حەشدو عەبادی شەڕی یەكلاكەرەوە دەكەن
2018-08-25 16:53:49
راپۆرتی: درەو میدیا
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ململانێكانی نێوماڵی شیعە پێینایە قۆناغێكی نوێ ، وەك دەوترێت ئەوەی تادوێنێ لەژێر بەڕەبو، كێبڕكێی پێكهێنانی حكومەت هێنایە سەر بەڕە.
لەگەڵ ئەوەی ململانێی نێوان گروپەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تازە نیە، بەڵام گەیشتنی بەم ئاستە و بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیە و لێدوانی توندی دژ بەیەك، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی هەیە بەدابەشبونیان بەسەر دوو سەربازگەی جیاواز و، بگرە دوو ئەجێندای تەواو ناكۆك و دژبەیەكیشدا.
گەشانەوەی سەرلەنوێی پشكۆی ناكۆكییەكانی نێوان حەشد و عەبادی ئەگەر پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی نەبێت بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەت دوای داواكاری سوننەكان بۆ كشانەوەی حەشدی شەعبی لە شارە سوننیەكانی باكور و خۆرئاوای عێراق، ئەوە بێگومان دابڕاونیە لەم پرسە، هاوكات بەدەریش نیە لەفشارەكانی سەدر بۆ سنورداركردنی پێگە و لەقاڵبدانی گروپەكانی حەشدی شەعبی بەتایبەتی دوای كۆتاییهاتنی شەڕی تیرۆر و گواستنەوەی سەنگەرەكانیان لەبەرەكانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی.
عەبادی ناچارە شەڕی حەشد بكات
تاكە ڕێگەی بەردەم عەبادی بەدیهێنانی خواستەكانی سەدر و پتەوكردنی ئەوبەرەیەی كە تاكە ئومێدیەتی بۆ دانیشتنەوە لەسەر كورسی سەرۆك وەزیرانی بۆ خولی دووەم، ڕەنگە ڕێگایەكی بەرهەمداریش بێت بۆ كێشكردنی سونەكان و ئەگەر بكرێت كوردیش بۆ ئەو بەرەیە، چونكە هەم سوننەكان و هەم كوردیش لەپرسی پێگە و ڕۆڵی داهاتوی حەشدی شەعبی ترس و تێبینی زۆریان هەیە و خوازیاری ئەوەن ئەو هێزە لەقاڵبدرێت.
ئەم شەڕە بەدەریش نیە لەوەی عەبادی دەیەوێت وەك پیاوی قۆناغەكە خۆی نمایشبكات، پیاوێك كە لە هەستیارترین دۆخەكاندا بەرگری لە دەستور و هەیبەتی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكات و ڕێگەنادات لە دەرەوەی دەوڵەت دەوڵەتی تر و لە دەرەوەی هێزە ڕەسمییەكان هێزی تر بڕیار بدا و خاوەنی قسەی یەكلاكەرەوە بێت.
عەبادی گوێزە و گۆچانی پیشانی حەشددا
دوای توندبوونەوەی ململانێكان و تۆمەتباركردنی لەلایەن حەشدی شەعبیەوە، حەیدەر عەبادی سەردانی بارەگای دەستەی حەشدی كرد، بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە بەشێكی بەرچاو لە فەرماندەی لیواكان و بەڕێوبەرەكانی حەشد بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا (فالح فەیاز) كە سەرۆكی دەستەكەیە و ئێستا وەك یەكێك لە ڕكابەرە دیارەكانی عەبادی بۆ وەرگرتنی شوێنەكەی ناوی دێت، لەپێشی پێشەوەی پێشوازیكاراندا بووە.
عەبادی لە دایشتنەكەدا، ستایشی زۆری قوربانییەكانی حەشدی شەعبی كردووە، حەشدی وەك هیوایەكی تازە وەسفكردوە، ئاماژەی بەوەشداوە، لە نیویۆرك و زۆربەی ئەو كۆبونەوە نێودەوڵەتییانەی ئامادەی بووە كۆی ئەوتۆمەتانەی ڕەتكردوەتەوە كە ئاڕاستەی حەشد كراون، بەقسەی خۆی، حەشدی بەگروپێك لەگەنج و لاوی ئازا كەپارێزگاری لە وڵات دەكەن ناوبردووە، هەر لەو وتەیەیدا كە عەبادی بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەركردەكانی حەشد شەعبی پێشكەشی كرد، حەشدی وەك یەكێك لە دامەزراوە شەرعی و ڕەسەكانی دەوڵەت باسكردوە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر لێرە و لەوێش هەندێك پێشێلكاریی ڕووبدات خزمەت بە بەرژوەندی حەشد ناكات هەروەك چۆن كاریگەریش لەسەر ناو و ناوبانگی ناكات، بەوپێیەی هاوشێوەی هەر دامەزراوەیەكی تری سوپا لە چوارێوەی دەستور و یاسادا ڕێكخراوە و كارەكانی ڕادەپەڕێنێت.
پەیامە ڕوون و ڕاشكاوەكانی عەبادی بۆ حەشد
لەدوای ئەمەوە عەبادی كۆمەڵێك پەیامی دا بەگوێی سەركردەكانی حەشدا كە ڕەنگە زۆرێكیان حەز بە بیستنی نەكەن، بەڵام عەبادی شێلگیر بوو لەسەری و بەڕاشكاوی وشەی "قبوڵی ناكەین"ی، بەكارهێنا.
عەبادی باسی لە گرنگی كشانەوەی هێزەكانی سوپاكرد لەناو شارەكان دوای ئازادكردنیان، بەوپێیەی ئەركی سوپا پاراستنی ئەمنییەتی شارەكان نیە بەڵكو شەڕە لەگەڵ دوژمن، مانەوەی سوپاشی لەناو شارەكان بەمەترسییەكی گەورە پیشاندا بۆ دروستبونی پێكدادان و ڕووبەڕووبوونەوە، حەشدیشی كردە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەوە جەختی كردەوە لە پێویستی كشانەوەیان لەناو شارەكان بەڵام بەشێوەیەكی لەسەرخۆ نەك بەكتوپڕی كە بۆشایی و كەلێنی ئەمنیان بۆ دروستدەكات، وەك خۆی وتی، ئەوەشی بەهۆكاری سەرەكی دەركردنی فەرمانەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی وەسفكرد، كە پێدەچێت ئەمە و قسەكردنی عەبادی لەسەر بە سیاسییكردنی حەشد، هۆكاری سەرەكی تەقینەوەی كێشەكانی بێت لەگەڵ حەشدی شەعبی.
عەبادی لە قسەكردن لەسەر بەسیاسییكردنی حەشدی شەعبی قسەكانی ڕوونتر و ڕاشكاوانەتر و دەوڵەتیی تر خۆی نمایشكرد، كاتێك وتی"ڕێگەنادەین حەشد بەسیاسی بكرێت، حەشد هێزێكی جەنگاوەرە كە بە ڕێنمایی مەرجەعیەت دروستبووە".
وتیشی:" دەستوری عێراق ڕێگەنادات بەوانەی لەسوپا كاردەكەن تێكەڵ بەكاری سیاسی بن، ناكرێت ئاسایش و سیاسەت تێكەڵاو بەیەكتر بكرێن، وەك ئەوەی لە دەستوردا هاتووە كە لەلایەن سەرجەم كوتلە سیاسییەكان و زۆرینەی خەڵكی عێراقەوە متمانەی پێدراوە".
عەبادی جەختیشیكردەوە ڕێگەنادەن هیچ دەزگایەكی سەربازی فەرمان لەم لایەن سیاسی و ئەو لایەنی سیاسی وەربگرێت، دابڕینی دامەزراوە سەربازییەكانیشی لەململانێی سیاسی بە هەنگاوێكی گرنگ وەسفكرد و وتی ئەگەر ئەمە نەكەین و دامەزراوە سەربازییەكان ببنەبەشێك لە كاری سیاسی، وەك دەزانن كوتلە سیاسیەكان جیاوازی وناكۆكییان هەیە و ڕكابەری یەكن، بەمەش هێزە ئەمنییەكان دەبنە ڕكابەری یەك و ئەركی ئەم هێزانە لەپاراستنی هاوڵاتیان بەبێ جیاوازییەوە دەگۆڕێت بۆ ململانێكردنی یەكتری، كە وەك خۆی ڕایگەیاند، بەكارهێنانیان لە ململانێی سیاسیدا بۆخۆی ناشكرینكردنی ئەم دامەزراوانە و قوربانیەكانیەتی.
ناكۆكییەكانی حەشد و عەبادی
ڕۆژێك پێش سەردانەكەی عەبادی بۆ بارەگای حەشدی شەعبی، بەیاننامەیەكی توند بەناوی فەرماندەیی حەشدەوە بڵاوبوەوە، كە پێدەچێت سەردانەكەی عەبادیش زیاتر كاردانەوەی ئەو بەیاننامەیە بووبێت، فەرماندەیی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەكەیدا، بۆ عەبادی نوسیوە" باشتر وابوو موچەی جەنگاوەرەكانت بدایە و بایەخت بۆ بریندار و كەسوكاری شەهیدان بووایە، لەبری بەكارهێنانی زمانی قۆڵبادان لەپێناو بەدەستهێنانی ویلایەتی دووەم". فەرماندەیی حەشد لە بەیاننامەكەیدا، عەبای تۆمەتباركردووە بە بەكارهێنانی سیاسەتی فشار و قۆڵبادان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ موجامەلەكردنی ئەمریكییەكان لەپێناو بوونەوە بە سەرۆك وەزیران بۆ خولی دووەم، لە بەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە، ڕەفتارەكانی عەبادی دژ بەحەشدی شەعبی خۆی دەبینێتەوە لە پێنەدانی دەرماڵەی دارایی پێویست بۆ پێدانی موچەی ئەندامانی حەشد هاوشێوەی هێزە ئەمنییەكان و پشتگوێخستنی دۆسیەی شەهیدان و برینداران بە پاساوی جۆراوجۆر.
ئاماژە بەوەشكراوە، عەبادی هەر بە فشاری داراییەوە نەوەستاوە بەڵكو چەندین جار هێرشیكردوەتە سەر حەشدی شەعبی لەپێناو خستنی لەڕووی مەعنەوییەوە"جارێك بەبوونی فەزائی(بندیوار) و جارێك ڕێگری دەكات لەوەی زریپۆش و هامەریان بدرێتێ هاوشێوەی هێزە عێراقییەكانی تر".
حەشد شەعبی كەی و چۆن دامەزرا؟
چوار ڕۆژ دوای كەوتنی موسڵ و لە ڕۆژی 13 حوزەیرانی ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق، فەتوای (جیهادی كفائی) دەركرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش، كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا زیاتر لەیەك لەسەر سێی خاكی عێراقیان داگیركرد و هەڕەشەی جدییان لەسەر بەغدادی پایتەخت دروستكرد، ئەم فەتوایە بووە بنەمای دروستبوونی هێزێكی میللی چەكدار و سەدان هەزار گەنج و تەمەنی جیاواز لەپەیڕەوانی مەزهەبی شیعە لە عێراق لەچوارچێوەیەی چەند گروپێكی چەكداری ناڕێكخراودا كۆكرانەوە بەناوی حەشدی شەعبی.
بە یاساییكردنی حەشد وەك دامەزراوەیەكی دەوڵەتیی
لایەنە شیعەكان، دوای فشار و هەوڵێكی بێوچان توانیان لە 26 تشرینی دووەمی 2016دا، یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق تێپەِڕێنن، بەوەش چەترێكی یاساییان بۆ ئامادەیی ئەم هێزە لەناو دامەزراوەكانی سوپای عێراقدا دروستكرد و كارەكانیان لەڕێی ئەو دەستەوەیە ڕێكخست كە بەناوی دەستەی حەشدی شەعبی دەناسرێت و ڕاستەوخۆ سەربە سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە.
لەگەڵ ئەوەی حەشدی شەعبی لە دۆخێكی ئەمنیی و سیاسی تایبەتدا لەعێراق دروستبوو بەئامانجی روِوبەڕووبوونەوەو لەناوبردنی داعش، بەڵام وەك دەوترێت بیرۆكە و ئیلهامپێدەری دروستبونی ئەم هێزە مەزهەبیە سوپای پاسدارانی ئێرانە، كەبە پایە و سەرە ڕمی پارێزگاریكردن لەمانەوەی ڕژێم و ویلایەتی فەقیه لەئێران ئەژمار دەكرێت.
حەشد وەك ئاڕاستەی ئایدۆلۆجی، هیچ ڕوانینێكی سیاسی یاخود خاوەنی بەرنامەیەكی سیاسی دیاریكراو نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی 12 ئایاری ئەمساڵ لەژێر سایەی هاوپەیمانێتییەكدا بەناوی (فەتح) بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان كرد و بووە دووەم هێز لەسەر ئاستی عێراق، لێرەوە مەترسی بە سیاسییكردنی دامەزراوە ئەمنییەكان و گەورەبوونی هەژمونی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەكانی حەشد لەپرۆسەی سیاسی بووە پرسێكی جدی ، بەشێك لە هێز و لایەنەكان بە هەڕەشەیەكی گەورەی دادەنێن بۆ سەرپێگەی خۆیان، جگە لەو مەترسییە ڕاستەقینەیەی لەسەر ئینتیمانی ئەو دامەزراوانە دروستیدەكەن، هەرچەندە لە بنەمادا دامەزراوەكانی دەوڵەت لەم ڕوەوە پارێزراونین.
حەشد موڵكی شیعەیە بە تامێكی عێراقی
حەشدی شەعبی جگە لەوەی وەك هێزێكی تایبەت بەپێكهاتەیەك تەماشادەكرێت نەك هێزێك كە نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەكان بكات و بەیەك مەسافە لە هەموویان ڕاوەستێت، لەناو ئەو پێكهاتەیەشدا كۆمەڵێك هێز و كەسایەتی خاوەندارێتیی دەكەن كە قوڵایی و باكگراوندێكی ئێرانییان هەیە، ئەمەش یەكێكی ترە لەو مەترسیانەی لەسەر مانەوە و گەورەبونی هەژمونی ئەم هێزانە هەیە بەتایبەتی لەلایەن هەردوو پێكهاتەكەی تر (كورد و سوننە)، ئەوە لەكاتێكدایە كە تەواوی پێداویستییەكانی حەشدی شەعبی لەچەك و تەقەمەنی و موچەی ئەندامەكانی و ئیمتیازاتی شەهید و چارسەركردنی بریندارەكانی لەلایەن حكومەتی عێراق و بودجەی گشتییەوە دابیندەكرێت.
لەپاڵ ئەمەشدا ڕاستیەك هەیە كە ناكرێت نكوڵی لێبكرێت, لەدوای 9ی حوزەیرانی ساڵی 2014 و هاتنی داعشەوە بۆ عێراق، بەشێوەیەكی كرداری شتێك نەما ناوی سوپای عێراق بێت، سوپایەكی فاشیل و شكستخواردوو، كە بێ تەقاندنی فیشەكێك هەزاران كیلۆمەتر زەوی و بەشی سوپایەكی تەواو چەك و تفاقی سەربازی لە چەندین ناوچەی عێراق بەجێهێشت و هەڵات و دواتر هەموی كەوتنە دەست داعش و بەو هۆیەوە خەڵكی عێراق دووچاری ئاوارەیی و ماڵوێرانییەكی گەورەبوون، وەك هەندێك دەڵێن، ئەگەر لەوكاتەدا مەرجەعیەت فەتوای دروستكردنی ئەو هێزەی نەدایە، ئەوا ئێستا شتێك لەم ناوچە و گەلێك لەسەر ئەم خاكە نەمابوو ناوی عێراق و عێراقییەكان بێت.