Draw Media

سەرۆكایەتی هەرێم گۆڕان و پارتی كۆدەكاتەوە

سەرۆكایەتی هەرێم گۆڕان و پارتی كۆدەكاتەوە

2018-07-11 14:13:54


 (درەو میدیا):
هەرێمی كوردستان جارێكی تر گەڕایەوە بۆ چوارگوشەی یەكەم و كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم كە ساڵی 2015 بووە هۆی داخستی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئەمڕۆ جارێكی تر بووە باسی گەرمی میدیاكان.
بە زۆرینەی دەنگی 39 پەرلەمانتار، پەرلەمانی كوردستان یاسای "هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكرد.
پرۆژە یاساكە لەلایەن فراكسیۆنەكانی پارتی و گۆڕانەوە ئامادەكرا بوو،  یەكێتیش دەنگی پێدا، بەڵام لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامیەوە رەتكرایەوە.
بە شێوەیەكی گشتی تەنیا 15 پەرلەمانتار دژی یاساكە دەنگیاندا.
بەپێی یاساكە، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامنادرێت، كە بڕیارە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پوختەی یاساكە لەم مادانە پێكدێت: 
مادەی یەكەم: هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت.
مادەی دووەم: كاركردن بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەردەوام بێت.
مادەی سێیەم: خولی داهاتووی پەرلەمان بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.

یەكگرتوو: سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە
بەهزاد زێباری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەك فراكسیۆنەكەیان لەگەڵ بونی پۆستی سەرۆكی هەرێمدا نین و داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەكە دەكەن.
"ئێمە پێمانوایە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم  بووەتە سەرچاوەی گشت كێشەكان بەتایبەتی ناكۆكی سیاسیی لێكەوتووەتەوە، هەم لە خولی سێیەمی پەرلەمان هەم لەم خولەش، بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ بەو هۆیەوە پەرلەمان پەكخرا، دۆخی هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابورییەوە بەرگەی ئەوە ناگرێت ئەو كێشانە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دوابخرێت". 

بزوتنەوەی ئیسلامی چی دەڵێ ؟
ئاری عەبدوللەتیف سەرۆكی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان پێیوایە پەلە لە یاساكەدا كراوە و بە مەبەستی سیاسی بۆ مەرامی سیاسی یەك دوو فراكسیۆن.
بە بڕوای بزوتنەوەی ئیسلامی دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولدا بكرێت. 

كۆمەڵی ئیسلامی: دەنگمان بە یاساكە نەدا
مەروان گەڵاڵی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كە دەنگیان بە یاساكە نەداوە، لەبەرئەوەی پێیانوایە دەبێت ئەو پۆستە بمێنێت و لەناو پەرلەماندا هەڵبژێریت و سیستمی حوكمڕانی هەرێم پەرلەمانی بێت.

نەوەی نوێ: پێویستمان بە سەرۆكێكی ترە جگە لە بارزانی
هاوكات جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم یان هەڵپەساردنی، بە مانای هێشتنەوەی هەردوو دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لە دەستی پارتیدا دێت، پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی تر بە خۆیەوە ببینێت جگە لە بارزانی.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەكرد، ناكرێت لەبەر ئەوەی بارزانی بۆی نییە خۆی كاندید بكات، پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵپەسێردرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە.

گۆڕان: رێگریمان كرد لە هەڵبژاردنی راستەوخۆ
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە پرۆژە یاساكەداوە كە پرۆژەی خۆیەتی، لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند، ئەوان لەڕێگەی ئەو پرۆژەیاسایەوە كە پەسەندكرا توانییان بە یاسا رێگری بكەن لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەشێوەی راستەوخۆ لەناو خەڵكدا كە پێشتریش دژی هەڵبژاردنی راستەوخۆ بوون و داوایان كردووە سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێ.
عەلی حەمە ساڵح وتی: ئێمە یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردن و فەرمانگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانمان داوەتە دەست خولی داهاتووی پەرلەمان و لە خولی داهاتوودا كاردەكەین بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زۆرینە بۆ ئەوەی بتوانین یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكەین.
یەكێك لەو رەخنانەی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت ئەوەیە لەڕێگەی ئەم یاسایەوە چارەنوسی سەرۆكایەتی هەرێمی داوەتەدەست پەرلەمانێك كە هێشتا دروست نەبووە و نازانرێت پێكهاتەكەی بە چ شێوەیەك دەبێت، بەڵام ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان باسلەوە دەكەن هیچ رێگەچارەیەك نەبووە جگە لە دواخستنی پرسەكە، چونكە ئەگەر رێگری نەكرایە، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان كوردستان لە رۆژی 30/9دا راستەوخۆ لەناو خەڵكدا بەڕێوەدەچوو.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی لە لێدوانێكدا وتی: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەناچێت، بەڵام ئەمە تەنیا قسەبوو، دواخستنی هەڵبژاردن لەڕووی یاساییەوە پێویستی بە دەركردنی یاسا هەیە، ئەمەش هۆكارەكە بوو كە لە پەرلەمانەوە بە یاسا بڕیاردرا لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سێ لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان (عومەر عینایەت- شێركۆ حەمە ئەمین- پەروا عەلی) ئیمزایان لەسەر پرۆژە یاساكە نەكردووە و دەنگیشیان بە پەسەندكردنی یاساكە نەداوە.

"زیندوكردنەوەی پرۆژەكەی 23ی حوزەیران"
عومەر عینایەت ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، بە بۆچونی من پێویستی نەدەكرد بزوتنەوەی گۆڕان قسەی لەسەر ئەو بابەتە بكردایە، چونكە پارتی خۆی پرۆژەیاسایەكی ئامادەكردبوو، بەڵام كاتێك بینییان گۆڕان پرۆژەی هەیە و پرۆژەكەش هاوشێوەی پرۆژەكەی خۆیانە، سەرۆكایەتی پەرلەمان پرۆژەكەی گۆڕانی هێنایە پێشەوە و سیفەتی (استعجال)ی پێداوە، چونكە ناوەڕۆكی پرۆژەكەی گۆڕان و پارتی هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر گۆڕان بە یاسا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دوانەخستایە، پارتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی بەیەكەوە لە یەككاتدا دەكرد، عومەر عینایەت وتی: جا با پارتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكردایە، ئێمە بۆچی بترسین، ئێمە كە خەڵكمان لەگەڵ بێت بۆ دەبێت بترسین لە هەڵبژاردن.
بەبۆچونی عومەر عینایەت دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان لەبری ئەم پرۆژە یاسایە كە ئێستا بووە بە یاسا، پرۆژەیاساكەی (23)ی حوزەیرانی زیندووبكردایەتەوە و لەبری (5) حزب، ئەمجارە بانگهێشتی پارتی و پێكهاتەكانی تری بكردایە و پرۆژەكەی فراوانتر بكردایە، یاخود پرۆژەیاسایەكی پێشكەش بكردایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، نەك بەو مشێوەیە كە پەرلەمانتارەكانیان شەرمەزاركردووە و هەندێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان كە ئیمزایان لەسەر پرۆژەیاساكەش كردووە لە كاتی دەنگدان نەهاتونەتە ژورەوە.
لە ماوەی دوو رۆژدا بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی فراكسیۆنەكەیەوە بەپەسەندكردنی هەردوو یاسای ( تیرۆر و هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم) هاوهەڵوێست بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، لە كاتێكدا یەكێتی خۆی دزیەوە لەم پرسەدا، هەندێك كەس ئەم هەماهەنگییەی نێوان گۆڕان و پارتی وا لێكدەنەوە كە گۆڕان دەیەوێت دەرگای ئاشتەوایی لەگەڵ پارتی بكاتەوە، بەتایبەتی دەنگۆ هەیە كە پارتی و بەتایبەتیش مەسعود بارزانی تێبینی لەسەر ژمارەیەك كارەكتەری سیاسی ناو گۆڕان هەیەو هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی رێگری بكات لەوەی هیچ رۆڵێكیان لە حكومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمدا هەبێت.

"هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئینتیحارە"
مەسعود عەبدولخالق شارەزای یاسای نێودەوڵەتی لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی، هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە "ئینتیحار" ناوبرد.
مەسعود عەبدولخالق دەڵێ" راستە ئەو دامەزراوەیە وەك باقی دامەزراوەكانی تر زۆر خراپ بەكارهاتووە زیاتر لەۆقازانجی تەبەقەی گەندەڵ بەكارهاتووە، بەڵام وەك خودی دامەزراوەكە بۆ هەریمی كوردستان گرنگی نیشتمانی هەیە، زیاتر لە 300 هەرێم لەو جیهانە هەیە تەنها ئەو هەرێمانە رەهەندی دەولیان هەیە كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەریمیان هەیە، وەك باسك و كەتەلۆنیاو كۆرسیكاو فەلەستین و كوردستان و.. پیشووتریش كۆسۆڤاو خوارووی سودان".
"نەمانی ئەو دامەزراوە خزمەتیكی گەورەیە بە بەغداو بچوككردنەوەی هەرێمە و ئیتر بەغدا دەتوانی وەك بەسرەو  رومادی تەعامولی قانونی لەگەڵ هەولێر و سلیمانی و دهۆك بكات".

 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand