راوێژكارێكی خامنەیی: دانوستان لەسەر توانا موشەكییەكانمان ناكەین
2018-09-09 09:34:31
(درەو میدیا):
چەند كاتژمێرێك دوای هێرشە موشەكییەكانی ئێران بۆسەر بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە، كەناڵی (روسیا تودەی) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ راوێژكارێكی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی بڵاوكردەوە.
لە چاوپێكەوتنەكەدا عەمید حسێن دهقان راوێژكاری خامنەیی بۆ كاروباری پیشەسازی سەربازی دەڵێ" دانوستان لەسەر توانا موشەكییەكانمان ناكەین، چونكە ئەوە پرسی بوون و نەبوونە، ئەوە پرسی شكۆ و شەرەف و سەربەخۆیی و متمانەی نشتیمانییە، ناكرێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەگەر ئەمریكییەكان وابزانن دەكرێت لەبارەی توانا موشەكییەكانەوە دانوستانمان لەگەڵ بكەن، ئەوە زۆر گەشبینن و حساباتیان هەڵەیە، بۆیە ئێمە لەبارەی سیستمی موشەكییەوە لە هیچ بارودۆخێكدا دانوستان ناكەین".
راوێژكارەكەی خامنەیی ئاماژەی بەوەدەكات" ئەوان لە توانایاندایە لەماوەیەكی كەمدا گەشە بەو موشەكانە بدەن كە ئێستا هەیانە، ئەوەش بەپێی ئاستی هەڕەشەكانی ئێستا، توانا موشەكییەكانیان لە ئاستی پێویستدایە بۆ روبەڕبوونەوە، بەڵام ئەگەر هەڕەشەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات و پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەبوو، هیچ بەربەستێك نییە بۆ ئەوەی مەودای موشەكان زیادبكەن".
قسەكانی حسێن دهقان نیشانی دەدات دیوێكی ئەو هێرشە موشەكییەی كە سوپای پاسداران كردیەسەر بارەگای حزبی دیموكرات لە كۆیە، بۆ نیشاندانی توانای موشەكی ئێران بووە بە وڵاتانی ناوچەكە و ئەمریكا و ئیسرائیل، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە موشەكەكان لە مەودایەكی دورەوە ئاڕاستە كران.
حسێن دهقان لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا دەڵێ" لەو بڕوایەدا نین ئەمریكا و ئیسرائیل بڕیاریان دابێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچنە شەڕەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام دەكرێت لەژێر ناوی تردا لە سوریا و عێراق پرۆسەی سەربازی لەدژی هاوپەیمانەكانمان ئەنجام بدەن، ئەوەش لێكەوتی خۆی دەبێت و هەموو بڕیارێك باجی خۆی دەبێت، هەرچی سعودیەیە، دەوڵەتێكی ناسەربەخۆیە، ناتوانێت لەسەر ئاستی ناوچەكە بە ئاڕەزووی خۆی بڕیاربدات و توانایەكی گەورەی سیاسی و ئابوری و جوگرافی وەهای نییە كە بتوانێت هێرش بكاتەسەر ئێران.