Draw Media

ڕاپۆرتی شیكاری / ئارام مه‌حمود به‌پێی زۆرینه‌ی ئه‌و پێشبینیانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌خرێنه‌ڕوو، هاوپه‌یمانی (نصر)ی، حه‌یده‌ر عه‌بادی براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت و زۆرترین كورسیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ستده‌هێنێت، دامه‌زراوه‌ی دره‌و میدیا به‌پشتبه‌ستن به‌كۆمه‌ڵێك فاكت و هۆكار و ئه‌و به‌دواداچونانه‌ی كردویه‌تی، ئه‌نجامێكی جیاوازی هه‌ڵهێنجاوه‌ كه‌ له‌م ڕاپۆرته‌ شیكارییه‌دا ده‌یانخاته‌ڕوو. به‌ر له‌چونه‌ ناو ورده‌كارییه‌كان، خالێكی جه‌وهه‌ری كه‌پێویست به‌ڕاوه‌ستان ده‌كات له‌سه‌ری ئه‌وه‌یه‌، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌عێراق له‌ڕواڵه‌تدا پرۆسه‌یه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ئیراده‌ و ده‌نگی خه‌ڵك، به‌ڵام له‌سه‌ر زه‌مینی واقیع كارلێك و ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان و ڕێكه‌وتنه‌ نهێنیه‌كان كاریگه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕوخساری حكومه‌ت و  كه‌سی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له‌ئاینده‌دا، بۆ ئه‌مه‌ش دوو نمونه‌ی زیندو له‌به‌رده‌ستدان، له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2010دا لیسته‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی به‌به‌ده‌ستهێنانی 91 كورسی بوه‌ براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵام نوری مالكی بۆجاری دوه‌م پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی گرته‌وه‌ ده‌ست،  له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2014 شدا، نوری مالكی سه‌رۆكی ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌به‌ده‌ستهێنانی 92 كورسی بوه‌ براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان حه‌یده‌ر عه‌بادی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی گرته‌ ده‌ست. ده‌وڵه‌تی یاسا و هاوپه‌یمانی فه‌تح گه‌وره‌ترین كوتله‌ ده‌بن له‌ده‌ستپێكی پێكهێنانی قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانێتییەکاندا، هاوپه‌یمانی (النصر) یه‌كێك بوو ‌ له وهاوپه‌یمانێتیه‌ به‌هێزانه‌ی چاوه‌ڕوانده‌كرا زۆرترین كورسیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام به‌هۆی كشانه‌وه‌ی هادی عامری كه‌ به‌هاوپه‌یمانێتیه‌كی جیاواز به‌ناوی (الفتح) به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات و نزیكه‌ی 20 گروپی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له‌عێراق و چه‌ند گردبونه‌وه‌یه‌كی سیاسی له‌خۆده‌گرێت، هاوكات كشانه‌وه‌ی عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌لیستێكی جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی كردوه‌، به‌رله‌ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن گورزێكی گه‌وره‌یدا له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عه‌بادی، هاوكات هه‌وڵه‌كانیشی بۆ پێكهێنانی ئیئتیلافێك كه‌ سنوری پێكهاته‌كان تێپه‌ڕێنێت به‌ڕاكێشانی هێز و لایه‌نه‌ كوردی و سوننه‌كان، سه‌ركه‌وتونه‌بوو. حه‌یده‌ر عه‌بادی وێڕایی ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا پێگه‌یه‌كی به‌هێزی نه‌بوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ڵام پشتیوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییەكان به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا و سه‌رقاڵبونی هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ شه‌ڕی داعش توانی به‌سه‌ر كۆی ئه‌و ئاستەنهگ و ئاڵنگارییه‌ سیاسییانه‌ سه‌ربكه‌وێت كه‌ نه‌یاره‌كانی دروستیان كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی چوار ساڵی ڕابردوو به‌تایبه‌تی شه‌ڕی داعش و ده‌سته‌به‌ركردنی جۆرێك له‌ سه‌قامگیری ئه‌منیی و سیاسیی و ئابوریی و ده‌ستبه‌سه‌رگراتنی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان كه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ چونه‌ گیرفانی عه‌بادییه‌وه‌، به‌ڵام زۆرێك له‌ هه‌نگاوه‌كانی تری به‌تایبه‌ت له‌ بواری چاكسازی، دوژمنێكی زۆری له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست بۆ دروستكرد. عەبادی وا ناسراوە کە لەسەر ئاستی دەرەوە دۆستی نزیکی ئەمریکایە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ دۆستێکی بەهێزی ئەوتۆی نیە، په‌یوه‌ندییه‌كانی لەگەڵ مالیکی خراپە و دوژمنی سەرسەختی یەکن، لەگەڵ گروپەکانی حەشدی شەعبی په‌یوه‌ندییه‌كانی باش نیە وبه‌رده‌وام به‌وه‌ تۆمه‌تباریان كردووه‌ كه‌ هه‌وڵی سنورداركردنی ده‌سه‌ڵات و قه‌باره‌ و جوڵه‌یان ده‌دات و لەپرسی داراییشدا وەک پێویست مافە داراییەکانی بۆ دابین نەکردون، جگە لەوه‌ش نزیکی عه‌بادی لە ئەمریکا و نزیکی حەشدی شەعبی لە ئێران خاڵێکی تری ناکۆکییەکانیانە. لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش كه‌ له‌سه‌ره‌تادا ئومێدی گه‌وره‌یان پێیبو كه‌ كۆتایی به‌‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد بهێنێت به‌تایبه‌تی كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، بێهیوابون و زۆربه‌یان گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی عه‌بادی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ ڕواڵه‌تدا پیاوێكی نه‌رم و نیانه‌ و توانای گوێگرتنی هه‌یه،‌ به‌ڵام له‌ كۆتاییدا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نابێت و هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خۆی بڕوای پێیه‌تی. ڕاگەیاندنی چەردەی چاکسازی (الحزم الاصلاحیة) یه‌كێك بوو له‌و هه‌نگاوه‌ دیارانه‌ی عه‌بادی له‌ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا ئه‌نجامیدا، ئه‌و له‌ژێر ناونیشانی سكهه‌ڵگوشین و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئه‌و ڕێكارانه‌ی گرته‌به‌ر، به‌ڵام نه‌یاره‌كانی به‌ پاكتاوی سیاسییان وه‌سفكرد، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پۆستی جێگره‌كانی خۆی و جێگره‌كانی سه‌رۆك كۆمار و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێك، به‌ڵام له‌به‌ر دۆخی ناهه‌مواری عێراق له‌و كاته‌دا بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد، كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی په‌رله‌مانتاران وپله‌ باڵاكان و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دیسان نه‌یارێكی زۆری بۆ دروستكرد، كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ تۆڵه‌ی لێبكه‌نه‌وه‌. پێشبینی بۆ ژماره‌ی كورسی لیسته‌كان      بەپێی خوێندنەوەکانی به‌شێك چاودێرانی دۆخی عێراق، لاوازبوونی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی حیدەر عبادی بەقازانجی نوری مالیکی ئەمینداری  گشتی حزبی دەعوە و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەشکێتەوە کە هەردووکیان لە هەناوی یەک حزبەوە هاتوون و بەهۆی ململانێیان لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئیئتیلافەکەی ڕابردوویان کردە دوو بەشەوە و هەریەکەیان بە لیستێکی جیا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات. - پێشبینی ده‌كرێت شیعه‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 175 بۆ 180 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ده‌ستبهێنن و دیارترین لیسته‌ سه‌ركه‌وتوه‌كانیشیان به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت: - ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیکی بەبەدەستهێنانی 50 بۆ 55 کورسی براوەی یەکەم بێت لەسەر ئاستی عێراق، به‌دوایدا لیستی (الفتح) لە نێوان 40 بۆ 45 کورسی ببێته‌ براوه‌ی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان. -  لیستی (النصر) به‌به‌ده‌ستهێنانی 35 بۆ 40 کورسی په‌رله‌مان و هاوپەیمانی ڕەوتی سەدریش لەگەڵ ڕەوتی مەدەنی (شیوعییەکان) ئەوانیش لە نێوان 35 بۆ 40 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن، بەشێوەیەکی گشتی ئەمانە لیستە براوەکانی شیعەن. یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌كان بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی و دروستكردنی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی، هاوپه‌یمانێتی نێوان ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكی و هاوپه‌یمانی (الفتح)ی، هادی عامریه‌ كه‌ گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند پارت و گردبونه‌وه‌یه‌كی سیاسی له‌خۆده‌گرێت.  - بەدوایدا ئیئتیلافی نیشتمانی دێت کە بە لیستی سوننەکان ناسراوە و ئەیاد عەلاوی سەرۆکایەتی دەکات کە خۆی لەبنەڕەتدا شیعەیەکی عەلمانییە، بەڵام بەکەسێک ناسراوە کە لە دەرەوەی تائیفە و مەزهەب کاردەکات و کەسایەتییەکی سیکۆلارە، لیستەکەی ئەویش پێشبینی دەکرێت لەسەر ئاستی عێراق 35 بۆ 40 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. - هاوپه‌یمانی بڕیاڕ (تحالف القرار) ئوسامه‌ نوجێفیش 13 بۆ 15 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت و  چەند لیستێکی تری سونەکانیش 15 بۆ 20 کورسی بەدەستبهێین. -  ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت بۆ كۆی قه‌واره‌ و لیسته‌ سوننییه‌كان به‌ده‌ستی بهێنن له‌نێوان 70 بۆ 75 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندایه‌. - دوای شیعە و سوننە، کورد دێت بەهۆی گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکەکان پێشبینی دەکرێت ڕێژەی کورسیەکان کورد لەخولی چوارەمی پەرلەماندا کەمبکات، لە خولی سێیەمدا کە ئەم خولەی ئێستایە کورد خاوەنی 65 کورسیە 62+3 کورسی کۆتاکان، بەڵام لەم هەڵبژاردنە پپێشبینی دەکرێت کورسیەکانی لە نێوان 55 بۆ 58 کورسیدابێت بەمشێوەیە: - پارتی دیموکراتی کوردستان 20 بۆ 22 کورسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 12 بۆ 14 کورسی، بزوتنەوەی گۆڕان 7 بۆ 9 کورسی، هاوپەیمانی بۆ دادپه‌روەری و دیموکراسی 4 بۆ 5 کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی 3 بۆ 4 کورسی، یەکگرتوی ئیسلامی 3 بۆ 4 کورسی، نەوەی نوێ 2 بۆ 3 کورسی.


ئیبراهیم رەشید سەرۆكی لیستی نەسری حەیدەر عەبادی  لە سلێمانی بە سۆمەریە نیوزی راگەیاندووە، لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا حەیدەر عەبادی سەردانی پارێزگای سلێمانی دەكات، سەردانەكەشی لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندایە. ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە سلێمانی پێشوازی باش لە لیستەكەیان دەكرێت، سوپاسی حكومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەكانی كردووە كە بەتەواوی بارەگای لیستەكەیانی پاراستووە. هاوپەیمانی سەركەوتن " النصر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات لە (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) 23 كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران. لیستەكەی عەبادی لە سلێمانی (9) كاندید لەخۆدەگرێت: 1-     ژیان عەبدوڵا نوری عەبدوڵا 2-     محەمەد نوری سەیفەدین محەمەد نوری محەمەد سەعید 3-    ئیبراهیم رەشید عەبدوڵا عارف 4-     بەكر حەبیب مەحمود محەمەد 5-    ئومێد عەبدوڵا ساڵح عەبدولڕەحمان 6-     شادمان رەشید زۆراب عەلی 7-     سائیرە ئەكرەم محەمەد ساڵح 8-     شیان رەشید رەحیم ئەمین 9-     عیماد ئیسماعیل عەبدولقادر یوسف هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای هەولێریش لیستێكی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی هەولێری حەیدەر عەبادی پێكدێت لە (8) كاندید: 1-    جەرجیس محەمەد حسێن عەدیل (جەرجیس گولیزادە)/ سەرۆكی لیست 2-    عیماد كەمال سەعید مەولود 3-    بەدیع شەرەفەدین عەزیز رەفیق 4-    هێمن رەمزی مەحمود عەلی 5-    خالید عەلی فارس ئەمین 6-    ئیبراهیم سەمین ئەمین خورشید 7-    ئەسرا شەرەفەدین عەزیز رەفیق 8-    فەرقەد محەمەد زەیدان زەنون هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی بەهەمان شێوە لە پارێزگای دهۆك لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەبادی لە پارێزگای دهۆك پێكدێت لە (6) كاندید: 1-     ناسر تۆفیق رەشید/ سەرۆكی لیست 2-     شێركۆ عابید محەمەد رەشید 3-     رەوشەن عەبدولسەلام حەسەن ئەتروشی 4-     ئەنوەر محەمەد مەعسوم ئەنوەر 5-     فادیە حسێن محەمەد ئەمین 6-     عومەر عەلی سەعید عەبدولقادر


لەدوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد ناوچە جێناكۆكەكانی لێ سنورداركراوە بۆ چالاكی سیاسی و حیزبی و تەنانەت بانگەشەی هەڵبژاردنیش، ئێستا لایەنە كوردییەكان ناتوانن بە ئازادی لەو ناوچانە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن، لە ماوەی رابردوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگەشەی كاندیداكانی هەڵبژاردنی نەینەوای لە قەزای شێخان كرد كە ناوچەی جێناكۆكە بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدایە، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بانگەشەی كاندیداكانی كەركوكی لە قەرەهەنجیر كرد كە ناوچەی جێناكۆكە بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدایە، هەروەها یەكێتی بانگەشەی كاندیداكانی پارێزگای دیالەی لە كەلار كرد لە كاتێكدا كورد لە خانەقین زۆرینەیە.  ئەم نەمانی هەیمەنەیە و بەرتەسككردنەوەی چالاكی سیاسی لیستە كوردییەكان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بە زیانی گەورەی دەنگی كورد كۆتایی دێت لەو ناوچانە، چونكە كورد لە رابردوودا بەهۆی هەژموونی سیاسی و سەربازییەوە لەوناوچانە دەنگی زۆری بەدەستهێناوە. لە راگەیەنراوێكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  هۆشداری دەدات لەو رێگریانە لە لیستە كوردییەكان دەكرێت لە ناوچە جێناكۆكەكان و راگەیەنراوەكەی  ئاڕاستەی (سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، دەوڵەتمەداری عێراق، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق) كردووە و ڕایگەیاندووە، لە كەركوك، خانەقین، شەنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیكەش هێشتا دەسەڵاتی عەسكەریی ‌و ئەمنیی ڕێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانییەكان، كە حزبی ڕەسمی‌ و یاسایین، بكرێتەوە، تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستوری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەیە. راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە " سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەریی و ئەمنیی، پێچەوانەی دەستور و ڕێسای پەیوەندییەكانمانە، بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای ڕای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدوریشی نازانین، ڕوداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە". ................................ دەقی راگەیەنراوەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  جەنابی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ! دەوڵەتمەداری بەرێزی عێراق! سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی بەڕێز! لەكاتێكدا، وردە وردە ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق‌ و هەرێمی كوردستان، زیاتر دەبێ‌‌ و هەنگاوی باشیش لەو پێناوەدا نراوە. كەچی بەداخەوە، لەدوای روداوەكانی 16/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە (6 مانگ)ە، لەكەركوك، خانەقین، شەنگار، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی تریش، هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری ‌و ئەمنی، رێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانیەكان، كە حزبی رەسمی‌و یاسایین، بكرێتەوە. تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستوری لەسەر هێزە كوردستانیەكان هەیە. بەڵكو لە زۆر شارو شارۆچكەدا، ماڵی بەرپرس‌و كادرانی لایەنە كوردستانیەكانیش، داگیركراوون.   بەرێزینە! ئاشكرایە لای جەنابتان، بەمشێوەیە سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەری‌و ئەمنی، پێچەوانەی دەستورو رێسای پەیوەندیەكانمانە. بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای رای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووەو بەدوریشی نازانین، روداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە.  بۆیە، داوامان لەبەرێزتان ئەوەیە، بەزوترین كات، بڕیاری چارەسەری ئەم كێشە یاساییی‌و مافە سیاسیە بدەن. لەگەڵ رێزی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23/4/2018


11 رۆژە هاوڵاتیانی ئەرمینیا لە دژی سێرج سەركیسیان سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان رژاونەتە سەرشەقام و تۆمەتباری دەكەن بەوەی دەستیگرتووە بەسەر كورسی دەسەڵاتدا و ئامادە نییە دەستبەداری بێت. لە نوێترین پەرەسەندندا ئەمڕۆ لە یەریڤانی پایتەختدا نزیكەی 100 سەرباز بە پۆشاكی سەربازییەوە چوونە ریزی خۆپیشاندەران و داوایان لە سەرۆك وەزیران كرد دەست لەكاربكێشێتەوە، وەزارەتی بەرگریش هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی كرد بەسەر ئەو سەربازانەی كە سەربازگەكەیان بەجێهێشتووە و بەشداری خۆپیشاندانەكانیان كردووە. بە گوێرەی نوێترین هەواڵ دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا نیكۆڵ باشینیان سەركردەی ئۆپۆزسیۆنیان ئازادكردووە و سێرج سەركیسیانی سەرۆك وەزیرانیش ئامادەیی خۆی بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی دەربڕیوە. ڤیدیۆ: خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ئەرمینیا  


ئاسایشی پارتی سێ‌ كاندیدی لیستەكەی عەبادی لە دهۆك دەڕفێنێت ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك سێ‌ كاندیدی لیستەكەی حەیدەر عەبادی لەو پارێزگایە دەڕفێنێت و داوایان لێدەكات لەو لیستە بكشێنەوە. ناسر بەگ بەرواری سەرۆكی لیستەكەی حەیدەر عەبادی لە پارێزگای دهۆك بە " درەو میدیا"ی رایگەیاند دوێنێ‌ یەكشەممە هێزێكی ئاسایشی پارتی سێ‌ كاندیدی لیستەكەیان بەناوی " ئەنوەر مەعسوم مائی، فادیە حسێن ، عومەر عەلی " رفاندووە و بەیانی ئەمڕۆ ئازادیانكردوون. وتیشی ئەو سێ‌ كاندیدە داوایان لێكراوە لەسەر تەلەفزیۆن كشانەوە بێ‌ بەریبونی خۆیان لە لیستەكەی عەبادی رابگەیەنن و جوێن بە عەبادی بڵێن و ئەو كاتە هەر داواكارییەكیان هەبێت بۆیان جێبەجێ دەكرێت. سەرۆكی لیستی  هاوپەیمانی " النصر" راشیگەیاند سكاڵایان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆمارنەكردووە، بەڵكو لە نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیان لە بەغدا لە رووداوەكە ئاگاداركردووەتەوە. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر" دەكات و 26 كاندیدی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەیە.  


راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف موهەیمەن عەلی حەمدانی كاندیدی لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك رایگەیاند: ئەوەی كوردەكان دەڵێن ئێمە بە هێز كەركوكمان داگیركردووە راست نیە، بەڵكو ئەمجارە ئێمە بەدەنگ كەركوك داگیردەكەین، رەنگە وتەی ئەم كاندیدەی پێكهاتەی عێراق لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە ئەوان هەڵبژاردنی ئەمجارە لە كەركوك وەك هەلێك لێی دەڕوانن بۆئەوەی پێگەی خۆیان تێدا بەهێزتربكەن لەكاتێكدا كە پێگەی كورد بەهۆی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەو پارێزگایە لاواز بووە. پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەمجارە لەناوچە جێناكۆكەكان، جیاوازتر بێت بۆ كورد لە هەموو ئەو هەڵبژاردانانەی كە لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە عێراق ئەنجامدراون، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، كورد لەلایەك هەژموونی سیاسیی و سەربازی لەو ناوچانەدا هەبووە و بەو هۆیەوە بەشێك لە پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە دەنگیان بە لیستە كوردییەكانداوە، لەلایەكی تریش بەردەوام لیستە كوردییەكان بەهۆی هەژمونیان بەسەر تەواوی دامەزراوەكانی ئەو ناوچانەدا ساختەكاری زۆریان كردووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتودا ئەو دوو كارتەیان لەدەستدا نەماوە و ئەگەری پێچەوانەبوونی پرسەكە بوەتەوە بۆ پێكهاتەكانی دیكە، بۆیە ئەگەری دابەزینی دەنگی كورد لەوناوچانە زۆرە. لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد دەسەڵاتی لەو ناوچانە لەدەستداوە و پێگەكەشی لەو ناوچانە بەجۆرێك لاواز بووە، كە رەنگە بەشێكی زۆری كورسییەكانی لەو ناوچانە لەدەست بدات، ئەم هەڵبژاردنە رەنگە ببێتە ریفراندۆمێك بۆ دیاریكردنی سەنگ و پێگەی پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە. دەنگی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان لەدوای كۆنترۆڵكردنی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن سوپای عێراقەوە، ئەوەی بۆ كورد  جێگای مەترسییە لەو ناوچانە دابەزینی ئاستی دەنگەكانی كوردە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، كە لەو پارێزگایانە كورد لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 دا ( 21 كورسی ) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێناوە، بەشێوەیەك كە لە پارێزگای كەركوك 8 كورسی بەدەستهێناوە ( 6 كورسی یەكێتی و 2 كورسی پارتی) و لە نەینەوا 10 كورسی بەدەستهێناوە ( پارتی 6 كورسی و 1 كورسی كۆتای ئێزدی، 1 كورسی كۆتای شەبەك،  یەكێتی 2 كورسی) و لە دیالە 2 كورسی بەدەستهێناوە ( هەردووكیان هی یەكێتیە ) و لە سەڵاحەدین 1 كورسی هێناوە كە كورسی یەكێتیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو رەنگە كورد بەشێكی زۆری ئەو كورسیانەی لەدەست بدات، كە ئەویش پەیوەستە  بە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی دوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلول، بەو پێیەی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوەو كورد 51%ی خاك و خەڵكی كوردستانی لەو ناوچانە لەدەستدا، بەجۆرێك لە كۆی ( 44330 ) كم2 تەواوی خاكی كوردستانی ناوچەی جێناكۆك كە 51.4%ی تەواوی خاكی باشووری كوردستانە، ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێستا بەشێكی زۆری هاوڵاتی كورد لە خورماتوو،  كەركوك، شەنگال و ناوچەكانی نەینەوا ئاوارەن و رەنگە بەشێكیان بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن. -    لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی. -    بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی لە پارێزگای نەینەوا لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 كە كورد لەو پارێزگایە 8 كورسی هەیە پارتی 6 كورسی بەركەوتووە لەگەڵ 2 كورسی كۆتاكان یەكێتیش 2 كورسی هەیە، واتا لە پارێزگای نەینەوای 8 كورسی هەیە كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران 2014 پارتی لەو پارێزگایە (185804 ) دەنگی هەبووە.   -     لە پارێزگای دیالە كورد لە هەڵبژاردنی رابردوودا ( 61807) دەنگی هەبووە كە دوو كورسی دەكات و هەردوكیان بەر یەكێتی كەوتوون. -    لە پارێزگای سەڵاحەدینیش لە دووزخورماتو كورد (26901) دەنگی بەدەستهێناوە بەڵام كورسی بەدەست نەهێنا بە شێوەیەكی گشتی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ( ناوچەی جێناكۆك) لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014  بەگشتی ( 18كورسی ) گشتی و ( 3 كورسی كۆتاكانی ) بەدەست هێناوە، ( 8 كورسی لە كەركوك ، 8 كورسی لەگەڵ 3 كۆتا لە نەینەوا، لە دیالە  2 كورسی ، لە سەڵاحەدین 1 كورسی ). ئێستا بەهۆی خراپی دۆخی كورد لەو ناوچانە و پەرتەوازەیی كورد لەو ناوچانە و  لەدەستدانی دۆسیەی ئەمنی و  پۆستە كاریگەرەكان لەو ناوچانە چاوەڕوان دەكرێت كورد لە كەركوك كورسیەكانی لە  8 كورسیەوە بۆ 5 بۆ 6 كورسی كەمبكات، لە نەینەوا لە 11 كورسیەوە بۆ 6 بۆ 7 كورسی كەم بكات، لە سەڵاحەدین ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكە قورسە، لە دیالە كە 2 كورسی هەبووە پێشبینیدەكرێن یەك كورسی بەدەستبهێنێت، لە 21 كورسیەوە بۆ 13 بۆ 14  كورسی دابەزێت واتا 7 بۆ 8  كورسی كەمبكات. بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان گێمی دووەمی یاریەكە بدۆڕێنێت كە لە گێمی یەكەمدا تەواوی خاكی ناوچە جێناكۆكەكانی دۆڕاند، چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كورد دەنگی خەڵكەكەشی بدۆڕێنێت، بەو پێیەش كورد خاك و خەڵكی ئەو ناوچانە بەتەواوی دەدۆڕێنێت.  


كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە سلێمانی 20 بنكەی بۆ دەنگدانی ئاوارەكان كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق كردوەتەوە، لە هەولێریش 15 بنكە. رزگار حەمە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆن و موعتەمید موسەوی بڕیاردەری كۆمسیۆن، لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد. لە كۆنگرەكەدا رزگار حەمە ئاشكرایكرد، لە سلێمانی 20 بنكە و لە هەولێر 15 بنكە بۆ دەنگدانی ئاوارەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق كراونەتەوە. جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، (600 هەزار) ناوی دووبارە و مردوو لە تۆماری دەنگدەراندا لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە سڕاوەتەوە.  بەپێی قسەی بەرپرسانی كۆمسیۆن لە كۆی (24 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە، تائێستا (9 ملیۆن) كەس كارتی بایۆمەترییان وەگرتوەتەوە.  


هێشتا 14 بەرپرسی رژێمی پێشووی عێراق لە زیندانی ناسریەن لە باشووری عێراق، یەكێك لەوانە سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری پێشووە. سوڵتان هاشم كە ساڵی 2007 سزای لەسێدارەدانی بۆدەرچوو، جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق ئیمزای لەسەر جێبەجێكردنی سزاكە نەكرد، بەوهۆیەوە هێشتا لە زیندانە، بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئێستا دۆخی تەندروستی سوڵتان هاشم ناجێگیرە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد ساڵی 2003 رژێمی سەددامیان روخاند، دوای روخانی رژێم هاوپەیمانی لیستی ناوی (55) داواكراوی بەرپرسانی رژێمی بڵاوكردەوە لە پێش هەمویانەوە سەددام حسێن، لەو ژمارەیە (5) كەسیان كە دەستگیركرابوون سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ كرا، (6) كەسیان كوژران لەناویاندا عودەی و قوسەی دوو كوڕەكەی سەددام، (8) كەسی تریان لەكاتی هەڵمەتی دەستگیركردنیاندا كوژران، (16) كەسی تر لە بەرپرسانی رژێمی پێشوو دوای دەستگیركردنیان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە ئازادكران. راپۆرتەكە باسیلەوەكردووە، جگە لە سوڵتان هاشم، ئەوانەی هێشتا لە زیندانن كادری ناوەندی حزبی بەعس و سوپا و حكومەتی پێشووی عێراقن، لەناویاندا عەبدولباقی عەبدولكەریم عەبدوڵا هەیە كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی حزبی بەعس و ساڵی 2015 لە كەركوك دەستگیركرا. بەدیع عارف یەكێكە لەو پارێزەرانەی كە چاودێری دۆسیەی زیندانیكراوەكان دەكات، ئەو پارێزەرە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: هەموو زیندانییەكان لە گرتوخانەی ناسریەن، بارودۆخیان زۆر خراپە، دۆخی تەندروستی سوڵتان هاشم ناجێگیرە. بەپێی قسەی ئەو پارێزەرە، هەموو دەستگیركراوەكان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە جگە لە جەمال مستەفا عەبدوڵا سوڵتان بەرپرسی پێشووی كاروباری هۆزەكان و هاوسەری حەلا كچی سەددام حسێن كە بەوتەی ئەو لە ساڵی 2003 بەبێ دادگاییكردن لە زینداندایە. ئەو پارێزەرە باس لەوەشدەكات، 30 داواكاری ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی عێراق كراون بۆ ئازادكردنیان، بەڵام هیچ وەڵامێك نەبووە، بۆیە پێدەچێت تاوەكو مردن لە زینداندا بمێننەوە ئەگەر رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ دەستوەردان نەكەن. 15 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی پێشووی عێراقدا تێپەڕی، هێشتا (5) كەس لە یاریدەدەرەكانی سەددام دەستگیر نەكراون، لە ناویاندا عیزەت دوری جێگری سەرۆكی "ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش".  


   ئەندریا نالیس، ئەو ژنەی بە سەرۆكی كۆنترین پارتی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا   پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا كە هاوبەشی حزبەكەی ئەنگێلا مێركڵە لە حكومەتدا ، ئەندریا نالیسی بە سەرۆكی نوێی پارتەكە هەڵبژارد، بەوەش نالیس بووە سەرۆكی ئەو پارتەی كە پێش 154 ساڵ لەمەوبەر دامەزرێنراوە. نالیس كە پێشتر كە وەزیری كاربووە، جێگەی مارتن شۆڵتز دەگرێتەوە كە دوای ئەنجامە خراپەكانی پارتەکە لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەماندا دەستیلەكاركێشایەوە. نالیسی تەمەن 47 ساڵ لە كۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموكراتدا كە لە شاری ڤیسبادن بەڕێوەچوو، توانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پارتەكەدا بەسەر سیمۆن لانگی ركابەریدا سەربكەوێت كە سەرۆكی شارەوانی شاری فیلنسبۆرگە. لە وتارێكدا دوای سەركەوتنی نالیس بەڵێنیدا كاربكات لە پێناوی پتەوتركردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و خۆشگەزەرانی و وتی :" لەبەرئەوەی پاڵپشتی ئەو شتەیە كە لە جیهانێكی لیبراڵی و گڵۆبالیزەیشن و ژمارەییدا زۆر پێویستمان پێیەتی با زۆر راشكاو بین پێویستمان بە پاڵپشتییە بۆ ئاستێكی دیاریكراو لە خودی سۆسیال دیموكراتدا." وتیشی :" ئەمڕۆ لەم كۆنگرەیەدا سەقفی شوشەیی پارتی سۆسیال دیموكرات دەشكێنین و ئەو سەقفە بە كراوەیی دەمێنێتەوە." بەرای چاودێران، ئەركی نالیس لە سەرۆكایەتیكردنی كۆنترین پارتی سۆسیالی دیموكراتی ئەوروپا ئاسان نابێت، چونكە ئەو 66%ی دەنگی ئەندامانی پارتەكەی بەدەستهێناوە و بەسەر سیمۆن لانگی ركابەریدا سەركەوتووە، ئەو ئەنجامە دووەم خراپترین ئەنجامە كە براوەی هەڵبژاردنەكانی ئەو پارتە لەداوی جەنگی دووەمی جیهانییەوە بەدەستیدەهێنێت و ژمارەیەك لە ئەندامانی پارتەكەشی نیگەران و توڕەبوون لە پشتگیریكردنی نالیس لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی دیموكرات مەسیحیدا كە ئەنگێلا مێركڵ سەرۆكایەتی دەكات. بە پێچەوانەی مێركڵەوە كە لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات لە دایكبووە، نالیس لە ئەڵمانیا خۆرئاوا گەورە بووە لە ناوچەی ئیڤیلن و لە گوندی وێلەر ژیاوە، مێركڵ پسپۆرە لە بواری فیزیادا، بەڵام سەرۆكە نوێكەی پارتی سۆسیال دیموكرات بڕوانامەی زانكۆی لە ئەدەبی ئەڵمانیدا بەدەستهێناوە و سەرەڕای جیاوازی سیاسییان ئەو دوو ژنە سەركردەیەی ئەڵمانیا پەیوەندییەكی بەهێز بە یەكییانەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بە گوێرەی راپۆرتی میدیاكانی ئەڵمانیا.


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، لە پارێزگای كەركوك 279 كاندید شەڕ لەسەر بردنەوەی 12 كورسی دەكەن لەگەڵ 1 كورسی كۆتا ، كورد و عەرەب و توركمان و  مەسیحییەكان هەموویان دابەشبوون بەسەر چەندین لیستی جیاوازدا، بەڵام تاڕادەیەك توركمانەكان لە پێكهاتەكانی تر یەكگرتووترن. كورسی كەمینەكان لە كەركوك ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (329) كورسییە، (320) كورسی دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكاندا، (9) كورسی تەرخانكراوە بۆ كەمینەكان كە پێكهاتوون لە (مەسیحی- شەبەك- سابیئی- ئێزدیی- كوردە فەیلییەكان). پارێزگای كەركوك 13 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخانكراوە، لەم ژمارەیە (1 كورسی) وەكو كۆتا بۆ مەسیحییەكانە. كۆتای ژنان لە كەركوك بەپێی ئەو سیستمەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دایناوە، دەبێت پێكهاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق رێژەی (25%)ی ژنان بن، واتا لە كۆی (329) كورسی (83) كورسی بۆ ژنان، بۆ زامنكردن و پاراستنی ئەم رێژەیەش (كۆتای ژنان) دانراوە. كەركوك كە (13) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەپێی رێژەی (25%)، بەپێی سیستمی كۆتا (3) ژنی بەردەكەوێت. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رابردوودا، بەهەمان شێوە كەركوك سێ كۆتای ژنانی هەبوو، ئاڵا تاڵەبانی وەكو كاندیدێكی ژن كە لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی كاندیدكرد بوو توانی بەبێ (كۆتا) وەكو ژنێك سەركەوێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. (لەیلا عەلی خزر) كە بەهەمان شێوە لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاندید بوو، بە (كۆتای ژنان) سەركەوت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، (ئەمیرە كەریم مەردان) لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهەمان شێوە بە (كۆتای ژنان) سەركەوت. ژمارەی دەنگدەران لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (991 هەزار و 379) دەنگدەرە، هەڵبژاردنی پێشوو ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (870) هەزار كەس بوو، واتە (121 هەزار و 379) دەنگدەر زیادیكردووە كە لەدایكبوانی ساڵی (1997- 1998-1999-2000) دەگرێتەوە. لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك بەشێوەیەكی گشتی (279) كاندید كە دابەشبوون بەسەر (23) لیست و هاوپەیمانێتیدا كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسییەكانی كەركوك دەكەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەمشێوەیەی خوارەوە: •    بەرەی فەیلی: 3 كاندید •    هاوپەیمانی فەتح: 23 كاندید •    ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری: 2 كاندید •    یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتمانی: 2 كاندید •    رەوتی حیكمە: 18 كاندید •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 11 كاندید •    بەرەی توركمانی كەركوك: 18 كاندید •    هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك: 24 كاندید •    بزوتنەوەی گردبونەوەی سریان: 2 كاندید •    ئیئتیلافی  كفا‌ءات للتغییر: 14 كاندید •    ئیئتیلافی كلدان: 2 كاندید •    باب العرب: 23 كاندید •    ئیئتیلافی رافیدەین: 2 كاندید •    بیارق الخیر: 18 كاندید •    حیزبی شیوعی كوردستان- عێراق: 9 كاندید •    ئیئتیلافی النصر- سەركەوتن: 24 كاندید •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 24 كاندید •    بزوتنەوەی بابلییون: 2 كاندید •    حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان: 4 كاندید     •    التضامن: 22 كاندید •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 11 كاندید •    لیستی نیشتمان: 8 كاندید •    ئیئتیلافی نیشتمانی: 23 كاندید كورد لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە ساڵی 2014 بەڕێوەچوو، لایەنە كوردییەكان نەیانتوانی بە یەك هاوپەیمانێتی گەورەوە لە كەركوك بچنە ناو هەڵبژاردنەوە و بە (6) لیستی جیاواز بەشداربوون كە پێكهاتبوو لە لیستەكانی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕِان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لەگەڵ هاوپەیمانێتییەك كە لەنێوان حزبەكانی شیوعی و سۆسیالست و زەحمەتكێشان) دروستكرابوو. لە هەڵبژاردنی 2014 دا، لایەنە كوردییەكان (8) كورسی كەركوكیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بردەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (6) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان (2) كورسی. ئەوكات رەخنە لەوە دەگیرا كە كورد بەم پەرت پەرتبونە و دروستنەكردنی لیستێكی هاوبەش لە كەركوك زیانی بەردەكەوێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە دۆخەكە لە هەڵبژاردنی پێشوو خراپتریشە، ئێستا كورد لە كەركوك بەهەمان شێوە (6) لیستی هەیە: بەمشێوەیە: •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ •    پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان •    حزبی شیوعی كوردستان- عێراق •    لیستی نیشتمان (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) •    پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵبژاردنی پێشوو (2) كورسی كەركوكی بردەوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە پرۆسەكەی بایكۆتكردووە و دەڵێ لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركوك داگیركراوە و ئامادە نییە لە شارێكی داگیركراودا بەشداری هەڵبژاردن بكات. یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گەورەترین هێزی جەماوەری كەركوكە و خاوەنی (6) كورسییە لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختی دەنگدەرانی كورددایە لە كەركوك، بەوپێیەی بەرپرسیارێتی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك دەخرێتە ئەستۆی. لە هەڵبژاردنی پێشوودا یەكێتی توانی بەدەنگی كەركوكییەكان هەندێك پارسەنگی ئەو كورتهێننانە بكات كە لە دەنگەكانی لە هەرێمی كوردستان رویدا، بەڵام دیار نییە ئایا ئەمجارەش كەركوك دەبێتەوە بە فریادڕەسی یەكێتی یاخود نا ؟ لیستی نیشتمان كە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە و تاكە هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، خوازیارە گرێی كەركوك بكاتەوە و لەم هەڵبژاردنەدا لانی كەم كورسییەكی كەركوك بباتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی رابردوودا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنیان كرد لە كەركوك و هیچ كامیان نەیاتوانی كورسییەك ببنەوە، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش كە بەرهەم ساڵح جێگری پێشووی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات، یەكەمجارە لە كەركوك بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بەهۆی ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركوك چوەتە ناو هەڵبژاردنەوە، زیانی ئەوەی بەردەكەوێت كە ناتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا سەنگ و قورسایی خۆی لەو پارێزگایە بزانێت. حزبی شیوعی و پارتی سۆسیال دیموكرات كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە چوارچێوەی لیستێكی هاوبەشدا بەشدارییان كرد، لەم هەڵبژاردنەدا بە جیا جیا لیستیان هەیە، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان چاوی لەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە دەنگی لایەنگرەكانی ئاڕاستەی كاندیدەكانی ئەو بكات، بەڵام پارتی تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی لەوبارەیەوە هیچ بانگەوازێكی ئاڕاستەی لایەنگرەكانی نەكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوو ئەمجارەش بە لیستی سەربەخۆ لە كەركوك بەشداری كردووە، ئەویش هاوشێوەی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان چاوی لە دەنگی پارتییەكانە. عەرەب لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا عەرەبەكانی كەركوك هاوشێوەی كورد نەیانتوانی لیستێكی هاوبەش دروستبكەن و بە حەوت لیست بەشدارییان كرد، عەرەبەكان (2) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە: لیست و هاوپەیمانێتییەكانی عەرەب لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی رابردوو بەمشێوەیە بوو: •    هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی (پارتی گەل، حزبی شیوعی عێراق، رەوتی دیموكراتی، چەند كەساییەتییەك) •    ئیئتیلافی عێراق (عەبدولسەلام جبوری سەرۆكایەتی دەكرد) •    جەبهەی عێراقی عەرەبی (ئەحمەد مەولود جبوری سەرۆكایەتی دەكرد) •    ئیئتیلافی عەرەبی (محەمەد عەلی تەمیم جبوری وەزیری پێشووی پەروەردەی عێراق سەرۆكایەتی دەكرد) •    ئیئتیلافی عەرەبی كەركوك (عەبدولڕەحمان مونشید عاسی سەرۆكایەتی دەكرد) •    الجبهة العربیة للانقاذ (عومەر خەلەف جەواد سەرۆكایەتی دەكرد) بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەهەمان شێوە عەرەبەكانی كەركوك دابەشبوون بەسەر چەند لیستێكدا كە ئەمانەن: •    لیستی التضامن (شێخ وەزاح سەدید سەرۆكایەتی دەكات) •    رەوتی حیكمە (عەممار حەكیم) •    ئیئتیلافی نەسر (حەیدەر عەبادی) •    بیارق الخیر (خالید عوبێدی وەزیری بەرگری پێشووی عێراق) •    ئیئتیلافی نیشتمانی (ئەیاد عەلاوی) •    باب العرب (شێخ وەسفی عاسی سەرۆكایەتی دەكات) •    هاوپەیمانی فەتح (هادی عامری) •    هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك ( ئەمە گەورەترین هاوپەیمانێتی لایەنە عەرەبییەكانی كەركوكە و پێكدێت لە: یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان، پرۆژەی عەرەبی، للعراق متحدون، حزبی حەل، حزبی حەق). توركمانەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا لە هەڵبژاردنی رابردوودا توركمانەكان لە كەركوك بە دوو لیست بەشدارییان كرد و (2) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە: •    بەرەی توركمانی لە كەركوك ( گەورەترین هاوپەیمانی لایەنە توركمانەكان بوو، لە 11 حزبی توركمان پێكدەهات، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكایەتی دەكرد). •    هاوپەیمانی توركمانی كەركوك (پێكهاتبوو لە بەرەی توركمانی ئازاد، یەكێتی ئیسلامی توركمانەكانی عێراق، رێكخراوی بەدر، حزبی دەعوەی ئیسلامی، حزبی فەزیلەی ئیسلامی، قەوارەی سادقون، رەوتی چاكسازی نیشتمانی) بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران توركمانەكان لیستیكیان هەیە بەناوی (بەرەی توركمانی كەركوك) و لەم لایەنانە پێكدێت: •    بەرەی توركمانی عێراقی •    حزبی عەدالەی توركمانی •    حزبی توركمان ئیلی •    بزوتنەوەی نەتەوەیی توركمانی •    حزبی قەراری توركمانی سەرەڕای ئەم هاوپەیمانێتییە، لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكانی عێراقیش خەڵكی توركمانیان لە لیستەكانیان كاندید كردووە كە دەكرێت دەنگی توركمانەكانی كەركوك بۆ خۆیان ببەن. مەسیحییەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆ بردنەوەی تەنیا (1 كورسی كۆتا)، مەسیحییەكان بە (9) لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، بەڵام  كە گەورەترینیان لیستی رافیدەین بوو لەو هەڵبژاردنەدا تاكە كورسییە كۆتاكەی كەركوكی بردەوە و (سەركۆن لازار سڵێوە) لەسەر پێكهاتەی مەسیحی كەركوك بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەسیحییەكان بە (7) لیست بە شداری هەڵبژاردنیان كردووە بۆ بردنەوە كورسییە تاقانەكەی كەركوك و بە هەمویانەوە (13) كاندیدیان هەیە. لیستە مەسیحییەكانی كەركوك: •    ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری •    یەكێتی بیت نەهرەینی نیشتمانی •    بزوتنەوەی گردبونەوەی نیشتمانی •    ئیئتیلافی كلدان •    ئیئتیلافی رافیدەین (بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری- زوعا) •    ابنا‌ء النهرین •    بزوتنەوەی بابلییون  


لە 1/1/2008 تا 22/4/2018 ، (1383) پێشێلكاری بەرامبەر زیاتر لە (1000) ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی كەمترین كەس و لایەنی پەیوەندیدار سزا درابن، ئەمەش ساڵ بە ساڵ نیگەرانی ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەكان زۆرتر دەكات، ئەم ئامارە لە بەیاننامەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستاندا هاتووە كە بەبۆنەی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا بڵاویانكردۆتەوە، هاوكات تەنها لە 4 رۆژی خۆپیشاندان و نارەزاییەتیەكانی ئەم دواییەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دژ بە پاشەكەوتی موچە 78 پێشێلكاری بەرامبەر بە 48 رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە( بەپێی راپۆرتی سەنتەری میترۆ) . هەموو ئەو پێشێلكاریانە كە تیرۆركردن  و دەستگیركردن و لێدان و رفاندن و جۆرەكانی دیكەی پێشێلكاری لە خۆ دەگرێت لە كاتێكدایە، كە بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی یاسای رۆژنامەگەری ، رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان ئازادەو رۆژنامەنووس مافی روماڵ و كاری رۆژنامەنووسی هەیە لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكان و و چالاكیە گشتیەكان، بەڵام بەردەوام رۆژنامەنووسا نلە روماڵكردنی چالاكیەكاندا روبەروی لێدان و رێگری و پێشێلكاری دەبنەوەو كەسیش لەسەر ئەو پێشێلكاریانە سزا نادرێت. ................................... دەقی بەیاننامەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان  لە یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی دا  ڕۆژنامەنووسانی ئازیز  ئەمڕۆ لێرە كۆبوینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی، بۆ یادكردنەوەی مێژوو، سیمبوڵ و ڕێنسانسێك و شۆڕشێكی ڕاگەیاندن، فكری، نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و بنەماڵەكەی، بە دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردستان لە 22 نیسانی 1898. ئەم ڕێنسانسە فەرهەنگییە لە هەلوومەرجێكدا خۆی ڕاگەیاند، كە وڵاتانی زلهێز و نەیارانی گەلی كورد لەوپەڕی بەهێزیدا بوون، یان لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەكانەوە پشتیوانی سیاسی و سەربازی، تەنانەت فەرهەنگی و ڕۆژنامەوانیش دەكران. بەڵام لەو هەلوومەرجە دژوارەی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، سەردەمی ترس و فۆبیا و خەفەقانی ئەواندا، نەك ڕێگەیان نەدەدا كورد تەعبیر لە خواستەكانی خۆی بكات، تەنانەت بە دەیان نوسەر، رۆشنبیر و سیاسی كوردیان تیرۆر كرد و تەنانەت هەوڵی تیرۆركردنی میقداد بەردخانیان دا بۆیە بە ناچاری پەنای بردە بەر دەرەوە و لە تاراوگە ڕۆژنامەكەی دەركرد. ڕۆژنامەنووسانی ئازیز و خۆشەویست بەڵام ئەم هەوڵانەی وڵاتانی داگیركار بەرامبەر گەلی كورد، هەرگیزاو هەرگیز بە ئێستاشەوە نەیتوانی و ناتوانێ ئەم خەون، خولیا و مافە سادە بۆ ژیان و تێكۆشان و ڕۆژنامەوانی و ئازادی لێ زەوت بكات و لێ بسێننەوە، باشترین بەڵگە و فاكت، هەر ئەو ئامادەگییەی ئێوەیە لەم مەیدانەدا، ئەو ئەفراندنەیە، كە ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە دوای ڕاپەرین بونیادیان ناوە بە دەركەوتنی، ئەو سەدان كەناڵە، كە لە هەرێمی كوردستان پەخش دەكەن و ئەو هەزاران ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانەیە، كە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە فەراهەمكردنی ئازادیدا ڕۆژنامەگەری كوردی ڕۆڵی گەورەی بینیوە و هەنگاوی گەورەی ناوە لە پراكتیزەكردنی دیموكراسی و فەراهەمكردنی ئازادیدا و یەكێك بوە لە پایەكانی دیموكراسی و فەراهەمكردنی خواستەكانی خەڵك. بەڵام ئەوەش ڕاستە، كە هێشتا یاساكانی كاری ڕۆژنامەنوسی ژمارە (35) ساڵی 2007 و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ژمارە (11) ساڵی 2013، یاسای مافی خانەنیشینی ڕۆژنامەنووسان جێبەجێنەكراوە و كاری ڕۆژنامەنووسی وەكو پیشە سەیر ناكرێت و بە حرفیەیی نەكراوە. هێشتا تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە و بكوژەكانیان دیاری نەكراون و بە سزای تاوانەكانیان نەگەیشتوون، خوێنی بە ناحەق ڕژاوی (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن) ونە و بكەرانیان مەعلوم نین، وەڵامێك بە خانەوادە و كەسووكاری چاوەڕوانی ئەم قەڵەمە ئازاد و ئازادانە نییە. هێشتا ئاماری پێشێلكارییەكان مایەی نیگەرانییە و ساڵ بە ساڵ ڕێژەكانیان زۆرتر و زیاتر كەڵەكە دەبن و ڕێگری و ئاستەنگ لەم ناوچە یان ئەو ناوچە بۆ ڕۆژنامەنووسان دێتە پێش و ڕێز لە پیشەی ڕۆژنامەنووس ناگیرێت. ئامارەكان دەڵێن لە 1/1/2008 تا 22/4/2018 (1383) پێشلێلكاری بەرامبەر زیاتر لە (1000) ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی كەمترین كەس و لایەنی پەیوەندیدار سزا درابن، ئەمەش ساڵ بە ساڵ نیگەرانی ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەكان زۆرتر دەكات. ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و خاوەن قەڵەم   ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، نیگەرانە لەو پێشێلكاریانە و بەتایبەتی بەمدواییە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان لە هەرێمی كوردستان ڕوویدا، بەتایبەت لە شاری هەولێر زۆرترین پێشێلكاری ڕوویدا و سوكایەتی بە بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان كرا. بۆیە بەڵێن دەدەین بەردەوام لە پشت خواست و داواكانتانەوە بین بۆ پاراستنی مافەكانتان و بەدیهێنانی ئازادی و زۆرتر و فەراهەمكردنی خواست و داواكارییەكانتان. كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و میدیاكارانی بەڕێز ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری دەكەینەوە، كە خەریكی بانگەشەی هەڵبژاردنین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. بۆیە جیالەوەی پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و میدیاكاران بەپێی پرەنسیپەكانی كاری ڕۆژنامەوانی مامەڵە بكەن و ڕێز لە فكر و ئایدۆلۆژیای جیاواز یەك بگرن، پێویستە هانی خەڵكی كوردستان بدرێت وەكو پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی سەیر بكرێت و لە هەمانكاتدا لەسەر حكومەتی عێراق و هەرێم و لایەنەكان پێویستە ڕێز لە میدیاكاران بگرن و هاوكاریان بكەن و پێشێلكاریان دەرهەق ئەنجام نەدەن، بەتایبەت لە ڕۆژی دەنگداندا، كە ئەزمونێكی خراپمان هەیە لە مامەڵەی دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا. ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز بۆ چارەسەری گرفتەكانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان لە كوردستان داوا دەكەین، بە پەلە كۆنگرەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان شەفاف و ڕوون ببەسترێت بۆ چاكسازی لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان. هیوادارین یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی، ببێتە سەرەتایەكی باشتر بۆ كوردستان و بەتایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان و بۆ چاككردنی بارودۆخی سەندیكاكەتان. بەرز و بەڕێز بێت یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان                                                                  22 نیسانی 2018  


ئامادەكردن و وەرگێڕانی/ ئاسۆ جەبار - واشنتۆن  مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی پێشوو لەسەروەختی قەیرانە سیاسییە هەر گەورەکانی هەرێمی کوردستاندا نامەیەک لەلایەن بەڕێوبەری باڵای کاروباری نەوت رۆزنەفت ئایگۆر سێشین لە کرملینەوە دەگاتە دەستی  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا   بەر لە پێشکەشکردنی وتاری ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی وڵات لەبەردەم کۆمەڵەی فیدڕاڵی لە مۆسکۆ لە یەکی مانگی سێی 2018 دا سەرۆکی روسیادا ڤیلادیمیر پوتین، سەرپەرشتیاری جێبەجێکاری رۆزنەفت ئیگۆر سێشنی بینیوە.  سێشن لە نامەیەکدا کە کۆپییەکی لەلای رۆیتەرز پارێزراوە دەنوسێت "حکومەتی ناوەندی بەغدا سەبارەت بە پێشنیازەکەی رۆزنەفت هەڵوێستێکی بونیادنەرانەو بایەخدەرانەی نەبوو بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی باکوری عێراق".  کوردستان هەرێمێکە کە دانیشتوانەکەی نزیکەی 6 ملیۆن کەسە کەوتۆتە باکوری عێراقەوە، کە لەو دواییانەدا هەوڵیاندا و شکستیان هێنا لە جیابوونەوە لە تەواوی وڵاتەکە. بەغداد بە ریفراندۆمەکەی 25 ی سێپتەمبەری کوردەکان کە بۆ سەربەخۆیی بوو رازینەبوو؛ هاوکات هێزەکانی نارد بۆ کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان کە سەرچاوەگەلێکی دارایی سەرەکی بوو بۆیان.  ئێستاکە سێشن نزیکترین هاوپەیمانەکانی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکە، وتبووی بە رەچاوکردنی راڕایی بەغدا سەبارەت بە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای رۆزنەفتدا، لەبری ئەوە کۆمپانیاکە هەڵدەستێت بە سازکردنی کاروباری بازرگانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە وادیارە بایەخدانێکی زۆر هەیە بۆ بەرفراوانکردنی هەماهەنگییە ستراتیژییەکان.    زلهێزەکانی جیهان کە ولایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش پێشتر هاوسۆزی خۆیان لەبارەی هەڵمەتی سەربەخۆیی کوردستانەوە دەربڕیبوو، بەڵام لەکۆتاییدا عێراق دڵنیادەکەنەوە کە دان بە قەڵەمڕەویەکەیدا بنێن بەسەر تەواوی عێراقدا؛ کە کوردستانیش دەگرێتەوە. بەڵام لەنامەکەی سێشین دا هیچ ئاماژە نەدراوە بەو رێككەوتنە. لەکاتێکدا رۆزنەفت بەڵێنیداوە لەبەرامبەر توڕەیی بەغدادا ملیارەها دۆلار لە کوردستان وەبەربهێنێت؛  ئێستاش لەبری پەشیمان بونەوە، وەبەرهەمهێنانەکە بووە بە دەبڵ. بەپێی حەوت سەرچاوە کە ئاشنای ئەو کێشەیەن، سێشن دەستێکی باڵاو بەهێزی هەبووە بەبەراورد بە درککردنی زۆرێک لە کاربەدەستانی عێراق. بەرلە چەند رۆژێک؛ کۆمپانیای رۆزنەفت بەرامبەر 1.8 ملیار دۆلار دەسەڵاتی خاوەندارێتی بۆرییە نەوتەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی گرتەدەست، کە لە هەرێمەوە بەرەو تورکیا دەڕوات.  بەپێی سەرچاوەکانی وەک رۆزنەفت و پیشەسازی نەوت و کوردەکان و حکومەتی عێراقیش؛ مەبەستی رێکكەوتنەکە بۆ رۆزنەفت تەنها کارێکی بازرگانی نەبوو، بەڵکو بۆ پەرەپێدانی کاریگەری دەستڕۆیشتوویی سیاسەتی روسیا بوو لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆنتڕۆڵکردنی شابۆرییە نەوتەکان وا لە رۆزنەفت دەکات کە رۆڵێکی سەنتەری هەبێت لەو وتوێژانەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا بە مەبەستی هەناردەکردنی تەواوەتی نەوت؛ ئەوەی کە بە هۆی ریفرندۆمەکەوە کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانەوە لەلایەن عێراقەوە لەکارکەوتبوو یان هەڵوەشابوەوە. کوردستان خاوەنی نەوتێکی یەدەکی زۆرە، کە دەکاتە سێ بەشی تەواوی نەوتی یەدەکی عێراق؛ لەبەرئەوە هەناردەکانی تێکڕا ئابوری هەرێمی و نیشتیمانی پێکەوە دەبوژێنێتەوە. هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ سەرنجێکی لەبارەی لایەنە سیاسییەکانی رێکكەوتنەکەی رۆزنەفتەوە نەخستوەتەڕوو. لەکارەکاسەوە بۆ نیودلهی سەرچاوەکان دەڵێن رەفتارەکانی رۆزنەفت لە کوردستان؛ ئەو هەرێمەی کە دەمێکە هاوپەیمانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، وەستاوە لەسەر ئەوەی کە کرملین چۆن بە چاوێکی تیژەوە رۆزنەفت و بەڕێوبەرە جێبەجێکارەکەی بەکاردەهێنێت وەک ئامرازێك بۆ سیاسەتی دەرەوەی روسیا لەتەواوی جیهاندا؛ واتە لەهەولێرەوە تا کاراکاس و نیودلهی. کۆبوونەوەکەی مۆسکۆ کوردەکان دەمێکە ئەوە دەڵێن کە هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکەی کە لە عێراقدا هەیانە دەسەڵاتی ئەوەشیان هەیە کە رێکكەوتن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا بکەن لەبارەی دەرهێنانی نەوت لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا. لەساڵی 2014 دا دەستیانکرد بە هەناردەکردنی سەربەخۆییانەی نەوت بۆ تورکیا.  بەڵام حکومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت هەرچۆنێک بێت هەر رێکكەوتنێکی کوردەکان و هەر هەناردەکردنێکی نەوتی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا نایاساییە.   روسیا تاکە وڵاتی زلهێز بوو کە دژی ریفراندۆم نەبوو و وتیان کە ئەوان لە خواستی سەربەخۆیی کوردەکان تێدەگەن. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و ئێران تێکڕا چەند هەفتەیەک بەر لە ریفراندۆمەکە داوایان لە هەولێر کرد کە راپرسییەکە نەکەن یان دوای بخەن.     لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تێلیرسن ناسەرکەوتوانە لەهەوڵی ئەوەی دابوو کە راپرسیی کوردەکان بۆ سەربەخۆی دوابخات، بەڵام سێشین سەرقاڵی رێکكەوتنامەی بۆرییە نەوتەکان بوو. بەپێی سەرچاوەکان هەر دوابەدوای ریفراندۆمەکە، کاربەدەستانی کورد بە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانیشەوە فڕین بەرەو مۆسکۆ بۆ بینینی بەڕێوبەری جێبەجێکاری رۆزنەفت و کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا. لە ٢٠ ئۆکتۆبەردا هەر دوابەدوای ئەو فەوزایەی پاش ریفراندۆم؛ دەمودەست میلیشیا شیعە عێراقییەکان کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن هەستان بە داخستن و بێبەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و سیشینیش هەستا بە داخستنی گرێبەستەکە. رۆزنەفت دوایەمین بڕە پارەی رێکكەوتنەکەی داوە بە هەولێر کە دەکاتە 1.8 ملیار دۆلار، رۆزنەفت و سێشن هەردوکیان ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە لەکاتێکدا هەردووکیان دەچنە خانەی ملکەچبوونەوە بۆ سزاکانی رۆژئاوا بەرامبەر روسیا پەیوەست بە کریماوە، بەڵام کۆمپانیاکە بە هیچ شێوەیەک ئەوەی ئاشکرانەکردووە کە پارەی بۆرییە نەوتییەکانی داوە.


حكومەتی عێراق پێش چوار مانگ سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی "داعش" دا راگەیاند، ئێستا ئەڵمانیا هەوڵدەدات ئەو كۆچبەر و پەنابەرانە دیپۆرت بكاتەوە كە مافی پەنابەرێتیان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لەوانە رەتیدەكەنەوە كە بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، كەواتە حكومەتی ئەڵمانیا چۆن هانیان دەدات بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان؟ حكومەتی ئەڵمانیا یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ عێراقدا ئیمزا كردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی پێویستە بگەڕێنەوە، ئەمەش بەوتەی گێرد مۆلەر وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا كە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی نیسانی 2018 رایگەیاند. ئەو وەزیرە ئەڵمانیە راشیگەیاند ئامانجی بەرلین ئەوەیە كە پشتگیری 10 هەزار پەنابەری عێراقی بكات بۆ ئەوەی هەلی ژیانیان لە وڵاتەكەیان بۆ بڕەخسێت، ئەوەش لە رێگەی رەخساندنی كار و شوێنی راهێنان و مەشق لە ناو عێراقدا. وەزیری گەشەێدانی عێراق راشیگەیاند لەگەڵ حكومەتی عێراقدا رێككەوتووە بۆئەوەی ناوەندێكی راوێژكاری بۆ ئەو پەنابەران دابمەزرێنرێت كە دەگەڕێنەوە. گێرد مۆلەر جەختیشیكردەوە كە بەرلین خوازیارە ئەو پەنابەران بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە نەك وەك " دۆڕاوێك" و رونیشیكردەوە لەبەر ئەم هۆكارە بە هاوكاری دەسەڵاتدارانی عێراق و ناوەندە ئابورییەكان هەلی راهێنان و دامەزراندنیان لەناوخۆی عێراق بۆ بڕەخسێنرێت. ئەمڕۆش وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا یەكەمین ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كردەوە. بە گوێرەی داتاكانی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا لە كۆی 240 هەزار پەنابەری عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا نزیكەی 12 هەزاریان پێویستە دیپۆرت بكرێتەوە. بەشێكی زۆری عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە  وێران بووە و ئەڵمانیا ئەمساڵ بەڵێنیداوە 350 ملیۆن یۆرۆ وەك هاوكاری بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق پێشكەشبكات.  


15 پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری توركیا " جەهەپە" كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە لەو پارتە جیابوونەوە و پەیوەندییان كرد بە"  ئیی " پارتییەوە. ئەنگین ئەڵتای جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی توركیا و بوڵەند تیزجان وتەبێژی جەهەپە و پەرلەمانتارەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمان لە ئەنكەرەی پایتەخت دەستلەكاركێشانەوەیان لە جەهەپە و پەیوەندیكردن بە ئیی پارتییەوە  راگەیاند. بەو هەنگاوەی پەرلەمانتارانی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە" ، ئیی پارتی كە ماوەیەكی زۆر نییە لەلایەن میراڵ ئاكشەنەرەوە دامەزرێنراوە، دەتوانێت فراكسیۆنێكی 20 پەرلەمانتاری لەناو پەرلەماندا دروستبكات و بەوەش دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتووی توركیا بكات. بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكانی توركیا هەر حزبێك بۆئەوەی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، دەبێت لە نیوەی ویلایەتەكانی توركیادا كە 81 ویلایەتە لقی هەبێت و كۆنگرەی دامەزراندنی شەش مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان ئەنجامدابێت، یان فراكسیۆنێكی 20 پەرلەمانتاری هەبێت. ئی پارتی  " IYI " لەلایەن میراڵ ئاكشەنەر وەزیری پێشووی ناوخۆی توركیا و ئەندامی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا" مەهەپە" دامەزرێنراوە و تائێستاش تاكە كاندیدە كە بە رەسمی رایگەیاندووە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی توركیادا خۆی كاندید دەكات و ركابەری ئەردۆغان دەكات، ئەگەر رێگری یاسایی بۆ دروست نەكرێت.  


راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف  بە گوێرەی یەكەمین هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 45ی ساڵی 2013 دا، كە رۆژی 22 كانونی دووەمی 2018 دەنگی لەسەردرا، تیایدا لە بڕگەی چوارەمی مادەی چوارەمی یاساكەدا هاتووە" نابێت ئەو حزبانەی كە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن باڵی چەكداریان هەبێت." بە گوێرەی ئەم بڕگەیە ئەو حزبانەی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا باڵی سەربازییان هەیە فێڵی یاساییان كردووە بۆ شەرعییەتدان بە مانەوەی هێزە چەكدارەكانیان و خۆدەربازكردن لەو بڕگە یاساییە. هێزە عێراقییەكان ئەوانەی باڵی چەكداریان هەیە لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبی رێكخراونەتەوە و هێزەكانی پارتی و یەكێتیش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هێزەكانیان رێكخراون، هەرچەندە ئەو حێزانە هەژموونی ئەو حزبانەیان بەسەرەوەیە و بە فەرمانی ئەوان كاردەكەن. سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: هێزەكانی حەشدی شەعبی بە گوێرەی یاسا بە دامەزراوەیی كراوە و بوەتە هێزێكی سەربە حكومەتی عێراق و هێزەكانی پارتی و یەكێتیش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكخراون." ئەگەرچی بە یاسا  هێزە چەكدارەكان خراونەتە سەر حكومەت، بەڵام بەردەوام ئەو حزبەكان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەكاریاندەهێنن و فشاریان لێدەكەن كە دەنگ بە لیستەكانیان بدەن. شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا دەڵێت:" نابێ رێگە بە پارتی‌ و یەكێتی بدرێ بەشداری هەڵبژاردنە گشتییەكان بكەن، بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان ‌و دەوڵەتی فیدراڵی عێراق پارتی‌ دیموكراتی كوردستان‌ و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆیان نیە وەك حیزبی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن. بەپێی مادەی پازدەیەم لە یاسای " حزبەكانی هەرێمی كوردستان" ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ ی پەرلەمانی كوردستان ‌و مادەی هەشت ‌و مادەی 32 لە یاسای "الاحزاب السیاسیە" ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠١٥ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پارتی ‌و یەكێتی سیفەتی حیزبی سیاسییان‌ نیە. چونكە هەردووكیان خاوەن هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیانن. ئاشكرایە كە یەكەكانی 80 و هێزەكانی زێرەڤانی هێزی پارتی دیموكراتی كوردستانن ‌و یەكەكانی 70 و هێزەكانی بەرگری ‌و فریاكەوتن هێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن. ئەگەر ئەو یەكە و هێزانە حەل نەكرێن ‌و بە فیعلی ، نەك بە حیلە شەرعی، هێزەكانی پێشمەرگە نەكرێن بە هێزی نیشتمانیی بێلایەنی سەر بە حكومەتی هەرێم نابێ رێگە بە پارتی ‌و یەكێتی بدرێ بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی كوردستان ‌و عێراقدا بكەن". -    پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین هێزی تایبەت بەخۆی هەیە كە لە چوارچێوەی وەزارەتەكاندا رێكیخستوون، كە بریتین لە:  •    هێزەكانی 80 ی پێشمەرگەی كوردستان  •    هێزی پشتیوانی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان  •    هێزەكانی زێرەڤانی لە وەزارەتی ناوخۆ كە سەربە پارتی دیموكراتی دیموكراتی كوردستانن. •    لە ئەنجومەنی ئاساییش هێزەكانی ئاسایشی پارتی و هێزی دژە تیرۆر  •    لیوای نەوت و غازی پارتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان •    هێزە تایبەتیەكانی لیوای سەرۆكایەتی هەرێمی مەسعود بارزانی  -    هێزەكانی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان: •    هێزەكانی 70 ی پێشمەرگەی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان  •    هێزی پشتیوانی دووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان   •    هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن لە وەزارەتی ناوخۆ •    لە ئەنجومەنی ئاساییش هێزەكانی ئاسایشی یەكێتی و هێزی دژە تیرۆری یەكێتی  •    لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لیوای نەوت و غازی یەكێتی •    لە هێزە تایبەتیەكان لیوای سكرتاریەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.   -    حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هێزی تایبەت بەخۆی هەیە كە ئەمانەن:  •    فەوجەكانی حزبی سۆسیالیست لە لای پارتی •    فەوجەكانی حزبی سۆسیالیست لای یەكێتی  لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكان خاوەنی باڵی سەربازین و لەدوای هاتنی داعشەوە باڵە سەربازییەكانیان خزانە ناو حەشدی شەعبیەوە و حەشدی شەعبیش بە پێی یاسایەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستەیەكی بۆ دروستكراو دواتر لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا، هەربۆیە هێزە چەكداریە حزبیەكانیان بە دامەزراوەیی كردووە، هەرچەندە لەلایەن سەركردە سیاسیەكانیانەوە ئاراستە دەكرێن. فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و خۆی حزبی عەتای هەیە ئەبومەهدی موهەندیس جێگری دەستەی حەشدی شەعبیە، بەشێك لەو سەركردانەی حەشدی شەعبی دەستیان لەبەرپرسیارێتی حەشدی شەعبی كێشاوەتەوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان، كە ئەمەش جۆرێكە لە فێڵی یاسایی و بۆ خۆدەربازكردن لەو بڕگەیەی یاسای هەڵبژاردن.  دیارترین ئەو حزبە عێراقیانەی باڵی سەربازیان هەیە:-  •    رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری كە پێشتر باڵی چەكداری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بووە و ئێستا جیابوەتەوە و رێكخراوی بەدری هەیە و باڵی سیاسی و سەربازیش، هاوكات بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار هادی عامری سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتی ( فەتح ) دەكات كە زۆرینەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت. •    رەوتی سەدری سەربە موقتەدا سەدر ئێستا باڵە سەربازیەكەی بەناوی سەرایە سەلامە  •    رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم باڵی سەربازیەكەی بەناوی سەرایەی جیهاد و بینائە •    گروپی خۆراسانی بەسەرۆكایەتی عەلی یاسری حزبی تەلیعەی ئیسلامی •    عەسائیبی ئەهلی حەق  كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات زۆرینەی حەشد و گروپە چەكداریەكان لە هاوپەیمانێتی (فتح)دا بەسەرۆكایەتی هادی عامریدا بەشدارن لە هەڵبژاردن.  ئەم هێزانە كاریگەری راستەوخۆیان هەیە لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا بەوەی:. -    ئەم هێزانە یەكلابونەتەوە بۆ حزبەكانیان، لە كاتێكدا لەسەر بودجەی گشتی و داهاتی گشتی پارە و داهاتیان بۆ خەرج دەكرێت. -    ئەم هێزانە هەموویان لەتەمەنی دەنگداندان و فاشریشیان لێدەكرێت كە دەبێت دەنگ بدەن. -    حەشدی شەعبی كە لە 45 گروپ پێكدێت و ژمارەیان نزیكەی 130 هەزار چەكدار دەبێت. -    لە هەرێمی كوردستان ژمارەی پێشمەرگە و ناوخۆ بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم ( 266 هەزار ) كەسە بەڵام 433 هەزار كەس لەسەر هێزە ئەمنییەكان موچە وەردەگرن.  -    لە عێراقدا 250 هەزار كەس لە وەزارەتی بەرگریدان و 450 هەزار كەس لە وەزارەتی ناوخۆدان.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand