Draw Media

 حەمدی بەرواری، بەرپرسی لقی دهۆكی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بە درەو میدیای راگەیاند: ئامێری پەنجەمۆری دەنگدان رەنگە كێشە دروست بكات و ئەگەر هەیە پەنجەمۆرەكە دەرنەچێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رێوشوێنی زۆری گرتەبەر، بەڵام بە راستی هێشتا كێشەی زۆر هەیە، بۆ نمونە ئێستتا هەندێك هاوڵاتی هەن تا ئەمدواییەش لە دهۆك دەنگیان داوە، بەڵام ئێستا پێی دەڵێن بڕۆ بۆ هەولێر یان بۆ عەممارە یاخود بۆ موسڵ، لە زۆر شوێن ناوەكان گۆڕدراون، ئەوە كێشەیەكی تەكنیكی كۆمسیۆنە، كێشەیەكی تر ئەوەیە كارتی دەنگدان زۆر گەورەیە و درێژییەكەی نیو مەتر زیاتر و ئەمە كات دەخایەنێت و ئەگەری ئەوەی هەیە خەڵك لە ریزەكانی دەنگدان بێزار ببن. حەمدی بەرواری، راشیگەیاند:  كێشەیەكی تر هەیە كە لە هەر وێستگەیەكدا (4) كارمەند هەن، چاودێری سندوق ئەركەكەی ئەوەیە چاودێری سندوقەكە بكات، بەڵام ئێستا ئەركێكی تریشی گرتوەتەئەستۆ و كارتی دەنگدان لە دەنگدەران وەردەگرن و پسوڵەی دەدەنێ، لە هەر وێستگەیەكدا (450) دەنگدەر هەیە، لەڕوی كاتەوە هەر دەنگدەرێك لانی كەم (دەقیقەیەك و 43 خولەك)ی دەوێت، بەڵام ئێستا هەندێكجار پرۆسەی دەنگدان یەك كەس (5) دەقیقە دەخایەنێت، ئەمە وادەكات زۆر دەنگ بفەوتێن. بەپێی چاودێرییەكانی ئێمە تاوەكو كاتژمێر 12:30 خولەكی نیوەڕۆ ئاستی بەشداری دەنگدەرانی تایبەت لە دهۆگ گەیشتوەتە 30%.


درەو میدیا ئەفسەرێكی پۆلیس لە كەركوك كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت  بە "درەو میدیا" ی راگەیاند: كە دەنگدانی تایبەت بۆ پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ بە ئاسایی بەرێوە دەچێت، بەڵام جوڵەیەكی زۆر دەبینرێت بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری گەورە عەرەب دێن بۆ دەنگدان و دەنگدەدەن، هەرچەندە ئێمە نازانین كێن و چۆن هاتوون؟ ، ئەوان زۆر زۆرن لە دەنگدەرانی پۆلیس زۆرترن ، ئێمە بەهۆی ئەوەی  لە ئینزارداین بە دوو شەفت دەچین بۆ دەنگدان ، بەڵام کارتی دەنگدان دەهێڵنەوە لای خۆیان و ئەینرێنەوە بۆ فەرمانگەكەی خۆت و لەوێ وەریدەگریتەوە. ئەو ئەفسەرە راشیگەیاند: ئەو هێزانەی لەوێ دەنگ دەدەن هێزی نوێین و هێزەكان دەگۆڕین بەڵام هێزی دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی، پۆل پۆل دێن بۆ دەنگدان و بە ئۆتۆمبێل و ترێلە گەورە ئاڵوگۆریان پێدەكەن و بەشێكیان دەنگ دەدەن و دەیانبەنەوە و بەشی دیكە دێنن بۆ دەنگدان بۆیە زۆر زۆرن و ئێمە نازانین كێن و ناسنامەیان چیە؟  


 (درەو میدیا): ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمارو یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پشتی پەردەی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الغد)ی ئوردنی، عەلاوی ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ریفراندۆم بكات، سەردانی شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنی كردووە بەوپێیەی سەرۆكی لوتكەی عەرەبی بووە، داوای لێكردووە كارێك بكات بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق. وەكو خۆی باسی دەكات، شا عەبدوڵا بە عەلاوی وتووە، دەتوانین چ كارێك بكەین بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق، لەبەرامبەردا عەلاوی داوای لێكردووە دوور لە چاوی میدیاكان هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی عەممان یان عەقەبە بكات و پاڵپشتیان بكات بۆ ئەوەی دابنیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن. عەلاوی ئاماژە بەوەدەكات، شا عەبدوڵا پێشنیازەكەی قبوڵكردووە، دوای چەند كاتژمێرێك شا عەبدوڵا تەلەفۆنی بۆ كردووە و ئاگاداری كردووە لەوەی مەسعود بارزانی ئامادەی نیشانداوە لە ئامادە بێت لە ماڵی شا لە عەقەبە، دواتر پەیوەندی بە حەیدەر عەبادییەوە كردووە، بەڵام عەبادی مەرجی هەبووە و وتویەتی بەر لە دەربڕینی رەزامەندیم بۆ ئەو كۆبونەوەیە، دەبێت بارزانی بچێتەسەر تەلەفزیۆن و داوای لێبوردن بكات. هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئەیاد عەلاوی باسلەوەدەكات، سێ رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بارزانی بە زمانێكی توند قسەی كردووە و پێی وتووە "كەركوك هێڵی سورە، ریفراندۆم هەنگاوێكی شكستخواردووە، پێویستە لەسەرت بۆ عێراقییەكانی ئاشكرا بكەیت چۆن گەیشتویت بەم بڕیارە، بارزانی وەڵامی دایەوە و وتی: حكومەت وەكو سەگ مامەڵەمان لەگەڵ دەكات بۆچی لە عێراق بمێنینەوە ؟". لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەكەدا سەبارەت بەوەی بۆچی بارزانی سوربوو لەسەر ئەوەی ریفراندۆم بكات، عەلاوی دەڵێ: هەڵەی كرد، ئەو پلانگێڕی بوو، نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە.  


درەو میدیا سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە درەو میدیای راگەیاند: تا ئێستا پرۆسەی دەنگدان باش بەرێوە دەچێت و ئامێرەكان بەسەر بنكەو وێستگەكاندا دابەشكراون و كارمەندەكان تازەن بەڵام مەشق و راهێنانیان پێكراوە، لەبەر ئەوەی كاتی كەم بۆ راهێنانەكان دانرابوو  بۆیە كێشەی بچوك لە ئامێرەكاندا هەبووە لە چەند بنكەیە بەڵام چارەسەر كراوە. سەبارەت بەو ناوانەی كە لە بازنەی تر هاتوونەتەوە بۆ نمونە كەسێك لە بازنەی سلێمانیەو لە بازنەی هەولێر ناوی هاتۆتەوە، سەعید كاكەیی رایگەیاند: ئەوە پەیوەندیە بەوە هەیە لەو كاتەدا كە بایۆمەتریان كردووە ئەركو فەرمانیان لەو ناوچەیە بووە بۆیە كارتی بایۆمەتریەكانیان بۆ ئەو شوێنانە گەڕاوەتەوە كە لە بایۆمەتریان لێكردووە، ئەوە كەمو كوڕی بووە،بەڵام  كێشەكەیان بۆ چارەسەر دەكرێت. سەبارەت بە لابردنی عەلی قادر بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، سەعید كاكەیی رایگەیاند: ئەوە لابردن نیە بەڵكو دورخستنەوەیە لەبەر ئەوەی پابەندی رێنماییەكانی كۆمسیۆن نەبووە دوورخستنەوەكەشی بۆ ماوەیەكی كاتیە.


ئەمرۆ دەنگدانی تایبەت دەستی پێكردوو لە چەند بنكەو وێستگەیەكی دەنگدان پێشێلكاری كراون،  پێشێلكاریەكان خۆی لە بانگەشەی كاندیداكان لەبەردەم بنكەكانی دەنگدان و چونەتە ژوورە بە چەكەوە و دروستكردنی پشێوی لە بنكەكانی دەنگداندا خۆی دەبێنیتەوە، كە لە نزیك یەكێك لە بنكەكانی دەنگدان لە سلێمانی كاندیدەكان بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن، لە زاخۆ  هێزێكی ئەمنی بە چەكەوە چوونەتە ناو بنكەی چەمكورك كە دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەكانی تێدا بەڕێوەدەچێت.لە بنكەی پێنجی ئازار لە رانیە ژمارەیەك سەرباز بە چەكەوە چووونەتە ناو بنكەی دەنگدانەوەو كاری دەنگدانی تایبەتیان راگرتووە. لەلایەن خۆشیەوە سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق ئاگاداریەكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا هاتووە" تكایە هەر خروقاتێك دەبینن، بە بەڵگەوە تۆماری بكەن و بیكەنە سكاڵایەكی فەرمی و لە ڕێگای نووسینگەكانی كۆمسیۆنەوە (هۆبەی سكاڵا) بەرزیان بكەنەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن. لەسەر ئاستی عێراقیش پێشێلكاری روویداوە، یەكێك لە بنكەكانی دەنگدانی تایبەت لە بەغدادی پایتەخت بۆ ماوەیەك داخرا بەهۆی ئەوەی زۆربەی دەنگدەرەكان كارتی دەنگدانیان نوێ نەكردبووەوە. لەلایەكی ترەوە بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەبادی فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ كرد، لێكۆڵینەوە بكات لە بارەی ئەو قسانەی كە باسلەوەدەكەن محەمەد حەلبوسی پارێزگاری ئەنبار ئۆتۆمبیلی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی ئەنباری بەكارهێناوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. بەپێی هەواڵی میدیاكانی عێراق، بنكەكانی دەنگدانی تایبەت بە رەوەندی دەرەوە لە توركیا رێگەیان لە بریكاری قەوارە سیاسییەكان و چاودێران گرتووە بچنە ناو بنكەكانەوە. بەپێی قسەی یەكێك لە بریكاری قەوارە سیاسییەكان، لە بنكەی دەنگدانی نوسینگەی كادیكۆ لە شاری ئیستەنبوڵ، دەنگدەران بە پێنوسی ئاسایی دەنگیانداوە نەك بەو پێنوسەی كە كۆمسیۆنی تەرخانكردووە.


ژمارە دەنگدەرانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان 247 هەزار و 422 هەزار دەنگدەرە و لە 99 بنكەی دەنگدان دەنگ دەدەن.  لە پارێزگای هەولێری 114 هەزار و 172 دەنگدەری تایبەت هەن كە لە 45 بنكە  دەدەن. لەپارێزگای دهۆك 50 هەزار و 476 كەس لە رۆژی دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە لە 21 بنكەی دەنگدان لە 113 وێستگە.  لە پارێزگای سلیمانی ( 82 هەزار و 783 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە لە 190 وێستگە لە 33 بنكە دەنگدەدەن    


ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت بەپێی زانیارییەك كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە ناو پەرلەمانی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، رێژەی پاشەكەوتی موچەی پەرلەمانتارانی كوردستان كەمدەكرێتەوە. سەرچاوەیەكی لە پەرلەمانی كوردستانەوە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە ئاشكرایكرد، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستێكی نوێی موچەیە بۆ پەرلەمانتاران. سەرچاوەكە وتی: بڕیار بووە سبەینێ پێنج شەممە سەرۆكایەتی پەرلەمان موچەی مانگی (2)ی ساڵی 2018 وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەكردنی لیستی نوێی موچەی پەرلەمانتارانەوە دابەشكردنی موچەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیاری دەستكەوتووە كە پەرلەمانتارانی كوردستان لە هەموو فراكسیۆنەكان داوایانكردووە موچەكانیان زیادبكرێت و بڕی پاشەكەوتی موچەكانیان كە بەرێژەی 75% ە، كەمبكرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەو داواكارییانە بڕیاردراوە بە كەمكردنەوەی پاشەكەوت و زیادكردنی موچەكانیان. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری لەوبارەیەوە پەیوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكەوە كرد، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی ئاگاداری ئەو بڕیارە نین، هیچ لێدوانێكیان نەدا. لە پێش پاشەكەوتی موچە پەرلەمانتارێكی كوردستان بە تەواوی دەرماڵەكانیەوە ( 8 ملیۆن و 300 هەزار) دیناری وەردەگرت، بەڵام دوای سیستمی پاشەكەوت رێژەی لە 75%ی موچەكەیان بڕدراو بڕی موچەكەیان بە پێی رێژەكە دەكاتە ( 2 ملیۆن و 75 هەزار دینار) .   


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت بۆ جاری یەكەم روسیا بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بانگهێشتی مۆسكۆ كرد، ئەمە لە دیمەنە گەورەكەیدا نیشاندەری ئەوەیە هەولێر ئەمجارەیان ئاڕاستەی رێگەكەی بەرەو مۆسكۆ دەگۆڕێت. نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەمڕۆ لە مۆسكۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا كۆبووەوە. هەرچەندە بەپێی هەواڵی ئاژانسی (تاس)ی روسیا، كۆبونەوەكەی پۆتن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كورتخایەن بووە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە دیدارەكە لە میدیاكانی جیهان بایەخی پێدرا. سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا زیاتر رەهەندێكی ئابوری هەبوو، بەتایبەتی ئەوەی كە ئەو لەسەر داوای بەڕێوەبەری كۆمپانیای (روسنەفت) لەلایەن نوسینگەی سەرۆكی روسیاوە بانگهێشتنامەی ئاڕاستە كرا بەمەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی یادی 73ساڵەی سەركەوتنی روسیا بەسەر ئەڵمانیای نازیدا. سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێنەی دیدارە "كورتخایەن"ەكەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پۆتنی بڵاوكردەوە، بەڵام هیچ زانیارییەكی لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان ئاشكرانەكرد. كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی لێدوانێكی سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی لەبارەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا بڵاوكردەوە، لە لێدوانەكەدا دزەیی دەڵێ: لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی باشكردنی پەیوەندییەكانی روسیا و هەرێمی كوردستان لەڕووی وزە و ئابوری و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد. بەهۆی فشارەكانی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە ژمارەیەك لە كۆمپانیا خۆرئاواییەكان بەتایبەتی كۆمپانیا ئەمریكی و بەریتانییەكان ئاستی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان كەمكردەوە، لەبەرامبەردا كۆمپانیای روسنەفتی روسی هاتەناوەوە. روسنەفت كۆمپانیایەكی نیشتیمانی بواری نەوتە لە روسیا، ئیگۆر سیچن سەرۆكایەتی كۆمپانیاكە دەكات كە كەسایەتییەكی نزیكە لە ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆكی روسیاوە. ئەم كۆمپانیایە ساڵی رابردوو سەرباری ناڕەزایەتییەكانی حكومەتی ناوەندی عێراق ژمارەیەك گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە بواری كڕین و فرۆشتنی نەوت ئیمزا كرد و لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا پارەی پێشوەختی بە حكومەتی هەرێمدا. ئێستا بەپێی گرێبەستێك كۆمپانیای روسنەفت خاوەندارێتی هێڵی گواستنەوەی سەرەكی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەكات. حكومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت ئەو گرێبەستە رەزامەندی بەغدادی بۆ وەرنەگیراوە و بەشێوەیەكی نادەستوری كراوە، بەڵام بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز كە بەمدواییە بڵاویكردەوە، روسەكان گوێیان بە نیگەرانی حكومەتی ناوەندی عێراق نەداوە و گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە، لەمەشدا بەتەنیا ئامانجی ئابورییان نییە، بەڵكو دەیانەوێت دەستڕۆیشتویی روسیا لە ناوچەكە فراوان بكەن. سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد" لەماوەیەكی نزیكدا كارەكانی كۆمپانیای روسنەفت لە كوردستان بەرفراوانتر دەبن". رۆژی 24ی ئەم مانگە لە سان پترسبۆرگ لە روسیا كۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێم بەشداری لەو كۆڕبەندەدا دەكات. پێدەچێت لەدوای ریفراندۆمەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەژمونی هەیە بەسەریدا بەتەواوەتی بێئومێد بوبێت لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە ئاڕاستەی سیاسەتەكانی بەرەو روسیا و ئێران دەڕوات. بەمدواییە نێچیرڤان بارزانی كردنەوەی ناوچەیەكی بازرگانی ئازادی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران راگەیاند، بە چاودێری حكومەتی ناوەندی عێراق. لە پرسی ریفراندۆمدا روسیا تاڕادەیەك خۆی پاراست لە دەربڕینی هیچ هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بە راشكاوی دژایەتی خۆیان بۆ جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق دەربڕی. "بەپێی سەرچاوەكان هەر دوابەدوای ریفراندۆمەكە، كاربەدەستانی كورد بە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانیشەوە فڕین بەرەو مۆسكۆ بۆ بینینی بەڕێوبەری جێبەجێكاری روسنەفت و كاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا"، ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێك كە بەمدواییانە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەبارەی پەیوەندی نێوان روسیا و هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە. سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران كە بوو بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا. نێچیرڤان بارزانی كە هێشتا كێشەی نەوتی لەسەر ئاستی لۆكاڵی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق چارەسەر نەكردووە، رەنگە بیەوێت دۆسیەی نەوتی هەرێم بباتە ناو ململانێیەكی سەختترەوە كە ململانێی نێوان ئەمریكا و روسیاوە لە ناوچەكەدا، ئەمەش تونێلێكە كە ئەوسەری دیارنییە.  


بەپێی مەرسومی ژماریە 1 ی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم رۆژی 30/9/2018 دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بڕایرەكە تەنها ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووەو هیچ ئاماژەیەك بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم نەكراوە.  بەپێی یاسای ژمارە ( 1 )ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم مادەی چوارەم ئاماژە بەوە دەكات كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە كات و ساتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان ( پەرلەمان ) ئەنجام دەدرێت. بەڵام چاوەڕوان ناكرێت جارێكی دیكە هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان نیەتی هەیە كە لەدوای مەسعود بارزانی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دابخات و چی دیكە سەرۆكایەتی هەرێم نەهێڵێت، بەو پێیەی دەوتری لە ساڵی 2005 و لەكاتی دانانی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو پۆستە تەنها بەرگێك بوو بە بەری مەسعود بارزانیدا دورا بەوەی لەبەرامبەر دانانی جەلال تاڵەبانی بە سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی دانرا، بەو پێیەی لەدوای هەڵبژاردنی رابەری رزگاری خوازی گەلی كوردستان لە 19/5/1992 ئیتر مەسەلەی سەرۆك كۆتایی هات تا ساڵی 2005 كە تالەبانی كرایە سەرۆك كۆمار لەبەرامبەردا پۆستێكی سەرۆكی هەرێمیان بۆ مەسعود بارزانی دیاریكرد. هەرچەندە مەسعود بارزانی تا ئێستاش لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم كارە حزبیەكانی رادەپەرێنێت و پێشوازی لە میوانەكانی دەكات، دوایینیان پێشوازی مەسعود بارزانی لە محەمەدی حاجی مەحمود لە 7/5/2018 لە هەمان ئەو شوێنەی رەسمیەی  پێشتر پێشوازی لە میوانەكانی دەكرد .  پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەكێك بوو لەو پرسانەی كە زۆرترین كێشەو ململانێ و قەیرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە هەم مەسعود بارزانی و پارتی ماندوو بون لەو پرسەو هەم لایەنەكانی دیكە، بۆیە ئێستا هەردوولا خۆیان لەو پرسە بەدوور دەگرن و چاوی خۆیانی لێدادەخەوێنن و چاوەڕوان ناكرێت جارێكی تر بە ئاسانی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم بكرێت .    


سبەی پێنج شەممە 10ی ئایار دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی رەوەندی عێراقی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەكات و یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام دەنگدانەكەیان مەرجدارە و بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی جیاناكرێتەوە. كەریم تەمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند دەنگدانی تایبەت بە كارتی دەنگدانی بایۆمەتری بەڕێوەدەچێت و لە كۆی 904 هەزار و 950 كارتی دەنگدانی تایبەت 794 هەزار و 591 كارت دابەشكراوە و رێژەكەی لەسەروو 86% ەوەیە و بەگوێرەی یاساش دوای دەنگدانیان كارتەكانیان لێ وەردەگیرێت. تەمیمی وتیشی وادەی دابەشكردنی كارتی دەنگدانی بایۆمەتری تا كۆتایی سبەی پێنج شەممە درێژكراوەتەوە.


لە سبەی پێنجشەممەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە دەستپێدەكات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. حەیدەر حوسەینی بەڕێوەبەری نوسینگەی ئێرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەهۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند لە نۆ شاری ئێران 14 بنكەی هەڵبژاردنیان ئامادەكردووە و بە گوێرەی داتای وەزارەتی دەرەوەی عێراق 100 هەزار كەس لە ئێران مافی دەنگدانیان هەیە و دوای دەنگدان سندوقەكانی هەموو بنكەكان رەوانەی عێراق دەكرێن بۆ جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 21 وڵاتی دەرەوە بنكەی دەنگدانی كردووەتەوە و رەوەندی عێراقی لەو وڵاتانە دەتوانن لە رۆژی 10 و 11ی ئایار دەنگ بدەن.  


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ مایكڵ كۆهین پارێزەرێكی ئاژاوەچییە، خزمەتی دۆناڵد ترەمپ دەكات و گیانفیداییانە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی دەكات و هەموو خەمێكی خزمەتكردنی ترەمپ و پاراستنییەتی، بەڵام وادەردەكەوێت كە گیانفیدایی كۆهین بۆ خزمەتكردنی سەرۆكەكەی و خانم ترەمپ لە ساڵی 2006ەوە، خستویەتییە دۆخێكی مەترسیدارەوە هەرچەندە لە لوتكەی دەسەڵاتەوە نزیكە، و لە نۆی نیسانی رابردو كارمەندانەی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی " ئێف بی ئای" هەڵیانكوتایە سەر نوسینگە و ماڵەكەی و هەتا ژووری نیشتەجێبوونیشی لە هۆتێلن ئەوەش دوای ئەوەی رەوانەی دادگاكرا، لە لایەن رۆبەرت مۆلەر لێكۆڵەری تایبەت لە كەیسی تێوەگلانی هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ لەگەڵ روسیا. لەماوەی رابردووشدا نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی پەیام و نامەكانی كۆهین و ترەمپیان دەستكەوت لەگەڵ چەند بەڵگەنامەیەك كە پەیوەستن بە پێدانی پارە لەلایەن كۆهینەوە بە كچە ئەكتەری فیلمە سێكسییەكان :" ستۆرمی دانیڵز" كە بانگەشەی ئەوەدەكات پەیوەندی سێكسی لەگەڵ ترەمپدا هەبووە. لە ماوەی رابردووشدا تیمەكەی مۆلەر چەند نامەیەكی ئەلیكترۆنیان دەستكەوت كە كۆهین لە میانی هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆكایەتی ئەمریكادا نوسیوبونی كارەكەی بۆ پەرەپێدانی پرۆژەیەكی خانوبەرەی ترەمپی لە مۆسكۆ تێدا دۆكیۆمێنت كردبوو. كۆهین بە هەوڵدانی بۆ بێدەنگكردنی ئەو كچە ئەكتەرە سەرنجی رای گشتی راكێشا، لە ناویشیدا هەڕەشەكردن لێی بە تۆماركردنی سكاڵایەك لەدژی بەبەهای 20 ملیۆن دۆلار، یەكێك لە پارێزەرەكانی دانیڵزیش كۆهینی تۆمەتباركرد بەوەی كە دەستێكی باڵای هەیە لە كاری بەڵتەچێتی و بەكارهێنانی شێوازەكانی تۆقاندن و هەڕەشەكردن لە كەسانی لاواز و ئەو پارێزەرە وتی:" لە كۆتاییددا هەموو شتێك روون دەبێتەوە و راستییەكە بۆ گەلی ئەمریكا دەخەینە روو كە مایكڵ كۆهین كێیە."                          كۆهین لەلایەن كارمەندانی ئێف بی ئایەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت كورتەیەك لە ژیانی كوهین كوهین كوڕی پزیشكێكی نەشتەرگەر كە لە سەربازگەی نازییەكان لەگەڵ خێزانەكەیدا رزگاری بووە، پەیوەندیكردوووە بە زانكۆوە لە واشنتۆن و لە نوسینگەیەكی پارێزەری كاریكردووە، پێش ئەوەی ببێتە هاوبەشێك لە كۆمپانیای فیلیپ نایزەری یاسایی لە مانهاتن، پاشان چاوی بە ترەمپ كەوتووە و بووە ئەمین سندوقی ئەنجومەنی ئیدارەی تاوەری ترەمپ كە خۆی و خێزانەكەی چەند شوققەیەكیان تێدا هەیە. كوهین لەلایەن كۆمەڵگەكەیەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە كاتێك وێنەیەكی تایبەتی كچەكەی بە جلی مەلەكردنەوە لە ئەكاونتە تایبەتەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردەوە و لەسەری نوسی :" زۆر موعجیبم بە جوانیی كچەكەم، ئەو لە خانمە نمایشكاری بەناوبانگ ئەندریە ورهۆڵ دەچێت." رۆژنامەی نیویۆرك تایمزیش لە راپۆرتێكی شیكاریدا ئاماژەیبەوەدا كە ترەمپ بە ناشرینترین رستە سوكایەتی بە كۆهین كردووە و گاڵتەی پێكردووە و دوووجاریش هەڕەشەی دەركردنی لێكردووە، و كۆهینیش داوای لێبوردنی لە خانمی یەكەم میلانیا ترەمپ كردووە بەهۆی ئەوەی ئازاری داوە بە پێدانی پارە بە كچە ئەكتەری سێكسی  ستیفانی كلیفۆرد ناسراو بە ستۆرمی دانیڵز. كۆهین ماوەی دەساڵ بە " سەگە دڕەكەی ترەمپ" ناسرابوو، ساڵی 2011 لە چاوپێكەوتنێكدا وتی:" ئەگەر كەسێك كارێك بكات و بەدڵی ترەمپ نەبێت، هەموو شتێك دەكەم كە لە توانامدا بێت بۆ چارەسەركردنی لە بەرژەوەندی ترەمپ، ئەگەر شتێك بكەیت و ترەمپ بێزار بكات، ئەوا ملت دەگرم و  وازت لێناهێنم هەتا لە كۆڵت دەكەمەوە"، وشەی " وابەستەیی" میحوەری پەیوەندی كۆهینە لەگەڵ ترەمپدا. نمونەی ئەم جۆرە قسە راشكاوە، لەوانەیە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە هەر كەسێك، بەڵام ئەو كارەی ئەمی خستە هەڵوێستێكی قورسەوەن رۆڵی بوو لە ئاسانكاریی پرۆسەی پێدانی 130 هەزار دۆلار بە كچە ئەكتەر دانیڵز مانگێك پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2016دا. سەرچاوە: بی بی سی  


موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق ئاشكراكرد ئەگەر هاوپەیمانێتییەكەی " سائرون" ئەوەندە كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت كە مافی ئەوەی پێببەخشێت كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت. سەدر لە وەڵامەی پرسیارێكدا رایگەیاند  "عەلی دوای" پارێزگاری ئێستا میسان یەكێكە لە كاندیدەكانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بە تایبەتی ئەگەر كوتلەكەی كە تێپەڕێنەری تائیفیەتە بتوانێت كورسی پێویستی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت. لە خولی پێشووشدا كوتلەی ئەحراری سەربە رەوتی سەدر "عەلی دوای" پارێزگاری میسانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دیاریكردبوو. موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاردا پشتیوانی لە هاوپەیمانیی " سائرون" دەكات كە لەلایەن حزبی ئیستیقامەی سەربە رەوتی سەدر و چەند لایەنێكی مەدەنی و حزبی شیوعی عێراقەوە پێكهێنراوە.      


كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كاتژمێر حەوتی بەیانی رۆژی هەینی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژارن رادەگیرێت و بێدەنگی هەڵبژاردن دەستپێدەكات. لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كەریم تەمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتی:" رێوشوێنی پێویست بۆ رۆژی هەڵبژاردن گیراوەتەبەر  و رێگە بەوە نادرێت مۆبایل ببرێتە وێستگەكانی دەنگدان ." داواشی لە هاوڵاتیان كرد هاوكاربن و مۆبایل نەبەنە بنكەكانی دەنگدان. تەمیمی وتیشی:" بێدەنگیی هەڵبژاردن لە كاتژمێری حەوتی بەیانی رۆژی هەیینەوە دەستپێدەكات." هەر لەو كۆنفرانسەدا موعتەمید موسەوی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتی :" هەرچی ئامێر و كەلوپەلی تایبەت بە هەڵبژاردن هەیە لە مۆر و مەرەكەب و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ئامادەكراون." وتیشی:" تا ئێستا كۆمسیۆن 10 ملیۆن كارتی بایۆمەتری دابەشكردووە كە دەكاتە رێژەی 76%." سبەی پێنج شەممەش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و رۆژی 12ی مانگیش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا 320 حزبی سیاسی و هاوپەیمانێتی و لیست بەشداری دەكەن و ژمارەی كاندیدەكانیشیان حەوت هەزار و 367 كاندیدە.  


بەپێی مەرسومی ژماریە 1 ی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم رۆژی 30/9/2018 دیاریكرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ، بڕیارەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە هەڵبژاردنەكە لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمەوە ئەنجامدەدرێت.  بڕایرەكە تەنها ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوەو هیچ ئاماژەیەك بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم نەكراوە.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand