Draw Media

بومەلەرزەكەی كرماشان: 2 كەس مردوون و 240 بریندارن

بومەلەرزەكەی كرماشان: 2 كەس مردوون و 240 بریندارن

2018-08-26 10:19:39


(درەو میدیا):
جارێكی تر بومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەكانی سنوری پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند.
بومەلەرزەكە كاتژمێر (2:45) خولەكی دوێنێ شەو بەكاتی خۆجێیی كرماشان رویدا، بەپێی زانیاری ئاژانسەكانی هەواڵی ئێران، بەهۆیەوە (2) كەس گیانیان لەدەستداوە و (240) كەسی تر برینداربوون.
دەزگای فریاكەوتی ئێران رایگەیاند، تیمەكانی خەمڵاندنی زیانی بومەلەرزەكە و كۆمەڵەی فریاگوزاری مانگی سور گەیشتونەتە سنوری پارێزگای كرماشان.
بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی لۆكاڵی سنوری پارێزگای كرماشان، دوای بومەلەرزە گەورەكە، (20) بومەلەرزەی تر بە گوڕی جیاواز لە ناوچەكە رویانداوە، كە یەكێكیان گوڕەكەی گەیشتوەتە (4) پلە.
فەرهادی فەروزی سەرۆكی تۆڕی بومەلەرزەزانی پارێزگای كرماشان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (خبرگزاری دانشجویان ایران- ایسنا) زانیاری جیاواز لەبارەی كات و گوڕی بومەلەرزەكە دەخاتەڕوو و دەڵێ" بومەلەرزەكە كاتژمێر 4:43 خولەك رویداوە، بە گوڕی 5.9 پلە لە قوڵایی 8 كیلۆمەتر لە دەوروبەری ناوچەی تازەئاباد"، ئەمە لەكاتێكدایە، ئاژانسی بومەلەرزەناسی ئەمریكا رایگەیاند، گوڕی بومەلەرزەكە (6.1) پلە بووە و سەنتەری بومەلەرزەزانی ئێرانیش دەڵێ" گوڕی بومەلەرزەكە (5.9) پلە بووە".
بومەلەرزەكە هێندە بەهێز بوو، لە رۆژهەڵاتی كوردستان شارەكانی (كرماشان، جوانڕۆ، سنە، بۆكان، سەقز، مهاباد) هەژاند و خەڵكی ناچاركرد لە ماڵەكانیان بێنەدەرەوە، لە عێراقیش لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و كەركوك و دیالە و بەغداد هەست بەو بومەلەرزەیە كرا و خەڵك ترسیان لێ نیشت و زۆر كەس لە ماڵەكانیان هاتنەدەرەوە.
ناوچەی تازەئاباد كە دەوترێت سەنتەری شوێنی رودانی بومەلەرزەكە بووە، مەڵبەندی شارۆچكەی سەلاسی باوەجانییە لە خۆرئاوای پارێزگای كرماشان.
پایزی ساڵی رابردوو بومەلەرزەیەك لە سنوری پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان رویدا، ناوەندی بومەلەرزەكە شاری سەرپێلی زەهاو بوو، بەهۆیەوە زیاتر لە (400) هاوڵاتی كورد گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە (7 هەزار)ی تر برینداربوون، لە شەش ساڵی رابردودا ئەوە گەورەترین بومەلەرزە بوو لە ئێران روبدات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand