پەیمانگای كوردی پێشێلكارییەكانی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەخاتەڕوو
2018-07-12 12:16:40
(درەو میدیا):
لە راپۆرتێكدا كە لە 11/7/2018 بڵاویكردۆتەوە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن كە رۆژانی 9و 10ی مانگی تەممووزی 2018، لەناو هۆڵی"یانەی ئاشتی" شاری سلێمانی، بەرێوەچوو چەند پێشێلكاری و ناتەواویەكی پرۆسەكە دەخاتە روو.
پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن ئاماژەی بەوە كردووە" پرۆسەی ژماردنو جیاكردنەوەی دەستی بۆ دەنگەكانی 188 سندوقی پارێزگای سلێمانی كە لە 9 و 10 ی تەموزی 2018 بەڕێوەچوو، لە كۆی 2947 سندوقی دەنگدانەی كە لە هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاردا دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی كارتی دەنگدانی باركۆدكراویان خستە ناو ئەم سندوقانەوە" .
لە كۆی ئەو 188 سندوقەی كە بڕیاربوو كردەی ژماردنو جیاكردنەوەی دەنگەكانیان بەدەست بۆ ئەنجامبدرێت، تەنها 120 سندوقیان بەكردەوە كردەی ژماردنو جیاكردنەوەی دەنگەكانیان بەدەست بۆ ئەنجامدرا، لەبەرئەوەی :
56سندوقیان قردێلەی سوری لێدرابوو هیچ دەستكارییەكی نەكراو خرابووە لاوەوە.
12 سندوقیان دەكەونە ناو ئەو سندوقانەی كە پێشتر لەسەر داوای ئەنجومەنی كۆمسیارانی سڕكراو رەوانەی شاری بەغداد كرابوون.
سەبارەت بە پێشێلكاری و ناتەواویەكانی پرۆسەكەش راپۆرتەكەی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن ئاماژەی بەوە كردووە:
یەكەم: پابەندنەبوون بەیاسای هەڵبژاردنەوە
ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پابەندبووایە بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، یاسای ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەمواركراو، ئەوا لەماددەی یەكەمی هەمواری سێهەمی یاساكەدا هاتووە {كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بەوەی لەهەموو ناوەندەكانی هەڵبژاردنی سەرتاسەری عێراقداو بە ئامادەبوونی بریكاری قەوارە سیاسییەكان بە شێوەی دەستی سەرلەنوێ ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان دووبارەبكاتەوەو ئەنجامەكانی ئامێری خێرا ژماردنی ئەلەكترۆنی هەڵدەوەشێتەوەو لەبری ئەوە ئەنجامەكان پشت بە ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان دەبەستێت،
ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان هەموو وێستگەكانی دەنگدان دەگرێتەوە تەنانەت ئەوانەشی كە هەڵوەشێنراونەتەوە.}.
لەبارێكدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەكۆی 2947 سندوقی پارێزگای سلێمانی تەنها ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ 188 وێستگەی دەنگدان دەكات، كە ئەمەش رێژەی 6%ی كۆی سندوقەكانی دەنگدانی ئەم پارێزگایە پێكدەهێنێتو رێژەیەكی ئێجگار كەمەو پێشێلكارییەكی زەقی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
دووەم: نەبوونی شەفافیەت
پرۆسەیەكی هەستیاری وەك ژماردنو جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست، پێویستی بەوەیە تیمی سەرپەرشتیاری بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بەر لەئەنجامدانی هەر هەنگاوێك، زۆرترین زانیاریو روونكردنەوە بدەنە بریكارەكانی قەوارە سیاسییەكانو چاودێرانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆئەوەی دڵنیاییان بدرێتێو كەمترین گومانو پرسیاریان لەوبارەیەوە نەمێنێت. بۆ نموونە تیمی سەرپەرشتیاری بەڕێوەچوونی پرۆسەكە وەڵامیان بۆ بریكارو چاودێرەكان پێنەبوو، كە:
- بۆچی لەناو ئەو ژمارە زۆرەی سكاڵای بەرزكراوەدا، تەنها 188 سندوق كردەی ژماردنو جیاكردنەوەی دەستی بۆدەكرێت؟،
- ئایا لەسنوری بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی تەنها ئەوەندە سكاڵا تۆماركراوە، یان لەكۆی ئەو سەدان سكاڵایانەی بەرزكراونەتەوە، كۆمسیۆن تەنها ئەوەندەیانی پەسەندكردووە (بە بەڵگەی ئەوەی تەنها ئەوەندەیان مەرجی سكاڵاكردنیان تێدابووە). یان چ میكانیزمەو پێوەرێكی تریان لەدیاریكردنی ئەو 188 سندوقەدا گرتۆتەبەر، ئەمە پێویستی بە روونكردنەوەیە؟؟
- بۆچی 56 سندوق قردێلەی سووری لێدراوە؟ ئەگەر ئەو سندوقانە لەو دوو رۆژەدا ئەژمار ناكرێن، كەیو لەكوێ ئەژماردەكرێن؟
- بۆچی ئەو 12 سندوقەیان لەبەغدادەوە نەهێناوەتەوە تاكو لەو رۆژەدا ئەژماری بكەن؟
- كێ دەڵێت ئەو سندوقانەی بە دەست دەژمێردرێنەوە، تیمی سەرپەرشتیار بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دیاریان نەكردوون؟ ئەوكاتە رەنگە هەندێك لەو سندوقانە لەبنەڕەتدا سكاڵایان لەسەر نەبووبێت!!
- ئەنجامەكانی سندوقە ژمێردراوەكان لەسەر وەرەقەیەكی كاڵ، كە كۆپی چوارەمی كاربۆن بوو/ لەسەر دیواری هۆڵەكە هەڵدەواسرا، لەكاتێكدا پێویست بوو كۆپی چاپكراوی فەرمی بدرابا هەریەك لەبریكارو چاودێران.
سێهەم: سوودوەرنەگرتن لەباركۆد وەك بەڵگەیەكی ئاشكرا
لەگرنگترین بەڵگەكانی بەردەست بۆ ئاشكراكردنی كاری تەزویرو ساختەكاری لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا هەبوونی باركۆدی سەر كارتەكانی دەنگدان بوو، كە لەرێگەی ئەنجامدانی بەراوردكاری لەنێوان باركۆدی سەر كارتەكانی دەنگدانی ناو هەر سندوقێك لەگەڵ ئەو باركۆدانەی ئامێری لێكۆڵینەوەكە تۆماری كردوون، بەروونی ئەوە ساغدەبێتەوە كە تاچەند كارتەكانی دەنگدان پارێزراونو دەستكاری نەكراونو نەگۆڕدراون.
هەربۆیە پێویست بوو تیمی سەرپەرشتیاری بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان لەپارێزگای سلێمانی، بۆ دڵنیابوون لەدروستی ئەو كارتی دەنگدانانەی لەناو سندوقەكاندا هەن، لەبەردەمی بریكارو چاودێراندا، بەرلەوەی دەنگەكان بژمێرێت، ئەو پرۆسەی بەراوردكارییەی لە یەكە بە یەكەی سندوقەكاندا ئەنجامبدابا، بەڵام كە ئەمەی ئەنجامنەداوە، بە واتای ئەوەی نەیویستووە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەپرۆسەكەدا بكاتو بە نیوەناچڵی ئەنجامیداوەو بەمەش جارێكی تر بنەمای بابەتیبوونو بێلایەنی خۆی نەپاراستووە.