هەرێمێك لە پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان
2018-04-22 18:12:04
لە 1/1/2008 تا 22/4/2018 ، (1383) پێشێلكاری بەرامبەر زیاتر لە (1000) ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی كەمترین كەس و لایەنی پەیوەندیدار سزا درابن، ئەمەش ساڵ بە ساڵ نیگەرانی ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەكان زۆرتر دەكات، ئەم ئامارە لە بەیاننامەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستاندا هاتووە كە بەبۆنەی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا بڵاویانكردۆتەوە، هاوكات تەنها لە 4 رۆژی خۆپیشاندان و نارەزاییەتیەكانی ئەم دواییەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دژ بە پاشەكەوتی موچە 78 پێشێلكاری بەرامبەر بە 48 رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە( بەپێی راپۆرتی سەنتەری میترۆ) .
هەموو ئەو پێشێلكاریانە كە تیرۆركردن و دەستگیركردن و لێدان و رفاندن و جۆرەكانی دیكەی پێشێلكاری لە خۆ دەگرێت لە كاتێكدایە، كە بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی یاسای رۆژنامەگەری ، رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان ئازادەو رۆژنامەنووس مافی روماڵ و كاری رۆژنامەنووسی هەیە لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكان و و چالاكیە گشتیەكان، بەڵام بەردەوام رۆژنامەنووسا نلە روماڵكردنی چالاكیەكاندا روبەروی لێدان و رێگری و پێشێلكاری دەبنەوەو كەسیش لەسەر ئەو پێشێلكاریانە سزا نادرێت.
...................................
دەقی بەیاننامەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان
لە یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی دا
ڕۆژنامەنووسانی ئازیز
ئەمڕۆ لێرە كۆبوینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی، بۆ یادكردنەوەی مێژوو، سیمبوڵ و ڕێنسانسێك و شۆڕشێكی ڕاگەیاندن، فكری، نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و بنەماڵەكەی، بە دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردستان لە 22 نیسانی 1898.
ئەم ڕێنسانسە فەرهەنگییە لە هەلوومەرجێكدا خۆی ڕاگەیاند، كە وڵاتانی زلهێز و نەیارانی گەلی كورد لەوپەڕی بەهێزیدا بوون، یان لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەكانەوە پشتیوانی سیاسی و سەربازی، تەنانەت فەرهەنگی و ڕۆژنامەوانیش دەكران.
بەڵام لەو هەلوومەرجە دژوارەی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، سەردەمی ترس و فۆبیا و خەفەقانی ئەواندا، نەك ڕێگەیان نەدەدا كورد تەعبیر لە خواستەكانی خۆی بكات، تەنانەت بە دەیان نوسەر، رۆشنبیر و سیاسی كوردیان تیرۆر كرد و تەنانەت هەوڵی تیرۆركردنی میقداد بەردخانیان دا بۆیە بە ناچاری پەنای بردە بەر دەرەوە و لە تاراوگە ڕۆژنامەكەی دەركرد.
ڕۆژنامەنووسانی ئازیز و خۆشەویست
بەڵام ئەم هەوڵانەی وڵاتانی داگیركار بەرامبەر گەلی كورد، هەرگیزاو هەرگیز بە ئێستاشەوە نەیتوانی و ناتوانێ ئەم خەون، خولیا و مافە سادە بۆ ژیان و تێكۆشان و ڕۆژنامەوانی و ئازادی لێ زەوت بكات و لێ بسێننەوە، باشترین بەڵگە و فاكت، هەر ئەو ئامادەگییەی ئێوەیە لەم مەیدانەدا، ئەو ئەفراندنەیە، كە ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە دوای ڕاپەرین بونیادیان ناوە بە دەركەوتنی، ئەو سەدان كەناڵە، كە لە هەرێمی كوردستان پەخش دەكەن و ئەو هەزاران ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانەیە، كە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە فەراهەمكردنی ئازادیدا
ڕۆژنامەگەری كوردی ڕۆڵی گەورەی بینیوە و هەنگاوی گەورەی ناوە لە پراكتیزەكردنی دیموكراسی و فەراهەمكردنی ئازادیدا و یەكێك بوە لە پایەكانی دیموكراسی و فەراهەمكردنی خواستەكانی خەڵك.
بەڵام ئەوەش ڕاستە، كە هێشتا یاساكانی كاری ڕۆژنامەنوسی ژمارە (35) ساڵی 2007 و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ژمارە (11) ساڵی 2013، یاسای مافی خانەنیشینی ڕۆژنامەنووسان جێبەجێنەكراوە و كاری ڕۆژنامەنووسی وەكو پیشە سەیر ناكرێت و بە حرفیەیی نەكراوە.
هێشتا تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە و بكوژەكانیان دیاری نەكراون و بە سزای تاوانەكانیان نەگەیشتوون، خوێنی بە ناحەق ڕژاوی (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن) ونە و بكەرانیان مەعلوم نین، وەڵامێك بە خانەوادە و كەسووكاری چاوەڕوانی ئەم قەڵەمە ئازاد و ئازادانە نییە.
هێشتا ئاماری پێشێلكارییەكان مایەی نیگەرانییە و ساڵ بە ساڵ ڕێژەكانیان زۆرتر و زیاتر كەڵەكە دەبن و ڕێگری و ئاستەنگ لەم ناوچە یان ئەو ناوچە بۆ ڕۆژنامەنووسان دێتە پێش و ڕێز لە پیشەی ڕۆژنامەنووس ناگیرێت.
ئامارەكان دەڵێن لە 1/1/2008 تا 22/4/2018 (1383) پێشلێلكاری بەرامبەر زیاتر لە (1000) ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی كەمترین كەس و لایەنی پەیوەندیدار سزا درابن، ئەمەش ساڵ بە ساڵ نیگەرانی ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەكان زۆرتر دەكات.
ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و خاوەن قەڵەم
ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، نیگەرانە لەو پێشێلكاریانە و بەتایبەتی بەمدواییە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان لە هەرێمی كوردستان ڕوویدا، بەتایبەت لە شاری هەولێر زۆرترین پێشێلكاری ڕوویدا و سوكایەتی بە بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان كرا.
بۆیە بەڵێن دەدەین بەردەوام لە پشت خواست و داواكانتانەوە بین بۆ پاراستنی مافەكانتان و بەدیهێنانی ئازادی و زۆرتر و فەراهەمكردنی خواست و داواكارییەكانتان.
كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و میدیاكارانی بەڕێز
ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری دەكەینەوە، كە خەریكی بانگەشەی هەڵبژاردنین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
بۆیە جیالەوەی پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و میدیاكاران بەپێی پرەنسیپەكانی كاری ڕۆژنامەوانی مامەڵە بكەن و ڕێز لە فكر و ئایدۆلۆژیای جیاواز یەك بگرن، پێویستە هانی خەڵكی كوردستان بدرێت وەكو پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی سەیر بكرێت و لە هەمانكاتدا لەسەر حكومەتی عێراق و هەرێم و لایەنەكان پێویستە ڕێز لە میدیاكاران بگرن و هاوكاریان بكەن و پێشێلكاریان دەرهەق ئەنجام نەدەن، بەتایبەت لە ڕۆژی دەنگداندا، كە ئەزمونێكی خراپمان هەیە لە مامەڵەی دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا.
ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز
بۆ چارەسەری گرفتەكانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان لە كوردستان داوا دەكەین، بە پەلە كۆنگرەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان شەفاف و ڕوون ببەسترێت بۆ چاكسازی لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان.
هیوادارین یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی، ببێتە سەرەتایەكی باشتر بۆ كوردستان و بەتایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان و بۆ چاككردنی بارودۆخی سەندیكاكەتان.
بەرز و بەڕێز بێت یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی
ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان
22 نیسانی 2018