لە ورمێوە، كۆیە بۆردومان كرا
2018-09-08 18:01:11
(درەو میدیا)
سایتی (تابناك)ی نزیك لە موحسینی رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرایكرد، سوپای پاسداران لە بنكەیەكی نزیك شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە موشەكی ئاڕاستەی بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستان كردووە لە شاری كۆیە.
بەپێی زانیاریی ئەو سایتە، لەو بنكەیەوە (6) موشەكی زەمین بە زەمین ئاڕاستەی بارەگای حزبی دیموكرات كراوە.
لەم لینكەوە بەڤیدیۆ هێرشە موشەكییەكە ببینە:
https://www.facebook.com/drawmedia/videos/309853496262195/
پەیامنێری سایتی (بی بی سی فارسی) بەریتانی رایگەیاند، لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا، ئەمە گەورەترین هێرشی سوپای پاسداران بووە بۆسەر حزبی دیموكراتی كوردستان، كە هەندێك وەك وەڵامێك بۆ ئەمریكا ئەژماری دەكەن، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایە حزبەكانی رۆژهەڵات لەلایەن ئەمریكاوە هاوكاری و پشتیوانی دەكرێن.
كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ بارەگای هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە روبەڕوی هێرشی موشەكی بونەوە.
ئاسۆ حەسەن زادە یاریدەدەری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سویدەوە بە تەلەفزیۆنی (بی بی سی فارسی) رایگەیاند، سەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر هەڕەشەیان كرد كە بارەگاكانی حزبی دیموكرات لەناو قوڵایی خاكی كوردستانی عێراق بەتایبەتی لە كۆیە دەكەنە ئامانج، بەیانی ئەمڕۆ چەند خولەكێك دوای ئەوەی هەڕەشەكە خرایە بواری جێبەجێكردن، چەند سایتێكی سەربە كۆماری ئیسلامی لە نمونەی سایتی (میهر) و سایتی (سوپای پاسداران) هەواڵی هێرشەكەی ئێرانیان پشتڕاستكردەوە.
بەپێی قسەی هەندێك سەرچاوەی نزیك لە حزبی دیموكراتی كوردستان، بەهۆی هێرشەكەوە لانی كەم (14) كەس شەهیدبوون، كە شەش كەسیان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بوون بەناوەكانی (رەحمان پیرۆتی، نەسرین حەداد، سۆهەیلا قادری، ئیبراهیم زێوەیی، هاشم عەزیزی، لوقمان قیراوی).
هەواڵی هێرشەكەی كۆماری ئیسلامی بۆسەر حزبی دیموكراتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان روپەڕی هەموو میدیاكانی جیهانی داگیركرد، هێرشەكە هاوكات بوو لەگەڵ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ چالاكوانی سیاسی كورد لە ئێران، هەروەها هاوكاتیش بوو لەگەڵ سوتاندنی كونسوڵگەری ئێران لە شاری بەسرەی باشوری عێراق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.
هێرشە سەربازییەكانی ئێران لەدەرەوەی سنوری ئەو وڵاتە چەند رۆژێكە زیادیان كردووە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ توندبونەوەی كاریگەری سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و داڕمانی تەواوەتی بەهای تمەنی ئێرانی لەبەرامبەر دۆلاردا.