لەدوای خاك، كورد دەنگی ناوچە جێناكۆكەكانیش دەدۆڕێنێت
2018-04-23 12:42:12
راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف
موهەیمەن عەلی حەمدانی كاندیدی لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك رایگەیاند: ئەوەی كوردەكان دەڵێن ئێمە بە هێز كەركوكمان داگیركردووە راست نیە، بەڵكو ئەمجارە ئێمە بەدەنگ كەركوك داگیردەكەین، رەنگە وتەی ئەم كاندیدەی پێكهاتەی عێراق لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە ئەوان هەڵبژاردنی ئەمجارە لە كەركوك وەك هەلێك لێی دەڕوانن بۆئەوەی پێگەی خۆیان تێدا بەهێزتربكەن لەكاتێكدا كە پێگەی كورد بەهۆی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەو پارێزگایە لاواز بووە.
پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەمجارە لەناوچە جێناكۆكەكان، جیاوازتر بێت بۆ كورد لە هەموو ئەو هەڵبژاردانانەی كە لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە عێراق ئەنجامدراون، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، كورد لەلایەك هەژموونی سیاسیی و سەربازی لەو ناوچانەدا هەبووە و بەو هۆیەوە بەشێك لە پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە دەنگیان بە لیستە كوردییەكانداوە، لەلایەكی تریش بەردەوام لیستە كوردییەكان بەهۆی هەژمونیان بەسەر تەواوی دامەزراوەكانی ئەو ناوچانەدا ساختەكاری زۆریان كردووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتودا ئەو دوو كارتەیان لەدەستدا نەماوە و ئەگەری پێچەوانەبوونی پرسەكە بوەتەوە بۆ پێكهاتەكانی دیكە، بۆیە ئەگەری دابەزینی دەنگی كورد لەوناوچانە زۆرە.
لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد دەسەڵاتی لەو ناوچانە لەدەستداوە و پێگەكەشی لەو ناوچانە بەجۆرێك لاواز بووە، كە رەنگە بەشێكی زۆری كورسییەكانی لەو ناوچانە لەدەست بدات، ئەم هەڵبژاردنە رەنگە ببێتە ریفراندۆمێك بۆ دیاریكردنی سەنگ و پێگەی پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە.
دەنگی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان
لەدوای كۆنترۆڵكردنی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن سوپای عێراقەوە، ئەوەی بۆ كورد جێگای مەترسییە لەو ناوچانە دابەزینی ئاستی دەنگەكانی كوردە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، كە لەو پارێزگایانە كورد لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 دا ( 21 كورسی ) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێناوە، بەشێوەیەك كە لە پارێزگای كەركوك 8 كورسی بەدەستهێناوە ( 6 كورسی یەكێتی و 2 كورسی پارتی) و لە نەینەوا 10 كورسی بەدەستهێناوە ( پارتی 6 كورسی و 1 كورسی كۆتای ئێزدی، 1 كورسی كۆتای شەبەك، یەكێتی 2 كورسی) و لە دیالە 2 كورسی بەدەستهێناوە ( هەردووكیان هی یەكێتیە ) و لە سەڵاحەدین 1 كورسی هێناوە كە كورسی یەكێتیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو رەنگە كورد بەشێكی زۆری ئەو كورسیانەی لەدەست بدات، كە ئەویش پەیوەستە بە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی دوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلول، بەو پێیەی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوەو كورد 51%ی خاك و خەڵكی كوردستانی لەو ناوچانە لەدەستدا، بەجۆرێك لە كۆی ( 44330 ) كم2 تەواوی خاكی كوردستانی ناوچەی جێناكۆك كە 51.4%ی تەواوی خاكی باشووری كوردستانە، ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێستا بەشێكی زۆری هاوڵاتی كورد لە خورماتوو، كەركوك، شەنگال و ناوچەكانی نەینەوا ئاوارەن و رەنگە بەشێكیان بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن.
- لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی.
- بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی لە پارێزگای نەینەوا لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 كە كورد لەو پارێزگایە 8 كورسی هەیە پارتی 6 كورسی بەركەوتووە لەگەڵ 2 كورسی كۆتاكان یەكێتیش 2 كورسی هەیە، واتا لە پارێزگای نەینەوای 8 كورسی هەیە كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران 2014 پارتی لەو پارێزگایە (185804 ) دەنگی هەبووە.
- لە پارێزگای دیالە كورد لە هەڵبژاردنی رابردوودا ( 61807) دەنگی هەبووە كە دوو كورسی دەكات و هەردوكیان بەر یەكێتی كەوتوون.
- لە پارێزگای سەڵاحەدینیش لە دووزخورماتو كورد (26901) دەنگی بەدەستهێناوە بەڵام كورسی بەدەست نەهێنا
بە شێوەیەكی گشتی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ( ناوچەی جێناكۆك) لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 بەگشتی ( 18كورسی ) گشتی و ( 3 كورسی كۆتاكانی ) بەدەست هێناوە، ( 8 كورسی لە كەركوك ، 8 كورسی لەگەڵ 3 كۆتا لە نەینەوا، لە دیالە 2 كورسی ، لە سەڵاحەدین 1 كورسی ).
ئێستا بەهۆی خراپی دۆخی كورد لەو ناوچانە و پەرتەوازەیی كورد لەو ناوچانە و لەدەستدانی دۆسیەی ئەمنی و پۆستە كاریگەرەكان لەو ناوچانە چاوەڕوان دەكرێت كورد لە كەركوك كورسیەكانی لە 8 كورسیەوە بۆ 5 بۆ 6 كورسی كەمبكات، لە نەینەوا لە 11 كورسیەوە بۆ 6 بۆ 7 كورسی كەم بكات، لە سەڵاحەدین ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكە قورسە، لە دیالە كە 2 كورسی هەبووە پێشبینیدەكرێن یەك كورسی بەدەستبهێنێت، لە 21 كورسیەوە بۆ 13 بۆ 14 كورسی دابەزێت واتا 7 بۆ 8 كورسی كەمبكات.
بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان گێمی دووەمی یاریەكە بدۆڕێنێت كە لە گێمی یەكەمدا تەواوی خاكی ناوچە جێناكۆكەكانی دۆڕاند، چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كورد دەنگی خەڵكەكەشی بدۆڕێنێت، بەو پێیەش كورد خاك و خەڵكی ئەو ناوچانە بەتەواوی دەدۆڕێنێت.