لە كەركوك 279 كاندید شەڕ لەسەر 13كورسی دەكەن
2018-04-22 19:14:00
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، لە پارێزگای كەركوك 279 كاندید شەڕ لەسەر بردنەوەی 12 كورسی دەكەن لەگەڵ 1 كورسی كۆتا ، كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەكان هەموویان دابەشبوون بەسەر چەندین لیستی جیاوازدا، بەڵام تاڕادەیەك توركمانەكان لە پێكهاتەكانی تر یەكگرتووترن.
كورسی كەمینەكان لە كەركوك
ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (329) كورسییە، (320) كورسی دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكاندا، (9) كورسی تەرخانكراوە بۆ كەمینەكان كە پێكهاتوون لە (مەسیحی- شەبەك- سابیئی- ئێزدیی- كوردە فەیلییەكان).
پارێزگای كەركوك 13 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخانكراوە، لەم ژمارەیە (1 كورسی) وەكو كۆتا بۆ مەسیحییەكانە.
كۆتای ژنان لە كەركوك
بەپێی ئەو سیستمەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دایناوە، دەبێت پێكهاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق رێژەی (25%)ی ژنان بن، واتا لە كۆی (329) كورسی (83) كورسی بۆ ژنان، بۆ زامنكردن و پاراستنی ئەم رێژەیەش (كۆتای ژنان) دانراوە.
كەركوك كە (13) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەپێی رێژەی (25%)، بەپێی سیستمی كۆتا (3) ژنی بەردەكەوێت.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رابردوودا، بەهەمان شێوە كەركوك سێ كۆتای ژنانی هەبوو، ئاڵا تاڵەبانی وەكو كاندیدێكی ژن كە لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی كاندیدكرد بوو توانی بەبێ (كۆتا) وەكو ژنێك سەركەوێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
(لەیلا عەلی خزر) كە بەهەمان شێوە لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاندید بوو، بە (كۆتای ژنان) سەركەوت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، (ئەمیرە كەریم مەردان) لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهەمان شێوە بە (كۆتای ژنان) سەركەوت.
ژمارەی دەنگدەران لە كەركوك
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (991 هەزار و 379) دەنگدەرە، هەڵبژاردنی پێشوو ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (870) هەزار كەس بوو، واتە (121 هەزار و 379) دەنگدەر زیادیكردووە كە لەدایكبوانی ساڵی (1997- 1998-1999-2000) دەگرێتەوە.
لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك
بەشێوەیەكی گشتی (279) كاندید كە دابەشبوون بەسەر (23) لیست و هاوپەیمانێتیدا كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسییەكانی كەركوك دەكەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەمشێوەیەی خوارەوە:
• بەرەی فەیلی: 3 كاندید
• هاوپەیمانی فەتح: 23 كاندید
• ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری: 2 كاندید
• یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتمانی: 2 كاندید
• رەوتی حیكمە: 18 كاندید
• جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 11 كاندید
• بەرەی توركمانی كەركوك: 18 كاندید
• هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك: 24 كاندید
• بزوتنەوەی گردبونەوەی سریان: 2 كاندید
• ئیئتیلافی كفاءات للتغییر: 14 كاندید
• ئیئتیلافی كلدان: 2 كاندید
• باب العرب: 23 كاندید
• ئیئتیلافی رافیدەین: 2 كاندید
• بیارق الخیر: 18 كاندید
• حیزبی شیوعی كوردستان- عێراق: 9 كاندید
• ئیئتیلافی النصر- سەركەوتن: 24 كاندید
• یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 24 كاندید
• بزوتنەوەی بابلییون: 2 كاندید
• حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان: 4 كاندید
• التضامن: 22 كاندید
• یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 11 كاندید
• لیستی نیشتمان: 8 كاندید
• ئیئتیلافی نیشتمانی: 23 كاندید
كورد لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا
لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە ساڵی 2014 بەڕێوەچوو، لایەنە كوردییەكان نەیانتوانی بە یەك هاوپەیمانێتی گەورەوە لە كەركوك بچنە ناو هەڵبژاردنەوە و بە (6) لیستی جیاواز بەشداربوون كە پێكهاتبوو لە لیستەكانی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕِان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لەگەڵ هاوپەیمانێتییەك كە لەنێوان حزبەكانی شیوعی و سۆسیالست و زەحمەتكێشان) دروستكرابوو.
لە هەڵبژاردنی 2014 دا، لایەنە كوردییەكان (8) كورسی كەركوكیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بردەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (6) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان (2) كورسی.
ئەوكات رەخنە لەوە دەگیرا كە كورد بەم پەرت پەرتبونە و دروستنەكردنی لیستێكی هاوبەش لە كەركوك زیانی بەردەكەوێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە دۆخەكە لە هەڵبژاردنی پێشوو خراپتریشە، ئێستا كورد لە كەركوك بەهەمان شێوە (6) لیستی هەیە: بەمشێوەیە:
• یەكێتی نیشتمانی كوردستان
• جوڵانەوەی نەوەی نوێ
• پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان
• یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
• حزبی شیوعی كوردستان- عێراق
• لیستی نیشتمان (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری)
• پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵبژاردنی پێشوو (2) كورسی كەركوكی بردەوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە پرۆسەكەی بایكۆتكردووە و دەڵێ لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركوك داگیركراوە و ئامادە نییە لە شارێكی داگیركراودا بەشداری هەڵبژاردن بكات.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گەورەترین هێزی جەماوەری كەركوكە و خاوەنی (6) كورسییە لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختی دەنگدەرانی كورددایە لە كەركوك، بەوپێیەی بەرپرسیارێتی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك دەخرێتە ئەستۆی.
لە هەڵبژاردنی پێشوودا یەكێتی توانی بەدەنگی كەركوكییەكان هەندێك پارسەنگی ئەو كورتهێننانە بكات كە لە دەنگەكانی لە هەرێمی كوردستان رویدا، بەڵام دیار نییە ئایا ئەمجارەش كەركوك دەبێتەوە بە فریادڕەسی یەكێتی یاخود نا ؟
لیستی نیشتمان كە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە و تاكە هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، خوازیارە گرێی كەركوك بكاتەوە و لەم هەڵبژاردنەدا لانی كەم كورسییەكی كەركوك بباتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی رابردوودا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنیان كرد لە كەركوك و هیچ كامیان نەیاتوانی كورسییەك ببنەوە، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش كە بەرهەم ساڵح جێگری پێشووی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات، یەكەمجارە لە كەركوك بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بەهۆی ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركوك چوەتە ناو هەڵبژاردنەوە، زیانی ئەوەی بەردەكەوێت كە ناتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا سەنگ و قورسایی خۆی لەو پارێزگایە بزانێت.
حزبی شیوعی و پارتی سۆسیال دیموكرات كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە چوارچێوەی لیستێكی هاوبەشدا بەشدارییان كرد، لەم هەڵبژاردنەدا بە جیا جیا لیستیان هەیە، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان چاوی لەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە دەنگی لایەنگرەكانی ئاڕاستەی كاندیدەكانی ئەو بكات، بەڵام پارتی تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی لەوبارەیەوە هیچ بانگەوازێكی ئاڕاستەی لایەنگرەكانی نەكردووە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوو ئەمجارەش بە لیستی سەربەخۆ لە كەركوك بەشداری كردووە، ئەویش هاوشێوەی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان چاوی لە دەنگی پارتییەكانە.
عەرەب لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا
لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا عەرەبەكانی كەركوك هاوشێوەی كورد نەیانتوانی لیستێكی هاوبەش دروستبكەن و بە حەوت لیست بەشدارییان كرد، عەرەبەكان (2) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە:
لیست و هاوپەیمانێتییەكانی عەرەب لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی رابردوو بەمشێوەیە بوو:
• هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی (پارتی گەل، حزبی شیوعی عێراق، رەوتی دیموكراتی، چەند كەساییەتییەك)
• ئیئتیلافی عێراق (عەبدولسەلام جبوری سەرۆكایەتی دەكرد)
• جەبهەی عێراقی عەرەبی (ئەحمەد مەولود جبوری سەرۆكایەتی دەكرد)
• ئیئتیلافی عەرەبی (محەمەد عەلی تەمیم جبوری وەزیری پێشووی پەروەردەی عێراق سەرۆكایەتی دەكرد)
• ئیئتیلافی عەرەبی كەركوك (عەبدولڕەحمان مونشید عاسی سەرۆكایەتی دەكرد)
• الجبهة العربیة للانقاذ (عومەر خەلەف جەواد سەرۆكایەتی دەكرد)
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەهەمان شێوە عەرەبەكانی كەركوك دابەشبوون بەسەر چەند لیستێكدا كە ئەمانەن:
• لیستی التضامن (شێخ وەزاح سەدید سەرۆكایەتی دەكات)
• رەوتی حیكمە (عەممار حەكیم)
• ئیئتیلافی نەسر (حەیدەر عەبادی)
• بیارق الخیر (خالید عوبێدی وەزیری بەرگری پێشووی عێراق)
• ئیئتیلافی نیشتمانی (ئەیاد عەلاوی)
• باب العرب (شێخ وەسفی عاسی سەرۆكایەتی دەكات)
• هاوپەیمانی فەتح (هادی عامری)
• هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك ( ئەمە گەورەترین هاوپەیمانێتی لایەنە عەرەبییەكانی كەركوكە و پێكدێت لە: یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان، پرۆژەی عەرەبی، للعراق متحدون، حزبی حەل، حزبی حەق).
توركمانەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا
لە هەڵبژاردنی رابردوودا توركمانەكان لە كەركوك بە دوو لیست بەشدارییان كرد و (2) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە:
• بەرەی توركمانی لە كەركوك ( گەورەترین هاوپەیمانی لایەنە توركمانەكان بوو، لە 11 حزبی توركمان پێكدەهات، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكایەتی دەكرد).
• هاوپەیمانی توركمانی كەركوك (پێكهاتبوو لە بەرەی توركمانی ئازاد، یەكێتی ئیسلامی توركمانەكانی عێراق، رێكخراوی بەدر، حزبی دەعوەی ئیسلامی، حزبی فەزیلەی ئیسلامی، قەوارەی سادقون، رەوتی چاكسازی نیشتمانی)
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران توركمانەكان لیستیكیان هەیە بەناوی (بەرەی توركمانی كەركوك) و لەم لایەنانە پێكدێت:
• بەرەی توركمانی عێراقی
• حزبی عەدالەی توركمانی
• حزبی توركمان ئیلی
• بزوتنەوەی نەتەوەیی توركمانی
• حزبی قەراری توركمانی
سەرەڕای ئەم هاوپەیمانێتییە، لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكانی عێراقیش خەڵكی توركمانیان لە لیستەكانیان كاندید كردووە كە دەكرێت دەنگی توركمانەكانی كەركوك بۆ خۆیان ببەن.
مەسیحییەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا
لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆ بردنەوەی تەنیا (1 كورسی كۆتا)، مەسیحییەكان بە (9) لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، بەڵام كە گەورەترینیان لیستی رافیدەین بوو لەو هەڵبژاردنەدا تاكە كورسییە كۆتاكەی كەركوكی بردەوە و (سەركۆن لازار سڵێوە) لەسەر پێكهاتەی مەسیحی كەركوك بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەسیحییەكان بە (7) لیست بە شداری هەڵبژاردنیان كردووە بۆ بردنەوە كورسییە تاقانەكەی كەركوك و بە هەمویانەوە (13) كاندیدیان هەیە.
لیستە مەسیحییەكانی كەركوك:
• ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری
• یەكێتی بیت نەهرەینی نیشتمانی
• بزوتنەوەی گردبونەوەی نیشتمانی
• ئیئتیلافی كلدان
• ئیئتیلافی رافیدەین (بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری- زوعا)
• ابناء النهرین
• بزوتنەوەی بابلییون