Draw Media

بزوتنەوەی گۆڕان: پشتیوانی خۆپیشاندانی مەدەنیانە دەكەین

بزوتنەوەی گۆڕان: پشتیوانی خۆپیشاندانی مەدەنیانە دەكەین

2018-07-14 20:28:13


درەو میدیا: 
" ئەمڕۆ خەڵكی عێراق لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ناوەڕاست و باشوور لە بەغداد و نەجەف و كەربەلا و بەسرە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و داوای مافەسەرەتاییەكانی خۆیان دەكەن، ‎ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەك چۆن بەردەوام لە بەرەی خەڵكدا بووین، پشتگیری تەواوی خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتییانەی هاوڵاتیان دەكەین" ئەمە بەشێكە لە راگەیەنراوی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی باشور و ناوەڕاتی عێراق.
لە راگەیەنراوەكەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە" بەتوندی ئیدانەی هەر هەڵسوكەوتێكی ناشارستانی دەكەین كە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و موڵكی دەوڵەت بگەێنێ، شكاندن و تاڵانكردن وسوتاندنی موڵكی گشتی و موڵكی تایبەتی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان ، جگە لەوەی كەلتورێكی ناشرینە، ئەویش شێوازێكی تری گەندەڵییە"
دەقی راگەیەنراوەكە:
راگەیەندراوێك لە بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق 
‎سەرەڕای هەموو قەیرانە سیاسی و ئەمنی و یاساییەكان ، ئەمڕۆ گەلانی عێراق بەدەست نەبونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن هەر لە نەبونی ئاو و كارەبا و خراپی دۆخی تەندروستی تا دەگاتە  هەژاری و بێكاری وداڕمانی ژێرخانی ئابوری، ئەمەش لە لایەك دەرئەنجامی تەشەنە كردنی گەندەڵیە، لە كۆی جومگەكانی حكومڕانییدا، لە لایەكی ترەوە نەبونی ئیرادەو خەمێكی نیشتیمانیە بۆ چارەسەركردنیان، كە تەنها هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن.ئەمڕۆ خەڵكی عێراق لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ناوەڕاست و باشوور لە بەغداد و نەجەف و كەربەلا و بەسرە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و داوای مافەسەرەتاییەكانی خۆیان دەكەن.
‎ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەك چۆن بەردەوام لە بەرەی خەڵكدا بووین، پشتگیری تەواوی خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتییانەی هاوڵاتیان دەكەین و داواكارین حكومەتبەزوترین كات بەدەنگ داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت و كار بۆ دابینكردنیان بكات و گەندەڵكاران و بەرپرسە كەم تەرخەمەكان بەسزا بگەیەنێت.
 لە هەمان كاتدا بەتوندی ئیدانەی هەر هەڵسوكەوتێكی ناشارستانی دەكەین كە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و موڵكی دەوڵەت بگەێنێ، شكاندن و تاڵانكردن وسوتاندنی موڵكی گشتی و موڵكی تایبەتی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان ، جگە لەوەی كەلتورێكی ناشرینە، ئەویش شێوازێكی تری گەندەڵییە.
‎هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان داوادەكات هەموو لایەنە سیاسیەكان و حكومەتی عێراق پابەند بن بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوینەران و دادگای فیدڕالی سەبارەت بە بژاردنەوەی تەواوی دەنگەكان و هەڵوەشاندنەوەی ساختەكارییەكان لە سەرجەم پارێزگاكان، لە پێناو ڕێزگرتن لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵك و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ دەستور و یاسا كارپێكراوەكان، پێمانوایە جێبەجێ نەكردنی ئەو بڕیارانە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات و قەیرانەكانیش قوڵتردەكاتەوە.
‎بزوتنەوەی گۆڕان
١٤/٧/٢٠١٨
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand