بانگەشەی لیستە كوردییەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان سنورداردەكرێت
2018-04-24 07:12:51
لەدوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد ناوچە جێناكۆكەكانی لێ سنورداركراوە بۆ چالاكی سیاسی و حیزبی و تەنانەت بانگەشەی هەڵبژاردنیش، ئێستا لایەنە كوردییەكان ناتوانن بە ئازادی لەو ناوچانە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن، لە ماوەی رابردوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگەشەی كاندیداكانی هەڵبژاردنی نەینەوای لە قەزای شێخان كرد كە ناوچەی جێناكۆكە بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدایە، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بانگەشەی كاندیداكانی كەركوكی لە قەرەهەنجیر كرد كە ناوچەی جێناكۆكە بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدایە، هەروەها یەكێتی بانگەشەی كاندیداكانی پارێزگای دیالەی لە كەلار كرد لە كاتێكدا كورد لە خانەقین زۆرینەیە.
ئەم نەمانی هەیمەنەیە و بەرتەسككردنەوەی چالاكی سیاسی لیستە كوردییەكان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بە زیانی گەورەی دەنگی كورد كۆتایی دێت لەو ناوچانە، چونكە كورد لە رابردوودا بەهۆی هەژموونی سیاسی و سەربازییەوە لەوناوچانە دەنگی زۆری بەدەستهێناوە.
لە راگەیەنراوێكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆشداری دەدات لەو رێگریانە لە لیستە كوردییەكان دەكرێت لە ناوچە جێناكۆكەكان و راگەیەنراوەكەی ئاڕاستەی (سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، دەوڵەتمەداری عێراق، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق) كردووە و ڕایگەیاندووە، لە كەركوك، خانەقین، شەنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیكەش هێشتا دەسەڵاتی عەسكەریی و ئەمنیی ڕێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانییەكان، كە حزبی ڕەسمی و یاسایین، بكرێتەوە، تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستوری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەیە.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە " سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەریی و ئەمنیی، پێچەوانەی دەستور و ڕێسای پەیوەندییەكانمانە، بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای ڕای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدوریشی نازانین، ڕوداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە".
................................
دەقی راگەیەنراوەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
جەنابی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ!
دەوڵەتمەداری بەرێزی عێراق!
سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی بەڕێز!
لەكاتێكدا، وردە وردە ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان، زیاتر دەبێ و هەنگاوی باشیش لەو پێناوەدا نراوە. كەچی بەداخەوە، لەدوای روداوەكانی 16/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە (6 مانگ)ە، لەكەركوك، خانەقین، شەنگار، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی تریش، هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری و ئەمنی، رێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانیەكان، كە حزبی رەسمیو یاسایین، بكرێتەوە. تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستوری لەسەر هێزە كوردستانیەكان هەیە. بەڵكو لە زۆر شارو شارۆچكەدا، ماڵی بەرپرسو كادرانی لایەنە كوردستانیەكانیش، داگیركراوون.
بەرێزینە!
ئاشكرایە لای جەنابتان، بەمشێوەیە سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەریو ئەمنی، پێچەوانەی دەستورو رێسای پەیوەندیەكانمانە. بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای رای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووەو بەدوریشی نازانین، روداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە.
بۆیە، داوامان لەبەرێزتان ئەوەیە، بەزوترین كات، بڕیاری چارەسەری ئەم كێشە یاسایییو مافە سیاسیە بدەن.
لەگەڵ رێزی
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
23/4/2018