Draw Media

بەرات ئاڵبایراك، وەزیری دارایی توركیا و زاوای ئەردۆغان بناسە

بەرات ئاڵبایراك، وەزیری دارایی توركیا و زاوای ئەردۆغان بناسە

2018-07-11 14:08:37


( درەو میدیا):
یەكێك لە دیارترین و گرنگترین دەموچاوەكانی حكومەتی نوێی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، زاواكەی بەرات ئاڵبایراكە كە پۆستی وەزارەتی دارایی و گەنجینەی پێسپێدراوە، كە یەكێكە لە وەزارەتە گرنگەكانی حكومەت.
چەند ساڵێك لەمەوبەر كەس ناوی بەرات ئاڵبایراكی نەبیستبوو، كە ماوەی 14 ساڵە لەگەڵ كچە گەورەكەی ئەردۆغاندا هاوسەرگیری كردووە.
بەرات كوڕی ئەدیب و نوسەر سادق ئاڵبایراكی خاوەن بیروباوەڕی ئیسلامییە كە لە ساڵی 1980ەوە پەیوەندییەكی دۆستانە و هاوڕێیانەی پتەوی لەگەڵ ئەردۆغاندا هەیە.
سادق ئاڵبایراك لە ساڵی 1991 بۆ 1995 ئەندامی پەرلەمانی توركیا بووە لەسەر پارتی رەفا، ئەو حزبەكەی كە دواتر پارتی داد و گەشەپێدانی بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان لێوەجیابووەوە.
بەڕێوەبەرێكی گەنج
بەرات ئاڵبایراكی تەمەن 40 ساڵ لە زانكۆی ئیستانبوڵ بەشی بەڕێوەبردنی كاری خوێندووە و ساڵی 1999 چووەتە گروپی كۆمپانیاكانی چالیك كە لە چەند بوارێكدا بە گشتی و بواری وزەو خانوبەرەدا كاردەكات، سێ‌ ساڵ دوای ئەوە بووە  بەڕێوەبەری دارایی لقێكی گروپەكە لە ئەمریكا و پاشان بووە بەڕێوەبەری لقەكە لە ئەمریكا.
ئیسرای كچی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە زانكۆی بێركلی لە كالیفۆرنیا خوێندویەتی و لەوێ‌ چاوی بە بەرات ئاڵبایراك كەوتووە و ناسیوێتی و پاشان ساڵی 2004 خێزانی هەردوولا رەزامەندییان دەربڕی هاوسەرگیریی كردنیان و لە ئاهەنگێكی گەورەدا لە ئیستانبوڵ كە ژمارەیەك لە شا و سەرۆكەكانی جیهان ئامادبوون، ئیسرا و بەرات ئەڵقەی هاوسەرگیریان گۆڕییەوە.
ساڵی 2007 بەرات بەڕێوەبەرێتی گروپی چالیكی گرتەدەست كە ئەو گروپە ژمارەیەك كەناڵی تەلەفزیۆن و رۆژنامەی وەك " رۆژنامەی سەباح"ی كڕی كە دواتربووە زمانحاڵی حزبەكەی ئەردۆغان، لەگەڵ كەناڵی " خەبەر" ی سەر بە ئەردۆغان.
ساڵی 2015 بەرات دەستبەردای گروپی چالیك بوو بۆ " یافوز"ی برای و لەسەر لیستی ئاكەپە خۆی بۆ پەرلەمان كاندیدكرد و بووە ئەندامی پەرلەمان و دوای چەند مانگێك بووە وەزیری وزەی توركیا.
سەرەڕای ئەوەی ئەو پۆستەی كە گرتیەدەست گرنگ نەبوو، بەڵام پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە كردییە خاوەن هەژمونێكی گەورە لە حكومەتدا و بووە یەكێك لە گرنگترین لێپرسراوەكانی بڕیاردان لە توركیادا.


بەقاچاغبردنی نەوت
سایتی ویكیلیكس ژمارەیەك ئیمەیلی بەرات ئاڵبایراكی بڵاوكردەوە كە ماوەی 2000 بۆ كۆتایی 2016 بوون و رۆژنامەی "ئیندپێندنت" ی بەریتانیی كانوونی دووەمی 2016 رایگەیاند بەڵگەی بەهێز هەیە لەسەر پەیوەندی بەرات بە كۆمپانیایەكی توركی كە تۆمەتبارە بە كڕینی نەوت لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" كە ژمارەیەكی زۆر لە كێڵگەی نەوتی لە عێراق و سوریا لەدەستدابوو لە ساڵی 2015 بۆ 2016دا و حكومەتی توركیاش ئەوەی رەتكردەوە.
هەروەها روسیا خانەوادەی ئەردۆغانی بە بازرگانیكردنی نەوتی بەرهەمهێنانی ناوچەكانی داعش تۆمەتباركرد و جێگری وەزیری بەرگری روسیا " ئەناتۆلی ئەنتۆنۆڤ" كۆتایی 2016 وتی كوڕەكەی ئەردۆغان " بلال" و زاواكەی بازرگانی بەو نەوتەوە دەكەن كە داعش دەیفرۆشێت لە رێگەی چەند هاوبەشێكەوە لە كۆتاییدا دەگاتە توركیا.
بەرات و خێزانەكەی لەكاتی بەسەربردنی پشووی هاوینەدا لە هاوینەهەواری مەرمەریس بوون، كاتێك 15ی تەمموزی 2016 هەوڵی كودەتا درا و بەرات هاوڕێیەتی ئەردۆغانی كرد لەو فڕۆكەیەدا كە ئەردۆغانی هێنایەوە ئیستانبوڵ و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیەكەی فڕۆكەخانەكەشدا لە پشت ئەردۆغانەوە بوو كاتێك لایەنگرانی لە چواردەوری فڕۆكەخانە بۆ پشتیوانی لە ئەردۆغان گردبوونەوە.
سەرۆكی حكومەتی سێبەر
گەشەكردنی ئەو رۆڵەی بەرات لە جومگەكانی حكومڕانی لە توركیا دەیگێڕا، كەمال كلیچدار ئۆغڵو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە"ی ئۆپۆزسیۆنی ناچاركرد بە سەرۆك وەزیرانی سێبەری توركیا لەپاڵ بن عەلی یەڵدرمی سەرۆك وەزیران وەسفیبكات.
بەرات كە دەنگێكی هێواشی هەیە و بەهۆی خوێندنییەوە لە ئەمریكا زمانی ئینگلیزی دەزانێت و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری وزەی نوێكەرەوە لە یەكێك لە زانكۆكانی توركیا بەدەستهێناوە و پێش ئەوەی پۆستی حكومی وەربگرێت لە لاپەڕەی بیروڕای رۆژنامەی " سەباح"ی دەنگی حكومەت دەینوسی.
ئەردۆغان لە زۆربەی سەردانەكانیدا بۆ دەرەوە  بەرات ئاڵبایراكی زاوای لەگەڵ خۆی دەبات و لە چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك و سەركردەكانی جیهان لە نێویاندا سەرۆكی روسیا ڤلادیمێر پوتن بەشداری پێكردووە.
هەروەها دوای ئاسایببونەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل، بەرات ئاڵبایراك تاكە لێپرسراوی توركیا بوو كە ساڵی 2016 سەردانی تەلئەبیبی كرد و لەگەڵ یوڤال شتاینت هاوتا ئیسرائیلییەكەی كۆبووەوە و باسیان لە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات كرد دەربارەی گواستنەوەی ئەو غازەی لە كێڵگەكانی ئیسرائیلەوە دەردەهێنرێت و لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە رەوانەی توركیا و ئەوروپا دەكرێت.


هەڵوێستی هاوبەش
بەرات ئاڵبایراك لە رێگەی وەرگرتنی ئەو پۆستە هەستیارەوە كە ئەردۆغان پێیداوە، هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت كە رووبەڕووی ئەو كێشە گەورانە ببێتەوە كە ئابوری توركیا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت لەە كاتەدا و لە سەروو هەمووشیەوە هەڵاوسان و دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی توركی و بەرزبوونەوەی نری سوود و بەدەستهێنانەوەی متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی.
بەڵام كاردانەوەی بازاڕەكان تەواو پێچەوانە بوون و رۆژێك دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن بەراتەوە بەهای لیرەی توركی بە رێژەی لەسەدا سێ‌ دابەزی و بۆرسەی توركیا پاشەكشێی كرد و نرخی سود لەسەر سەندەكانی گەنجینە بەرزبووەوە.
لە كاتی دابەزینی بەهای لیرەشدا بەرات هۆكارەكەی بۆ چەند ناوەندێكی دەرەوە گەڕانەوە كە كاردەكەن بۆ رووخاندنی حكومەتی توركیا و راگەیاندنی توركیاش راشكاوانەتر " لۆبی جولەكە"ی لە جیهاندا بەوە تۆمەتباركرد.
هەڵوێستی بەرات بەرامبەر نرخی سوود هاوشێوەی هەڵوێستی ئەردۆغانە و هەردووكیان  بە توندی داوای نزمكردنەوەی رێژەی سوود دەكەن و باوەڕیان وایە كە ئەوە هۆكاری بنەڕەتی قەیرانەكانی ئابوریی توركیان ، لە كاتێكدا دامەزراوە داراییە جیهانییەكان وایدەبینن كە  پێویستە بانكی ناوەندی توركیا پارێزگاری لە سەربەخۆیی خۆی بكات و بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی هەڵاوسان نرخی سوود بەرزبكاتەوە.
بەرای چاودێران ئێستا سەرجەم جومگەكانی حكومڕانی لە وڵاتدا لەژێر دەستی ئەردۆغاندایە و ئەو بەردەوامە لەسەر جێبەجێكردنی پلانەكەی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی توركیا لە گوێرەی دید و بۆچوونەكانی و سەپاندنی كۆت و بەندی زیاتر بەسەر نەیارەكانی، و تاكە شت كە ئەردۆغان وا لێدەكات دوودڵ و رارا بێت لە بەردەوام بوون لەسەر ئەو رێگایە گەورەتربوونی قەیرانی ئابورییە كە ئێستا توركیا پێیدا تێدەپەڕێت و ئەوەش لە كۆتاییدا بە واتای دابەزینی ئاستی جەماوەریی دێت لە ناو توركیادا كە هەتا ئێستا دڵسۆز بوون بۆی.

سەرچاوە: بی بی سی

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand