ناسر بەگ بەرواری: نوسینگەی عەبادیمان ئاگاداركردوەتەوە
2018-04-23 13:12:34
ئاسایشی پارتی سێ كاندیدی لیستەكەی عەبادی لە دهۆك دەڕفێنێت
ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك سێ كاندیدی لیستەكەی حەیدەر عەبادی لەو پارێزگایە دەڕفێنێت و داوایان لێدەكات لەو لیستە بكشێنەوە.
ناسر بەگ بەرواری سەرۆكی لیستەكەی حەیدەر عەبادی لە پارێزگای دهۆك بە " درەو میدیا"ی رایگەیاند دوێنێ یەكشەممە هێزێكی ئاسایشی پارتی سێ كاندیدی لیستەكەیان بەناوی " ئەنوەر مەعسوم مائی، فادیە حسێن ، عومەر عەلی " رفاندووە و بەیانی ئەمڕۆ ئازادیانكردوون.
وتیشی ئەو سێ كاندیدە داوایان لێكراوە لەسەر تەلەفزیۆن كشانەوە بێ بەریبونی خۆیان لە لیستەكەی عەبادی رابگەیەنن و جوێن بە عەبادی بڵێن و ئەو كاتە هەر داواكارییەكیان هەبێت بۆیان جێبەجێ دەكرێت.
سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی " النصر" راشیگەیاند سكاڵایان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆمارنەكردووە، بەڵكو لە نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیان لە بەغدا لە رووداوەكە ئاگاداركردووەتەوە.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر" دەكات و 26 كاندیدی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەیە.