پارتی مەرجی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
2018-08-25 19:25:15
( درەو میدیا):
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) نێچیرڤان بارزانی بەوپێیەی ئێستا دەسەڵاتەكانی تایبەت بەدیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی هەیە كە پێشتر لای سەرۆكی هەرێم بوو، داوای لەو لایەنانە كردووە كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، بەڕەسمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن پێشكەش بكەن.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەكەن، نێچیرڤان بارزانی پەیامی ئەوەیداوە بەگوێی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی، كە ناكرێت لە دەرەوەی حكومەت بمێننەوە و موزایەدەیان بەسەردا بكەن و داوای دواخستنی هەڵبژاردنیش بكەن، بەڵكو پێویستە لەسەریان بچنەوە ناو حكومەت و شان بدەنە بەر چارەسەكردنی كێشەكان لەگەڵیاندا.
ئێستا لایەنەكان هەریەكە و لە هەوڵی گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان و زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، جۆرێك لە نەرمی نواندووە و چەند مەرجێكی خستوەتە روو لەبەرامبەر رازی بوون بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان:
یەكەم: هەموو ئەو لایەنانەی كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن لەناو پەرلەمان پێكەوە یاداشتێك ئیمزا بكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ دوو ساڵ.
دووەم: لایەنەكانی ( گۆڕان ، كۆمەڵ، یەكگرتوو) وەزیرەكانیان بگەڕێننەوە بۆ ناو حكومەت و شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی.
سێیەم: دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان پێكەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ بێت.
چوارەم: هەموو لایەنە سەرەكییەكان (پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، گۆڕان، یەكگرتوو، هاوپەیمانی) پێكەوە و لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی نیشتمانیدا بچنە بەغداد و پێكەوە گفتوگۆبكەن لەگەڵ لایەنەكانی عێراقدا.
زانیارییەكانی " درەو میدیا" ئەوە دەخەنە روو كە ئەو مەرجانە لای لایەنە ناڕازییەكان قبوڵكراوە و ئەگەری رازی بوونیان زۆرە، بەتایبەت كە خۆیان لە كۆبوونەوەی چوارقۆڵیدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كردووە و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە چەند جارێك بەرەسمی ئاماژەی بەوەكردووە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنە و كاریشی بۆ دەكەن.
لەلایەكی ترەوە بەرپرسێكی باڵا كە نەویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: لە هەفتەی رابردوودا وەفدی ئێرانی سەردانی چوارلایەنەكە ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی) كردووە و دوو جاریش لەگەڵ یەكێتی كۆبوەتەوە و هەوڵی لێكنزیككردنەوەی بۆچونی ئەو پێنج لایەنەی داوە بە تایبەتیش لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و یەكخستنی هەوڵەكانیان بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی عێراق و چونە ئەو بەرەیەی كە ئێران پشتیوانی لێدەكات.
پێشتر "درەو میدیا " لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە كردبوو هەوڵێكی زۆری لایەنەكان لە پشتی پەردەوە هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هاوشان لەگەڵ فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكە كە تێیدا داوا دەكرێت:
* هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەهاری 2019 دوابخرێت.
* هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە (لیستی داخراو) بكرێت.
* هەرێمی كوردستان بكرێت بە (4) بازنەی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاكانی هەرێم،.
* لە پرۆژەكەی یەكێتیدا باس لە هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش دەكرێت و پێیان وایە وەزیفەكەی تەواو بووە.