ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی: گۆڕان خاوەنی هیچ نییە
2018-07-12 16:13:40
(درەو میدیا):
پێنج ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەش گواستنەوەی خاوەندارێتی موڵك و ماڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە نەوشیروان مستەفاوە بۆ كوڕەكانی بەمافێكی شەرعی و یاسایی ناودەبات.
بەیانی ئەمڕۆ كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئامادەی كۆبونەوەكە بوو.
كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە دوو تەوەری سەرەكی:
تەوەری یەكەم: كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.
تەوەری دووەم: دەستنیشانكردنی لیژنەی باڵای سەرپەرەشتیكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
موڵك و ماڵەكانی گۆڕان یەكلاكرایەوە
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی ڕایگەیاند: لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پرسی" تاپۆكردنی موڵك و ماڵەكانی بزوتنەوەكە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، كرا".
"لە كۆبونەوەكەدا عومەر سەید عەلی باسێكی مێژوویی لەبارەی دروستكردنی كۆمپانیای وشە و موڵك و ماڵەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان پێشكەشكردووە و وتویەتی: كۆی ئەم موڵكانە هی خودی نەوشیروان مستەفا بوون، بۆیە مافێكی شەرعی وەرەسەكەیەتی بیخاتە سەر ناوی خۆی و كۆی ئەم موڵكانەش ئێستا لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕاندان".
عومەر سەید عەلی بە راشكاوی بە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی وتووە، موڵك و ماڵەكان هەمووی هی كوڕەكانن و " بڕۆن بەهەموو میدیاكان بڵێن و لە كوێش باسی دەكەن باسی بكەن".
"گۆڕان كرێچییە"
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: قسەكانی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان تەئكیدكردنەوە بوو لەسەر ئەوەی بزوتنەوەكە خاوەنی هیچ نیە و هیچ سەرچاوەیەكی دارایشی نیە و كرێچی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە".
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا ژمارەیەك ئەندامی جڤاتی نیشتمانی ڕەخنەی توندیان لە عومەری سەید عەلی گرتووە، بەهۆیەوە چەندجارێك ئاڵۆزی و دەمەقاڵێ درستبووە.
دەستلەكاركێشانەوە
هەر لە كۆبونەوەكەدا ناوی (5) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی خوێندراوەتەوە كە دەستیان لەكاركێشاوتەوە، كە پێكهاتوون لە:
• باژێڕوانی سۆران
• ڕێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكان
• باژێڕوانی مەخمور
• باژێڕوانی خەبات
• هاوكات عەبدوڵای كوێخا موبارەك كە بارێژوانی قەزای چەمچەماڵە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردووە و تاتوێكردنی پرسی میدیا و دارایی گۆڕانی كردوەتە مەرج بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەكە
لە كۆبونەوەكەدا سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، كە چەندجارێك پەیوەندی بە عەبدوڵای كوێخا موبارەكەوە كردووە، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەكانی نەداوەتەوە.
ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن
تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوی گۆڕان تایبەت بوو بە دەستنیشانكردنی لیژنەی باڵای سەرپەشتیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لیژنە دەستنیشانكراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردن پێكدێت لە:
• مستەفا سەید قادر
• ژمارەیەك لە ڕێكخەری ژورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان
• نوێنەری ژنان
• نوێنەری هەولێر
• نوێنەری جڤاتی گشتی