Draw Media

پێشبینی بەرزبونەوەی نرخی چەند كاڵایەك دەكرێت لە بازاڕەكانی هەرێمدا

پێشبینی بەرزبونەوەی نرخی چەند كاڵایەك دەكرێت لە بازاڕەكانی هەرێمدا

2018-08-24 20:32:25


هەواڵ: فازل حمەڕەفعەت
بەپێی نوسراوێكی محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی و كانزا و بازرگانی ئێران كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ماوەی دوو رۆژە ئێران هەناردەی ژمارەیەك كاڵا و ماددەی سەرەتایی بۆ دەرەوە راگرتووە.
ئەو مادە و كاڵایانەی كە ئێران هەناردەكردنی بۆ دەرەوە راگرتوون بریتین لە:
•    هەموو جۆرەكانی كاغەزی چاپ، بەستەبەندی و رۆژنامە
•    هەموو جۆرەكانی كلینیكس
•    هەموو جۆرەكانی شیری وشك
•    هەموو جۆرەكانی شیری وشكی منداڵ
•    چای فەل و لەپاكەتنراو
•    كەرەی لەپاكەتنراو سەروو 500 گرامی


هەر بەگوێرەی ئەو نوسراوە كە وەزیری بازرگانی ئاڕاستەی بەرپرسی گومرگەكانی ئێرانی كردووە، هەناردەی ئەم جۆرە كاڵا و خۆراكانە تا كاتێكی نادیار رادەوەستن، بەڵام بڕیارەكە هەناردەی ئەو كارگانە ناگرێتەوە كە خۆیان مادەی سەرەتایی بەرهەم دەهێنن.
ئەحمەد یاسین بەڕێوەبەری كۆمپانیای فابیباب بۆ بەرهەمهێنانی كارتۆن لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، بەڵی ئەو نوسراوەی وەزیری بازرگانی ئێران راستە و ئێران ئێستا مەوادی خامی كارتۆن بە ئێمە نادات.
وتی: لە هەرێمی كوردستان (6) كارگەی بەرهەمهێنانی كارتۆن هەیە و زیاتر لە 400 كەس لەم بوارەدا كاردەكەن، ئەو بڕیارەی ئێران بەرێژەی 100% كاریگەری لەسەر كاركردنی ئێمە كردووە.
بەبۆچونی ئەحمەد یاسین، بەهۆی ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەریدا سەپاندویەتی، ئێران ترسی لە داهاتوو هەیە و راگرتنی هەناردەی ماددەی خام بۆ دەرەوە بۆ ئەوەیە وەبەرهێنەرانی دەرەوە ناچار بكرێن كاڵا لە ئێران بكڕن نەك ماددەی بنەڕەتی، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم باج لەسەر هاوردەی كاڵای ئێرانی زیاد نەكات، كاری ئەوان رادەوەستێت، چونكە توركیاش ماددەی خام بە ئەوان نادات.
پێشنیازی زیادكردنی باج لەسەر ئەو كاڵایانەی كە ئێران هەنادەی ماددە سەرەتاییەكانی راگرتوون، بۆ بازاڕێكی وەكو هەرێمی كوردستان كە پشتئەستورە بە كاڵای ئێرانی، لێكەوتی تری لەسەر ئابوری هەرێم دەبێت، چونكە زیادكردنی باج دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخ لەسەر كڕیار لە بازاڕەكاندا.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای فابیباب پێشبینی دەكات لەماوەیەكی كورتی داهاتوودا نرخی كلێنس و كارتۆن لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو بڕیارەی ئێرانەوە بەرێژەی 20% بەرزببێتەوە.
بۆ وەركرتنی زانیاری زیاتر (درەو میدیا) پەیوەندی بە سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانییەوە كرد، بەڵام ئەو وتی: ئێمە ئاگاداری ئەو بڕیارەی وەزیری بازرگانی ئێران نین.
ئەم بڕیارە لەكاتێكدایە ئێستا لە هەموو كات زیاتر ئێران پێویستی بەوەیە ئاستی هەناردەی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات زیاتر بكات، بەتایبەتی كە سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رۆژ لەدوای رۆژ كاریگەری زیاتریان دەردەكەوێت.
بەپێی قسەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا لە (6 ملیار) دۆلار زیاترە.
بەپێی هەندێك زانیاری، رێژەی 10%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ دەرەوە، بۆ هەرێمی كوردستان دەڕوات.
بەشی گەورەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵا و شمەكە، لەبەرامبەردا هەناردەكردن كە شادەماری ئابورییە بۆ هەر وڵاتێك، زۆر لاوازە، هەناردەی هەرێم بۆ ئێران كورت دەبێتەوە لە چەند كاڵایەكدا كە بریتین لە: 
• نەوتی رەش و نەفتا و پاشماوەی پاڵاوگەكان و قیرو غازی شل
• پێستە و ریخۆڵە

• مس و فافۆن
لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە:
• دەروازەی پەروێزخان
• دەروازەی باشماخ
• دەروازەی حاجی ئۆمەران

جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە:
• دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌
• دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن
• دەروازەی شوشمێ‌ لە تەوێڵە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand