پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنن
2018-09-10 12:27:38
(درەو میدیا):
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنن بەمەبەستی ئامادەكاریكردن بۆ كۆبونەوەی بەرفراوانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ جارێكی تر مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە سەلاحەدین كۆبونەوە، كۆبونەوەكە بەسەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەڕێوەچوو.
دوای كۆبونەوەكە، هەردوولا راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژە بە سێ خاڵ كراوە:
یەكەم: لە روانگەی بەرژەوەندیی گەلەكەمان و هەستیاریی بارودۆخەكە، هەردوولا جەخت لەسەر یەكهەڵوێستی و پێكەوەكاركردن لە بەغداد و كوردستان دەكەنەوە و بۆ ئەم مەبەستەیش لیژنەی هاوبەش بەردەوام لە پەیوەندییدا بن و ئامادەكاریی پێویست ئەنجام بدەن.
دووەم: هەروەكو لە ماوەی رابردوویش بە ئاشكرا رامانگەیاندووە بۆ یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و بەشداریی هەموو لایەنەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیدا، بانگهێشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەموو لایەنەكان دەكەین. بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك راسپێردرا بۆ ئامادەكردنی پێداویستییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە.
سێیەم: لەبەرهەستیاریی بارودۆخی كەركووك و پێویستیی چارەسەركردنی، بڕیاردرا ئەو لیژنەیەی كە لە كۆبوونەوەی پێشوو پێكهێندرابوو، دەستبەكاربن بۆ دیراسەكردن و هەنگاونان.