"بەرتیلیان خستەبەردەمم بۆ ئەوەی دەست لە كەیسەكە هەڵگرم" گفتوگۆ: درەو میدیا "لە خاڵە سنورییەكانەوە ماددەی كیمیایی دەهێنرێت و لە ژمارەیەم پاڵاوگەی نایاسایی لە سلێمانی تێكەڵی بەنزین دەكرێن و پاشان دەخرێنە بازاڕەوە" ئەمە قسەی بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. محەمەد شێخ وەهاب كە چەند رۆژیێك لەمەوبەر كۆنگرەی رۆژنامەوانی كرد و باسی لەوەكرد چەند بەرپرسێكی باڵا تێوەگلاون لە هێنانی بەنزینی خراپ لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (درەو میدیا) باس لە بارودۆخی بەنزین لە سلێمانی دەكات. درەو میدیا: پێشتر كۆنگرەی رۆژنامەوانیت كرد باسی ئەوەت كرد دۆخی بەنزین لە سلێمانی خراپە، ئێستا دۆخە چۆنە ؟ محەمەد شێخ وەهاب: بەداخەوە دۆخەكە بەردەوامە، لەڕێگەی خاڵە سنورییەكانەوە ئەو مادانەی كە كیمیاوین دەهێنرێن بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ نەفتا تێكەڵ دەكرێن، بۆ ئەوەی بكرێن بە بەنزین، لە كاتێكدا بەپێی رێنمایی وەزارەتی تەندروستی و سامانە سروشتییەكان مافی ئەو كۆمانیایانە نیە لەبەر ئەوەی مەسفایان نیە، ئەو پاڵیوگانە هیچیان تۆمار نەكراون و مۆڵەتی یاساییان نیە بۆ ئەوەی كاری لەو شێوەیە بكەن. درەو میدیا: ئەو پاڵاوگانە هی كێن ؟ محەمەد شێخ وەهاب: ئەو پاڵاوگانە هی گروپ و دەستەو تاقمن كە لەلایەن كۆمەڵێك خەڵكی لابەلاو خۆیان وتەنی خۆیان بە عەنتەر و مافیا دەزانن و پسپۆڕییەكیان لەو باریەوە نیە، كەسانی زۆربەی حزبەكانی تێدایە. درەو میدیا : هەڵوێستی پارێزگاری سلێمانی چیە لەوبارەیەوە ؟ محەمەد شێخ وەهاب: من یاداشتێكم داوەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لیژنەیەكی باڵا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا پێكبهێنرێت بۆ داخستنی ئەو خەزانە نایاساییانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا ئەو كارە دەكەن، هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێم، چۆن لە چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم ئەو پاڵاوگانەیان داخستووە كە مۆڵەتی یاساییان نییە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 50 پاڵاوگە دەبن، شوێنەكانیان دەكەوێتە گەڕەكی قڕگە، تانجەڕو، گەڕەكی راپەڕین و تاسلوجە، لەگەڵ رێگای عەربەت - سلێمانی. درەو میدیا: ئەو پاڵاوگانە بەردەوامن لە رەوانەكردنی بەنزین بۆناو بازاڕ و تائێستا رانەوەستاون ؟ محەمەد شێخ وەهاب: بەڵێ تائێستا كاردەكەن و هیچیان لە سامانە سروشتییەكانی سلێمانی ناویان تۆمارنەكراوە، لیژنەكانی قایمقامیەت تائێستا وەك پێویست بەدواداچونیان نەكردووە بۆ ئەوەی بزانن كاریان چیە ؟ لەگەڵ خەڵكانی پسپۆڕدا قسەم كردووە وتویانە نابێت بەهیچ شێوەیەك ئەو مادانە تێكەڵ بكرێت، تەنها دەبێت ئەو كەس و لایەنەنانە ئەو كارە بكەن كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و تەندروستی مۆڵەتیان هەیەو پاڵێوگەیان هەیە، كە ئەویش كۆمەڵێك مەرجی هەیە، لەپێناو پیس نەكردنی ژینگە، 80%ی زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ ئەو عەمبار و كۆگایانە دەگەڕێتەوە، بەداخەوە تائێستا حكومەت هیچ رێكارێكی یاسایی لەبەرامبەریان نەگرتوەتە بەر، لە كاتێكدا هیچ كامێكیان مۆڵەتیان نیە. خۆ ئەگەر بێت و رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو كەسانە نەگیرێتە بەر، ئەوكات پەنا دەبەمە بەر پەرلەمانی كوردستان و دادگاكان، ناكرێت لەبەر دەوڵەمەندبوونی چەند كەسێك، ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس بكەوێتە ژێر مەترسییەوە. درەو میدیا: بەڵام پارێزگاری سلێمانی دەڵێت ئەو بەنزینەی كە هەیە، خاوێنە ؟ محەمەد شێخ وەهاب: من رێزم بۆ لێدوانی پارێزگاری سلێمانی هەیە، ئەتوانێت لیژنەیەك كە من ئێستا داوامكردووە پێكبهێنێت، ئەگەر یەكێك لەو عەمبارانە مۆڵەتی رەسمیان هەبوو، ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە. پەیوەندیم كردووە بە سامانە سروشتییەكانەوە پێیان راگەیاندم كە هیچ یەك لەو عەمبارانە لای ئێمە ناویان تۆمارنەكراوەو بەنوسراو پێشتر ئاڕاستەی پارێزگارەكانمان كردووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پارێزگارانە ئیجرائاتی نەكردووە. درەو میدیا: هەست ناكەن لەم پرسەدا تەنهان؟ بۆچی هاوڕێكانت لە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵت نین؟ محەمەد شێخ وەهاب: من كە دەستم بۆ ئەم كارە بردووە وەكو بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان دەستم بۆ بردووە، لەبەر ئەوەی ئەو جێگایانە پەیوەندی بە لیژنەكەی ئێمەوە هەیە و هیچیان مۆڵەتیان نەبووە، بەداخەوە ئەوەندەی بەدواداچوونم بۆ كردووە، ئەو جێگایانە بە رەشوە و بەرتیل كاردەكەن. درەو میدیا: دەنگۆیەك هەیە لەسەر ئەم كارانەت بزوتنەوەی گۆڕان سزات بدات، ئەمە راِستە ؟ محەمەد شێخ وەهاب: شانازی ئەكەم، ئەگەر من هەڵەم ئامادەی هەموو سزا و لێپرسینەوەیەكم، بەڵام من دڵنیای هەموو لایەك دەكەمەوە كە ئەو هەنگاوەی من ناومە دروستەو لەپێناو بەرژەوەندی گشتییەو ئەو پاڵاوگانە هیچیان مۆڵەتی فەرمیان نییە. درەو میدیا: راستە دەوترێت لەبەرامبەر دەستهەڵگرتن لەو كەیسە هەوڵداروە بەرتیلت پێبدرێت ؟ محەمەد شێخ وەهاب: بەڵێ ڕاستە، ئیمتیازیان خستوەتە بەردەستم، بەڵام من رایدەگەیەنم كە دەست لەم كەیستە هەڵناگرن و ئامادەم گیانی خۆمی لە پێناودا دابنێم، چونكە لە كاتی بەدواچونیشمدا روبەرووبومەوەو هەڕەشەم لێكرا، بەڵام من هەر سوربووم. درەو میدیا: كێ بوون ئەوانەی هەڕەشەیان لێكردیت ؟ محەمەد شێخ وەهاب: ئەوان كەسانی بێناونیشانن، ئەو شوێنانە هیچ تابلۆو ناونیشانێكیان پێوە نیە.
( درەو میدیا): وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لە وڵاتان دەكات لە مانگی تشرینی دووەمەوە نەوتی ئێران هاوردەنەكەن و جەخحتیشیكردەوە هیچ لایەنێك لە سزاكانی نابورێت. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو داواكارییەی ئەمریكا، نیهاد زیبكەچی ، وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند توركیا پابەندی ئەو هەوڵانەی ئەمریكا نابێت و كاردەكات بۆئەوەی ئێران لەو هەنگاوەی واشنتۆن زیانی پێ نەگات. زیبەكچین لە كۆبوونەوەیەكدا لە ئەنكەرە لەگەڵ رابیتەی بازرگانی ئازادی ئەوروپا وتی:" توركیا پابەندی ئەو بڕیارەی ئەمریكا نابێت، و هەوڵدەدەین گرنگی بەو كارە بدەین بەجۆرێك ئێران كە وڵاتێكی دۆست و برامانە، رووبەڕووی هیچ ستەم و ئازارێك نەبێتەوە".
(درەو میدیا): لایەنە ناكۆكەكانی باشووری سودان ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی حوەزیران لە خەرتوومی پایتەختی سودان رێككەوتنێكیان بۆ ئاشتی ئیمزاكرد. ئەلدەردیری محەمەد ئەحمەد وەزیری دەرەوەی سودان رایگەیاند رێككەوتنەكە كە دوای 72 كاتژمێر لە ئیمزاكردنی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئاگربەست و كردنەوەی رێگا و دەروازەكان بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان و ئازادكردنی دیلەكان و كۆكردنەوەی چەك و كردنی هێزەكانی حكومەت بە هێزی نیشتمانی لە خۆدەگرێت. وتیشی :" دوای 120 رۆژ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە حكومەتێكی ئینتیقالی پێكدەهێنرێت". باشووری سودان دوای چەندین ساڵ شەڕ و پێكدادان لە سودان جیابوەوە و ساڵی 2011 سەربەخۆیی وەرگرت، بەڵام لە 2013ەوە شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە نوێیە دەستیپێكردووە و هەزاران كەس بوونەتە قوربانیی.
راپۆرتی / كاروخ عوسمان لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2018 ی پەرلەمانی توركیا لە لیستی پارتی دیموكراتی گەلاندا " هەدەپە" لە كۆی 67 كاندیدی دەرچوو، تەنها 41 كاندیدی كوردن و 26 كاندیدی تری جگە لە كورد دەرچوون كە 21 كاندیدیان بەرەگەز توركن، لە لیستی ئاكەپەشدا لە كۆی 295 كاندیدی دەرچوو، 68 كاندیدی بەرەگەز كورد لە نێو لیستەكەیدا دەرچوون. ئەم شێوزای تێكەڵیە لە كاندیدی پێكهاتەكان لە نێو لیستە جیاوازەكاندا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەندێك ئەو كاندیدە كوردانەی ناو لیستی ئاكەپە بە جاش و بەكرێگیرا لەقەڵەم دەدەن و لەبەرامبەریشدا دەوترێت ئەی ئەو كاندیدە توركانەی ناو لیستی هەدەپەدا چی ناودەنرێت، هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردنەكانی توركیا و بەرنامەی لیستەكان سنوری پێكهاتەكانی بڕیوە. هاوپەیمانی پێشوەختی ئەكەپە و مەهەپە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێكنەهێنانی حكومەت هەڵبژاردن لە توركیا دووبارەكرایەوە و لە 1ی نۆڤەمبەری 2015 گەڕێكی تری هەڵبژاردن بەرێوەچوو كە تیایدا ئاكەپە ٣١٧ كورسی بەدەستھێنا بەرێژەی ( 57.6%) ی كورسییەكان، بەمەش توانی بەتەنھا حكومەت پێكبهێنێت چونكە بۆ پێكهێنانی حكومەتی پێویستی تەنھا بە ٢٧٦كورسی ھەبوو لە كۆی ٥٥٠ كورسی پەرلەمان، لەبەرامبەردا هەدەپە توانی ٥٩ كورسی بەدەستبهێنێت بووە ئۆپۆزسیۆن. بەڵام لە هەڵبژاردنی 24 ی حوزەیرانی 2018 دا ئاكاپە ٢٩٥ كورسی لەكۆی ٦٠٠ كورسی بەدەستھێناوە بەرێژەی 49%) ی كورسییەكان،بەمەش 23 كورسی لەدەستدا لەچاو هەڵبژاردنی رابردوودا، كە دەبوو كورسییەكانی زیاد بوایە لەبەر ئەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی لە 550 كورسییەوە بۆ 600 كورسی زیادكراوە، بۆیە ئێستا بەبێ هاوپەیمانی ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت هەربۆیە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە گرێدا، ھەم بۆ لیستی پەرلەمانی و ھەمیش بۆ سەرۆكایەتی كۆمار. رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ( ٢٦ملیۆن و ٣٢٥ ھەزار و ١٨٨) دەنگی بەدەستهێناوە، لیستی پارتەكەشی ( ٢١ملیۆن و ٣٣٥ھەزار و ٥٨١) دەنگی بەدەستهێناوە، جیاوازی نێوانیان ( ٤ملیۆن و ٩٨٩ھەزار و ٦٠٧ )دەنگە، كە دەگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانێتی لەگڵ مەهەپە ، واتا ئەگەر هاوپەیمانی نەكردایە ( ٥٠+١)ی دەنگەكان ی بۆ سەرۆكی كۆمار نەدەھێناو دەكەوتە خولی دووەم و بەھیچ جۆرێكیش نەیدەتوانی حكومەت پێكبهێنێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەردۆغان، پێشبینی ئەو ئەنجامانەی كردبێت بۆیە لەگەڵ مەهەپە پێشوەخت هاوپەیمانێتی كرد، ھەرچەندە چاوەڕوان نەدەكرا جەماوەری مەھەپە دەنگ بەئەردۆغان بدەن، بەھۆی ئەو جیاوازییە زۆرەی لەئاستی تێڕوانیندا ھەیانە، بەڵام پێدەچێت ئەردۆغان بەڵێنی گەورەی بەو پارتە دابێت. جیاوازی دەنگەكانی هەدەپە و دەیمرتاش لەبەرامبەردا سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، ( ٤ملیۆن و ٢٠٥ھەزار و ٢٤٣ ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لیستی هەدەپە, ( 5 ملیۆن و ٨٦٥ھەزار و ٩٧٧ ) دەنگی بەدەستهێناوە، جیاوازی نێوان دەنگی دەمیرتاش و هەدەپە ( ١ ملیۆن و ٦٦٠ھەزار و ٧٣٤ )دەنگە، ئەو جیاوازیەش بۆ تێگەیشتنێكی نێوان جەهەپە و هەدەپە دەگەڕێتەوە، كە پێشتر ڕێككەوتنێكی رانەگەیەنراو هەبوو، كە بەشێك لەدەنگی جەهەپە بدرێت بە هەدەپە، بۆئەوەی بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت، چونكە ئەگەر ھەدەپە ئەم بەربەستەی تێنەپەڕاندایە 95% دەنگی ھەدەپە بۆ لیستی حزبەكەی ئەردۆغان دەچوو، لەبەرامبەردا جەهەپە ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ هەدەپە كرد ،چونكە پێی وابوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەچێتە خولی دووەم بۆیە لە ئەگەری خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمارداهەدەپە دەنگ بدات بە( موحەڕەم ئینجە) كاندیدی جەهەپە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 1ی نۆڤەمبەری2015 ، كە 59 كورسی بەدەستهێنابوو هەدەپە توانی ٦٧ كورسی بەدەستبهێنێت، كەواتە بەبەراورد بەھەڵبژاردنی رابردوو ٨ كورسی زیاد كردووە( ئەگەرچی بەپێی زیادبوونی كورسییەكانی پەرلەمان كە پێشتر 550 كورسی بوو زیادكرا بۆ 600 كورسی هەدەپە كورسیەكانی وەك خۆیەتی و زیادی نەكردووە) ،بەتایبەت لەسێ ناوچەی كوردنشیندا كورسی ڕابردووی ئاكەپەی بردووە، بەڵام نەئێستاو نەڕابردووش ھەدەپە لە ٦كورسی شاری ئەرزڕومی كوردیدا كورسی بەدەستنەهێناوە، ئەو كورسیە لەدەست چووەی ئاكاپەش لەو پارێزگایە بۆ ئیی پارتی، پارتەكەی مەراڵ ئاكشینەر ڕۆیشتووە. لەلایەكی تر لە لەلیستی هەدەپەدا لەكۆی 67 كورسیە بەدەستهاتووەكەی ٤١ كورد دەرچوون، كە دەكاتە ٦٢٪، 26 كاندیدی لە پێكهاتەكانی تر دەرچوون كە دەكاتە 38% و لە نێویشیاندا 21 كاندیدی لەرەگەزی توركن بەرێژەی 21%، بەڵام هەدەپە لە ھەندێ ناوچەی تورك نشین (Türk Metropolü)یشدا كورسییەكانی زیادیكردووە. لەبەرامبەردا لەلیستی دەرچووەكانی ئاكەپەدا ٦٨ كاندیدی بەڕەگەز كورد ھەیە، دەكاتە ٢٣٪، كەواتە ئەم لیستە تەنھا بەتوركەكانەوە پەیوەست نیە. هەدەپە و دەنگی ناوچە كوردنشینەكان. ھەدەپە لەوپەڕی ڕۆژھەڵاتی توركیا لە شارەكانی وان، ئاگری، ئیدر و ھەكاری، لەڕۆژئاواشی شاری شڕناخ و ماردین كە بەشاری بەرەنگاری دەوڵەت دەناسرێن كۆی كورسییەكانی بەدەستنەهێناوە. لەمێترۆپۆلە كوردییەكان لیستی ئاكەپە بەڕێژەیەكی زۆر لە پێشەوەیە، بۆ نمونە: -گازی ئانتاب لە كۆی ١٤كورسی هەدەپە یەك ١ كورسی و ئاكەپە هەشت كورسیان بەدەستهێناوە. -ئورفا، كە زێدی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكەیەهەدەپە نیو ئەوەندە ی ئاكەپی ھێناوە واتا ٤ بەرامبەر بە ٨ لە كۆی ١٤ كورسی. -لە شاری ئادیامان لە كۆی ٥كورسی هەدەپە یەك كورسی بەدەست نەھێناوە لەبەرامبەردا ئاكەپە چوار كورسی بەدەستھێناوە. -لە ماڵاتیا هەدەپە لە كۆی شەش كورسی سفرە و ئاكەپە چوار كورسی ھێناوە. -لەھاتای كە كورد پێی دەڵێت: (ئەسكەندەرونە) لە كۆی ١١كورسی تەنها یەك كورسی بەدەستھێناوە لەبەرامبەریشدا ئاكەپە پێنج كورسی ھێناوە، كورسیەكانی تریش ڕۆیشتوون بۆ لیستەكانی جەهەپە و مەهەپە و ئیی پارتی. - لە شاری ئەلازیخی باكوری كوردستان كەزێدی سەڵاحەددین دەمیرتاشە، ئەردۆغان زۆرینەی دەنگەكانی بە رێژەی 70.4% بەدەستھێناوە و دەكاتە ٤كورسی لە كۆی ٥كورسی. كەچی دەمیرتاش دەنگەكانی لە شارەكەی خۆیدا 6.44% ناكاتە یەك لەسەر چواری كورسیەك. لە شاری (ئامەد) كە بەپایتەختی باكوری كوردستان دەناسرێت لە كۆی ١٢ كورسی ، هەدەپە نۆ كورسی بەدەستهێناوە و ئاكەپەش سێ كورسی. ھۆكاری ئەم گرفتە چیە؟ گەلی كورد لەھەر چوارپارچەی كوردستان سۆزی بەلای ئاییندایە، جگە لە بەتورك كردن و گۆڕانكاری دیموگرافیا لەدوای ٢٠٠٢ كۆمەڵگەی توركیا بەڕووی ئایین و پەرەسەندنی ئاستی ئابوریدا كێشكرا، كوردیش بەدەرنیە لەو پرسەدا، بەڵكو زیاتر لەگشت نەتەوەكانی تر هۆگری بەئایین و ئابوری بووە، ڕاستە هەدەپە زەمینەی بۆ گشت چین و توێژ و ئایدیاكان لەباركردووە تاكو خۆیانی تێدا ببیننەوە، بەڵام بەئاشكرا بانگەشەی چەپ بوونی خۆی دەكات، ئەوەش لەناو بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی كوردیدا رەتدەكرێتەوە لەو سیستمەشدا كە ھەدەپە پێی دەناسرێتەوە ئابوری دەكەوێتە دەستی دەوڵەت و باج و خەراج بەسەرشانی تاكەكانی كۆمەڵگە زیاد دەكەن، ھەرچەندە لە لیستەكەی ھەدەپەدا خەڵكی باوەڕمەند بە ئاین ھەیە، بەڵام فكری بنەڕەتی رۆڵدەگێڕێت لەناساندنی ئەجێندای حزب، بەو ھۆیەشەوە تەواوی دەنگی ناوچە كوردییەكان بەدەست ناھێنێت. ئەگەر ھەدەپە لەھەڵبژاردنەكانی داھاتووداو بەتایبەت لەھەڵبژاردنە نێوخۆییەكان (Yerel Seçimler) بخوازێت خۆی لەم تیۆرە رزگاربكات و ببێت بەھێزێكی نیشتمانی و ئامانجەكانی بەدەربن لەھێزی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری، دەبێت گرنگی بە ئایین بدات، لەبەرئەوەی گشت نەتەوەكانی دراوسێی كورد سودمەندی فەلسەفەی ئاین بوون پێویستە كوردیش ئەمجارە واقعی كۆمەڵگە وەك خۆی بخوێنێتەوە و ھەوڵی سود لێوەرگرتنی بدات. هەروەك چۆن لە ساڵی ٢٠١٦ لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیستانبۆڵ كۆنگرەی ئایین و دیموكڕاسی بەسترا، بۆ زیاتر خوێندنەوەی واقعی كۆمەڵایەتی كەلتوری نێو كۆمەڵگەی توركیا ، كە ھەم كورد و ھەمیش توركەكان پێشوازیان لێكرد. نەدەبوو بەم حەجمە گەورەیە ئەم پرسە وەلا بنرێت... هەدەپە دەنگی توركە كۆمۆنیستەكان و عەلەویە مەغدورەكانی ژێر دەستەڵاتی سوننەمەزھەب دەھێنێت ، بەڵام بەم ھۆیەشەوە دەنگی كورد لەدەست دەدات، ڕەنگە ئەگەر ئایین بە و قەبارە گەورەیە تەریك نەكرێت لە بەرنامەو بیركردنەوەی هەدەپە دەنگی توركە ئایینزاو پەیڕەوكارە ئاینییەكان زیاتر بەدەست بێنێت لە توركە كۆمۆنیستەكان. لەگەڵ ئەوەی لەم هەڵبژاردنی تەنانەت پێشتریشدا دەركەوت كە هەدەپە بەتەنها تەعبیر لە كورد ناكات و نەتەوەیانە بیرناكەتەوە، بێشك ئەم رێبازە لە داھاتوودا زوو یا درەنگ دەیگەیەنێتە ئەنجام و رەنگە ئەم ئەزمونەی هەدەپە لە باكوری كوردستان ئەزمونێكی گرنگ بێت بۆ باشووری كوردستان و هێزەكانی باشووریش قۆناغێكی نوێ لە خەباتی پەرلەمانی لەسەر ئاستی عێراق بە فۆرمێكی نوێوە دەست پێبكەن، هەم كاندیدی پێكهاتەكانی دیكەیان هەبێت هەم هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە عەرەبییەكانی عێراق پێكبهێنن پێش هەڵبژاردنەكان.
(درەو میدیا): لە هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی مافەكانی رۆژنامەنوسان سنوری رێگریكردن لە روماڵكردنی هەواڵ و لێدان و دەستگیركردن و تەنانەت كوشتنی تێپەڕاندووە و ئێستا لە چەندین دەزگا شایستەی دارایی و موچەی پێویست بە كارمەندان نادرێت. یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان ژمارە (35)ی ساڵی 2007 رۆژنامەنوس بەم شێوەیە پێناسە دەكات" هەر كەسێك كە لە بواری رۆژنامەگەریدا لە هەر كەناڵێكی راگەیاندندا كار دەكا". ساڵانە دۆخی خراپی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان دەبێتە جێگای بایەخی رێكخراوە جیهانییەكانی بواری مافی مرۆڤ و كاری راگەیاندن، ئەوەی راپۆرتە جیهانییەكان زیاتر جەختی لەسەر دەكەن" دەستگیركردن و لێدان و كوشتن"ی رۆژنامەنوسانە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە پاڵ ئەم پێشێلكارییانەدا، لە هەرێمی كوردستان جۆرێكی تر لە پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە زەوتكردن و پێنەدانی موچەی رۆژنامەنوس لە كاتی داخستنی كەناڵەكانی راگەیاندن یاخود وازهێنانی كارمەند لە كارەكەی. رۆژی 24/5/2018 پەخشی كەناڵی (كوردنیوز) راگیرا كە سەربە (نەوەی نوێ)یە وەكو نوێترین پارت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە. (12) رۆژ دوای داخستنی كەناڵی (كوردنیوز)، ژمارەیەك كارمەندی كەناڵەكە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە موچەكانیان بۆ خەرج ناكەن. ئەو رۆژنامەنوسانە لەو بەیاننامەیەدا كە بۆ سەندیكای رۆژنامەنوسان و سەنتەرو رێكخراوەكانی بواری بەرگری لە مافەكانی رۆژنامەنوسانیان ناردبوو، باسیان لەوەكرد، كەناڵی (كوردنیوز) كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ خاوەندارێتی دەكات، موچەی مانگی ئایاری پێنەداون. سەرچاوەیەك لە كارگێڕی (كوردنیوز) بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە دوای ئەو بەیاننامەیەی كە بڵاویانكردوەتەوە، بەرپرسانی كەناڵەكە موچە و شایستەی داراییەكانیان بە هەموو كارمەندەكان داوە. بەهەمان شێوە كەناڵی (KNN) كە وەك زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان تەماشا دەكرێت و بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە شەوی 31/1/2018 پەخشی خۆی راگرت، رۆژی 15/3/2018 كەناڵەكە جارێكی تر دەستی بە پەخش كردەوە. لەو ماوەیەی كە داخرا ژمارەیەك لە كارمەندەكانی كەناڵی (KNN) وازیان لە كاركردن هێنا و ئامادە نەبوون دوای دەستپێكردنەوەی پەخش لەو كەناڵە كاربكەنەوە، ئەو كارمەندانە دوای وازهێنانیان داوای موچەكانیان لە بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە كرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای نزیكەی (5) مانگ تائێستا ئەو كارمەندان و رۆژنامەنوسانە كە ژمارەیان زیاتر لە (25) كەسە، موچەكانیان پێنەدراوە. كەناڵی (KNN) بەوانەوە كە ئێستا كاری تێدا دەكەن و بەشێك لەوانەش كە وازیان هێناوە، موچەی سێ مانگ قەرزاری كارمەندەكانیەتی. كارمەندێكی (KNN) كە وازی هێناوەو خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، موچەی سێ مانگیان لای (KNN)ەو بە بیانوی جۆراوجۆر ئیدارەی كەناڵەكە پارەكەیان نادەنێ و دەستی دەستیان پێدەكەن. ئەو كارمەندە وتی: دەمێك پێماندەڵێن كێشەی پارەكەی ئێوە پەیوەندی بە كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە و دەمێكی تر دەڵێن پارە نیە". لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، شۆڕش عەلی سەعید بەڕێوەبەری كارگێری كەناڵی (KNN) رایگەیاند" ئێمە وەك كاڕگێری (KNN) یەك دینارمان نیە". شۆڕش عەلی وتی: كارگێڕی ئێمە خراوەتە سەر كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان، هەموو خەرجییەكانمان لەڕێگەی ژمێریاری ئەوانەوەیە، ئەبێ ئەوان ئەو پارەیە خەرجبكەن". بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا)، هەندێك لەو رۆژنامەنوسانەی كە پارەیان لای كەناڵی (KNN)ە لەسەر قسەی شۆڕش عەلی بەڕێوەبەری كارگێڕی كەناڵەكە چونەتەلای بەڕێوەبەری كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەویش پێیوتون ئەو بابەتە پەیوەندی كارگێڕی تەلەفزیۆنەكە و كۆمپانیای وشەوە هەیە وەكو خاوەنی بنەڕەتی كەناڵی (KNN). ئێستا چارەنوسی موچەی ئەو كارمەندو رۆژنامەنوسانە لەنێوان كارگێڕی كەناڵی (KNN) و ژوری كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەنادیاری ماوەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە یاسای كاری رۆژنامەگەری لە كوردستان لە خاڵی حەوتەمی بەشی چوارەمدا تایبەت بە "ماف و ئیمتیازەكانی رۆژنامەنوس"، كەناڵەكانی راگەیاندن پابەند دەكات كە هەموو ئەو مافانە بە رۆژنامەنوس بدەن كە لە یاسا بەركارەكان و گرێبەستی پەسەندكراو لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنوسان بۆ رۆژنامەنوس دیاریكراون. رۆژنامەنوسان كە خۆیان بە بەرگریكار لە مافی گشتی دەزانن، بەڵام زۆرجار بەهۆی ئەوەی میدیاكان لە كوردستان دابەشبون بەسەر حزبەكاندا، رۆژنامەنوسان خۆشیان مافەكانیان زەوت دەكرێت، بەڵام بێدەنگ دەبن. پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان لەكاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان كەناڵەكانی راگەیاندن هەریەكەیان گرێبەستێكی نوسراویان هەیە، بەڵام ئەو گرێبەستانە زۆرجار پێشێل دەكرێن.
(درەو میدیا): حاكم قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی ئەو حزبە، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایتی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی كۆبوەوە. كۆبونەوەی ئەو بەرپرسە حزبییە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پۆلیس لەكاتێكدایە هەردوو فەرمانگەكە سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانن و لە پارێزگای سلێمانی پارێزگاری سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. پەیجی حاكم قادر حەمەجان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بەناونیشانی " پێویستە ئارامی شار بەرقەراربێت و سەروماڵی هاوڵاتیان پارێزراوبێت" پۆستێكی لەبارەی كۆبونەوەكەی حاكم قادر لەگەڵ ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە بڵاوكردەوە. لە پۆستەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كۆبونەوەكە" بە مەبەستی بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و پەیڕەوكردنی یاسا و ڕێنماییەكان بەگشتی و یاسای هاتوچۆی شاری سلێمانی بەتایبەتی و بنبڕكردنی دیاردە ناشارستانییەكان و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان, داڕشتنی بەرنامەیەكی هەمەلایەن بۆ درێژەدان بە ئارامی زیاتر" بەڕێوەچووە. حاكم قادر كە هیچ پۆستێكی حكومی نییە لە كۆبونەوەكەدا پێشنیازی بۆ هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەكەی پۆایس كردووە" دوای وەرگرتنی ڕای وەزارەتی ناوخۆو هێزەكانی (٧٠) و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەرێم و دژەتیرۆر پارێزگاری سلێمانی, بەهاوبەشی لەگەڵ سەرجەم دەزگا حكومییە تایبەتەكان, هەموو ئەو دیاردە دزێو و ناشارستانیانە قەدەغەبكرێت كە هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی پشێوی و نائارامین و باری گوزەرانی هاوڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە". حاكم قادر ئەم پێشنیازانەی خستوەتەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی هاتوچۆ: • قەدەغەكردنی دیاردەی چەكداری و هەڵگرتنی چەك بەشێوەی هەڕەمەكی. • قەدەغەكردنی دیاردەی (جام تاریك) ی ئوتۆمبیل. • قەدەغەكردن و دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبیلە بێژمارە و بێسەرەتا نایاساییەكان. • قەدەغەكردنی ماتۆڕسكیلی نایاسایی. سەردانی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبێك و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سەر بە حكومەت، كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە، هەندێك بە دەستوەردان لە كاروباری حكومەت و هەژمونی حزب بەسەر حكومەتەوە لە قەڵەمی دەدەن. سەباح عەلی قارەمان، لە كۆمێنتێكدا لەسەر پۆستەكەی حاكم قادر نوسیویەتی:" وڵاتی قەزاو قەدەرە، وەك بەرپرسێكی حكومی بەسەریان دەكاتەوە ! ئەمەیە مەهزەلەی حوكمڕانی كوردیی، كە لە هیچ كوێیەكی ئەم دونیایە وێنەی نییە لە ناشرینیدا ، ئاخر بەرپرسی مەڵبەندی حزبێك چی رەبتێكی بە كاری حكومەتەوە هەیە". هەروەها عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانیش بەهەمان شێوە لەسەر ئەو پۆستەی نوسیوە و لە كۆمێنتێكدا پرسیاری لە حاكم قادر كردووە و نوسیویەتی:" كاك حاكم قادر، ئەمەی بەڕێزت دەیكەیت كاری حیزب نیە، دەكرێت بەرپرسێكی حزبێكی دیكە ئەم كارانە بكات؟!". حاكم قادر وەڵامی عەلی حەمە ساڵحی داوەتەوە و دەڵێت:" مەبەستی ئێمە تەنها پشتیوانییە لە دامودەزگاكانی حكومەت ئەركەكانیشیان جێبەجێ دەكەن, بەڵی بۆ پشتیوانیان دروستە". لە بەرامبەردا دەیان بەشداربووی فەیسبوك پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی حاكم قادر حەمەجان دەربڕیوە و دەستخۆشیان لێكردووە و هەندێكی تر جگە لە دەستخۆشی دەڵێن" شیاوتر وابوو لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیدا كە سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی پارێزگا و سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە پارێزگادا ئەنجامبدرایە، نەك لەڕێگەی حزبییەوە".
(درەو میدیا): سەرۆكی سەندیكای شۆفێرانی تاكسی ئیستانبوڵ ئەیوب ئاقسۆ رایگەیاند، شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ مۆڵەتی شۆفێری خاوەن تاكسییەكی هەڵوەشاندەوە بەهۆی ئەوەی هەفتەی رابردوو رەفتاری نەشیاوی لەگەڵ گەشتیارێكی ژندا كردووە لە ناوچەی نیشان تاشی ئیستانبوڵ. ئاقسۆ وتیشی سەندیكا ئەو شۆفێرەی دەركرد و بڕیاریدا كاركردنی لێ قەدەغەبكرێت و ئاماژەیبەوەشدا سەندیكاكە بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ پرۆژەیەكی هاوبەشیان بۆ بەدواداچوونتی سیستمی گواستنەوەی گشتی دەستپێكردووە بۆئەوەی ئەو پێشێلكاریانە كەمبكرێنەوە كە لە بەرامبەر هاوڵاتیاندا دەكرێن لە دەزگاكانی گواستنەوەی گشتیدا. ئاماژەیبەوەشدا كە ئەگەر شۆفێرەكە 100 خاڵی لە پێشێلكاریی و سكاڵا بەدەستهێنا لە سەندیكا دەردەكرێت و بە تەواوەتی رێگەی كاركردنی لێ قەدەغەدەكرێت. كۆتایی 2017ش دادگای تاونەكانی ئیستانبوڵ سزای ساڵێك و سێ مانگ زیندانیكردنی بەسەر شۆفێرێكی تاكسیدا سەپاند بەهۆی ئەوەی فێڵی لە گەشتیارێكی سعودیە كردبووە. .
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ لەسەر داوای عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی سودان، سەلڤاكێر میاردیت سەرۆكی باشووری سودان و ریاك مشار سەركردەی ئۆپۆزسیۆن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە خەرتووم كۆدەبنەوە. باشووری سودان كە بە سامانی سروشتی و بە تایبەتی نەوت دەوڵەمەندە دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و كاولكاری و خوێنڕشتن 2011 لە سودان جیابووەوە و سەربەخۆیی وەرگرت، بەڵام دوو ساڵ دوای ئەو هەنگاوە لە ساڵی 2013ەوە شەڕی ناوخۆ لەو دەوڵەتە نوێیەدا بەرپابوو، بووە هۆی كوژرانی دەیان هەزار كەس و ئاوارەبوونی چەندین ملیۆن كەس. ئێستا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان سەلڤاكێر و مشار دوو سەركردەی باشووری سودان گەیشتونەتە خەرتوومی پایتەخت سودان، ئەو وڵاتە بە ویستی خۆیان و قوربانیدانی زۆر لێی جیابوونەوە، بۆئەوەی كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن، بەڵام لێدوانەكانیان هیچ ئاماژەیەكی وای تێدا بەدیناكرێت بۆ سازشكردن و گەیشتن بە چارەسەر. سەلڤاكێر سەرۆكی باشووری سودان لەكاتی گەیشتنی بە خەرتووم وتی:" بە عەقڵێكی كراوەوە هاتووم بۆ ئەم كۆبوونەوەیە، هیوادارم ریك مشاری برام هەمان شتی كردبێت، بە پێویستی دەزانم ئەم جەنگە ناپێویستە بوەستێت، هیوادارم دكتۆر ریك مشاریش بۆچوونی وابێت." سەلڤاكێر راشیگەیاند هێشتا ناكۆكی لەسەر پرۆسەكانی دابەشكردنی دەسەڵات و كاروباری ئەمنیی بەردەوامە، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت هێشتا ناكۆكی لەسەر نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆن لە حكومەتی باشووری سودان و تێكەڵكردنی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بە هێزەحكومییەكان چارەسەر نەكراوە و بەردەوامە. لایخۆشیەوەر ریاك مشار سەركردەی ئۆپۆزسیۆن لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی:" بۆ ئاشتی هاتوین بۆ خەرتووم". بەڵام مشار وتیشی بانگهێشتكردنەكەی دواكەوتووە بەبێ ئەوەی هیچ وردەكارییەك ئاشكرابكات. ساڵی 2013 دوو ساڵ دوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە سودان، شەڕ لەسەر دەسەڵات لە نێوان لایەنەكانی باشووری سودانی دەوڵەمەند بە نەوت هەڵگیرسا و قوربانی زۆری لێكەوتوەتەوە ئەو وڵاتەی دووچاری قەیرانێكی ئابوویی سەخت و دژوار كردووە. ئێستا عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی سودان، بانگهێشتی هەردوو سەركردەە ناكۆكەی باشووری سودانی كردووە بۆئەوەی لە خەرتوومەوە ئاشتی بۆ باشووری سودان بگەڕێنرێتەوە. سەرچاوە: ئاژانسەكانی هەواڵ
(درەو میدیا): راگەیاندنی هاوپەیمانێتی لە نێوان هاوپەیمانێتی " نەسر" ی حەیدەر عەبادی و " سائرون"ی موقتەدا سەدر لە نەجەف، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی " فەتح" ی نیگەران كردووە، كە پێشتر لەگەڵ موقتەدا سەدردا رێككەوتنێكیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیمزاكردبوو. سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكرد كە پەیوەندییەكانی نێوان عامری و سەدر درزی تێكەوتووە و هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە سەدر بەبێ ئاگاداركردنەوەی عامری هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی راگەیاندووە. ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانیدا بۆ میدیاكانی عێراق ئاشكراشیكرد، ئێستا هادی عامری بەنیازە پاشەكشێ لە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ موقتەدا سەدر بكات و هاوپەیمانێتییەكی نوێ لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا رابگەیەنێت. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ئێستا دانوستان لە نێوان فەتح و دەوڵەتی یاسا هەیە و هەردوولا لە هەوڵدان بە راوێژكردن لەگەڵ چەند هێزێكی سوننە و كورد هاوپەیمانێتییەك كە لاینكەم سی كورسیی پەرلەمانی دەبێت رابگەیەنن و دانوستان و گفتوگۆشیان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی لیستەكەی حەیدەر عەبادی " نەسر" دەستپێكردووە بۆئەوەی بێنە هاوپەیمانێتییەكەوە. سوننەكان هاوپەیمیانێتییەك رادەگەیەنن هاوكات لەگەڵ دانوستان و گفتوگۆی نێوخۆیی نێوان لیستە براوەكانی شیعەن لایەنە سوننەكانیش جموجوڵیان دەستپێكردووە، بۆئەوەی بە هاوپەیمانێتییەكەی فراوانەوە بەشداری دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بكەن. بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی سیاسی كە قسەیان بۆ سایتی " العربی الجدید" ی قەتەری كردووە، كوتلە و قەوارە سونییەكانی پارێزگاكانی باكور و خۆرئاوای عێراق چەند رۆژێكە دانوستانیان دەستپێكردووە و لە دوو رۆژی داهاتوودا هاوپەیمانێتییەك رادەگەیەنن كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانی دەگاتە 45 پەرلەمانتار. سەرچاوەیەكی نزیك لە سوننەكان رایگەیاند چەند كەسایەتییەكی پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و سەلاحەدین و بەغدا بەشداری دانوستانەكانیان كردووە. ئاشكراشیكرد كە هاوپەیمانێتییە نوێەكە سەركردە سوننەكانی وەك سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانن جەمال كەربولی سەرۆكی حزبی حەلن ئەحمەد جبوری پارێزگاری سەلاحەدین، محەمەد ئیقبال وەزیری پەروەردە، محەمەد حەلبوسی پارێزگاری ئەنبار لەخۆدەگرێت و هەوڵیش هەیە بۆئەوەی هاوپەیمانی قەرار كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتی دەكات قایل بكرێت و بێتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە.
(درەو میدیا): " ئەردۆغان ناتوانێت وانەی دیموكراتیەت بداتە وڵاتانی تر" ئەمە وتەی مارگۆت ڤاڵسترۆم وەزیری دەرەوەی سویدە لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەو وتارەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردندا پێشكەشیكرد و تێیدا وتی:" هەڵبژاردنەكانی توركیا وانەیەكن بۆ جیهان لە دیموكراتیەدا". ڤاڵسترۆم لە رێگەیدا بۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە لۆكسمبۆرگ وەڵامی لێدوانەكەی ئەردۆغانی دایە و وتی:" ناتوانن بڵێن كە ئەوان وانەی دیموكراتیەت بۆ وڵاتانی تر بڵێنەوە." وەزیری دەرەوەی سوید راشیگەیاند سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردن لە توركیا بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا ئاستەنگەكانی بەردەم ئەم وڵاتە زۆرن وتیشی:" كاتێك سەركردەی ئۆپۆزسیۆن لە زیندانەكانی توركیادایە و پرسی كورد و پرسی ئابووری لە توركیا ئاستەنگی گەورەن. ئێمە بەهۆی پێشهاتەكانی ئەم دوایەی توركیا نیگەرانبووین". وەزیری دەرەوەی سوید هیواشیخواست توركیا لە مامەڵەیدا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا چاكسازی بكات و دەربارەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانیش و مانەوەی لە كورسی دەسەڵاتدا بە دەسەڵاتێكی زۆرەوە وتی:" بەداخەوە، هیوای گەورەم نییە كە رووداوی زیاتر دیموكراتیانە رووبدات، بەڵام پیچویستە هەلێكی تر بدەینە ئەردۆغان".
( درەو میدیا): ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە لە میانی گۆڕینی بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی لە فازڵ بەشارەتیەوە بۆ بەسام عەلی رایگەیاند" ئەو رێژە دەنگەی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پارتی دیاریكرا, ئەوە دەنگە راستەقینەكەی پارتی نەبوو، بەڵكو پارتی پێگەی زۆر زیاترە" ئەگەرچی ئەدهەم بارزانی زۆر نەیویست لەسەر بابەتەكە بڕوا بەڵام ناراستەوخۆ رایگەیاند كە ساختەكاریان لێكراوەو دەنگەكانیان دەستكاری كراوە. سەبارەت بە سەنگی دەنگەكانی پارتی لە سنوری هەڵەبجە و سلێمانی ئەدهەم بارزانی ئاماژەی بەوەدا "ئەوەی لە 12ی ئایار روویدا نابێتە پێوەر بۆ پێگە و سەنگی پارتی لە سنوری هەڵەبجە و سلێمانی، بەڵكو لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو پێگەو سەنگی پارتی دەبینن چەند بەرزە لە ناوچەیە" لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی لە سلێمانی ( 48,820 ) دەنگی بەدەستهێنا، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوو 2014 پارتی لە سلێمانی ( 93,410) دەنگی بەدەستهێنابوو واتا ( 44,590 ) دەنگ كەمیكردووە بە رێژەی ( 47.7%) ی دەنگەكان كەمیكردووە. جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەریەك لە ( بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی ، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی شیوعی، هاوپەیمانی ) پێیان وایە لە سنوری سلێمانی ساختەكارییەكی زۆر لە بەرژەوەندی یەكێتی كراوە.
(درەو میدیا): مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كرد. بەپێی هەواڵێك كە سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جێگری سەرۆكی ئەمریكا پابەندبونی واشنتۆنی نیشانداوە بە بەردەوامیدان بە پاڵشتییەكانی عێراق لە شەڕی لەناوبردنی داعشدا. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا عەبادی و مایك پێنس گفتوگۆیان كردووە لەبارەەی "دۆخی ناوچەكە و بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق". پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ حەیدەر عەباددی دوای چەند رۆژێك دێت لە هاوپەیمانێتیكردنی حەیدەر عەبادی لەگەڵ موقتەدا سەدر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. تائێستا هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ئەو هاوپەیمانێتییەوە روون نییە كە لەنێوان سەدر و عەبادی و هادی عامری و عەممار حەكیم وەكو چوار هێزی سیاسی سەربە پێكهاتەی شیعەدا دروستبووە.
(درەو میدیا): د.عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان پیرۆزبایی لە گەلی توركیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكات. قەرەداغی لە توتێكیدا لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت:" پیرۆزبایی لە گەلی توركیا دەكەین بەبۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوازێكی شارستانیانە و سەربەرزانە، هەروەها پیرۆزبایی لە سەرۆك ئەردۆغان دەكەین كە متمانەی گەلی توركیای مەزنی بەدەستهێنایەوە كە بە رێژەی 90% بەشداری هەڵبژاردنی كرد، لە خودا داواكارین سەركەوتنی زیاتری پێبەبەخشێت و سەركەوتووی بكات لە بەرزكردنەوەی گەلەكەی بە هەموو پێكهاتەكانییەوە تا دەگاتە ئاستی وڵاتەی گەورە پێشكەوتووەكان".
(درەو میدیا) بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا، پارتی دیموكراتی گەلان" هەدەپە" زیاتر لە 11%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بەوەش هەدەپە دەبێتە خاوەنی 67 كورسیی پەرلەمانی نوێی توركیا. یەكێك لە پەرلەمانتارە دەرچووەكانی هەدەپە ناوی" عومەر ئۆجەلان" ە و برازای عەبدولا ئۆجەن رێبەری زیندانیكرداوی پارتی كرێكارانی كوردستانە كە لەسەر بازنەی شاری روحا كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. ئەمەش ناوی تەواوی پەرلەمانتارەكانی هەدەپە: ئەدەنە: - تولای هاتیموگولاری ئوچ - كەمال پەكۆز ئاگری: - بهردان ئۆزتورك - دیرایهت دیلان تاشدهمیر - عهبدوڵا كۆچ ئەنكەرە: فیلیز كەرەستەچی ئۆغڵو دەمیر • ئەنتالیا: كەمال بولبول • بینگۆل: ئەرداڵ ئایدەمیر • بەتلیس: محەمەد جەلادەت غایدالی • ئامەد: - عەدنان سەلجوق مزراكلی - ساڵحە ئایدەنیز - ئیمام تاشچیر - رەمزیە توسوون - هشیار ئۆزسۆی - سەمرا گوزەل - گارۆ پایلان - دێرسیم داغ - موسا فارس ئۆغولاری • غازی عەنتاب: مەحمود توغرول • هەكاری: - لەیلا گوڤەن - سەعید دەدە - ئۆزگور زەیدان ئۆغڵو • هەتای: باریش ئاتای مینگوڵوئۆغڵۆ • مێرسین: - فایتمە كورتوڵان - ریدڤان توران • ئیستانبوڵ: - پەروین بوڵدان - موسا پیرئۆغڵو - ئەركان باش - ئیرۆڵ كاتیرچی ئۆغڵو - ئەحمەد شیك - ئۆیا ئیرسۆی - هودا كایا - زەینەڵ ئۆزین - دڵشاد جانباز كایا - حەقی ساروخان ئۆلوچ - عەلی كەنعان ئۆغڵو - زولەیخا گولوم • ئیزمیر: - سەرپیل كەمالبای - موراد چەپنی • قارس: ئایهان بیلگەن • كۆجا عەلی: عومەر فاروق گەرگەرلی • ماردین: - مدحەت سانچار - پیرۆ دوندار - توما چەلیك - ئیبرۆ گونای • مووش: - گوڵستان كیلیچ - مەنسور ئیشك • سێرت: - مەراڵ دانش بێشتاش - سدیق تاش • دێرسیم: عەلیجان ئۆنلو • روحا ( ئورفا): - نیعمەوتوڵا ئیردوغموش - عائیشە سوروچ - نەسرەدین ماچین - عومەر ئۆجەلان • وان: - سەزای تەمەللی - بەیدا ئۆزگوكچە ئەرتان - موراد ساریشاچ - موعەزەز ئۆرهان - تەیب تەمەل • باتمان: - فەلەكناس ئوجا - نەجدەت ئیپەكیوز - عائیشە ئاجەر باشاران - محەمەد روشتو • شرناخ: - حەسەن ئۆزگونێش - نوران ئیمیر - حوسەیت كاچماز • ئیدر: حەبیب ئیكسیك
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی نوێ ئێرانی گرتەوە، خۆپیشاندانی ئەمجارەی ئێران لە ناو بازاڕەوە دەستیپێكرد. بەرزبونەوەی بەهای دراوی بیانی و نرخی كاڵا و كەمبونەوەی كڕیاران لە بازاڕەكاندا سەرچاوەی نیگەرانی ئەمجارەی ئێرانە. بەپێی قسەی چالاكوانان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، خۆپیشاندان شارەكانی (تاران- شەهرەیار- كەرەج- قیشم- بەندەر عەباس- مەشهەد) گرتوەتەوە، دوكاندارەكان وەكو ناڕەزایەتی دوكانەكانیان داخستووە. موحسین هەمەدانی یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری تارانی پایتەخت لەبارەی بارودۆخی تارانەوە رایگەیاند" ئێستا خەریكە بارودۆخەكە كۆنترۆڵ دەكەین، بڕیاردراوە هێزە ئەمنییەكان لەناو بازاڕدا جێگیربكرێن". یاریدەدەرەكەی پارێزگاری تاران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئیلنا وتی: هەندێك كەس دەیانویست بارودۆخەكە بقۆزنەوە، بۆیە بەرەنگاریان بوینەوە. راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باسلەوەدەكەن، هێزە ئەمنییەكانی تاران گازی فرمێسكڕێژیان لەدژی كاسبكارە ناڕەزییەكان بەكارهێناوە و هەندێك لە بەشداربوانی ناڕەزایەتییەكان بە دەستی هێزە ئەمنییەكان لێیان دراوە. سەرەتای ناڕەزایەتییەكانی ئەمجارەی ئێران دژی خراپی دۆخی ئابوری و بازاڕ لە تارانەوە دەستیپێكرد، كاتێك ژمارەیەك لە دوكاندارەكان بڕیاریاندا دژی بارودۆخی خراپی بازاڕ دوكانەكانیان دابخەن. بەگوێڕەی هەندێك ڤیدیۆ كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبونەتەوە، دوكاندارەكانی تاران ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەستپێكردووە، بەناو بازاڕەكاندا دەگەڕێن و داوا لە هاوكارەكانیان دەكەن دوكانەكانیان دابخەن و ببێنە ناو ناڕەزایەتییەكانەوە. ئەحمەد كەریمی ئەسفەهانی ئەمینداری ئەنجومەنەكانی سەندیكا و بازاڕ لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی دانشجویانی ئێران (ئیسنا)ی وت: بارودۆخی بازاڕمان پێشبینی كردبوو، بۆیە چەندینجار یاداشتمان بە بەرپرسان داو پێمانوتن ناكرێت بەم سیاسەتانەی ئێستا بارودۆخی بازاڕ كۆنترۆڵ بكرێت. بازاڕی كڕین و فرۆشتنی موبایل لە تاران سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانییەكانە، بەرزبونەوەی نرخی موبایل و ئاڵتون لە بازاڕەكاندا گەیشتوەتە ئاستێكی چاوەڕواننەكراو، ناڕەزایەتییەكان كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان و بازرگانیشی گرتوەتەوە. ئێستا (100 هەزار) ریاڵی ئێرانی بەرامبەر بە (یەك دۆلار)ی ئەمریكییە، ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی بانگهێشتكردنی حەسەن رۆحانی سەرۆكی وڵات دەكەن بۆ لێپرسینەوە، ئەگەر دابەزینی بەهای دراوی ئێران هەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە حكومەتی رۆحانی كرد رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر. لە تشرینی یەكەمی 2012وە ئەمە گەورەترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە كە تارانی پایتەخت بەخۆیەوە ببینێت، كە لەو ساڵەدا بەهەمان شێوەی ئێستا سزا نێودەوڵەتییەكان بوونەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێران و بەوهۆیەوە شەپۆلێك خۆپیشاندان لەو وڵاتە سەریهەڵدا و دواجار حكومەتی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر دانوستان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە. محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ژوری بازرگانی كۆبوەوە و وتی: نیگەرانی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا مەبن، كێشەی ئاڵوگۆڕی درا و دارایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چارەسەر دەكرێت. زەریف وەكو ئاماژەیەك بۆ سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران لەدوای كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە روی دەمی كردە ناڕەزایەتییەكان و رایگەیاند" هەمومان لەناو یەك كەشتیداین، لاوازكردنی حەسەنی رۆحانی لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە، ئامانجەكە نە رژێمی ئیسلامی ئێرانە و نە دەوڵەتی ئاغای رۆحانی، ئێران بە ئامانجگیراوە". لە تشرینی یەكەمی 2012وە ئەمە گەورەترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە كە تارانی پایتەخت بەخۆیەوە ببینێت، كە لەو ساڵەدا بەهەمان شێوەی ئێستا سزا نێودەوڵەتییەكان بوونەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێران و بەوهۆیەوە شەپۆلێك خۆپیشاندان لەو وڵاتە سەریهەڵدا و دواجار حكومەتی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر دانوستان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە.