ئه‌م كه‌رته زۆر گرنگه، ئه‌ویش به‌وه‌ى حكومه‌ت گرنگیی به هه‌مو لایهكانى ئه‌م كه‌رته بدات و هه‌مویان وه‌كو یه‌ك پێشبخات. هه‌روه‌ك هه‌وڵبدات پرۆژه‌ى ته‌واوكاریی پێویست و گه‌وره له‌ناوچه‌كه‌دا له‌م بواره‌دا بونیاد بنێت یان ئاسانكاریی بۆ بونیادنانى بكات.
3. پرۆژه‌كانى سنوره‌كه له بوارى سامانى ئاژه‌ڵدا ته‌قلیدیی و كۆنن، گرنگه حكومه‌ت هه‌وڵی نوێكردنه‌وه و پێشخستنیان بدات و ده‌رگا بكاته‌وه له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان كردن له‌م كه‌رته‌دا، ئه‌ویش چ به بانگهێشتكردنى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی كردن له‌م ده‌ڤه‌ره، یاخود به ئاماده‌كردنى پرۆژه‌ی جیاواز و پێشكه‌شكردنى به وه‌به‌رهێنه‌ره ناوخۆییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى.
4. له‌كاتێكدا حكومه‌ت رۆڵی چاودێرییكار ده‌بینێت به‌سه‌ر ئه‌م كه‌رته‌وه، به‌ڵام خۆیشی كێشه‌ى هه‌یه، به‌وه‌ى هێشتا به ته‌واویی ناتوانێت چاودێریی بكات، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌می ستافى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به ئاژه‌ڵه‌وه. بۆیه گرنگه حكومه‌ت خه‌مێك له‌م بواره بخوات، به‌تایبه‌تى كه ئاژه‌ڵ به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ گرێدراوه به ته‌ندروستی گشتییه‌وه. هه‌روه‌ك هه‌وڵی جیدیی بدرێت له رێگرییكردن له دیارده‌ى قاچاغیی ئاژه‌ڵ و بونى پرۆژه‌ى نایاسایی و بێمۆڵه‌ت.
5. پێویسته حكومه‌ت بودجه‌یه‌كى هه‌بێت تایبه‌ت بۆ به‌هاناوه‌چونى خاوه‌ن ئاژه‌ڵان له‌كاتى رودانى نه‌خۆشی و په‌تا، یاخود بتوانێت ئاسانكاریی بكات بۆ ئاژه‌ڵدار و خاوه‌ن پرۆژه‌كانى ئاژه‌ڵداری به‌پێدانى قه‌رز پێیان.
6. پێشنیاز ده‌كه‌ین حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، ساڵانه كۆنفرانس و وۆركشۆپی تایبه‌ت به باسكردنى كێشه‌كانى ئه‌م بواره و بههروپێشبردنى ئه‌نجام بدات، هه‌روه‌ك هانى ئه‌و رێكخراو و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییانه بدات كه له بوارى په‌ره‌دان به ئاژه‌ڵ و كشتوكاڵدا كارده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى چالاكیی جۆراوجۆر له سنوره‌كه‌دا ئه‌نجام بده‌ن.
7. ئه‌و ئاسته‌نگیی و گرفتانه‌ى ئاژه‌ڵدار و خاوه‌ن پرۆژه‌كان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، ده‌بێت حكومه‌ت به‌هه‌ند وه‌ریانبگرێت، هه‌وڵبدات نه‌یانهێڵێت یان نه‌بنه بارگرانى به‌سه‌ر ئاژه‌ڵدار و كاسبكارانى ئه‌م بواره‌وه.
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار