Draw Media

عومەر سەید عەلی: هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

عومەر سەید عەلی: هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

2018-09-08 10:10:16


(درەو میدیا):
هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن شكستیهێنا و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كاندیدەكانی بزوتنەوەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەدا كە بەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدەكانی بزوتنەوەكەی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت كە رۆژی 30ی ئەیلولە.
رێكخەری گشتی بەكاندیدەكانیشی وتووە كە بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی هەڵبژاردنەكە ناكات و بەشداری تێدا دەكات.
ئەم قسانەی رێكخەری گشتی دوای شكستهێنانی هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
بزوتنەوەی گۆڕان لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵێكی بەرفراوانی دەستپێكرد بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی كۆبووەوە و بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بۆ دواخستی هەڵبژاردن بە وەفدەكەی پارتی راگەیاند.
بەهانەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواخستی هەڵبژاردن خۆی لە دوو خااڵدا دەبینییەوە، یەكەم: خراپی تۆماری دەنگدەران، دووەم: بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن دەنگدەران و كەمی ئاستی بەشداری خەڵك لە پرۆسەكە.
رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، دوو حزب كە بریتین لە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان) بایكۆتی پرۆسەكەیان كردووە و بەشداری تێدا ناكەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand