Draw Media

(درەو میدیا) ناوەڕۆكی پرۆژەی یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئاشكرادەكات

(درەو میدیا) ناوەڕۆكی پرۆژەی یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئاشكرادەكات

2018-08-24 21:11:32


( درەو میدیا):
بەپێی زانیاریيەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپاڵپشتی یاخود رەزامەندی لایەنە ناڕازیيەكان هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018ەوە بۆ بەهاری 2019.
زانیاریيەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن، هەوڵێكی زۆری لایەنەكان لە پشتی پەردەوە هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لەو نێوەندەشدا فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجامدانی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە 30ی كانونی یەكەمی 2018 بەڕێوەبچێت.
بەڵام یەكێتی نیشتیمانی سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكە كە تێیدا داوا دەكرێت:

* هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەهاری 2018 دوابخرێت

* هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە (لیستی داخراو) بكرێت

* هەرێمی كوردستان بكرێت بە (4) بازنەی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاكانی هەرێم

* لە پرۆژەكەی یەكێتیدا باس لە هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش دەكرێت و پێیان وایە وەزیفەكەی تەواو بووە
چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە دەستپێبكەن و زانیاریيەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام، وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە 5/9 ەوە بۆ 10/9 دوابخرێت، تا لایەنەكان بە ووردی بتوانن گفتوگۆی دواخستنی هەڵبژاردن بكەن. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دیموكراتی كوردستان جۆرێك لە رەزامەندی و نەرمی نیشانداوە، بەو مەرجەی یەكێتی بێتە ژێر باری تەواوەتی حكومەت و پەرلەمان.

ئەگەرچی مەسعود بارزانی لە یادی حزبەكەیدا رایگەیاند " كەس بیر لە دواخستنی هەڵبژاردن نەكاتەوە"، بەڵام پێدەچێت سەردانی ماڵباتی تاڵەبانی بۆ لای بارزانی و " داوای لێبوردنكردن لێی" و داوای لێبوردنەكەی یەكێتی لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵە چڕەكانی ئێران و ئەمریكا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جۆرێك لە نەرمی بە پارتی دابێت لەسەر پرسی دواخستنی هەڵبژاردن.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand