توركیا: 15 پەرلەمانتاری جەهەپە پەیوەندییان كرد بە " IYI " یەوە
2018-04-22 13:22:45
15 پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری توركیا " جەهەپە" كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە لەو پارتە جیابوونەوە و پەیوەندییان كرد بە" ئیی " پارتییەوە.
ئەنگین ئەڵتای جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی توركیا و بوڵەند تیزجان وتەبێژی جەهەپە و پەرلەمانتارەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمان لە ئەنكەرەی پایتەخت دەستلەكاركێشانەوەیان لە جەهەپە و پەیوەندیكردن بە ئیی پارتییەوە راگەیاند.
بەو هەنگاوەی پەرلەمانتارانی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە" ، ئیی پارتی كە ماوەیەكی زۆر نییە لەلایەن میراڵ ئاكشەنەرەوە دامەزرێنراوە، دەتوانێت فراكسیۆنێكی 20 پەرلەمانتاری لەناو پەرلەماندا دروستبكات و بەوەش دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتووی توركیا بكات.
بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكانی توركیا هەر حزبێك بۆئەوەی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، دەبێت لە نیوەی ویلایەتەكانی توركیادا كە 81 ویلایەتە لقی هەبێت و كۆنگرەی دامەزراندنی شەش مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان ئەنجامدابێت، یان فراكسیۆنێكی 20 پەرلەمانتاری هەبێت.
ئی پارتی " IYI " لەلایەن میراڵ ئاكشەنەر وەزیری پێشووی ناوخۆی توركیا و ئەندامی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا" مەهەپە" دامەزرێنراوە و تائێستاش تاكە كاندیدە كە بە رەسمی رایگەیاندووە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی توركیادا خۆی كاندید دەكات و ركابەری ئەردۆغان دەكات، ئەگەر رێگری یاسایی بۆ دروست نەكرێت.