ژنێك بە سەرۆكی كۆنترین پارتی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا
2018-04-23 08:41:56
ئەندریا نالیس، ئەو ژنەی بە سەرۆكی كۆنترین پارتی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا
پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا كە هاوبەشی حزبەكەی ئەنگێلا مێركڵە لە حكومەتدا ، ئەندریا نالیسی بە سەرۆكی نوێی پارتەكە هەڵبژارد، بەوەش نالیس بووە سەرۆكی ئەو پارتەی كە پێش 154 ساڵ لەمەوبەر دامەزرێنراوە.
نالیس كە پێشتر كە وەزیری كاربووە، جێگەی مارتن شۆڵتز دەگرێتەوە كە دوای ئەنجامە خراپەكانی پارتەکە لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەماندا دەستیلەكاركێشایەوە.
نالیسی تەمەن 47 ساڵ لە كۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموكراتدا كە لە شاری ڤیسبادن بەڕێوەچوو، توانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پارتەكەدا بەسەر سیمۆن لانگی ركابەریدا سەربكەوێت كە سەرۆكی شارەوانی شاری فیلنسبۆرگە.
لە وتارێكدا دوای سەركەوتنی نالیس بەڵێنیدا كاربكات لە پێناوی پتەوتركردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و خۆشگەزەرانی و وتی :" لەبەرئەوەی پاڵپشتی ئەو شتەیە كە لە جیهانێكی لیبراڵی و گڵۆبالیزەیشن و ژمارەییدا زۆر پێویستمان پێیەتی با زۆر راشكاو بین پێویستمان بە پاڵپشتییە بۆ ئاستێكی دیاریكراو لە خودی سۆسیال دیموكراتدا."
وتیشی :" ئەمڕۆ لەم كۆنگرەیەدا سەقفی شوشەیی پارتی سۆسیال دیموكرات دەشكێنین و ئەو سەقفە بە كراوەیی دەمێنێتەوە."
بەرای چاودێران، ئەركی نالیس لە سەرۆكایەتیكردنی كۆنترین پارتی سۆسیالی دیموكراتی ئەوروپا ئاسان نابێت، چونكە ئەو 66%ی دەنگی ئەندامانی پارتەكەی بەدەستهێناوە و بەسەر سیمۆن لانگی ركابەریدا سەركەوتووە، ئەو ئەنجامە دووەم خراپترین ئەنجامە كە براوەی هەڵبژاردنەكانی ئەو پارتە لەداوی جەنگی دووەمی جیهانییەوە بەدەستیدەهێنێت و ژمارەیەك لە ئەندامانی پارتەكەشی نیگەران و توڕەبوون لە پشتگیریكردنی نالیس لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی دیموكرات مەسیحیدا كە ئەنگێلا مێركڵ سەرۆكایەتی دەكات.
بە پێچەوانەی مێركڵەوە كە لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات لە دایكبووە، نالیس لە ئەڵمانیا خۆرئاوا گەورە بووە لە ناوچەی ئیڤیلن و لە گوندی وێلەر ژیاوە، مێركڵ پسپۆرە لە بواری فیزیادا، بەڵام سەرۆكە نوێكەی پارتی سۆسیال دیموكرات بڕوانامەی زانكۆی لە ئەدەبی ئەڵمانیدا بەدەستهێناوە و سەرەڕای جیاوازی سیاسییان ئەو دوو ژنە سەركردەیەی ئەڵمانیا پەیوەندییەكی بەهێز بە یەكییانەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بە گوێرەی راپۆرتی میدیاكانی ئەڵمانیا.