Draw Media

(درەو میدیا): مەولود چاوەشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایدەگەیەنێت سوپای توركیا بە هەنگاوی یەكلاكەرەوە بەرەو ناوچەی قەندیل لە باكوری عێراق لە پێشڕەوییدایە. وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی " ئێن تی ڤی" توركیی وتیشی وادەی ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیل كە چەند رۆژێكە بە سەختی بۆردوماندەكرێت هیچ پەیوەندیی بەو هەڵبژاردنەوە نییە كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.  


وتەبێژی دادگای فیدراڵیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند دادگای فیدراڵی عێراق کاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی  پێنجشەممە 21ی حوزەیرانی دیاریكرد، بۆئەوەی لە دانیشتنێكی ئاشكرادا ئەو سكاڵایانە تاوتوێبكات كە لەلایەن فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق و ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و  پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان تومارکراون. لە رۆژی 6/6/2018 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكرد كە تیایدا بڕیاریدا بە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی ئاوارە و دەرەوە و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش هەندێك لایەن دژی وەستانەوە و هەندێكیش پشتیوانیان لێكرد.  دەقی یاساكە: یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (45)ی ساڵی 2013ی هەمواركراو: ماددەی -1- ماددەی (38)ی یاساكە هەڵدەوەشێنرێتەوە ئەمەی خوارەوە جێگەی دەگرێتەوە: ماددەی-38- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بە دووبارە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەستیی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری عێراق بە ئامادەبونی بریكاری قەوارە سیاسییەكان و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنیی خێراكردنی ئەنجامەكان هەڵدەوەشێتەوە و ئەنجامەكان پشت بە ژماردنی دەستی دەبەستێت، ئەم ژماردنە دەستییە تەنانەت وێستگە هەڵوەشاوەكانیش دەگرێتەوە. ماددەی-2- پێویستە لەسەر كۆمسیۆن كارتەكانی دەنگدان بەراورد بكات لەگەڵ ئەو راپۆرتەی كە لە ئامێری لێكۆڵینەوەی ئەلیكترۆنی (باڕكۆد) دەرچووە، لەگەڵ گرتنەبەری بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە.  ماددەی-3- جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی (كۆتا) دەیانگرێتەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی دەرەوە بۆ هەموو پارێزگاكان و هەڵبژاردنی جوڵەی دانیشتوان لە پارێزگاكانی (ئەنبار- سەلاحەدین- نەینەوا- دیالە) و هەڵبژاردنی ئاوارەكان لە كەمپەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار و زیندانییەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان،   هەڵدەوەشێنەوە. ماددەی-4- لە كاتی بوونی سەرپێچی كە پێویست بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان بكات لە بنكەكانی هەڵبژاردندا، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەی هەیە بەپێی ئەوەی لە ماددەی (8/سێیەم)ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە (11)ی ساڵی 2007دا نوسراوە. ماددەی-5- ئەنجومەنی باڵای دادوەریی (9) دادوەر دادەنێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەسەڵاتی ئەنجومەنی كۆمسیاران وەردەگرن لە بری ئەنجومەنی كۆمسیارانی ئێستا، هەروەها دادوەرێك بۆ هەر ئۆفێسێك لە ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگاكان لەبری بەڕێوەبەرەكانی ئێستا، لەگەڵ پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، ئەركی دادوەرە دانراوەكان تەواودەبێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەری ئۆفێسی پارێزگاكان لەكاركردن رادەوەستن تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی ساختەكاریی كە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بۆ كردووە، تەواودەبێت. ماددەی-6- حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی 2018. ماددەی-7- كار بە هیچ دەقێك ناكرێت كە دژ بە حوكمەكانی ئەم یاسایە بێت. ماددەی-8- لە رۆژی دەنگدانەوە لەسەری، ئەم یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.  


درەو میدیا- نیاز عەبدوڵا كۆما جڤاكێن كوردستان لێدوانێكی سه‌فین دزه‌یی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان به‌ "مه‌ترسیدار" و "پڕ زیان بۆ كورد" وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت "ئاگادارین هه‌ندێك هێزی توركیا به‌ جلوبه‌رگی پێشمه‌رگه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و هێزی به‌ره‌ی نوسره‌ و سوپای سوریای ئازادی"یش هێنراون. سه‌رحه‌د ڤارتۆ وته‌بێژی كۆما جڤاكێن كوردستان بۆ (دره‌و میدیا) جه‌خت له‌ زانیارییه‌ هەواڵگرییەكانی (كه‌جه‌كه‌) ده‌كاته‌وه‌ له‌ باره‌ی هێنانی هێزه‌كانی به‌ره‌ی نوسره‌ و سوپای سوریای ئازاد بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت "ئه‌و ناوچانه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی توركیای تێدایە،‌ ئاگادارین ئه‌وان له‌و شوێنانه‌ دانراون".  وته‌بێژی كۆما جڤاكێن كوردستان زانیاری لەبارەی بنكە سەربازی و هەواڵگریيەكانی توركیا دەخاتەروو " تا ئێستا نزیكه‌ی 20 بنكه‌ی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌یه‌، له‌ بامه‌ڕنی تا مێرگه‌سوور و ناوچه‌ی بادینان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و باره‌گایان هه‌یه". سه‌رحه‌د ڤارتۆ ئاگاداری خۆیانی له‌ باره‌ی هاتنی هه‌ندێك هێزی توركیا به‌ جلوبه‌رگی پێشمه‌رگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و وتی: "ئاگاداری ئه‌وه‌ش هه‌ین هه‌ندێك هێزی به‌ره‌ی نوسره‌ و سوپای سوریای ئازاد هێنراونه‌ته‌ باشووری كوردستان". وته‌بێژه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌ ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكرات و قسه‌كانی سه‌فین دزه‌یی ده‌گرێت و ده‌ڵێت "سه‌فین دزه‌یی لێدوانیكی دا وتی: ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ باشوور نه‌بن ده‌وڵه‌تی توركیا هێرشی سه‌ر باشوور ناكات. ئه‌م لێدوانه‌ی دزه‌یی ره‌وایه‌تی به‌ داگیركاری ده‌دات، و ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی سه‌فین دزه‌یی زۆر مه‌ترسیداره‌ و زۆر زه‌ره‌ر له‌ كورد ده‌دات".


نوسینی: ئانا بۆرشفسكایا- بیلال وەهاب وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ پەیمانگای واشنتۆن راپۆرتێكی لەبارەی سیاسەتی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی وزە بڵاوكردەوە كە بە پلەی یەكەم ئەو كەرتە لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە. راپۆرتەكە باس لەوەدەكات، گۆڕینی سەنگەر لە واشنتۆنەوە بۆ مۆسكۆ "هەواڵێكی ناخۆشە" بۆ خەڵكی كوردستان، چونكە روسیا بەپێچەوانەی ئەمریكاوە گوێ بە سەروەری یاسا و مافەكانی مرۆڤ نادات، ئەوەش بە زیان بۆ گەلی كورد كۆتایی دێت. راپۆرتەكە بە وردی سود و زیانەكانی ئەو سەنگەرگۆڕینەی باسكردووە، لەبەر بایەخی ناوەڕۆكی باسەكە بۆ خوێنەرانی كورد، (درەو میدیا) دەقی راپۆرتەكەی وەكو خۆی وەرگێڕایەسەر زمانی كوردی.                                                                               دەقی راپۆرتەكە                                    "حكومەتی هەرێمی كوردستان" پەنا بۆ مۆسكۆ دەبات و بەدوای سەرپەرەشتیارێكی نوێدا دەگەڕێت لە 25ی ئایار/ مایۆ لە میانی "كۆڕبەندی ساڵانەی سان پترسبۆرگی ئابوریی نێودەوڵەتی" نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای زەبەلاحی روسی " روسنەفت" رێككەوتنێكی نوێیان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی غازی سروشتیی لە هەرێمی كوردستان ئیمزاكرد. و بە پشتنبەستن بە گرێبەستێكی تر كە لە كۆڕبەندی ساڵی رابردوو ئیمزاكراوە، رۆسنەفت رەزامەندی دەربڕی لەسەر بونیادنانی هێڵێكی گواستنەوەی غاز بۆ توركیا كە ساڵانە توانای گواستنەوەی 30 ملیار مەتر سێجای هەبێت، ئەوەش بەشێوەیەكی بەرچاو بازنەی بەشداری مۆسكۆ لە كەرتی وزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرفراوان دەكات و ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رۆژی 7ی حوەزیران/ یۆنیۆ جەختیكردەوە كە گرێبەستەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان "بەرهەمدار" و "بەرفراوان"ن. بەهۆی ئەوەی كوردەكان زۆر لاواز و پەرتەوازەن و توانای تەواوەتیان نییە بۆئەوەی كاریگەرییان لەسەر هەژمونی سیاسی عێراق هەبێت، بەدوای دەوڵەتێكی چاودێری نوێدا دەگەڕێن، چونكە بە بۆچونی ئەوان ستراتیژیەتێكی یەكگرتوویی ئەمریكی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەیی نییە. لە 9ی ئایار/ مایۆ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی وەلانا و هەرێمی بەرەو مۆسكۆ بەجێهێشت لەسەر بانگهێشتنی ئیگۆر سیچین سەرۆكی جێبەجێكاری  كۆمپانیای " روسنەفت"، كە یەكێكە لە هاوڕێ‌ بەهێز و نزیكەكانی سەرۆك پوتن، و پێشتریش لە تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆشداریدا لەوەی كە" چاودەخشێنێتەوە بە پەیوەندییەكان" لەگەڵ واشنتۆن، و كرملن بە تەواوەتی ئامادەیە هاوكاری بكات لەو وەرچەرخانەیدا، لەم هەنگاوەوە سەرۆك بارزانی دەیەوێت شەراكەتێكی مێژووی زیندوبكاتەوە كە لە چلەكانی سەدەی بیستەمدا لەمیانی شۆڕشی باوكیدا گەیشتبووە ترۆپك. روسیا و ریفراندۆمی هەرێم لە دوای جەنگی عێراقەوە لە ساڵی 2003ەوە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نزمترین ئاستی لاوازیدایە، ئەوەش تا ئاستێكی زۆر بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەگەڕێتەوە كە لە كاتێكی خراپدا و لە ئەیلول/ سێپەمبەری رابردووو ئەنجامدرا و حكومەتی عێراق بە هاندانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دژایەتی بۆ بەڕێوەچوونی كرد و بەبەكارهێنانی هێز نیوەی خاكی ژێردەستی حكومەتی هەرێم و نیوی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كۆنترۆڵكرد، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 و لە كاتی دەستپێكردنی هێرشەكانی " داعش" ەوە دەستی بەسەردا گرتبوو، جێی ئاماژەیە كە هاوڕێ كلاسیەكییەكانی بارزانی لە خۆرئاوا و لە ناویشیاندا واشنتۆن، پاڵپشتیان لەو هەنگاوە بەهێزە كرد كە بەغداد هەڵیگرت. بەڵام روسیا هەڵوێستێكی زۆر وردتری بەرامبەر بە ریفراندۆمەكە گرتبەر و لەو كاتەدا رایگەیاند كە" رێز لە خواستە نیشتمانییەكانی كوردەكان دەگرێت" و وایدەبینێت كە كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر " دەكرێت و پێویستە چارەسەر بكرێت لەڕێگەی بەڕێوەچوونی دانوستانێكی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای رێز بە ئامانجی گەیشتن بە شێوازێك بۆ پێكەوەژیان لەناو یەك دەوڵەتی عێراقدا كە هەردوولا پێی رەزامەندبن". سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن لێدوانی هاوشێوەی وای پێشكەشەكرد، بەڵام دژایەتیی بەهێزیشی دژی ریفراندۆمەكە كۆكردەوە، لە كاتێكدا مۆسكۆ بە ئاشكرا بێلایەن بوو، ئەم شێوازی كە روسیا گرتیبەر بە بەرژوەندی شكایەوە و نەرمییەكی زیاتری لەگەڵ كوردەكاندا نواند لە دۆخی ئاڵۆزی دوای ریفراندۆمەكە. گەڕانەوەی مۆسكۆ بۆ عێراق و كوردستان لە ساڵی 2003 حكومەتی نوێی عێراق ژمارەیەكی زۆر لە گرێبەستە سەرەكییەكانی وزەی هەڵوەشاندەوە كە پێشتر لەسەردەمی رژێمی سەددام حسێندا لەگەڵ مۆسكۆ ئیمزا كرابوون، بەڵام لەوكاتەوە كۆمپانیا روسییەكان بەبەردەوامی كاردەكەن بۆ ئیمزاكردنی گرێبەستی نوێ. لە ئەنجامی ئەوەدا هەریەكە لە كۆمپانیاكانی "لۆك ئۆیل" و "گازپرۆم" لە ساڵی 2012 چونە ناو بازاڕی وزەی "هەرێمی كوردستانەوە" و لەدوای ئەوە ژمارەیەك گریێبەستیان بەدەستهیێنا بۆ گەشەپێدانی كێڵگەكانی نەوت لە پاڵ پرۆژەكانی تردا، ئەمە وای لە بارزانی كرد دوای ئەوە بەماوەیەكی كورت بۆ جاری یەكەم سەردانی مۆسكۆ بكات. لەكاتێكی تردا، كۆمپانیا ئەمریكییەكانی وەكو "ئیكسۆن مۆبیل: و "شیفرۆن" دەستیان كرد بە كەمكردنەوەی ئاستی بەشدارییان لە كەرتی نەوت و غازی "هەرێمی كوردستان" لە ساڵی 2015، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی مەترسییە ئەمنییەكانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمە سەرباری ئاستەنگی جیۆلۆجی و گرێبەستەكان، بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە، "حكومەتی هەرێمی كوردستان" بانگهێشتی ژمارەیەكی زۆرتری كۆمپانیا روسیییەكانی كرد- بەوپێیەی هاتنەناوەوەی چڕی دەوڵەت مەترسی سیاسی و ئابوری كەمترە لە كۆمپانیا خۆرئاواییەكان. لەم روانگەیەوە، "رۆسنەفت" گرێبەستی نەوتی لەگەڵ هەریەكە لە حكومەتی عێراق و "حكومەتی هەرێمی كوردستان" ئیمزا كرد، ئەمە سەرباری ئەوەی لەدوای داگیركردنی ئۆكرانیاوە، روسیا لەژێر سزای خۆرئاوادایە. لە روانگەی ئابوریی بەحتەوە، پێدەچێت بڕیارە نا لۆژیكییەكەی مۆسكۆ بەو چاوە تەماشا بكەین كە سەرۆك پۆتن بەشێوەیەكی بنەڕەتی وەكو ئامرازێكی سیاسەتی دەرەوە تەماشای گرێبەستەكانی وزە دەكات. لە شوبات/ فێبرایەری 2017وە "روسنەفت" نزیكەی (3 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلار قەرزی بە كوردەكانی عێراقدا و چەندین گرێبەستی ئیمزاكرد بۆ گەشەپێدانی پێنج كۆمەڵگەی وەبەرهێنانی نەوت، هەروەها وەبەرهێنانی كرد لە ژێرخانی هەناردەی نەوت و غاز لە "هەرێمی كوردستان"، سەرباری ئەوەش، ئێستا كۆمپانیای "غاز پرۆم" كاردەكات بۆ گەشەپێدانی سێ كۆمەڵگەی نەوتی. ئەم جۆرە لە توانا بەرفراوانە دەكرێت ببێتەهۆی گەیشتن بە وزە كە لانی كەم هەندێك هەژمون بە مۆسكۆ دەدات لەسەر سیاسەتەكانی "حكومەتی هەرێمی كوردستان"، وە تەنانەت رەنگە لەسەر ئاستی بازنەیەكی فراوانتری هەرێمیش.  لەگەڵ جەمسەرگیریكردنی مۆسكۆ لە بەغدادەوە بەرەو هەولێر، دەبێت ئاماژە بەوە بكرێت كە پەیوەندی روسیا لەگەڵ كوردەكان دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، لەسەردەمی ئیمپراتۆی مەزنن خاتوو كاسرینەوە روسیا هەستی بە بایەخی كورد كردووە و لەوكاتەوە وەكو سەرپەرەشتیارێكی ئەوان مامەڵە دەكات- لەكاتێكدا بەشێوەیەكی كاڵتەجاڕانە بەكاریهێناون بۆ بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتییەكانی خۆی، پێدەچێت ئەم شێوازە جارێكی تر لەگەڵ سەرۆك پۆتن بەرجەستە ببێتەوە.   سیاسەتی بۆرییەكانی نەوت وەك سەرەتایەك بۆ سەروەری تەواوەتی، سەركردەكانی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" كەرتی نەوت و غازیان بەكارهێنا بۆ بەهێزكردنی كاروانەكەیان بە ئاڕاستەی ئابوری سەربەخۆ، بەڵام لەو پرۆسەیەدا روبەڕوی قەیرانێكی دارایی توند بونەوە، دوای ئەوەی قەرزی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیاكانی نەوت و قەرزبەخشەكان كەڵەكە بوو. لە ئاب/ ئۆگۆستی 2017 دا كۆمپانیای "رۆسنەفت" هاتەناوەوە و یارمەتیدان لە یەكلاكردنەوەی یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكان، كە ئەوەش دۆسیەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بوو لەگەڵ كۆمپانیای "دانەغاز"ی ئیماراتی/ عێراقی كە ملیارێك دۆلار لەسەر "حكومەتی هەرێمی كوردستان" كەوت و گریمانەكراویش بوو چەندین ملیار دۆلاری تریان لەسەر بكەوێت. سەرباری ئەوەش، ئێستا "رۆسنەفت" پشكی شێری هەیە لە بواری هەناردەی نەوتی تایبەت بە "حكومەتی هەرێمی كوردستان"، بەڵێنیشی داوە هێڵی بۆری غاز بۆ توركیا دروستبكات، ئەمەش رێگە بۆ مۆسكۆ دەكاتەوە خۆی تێهەڵقورتێنێ و پەیوەندی لە بواری وزەدا لەگەڵ "حكومەتی هەرێمی كوردستان" و ئەنكەرە بنیادبنێت، ئەمەش پێگەی جیۆستراتیژی روسیا لەناوچەكی بەرفراوانتر بەهێز دەكات و وا لە كرملن دەكات بەسەر هەوڵەكانی توركیادا سەركەوێت بۆ ئەوە ببێت بە ناوەندی وزە، ئەمەش بەشێوەیەكی كردەیی تواناكانی توركیا وەكو جێگرەوەیەك بۆ قۆرخكاری روسیا ئیفلیج دەكات لە بازاڕەكانی وزەی ئەوروپادا. بەرپرسانی عێراقی نەیارێتی مافی یاسایی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" دەكەن لە هەناردەكردنی نەوتدا، بەڵام بژاردەكانی بەغداد تایبەت بە هەناردەی نەوتی كێڵگە گەورەكانی باكور، سنوردارە: یان دەبێت هێڵی بۆری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت یاخود دەبێت هێڵی كەركوك نوێ بكاتەوە كە بەهۆی پرۆسە وێرانكارییەكانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"یەوە لەكاركەوتووە. ئێستا كە پشكی "رۆسنەفت" بووە بە 60% لە هێڵی "حكومەتی هەرێمی كوردستان"، دەتوانێت یارمەتی كوردەكان بدات لە رێگریكردن لە بژاردەی دووەم، ئەمەش پێویستی بە بڕێكی زۆر كات و دارایی هەیە. بەوە، بارزانی سامانە سەرەكییەكەی رزگار دەكات لە سازشكردنی تەواوەتی بۆ حكومەتی ناوەندی، كە كەرتی گەشەكردووی نەوتە لە "هەرێمی كوردستان".  لە مامەڵەكردن لەگەڵ مۆسكۆ، پێدەچێت كوردەكان بیرۆكەیان لە هێزەكانی دراوسێ وەرگرتبێت. "رۆسنەف" لە پێشەنگدایە لەڕوی فراوانكردنی جێپەنجەی روسیا لە دیمەنە بەرفراوانە ئیقلیمییەكەی وەزدا، ئەمەش بە لەبەرەچاوگرتنی ئەوەی ئێران و جەزائیر و میسر هاوبەشی گریمانەگراوی ئەون. هەروەك ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ روسیا یارمەتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" دەدات لە فرەجۆركردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی بۆ قەرەبوكردنەوەی بەرژەوەندییە لەدەستچوەكانی لەگەڵ واشنتۆن و ئەنكەرە، سەرباری ئەوەش، پێدەچێت بونی كورد لە حكومەتی عێراق بچوك ببێتەوە كاتێك دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار بارودۆخ سەقامگیر دەبێت، بۆ ئەوەی مۆسكۆ بتوانێت یارمەتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" بدات لە گێڕانەوە هەندێك لە هەژمونی خۆی لە بەغداد. مەترسییەكانی جەمسەرگیری لەگەڵ روسیا تا كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكان و توركیا سەرپەرەشتیاری سەرەكی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" بوون،ـ كوردەكانی عێراق پشتیان بەو یارمەتییە سەربازی و داراییەی ئەمریكا دەبەست كە بە هێزەكانی پێشمەرگەی دەدا بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایش، لەكاتێكدا ئابورییەكەیان پیشتی بە توركیا دەبەست لە یارمەتیدانیان لە هەناردەی نەوت سەرباری ناڕەزایەتی بەغداد، سەرباری ئەوەی روسیا پارێزگاری لە كورسییەك كردووە بۆ خۆی لەسەر مێزەكە، بەڵام سودەكەی بۆ ئامانجەكانی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" هێشتا تاقینەكراوەتەوە. لەم ساڵانەی دوایدا، لەڕووی ستراتیژییەوە "هەرێمی كوردستان" لە كەرتی نەوت و غازدا وەبەرهێنانی كرد بۆ راكێشانی وڵاتە زلهێزەكان وەك گرەنتییەك لەدژی بەغداد، پاشان، پاڵنەرەكانی بۆ جەمسەرگیری لەگەڵ روسیا شتێكی كتوپڕ نییە- هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا لەنێویاندا ئیسرائیل، خۆیان بینییەوە كە پەنا بۆ مۆسكۆ دەبەن لە هەموو كێشە هەرێمایەتییەكانی ئەمدواییە. لەگەڵ سەرقاڵبونی ئەمریكا بە رێككەوتنە ئەتۆمییە داڕماوەكەی ئێران، و جەنگی سوریا، و دانوستان لەگەڵ كۆریای باكور، "حكومەتی هەرێمی كوردستان" هەستی بەوە كردووە  پێویستی بەوەیە بچێتە پاڵ روسیا كە دوربین ترە. بەڵام پێویستە لە ئاستێكی دورمەودادا هەولێر وریا بێت لە هەڵبژاردنی كۆمپانیاكان، كاتێك روسیا كوردەكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتەییەكانی خۆی بەكاربهێنێت، نەك لەپێناو پشتیوانی راستتەقینە لە دۆزی سەربەخۆییان (ئەمە بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەكرێت ئەم پرسە ببێت بە پێشینەیەكی مەترسیدار بۆ كەمینەكانی تر لە چاخی دوای یەكێتی سۆڤیەت). لەوبارەیەوە، ئاماژە بەوەی كە مۆسكۆ رێگەی بە توركیادا هێرش بكاتەسەر هێزە كوردییەكانی سوریا و لە عەفرین دەریان بكات، بەڵام لە عێراق، كۆمپانیاكانی بواری وزەی روسیا كارەكانیان لە "هەرێمی كوردستان" وەكو كارتێك بەكاردەهێنن بۆ فشاركردنێكی كاتی بەمەبەستی داماڵینی مەرجی گرێبەستكردنی باشتر لە بەغداد. هەروەك باوەشگرتنەوە بۆ ئەو كۆمپانیا روسیانەی كە دەكەونە ژێر سزا نێودەوڵەتییەكان دژە لەگەڵ خواستی دەنگدەرانی كورددا، كە داوای بەدیهێنانی حوكمێكی باش و چاكسازی ئابوری دەكەن، لەسەر ئاستێكی فراوانتریش، مۆسكۆ بەپێچەوانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە رێز لە سەروەری یاسا و مافەكانی مرۆڤ ناگرێت، بۆیە سەرپەرەشتیكردنەكەیان هەواڵێكی خراپە بۆ گەلی كورد. هەندێك لە لێپرسراوانی واشنتۆن نزیكبونەوە لەگەڵ "حكومەتی هەرێمی كوردستان" بە پرسێكی گرنگ نازانن لە ئێستادا لەگەڵ بچوكبونەوەی شەڕی دژ بە رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"، بەتایبەتیش ئەگەر بڕیارەكەی هەولێر لەبەرچاوبگرین لە پشتگوێخستنی هۆشداریدانەكانی ئەمریكا سەبارەت بە ریفراندۆم. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەو بەرپرسانە هەست بەوە بكەن لەبەرئەوەی رۆڵی داهاتووی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناڕوونە، ژمارەیەكی زیاتر لە لایەنە كارا لۆكاڵییەكان تەماشای روسیا دەكەن وەكو ئەڵتەرناتیڤێكی سەرەكی كە گەرەنتی مانەوەیان بكات. ئەمەش زیانێكی گەورە بە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەگەیەنێت لە كاتێكی دورمەودادا.  


سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، حزبی دەعوە ژمارەیەك كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیاز دەكات و كەسیش مافی ئەوەی نیە هێڵی سوریان بۆ دابنێت، دەشڵێت، مالكی تائێستا خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندید نەكردوە.  عەبدولسەلام مالكی سەركردە لەئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەهەوڵەكانی هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری دەكەن بۆ دورخستنەوەی حزبی دەعوە و بێبەشكردنی لەپۆستی سەرۆك وەزیران، بەڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی ڕایگەیاندوە، كەس ناتوانێت هێڵی سور بۆ حزبی دەعوە دابنێت و زیاد لەكاندیدێكێشیان هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و نوری مالكی  ئەمینداری حزبەكەشیان تائێستا خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندید نەكردوە. ئەو سەركردەیەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕاشیگەیاندوە، مەرجی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ پەراوێزنەخستنی هیچ لایەنەكەو سەرجەم ئەو هاوپەیمانێتیانەشی تائێستا ڕاگەیاندراون تەنها ڕێكەوتنە و پرۆسەی سیاسیش بەتەنها لەسەر بنەمای ڕێكەوتن بنیاتبنرێت بەڵكو پێویستی بەپەیماننامەو گرێبەستی سیاسی هەیە.     


درەو میدیا: سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په‌" بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماریی توركیا، كه‌ له‌ زیندانی ئه‌دیرنه‌ به‌ندكراوه‌، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا‌ له‌ ڕێی كه‌ناڵی TRT Haberی توركی، به‌ ڤیدیۆ په‌یامێكی ئاراسته‌ی ڕای گشتی كرد و وتی :" نه‌ك ته‌نیا ٢٠ مانگ، ئه‌گه‌ر ٢٠ ساڵیش له‌ زینداندا بمێنمه‌وه‌، سه‌رم بۆ زوڵم دانانه‌وێنم". ده‌قی په‌یامه‌كه‌ به‌ زمانی كوردی: خوشك و برایانی هێژا: به‌ گه‌رمترین خۆشه‌ویستی، بیركردن و هه‌سته‌وه‌ سڵاوتان لێ ده‌كه‌م. له‌م كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌داخه‌وه‌ له‌ زیندانی پیتی ئێف-ی ئه‌دیرنه‌ بانگه‌وازتان ئاراسته‌ده‌كه‌م. له‌ ٤ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٦ له‌گه‌ڵ ١٢ هه‌ڤاڵی په‌رله‌مانتار ئێمه‌یان خسته‌ زیندان. ٢٠ مانگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بێ حقوقی ئێمه‌ لێره‌دا زیندانین. هیچ جارێك دادگاییكردنێكی دادپه‌روه‌رانه و‌ بێلایه‌نانه‌ به‌ڕێوه‌نه‌چوو. له‌م ٢٠ مانگه‌دا، ته‌نیا ٢ جار چوومه‌ته‌‌ به‌رده‌م دادگه‌. پڕۆسه‌ی دادگه‌ییكردنی من ده‌كرا به‌بێ گرتن به‌ڕێوه‌چووبا، به‌ڵام به‌هۆی زه‌ختی سیاسی بڕیاری دیلگرتنی من به‌رده‌وامه‌. تاوانباركردنی منیش به‌هۆی قسه‌كانمه‌وه‌یه‌، ئه‌و قسانه‌ی كه‌ زۆر جار ئێوه‌ گوێتان لێ گرتووه‌. جگه‌ له‌مه‌، هیچ شتێكی دیكه‌ نییه‌. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاكه‌په‌ له‌ من ده‌ترسێت، من لێره‌م. لێره‌دا من گیراوم و له‌ مه‌یدانه‌كان پاشه‌ملێ بوختانم ده‌كه‌ن. ده‌رباره‌ی من هیچ بڕیارێكی سزادان نییه‌، به‌ڵام وه‌ك تاوانبار ناوم دێنن. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی پێشێل ده‌كه‌ن و به‌ هه‌ڵه‌ ڕای گشتی ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆئه‌وه‌ی ژیانی خۆشگوزه‌رانانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، درۆ ده‌كه‌ن. من ناتوانم له‌وه‌ تێبگه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌خلاق و ویژدانی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، چۆن ده‌یانه‌وێ وه‌ڵات به‌ڕێوه‌ببه‌ن. ئێوه‌ بزانن له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ من تاوانبار نیم، ته‌نیا با ده‌زگه‌ی دادوه‌ری له‌ بری ده‌سه‌ڵاتداره‌تی پشت به‌ حقوق ببه‌ستێت. با ئه‌م شته‌ له‌بیر نه‌كه‌ن، سه‌ید ڕه‌زا گوتبووی «من نه‌متوانی سه‌ر له‌ فرتوفێڵی ئێوه‌ ده‌ركه‌م، ئه‌مه‌ بۆ من بوو به‌ ده‌رد. به‌ڵام من له‌ به‌رده‌م ئێوه‌ سه‌رم دانه‌نه‌واند، با ئه‌مه‌ش بۆ ئێوه‌ ببێته‌ ده‌رد!» من سه‌ر له‌ درۆكانی ئێوه‌ ده‌رده‌كه‌م! ئه‌گه‌ر زۆرداری و بێ حقوقی ته‌نیا له‌سه‌ر من بوایه‌، باسی ئه‌م شتانه‌م نه‌ده‌كرد. به‌ڵام هه‌موو ڕۆژێك ئه‌م زۆرداری و بێ حقوقییه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریی خۆم ده‌بینم. ئێوه‌ مه‌غدوری ئه‌م ستەمەن. من ده‌بینم كه‌ ژیانی ئێوه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر تراژیدی ده‌بێت. ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه تووشی‌ ترس، بێ هیوایی و ڕه‌شبینی بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی برا له‌ برا، دراوسێ له‌ دراوسێ به‌ گومان بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا‌ بێكاری، هه‌ژاری، قه‌یرانی ئابووری و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دراوی بیانی ژیانی خنكاندووه‌. حكوومه‌تی ئاكه‌په‌ هه‌موو ڕۆژێك له‌ كۆشك و سه‌راكانه‌، به‌ڵام گه‌له‌كه‌مان برسییه‌. به‌ گیانی منداڵانی ئێمه‌ درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی شه‌ڕ ده‌ده‌ن. خوشك و برایانی هێژا له‌ ڕژێمه‌ دیموكراتییه‌كاندا هه‌ڵبژاردن زۆر گرنگن. به‌و ده‌نگه‌ی كه‌ ئێوه‌ ده‌یده‌ن، یاسا داده‌نرێت و نوێنه‌رانی خۆتان هه‌ڵده‌بژێرن. بڕیاری ئێوه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌مڕۆ، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتووی منداڵانیش ده‌بێت. ئێوه‌ بڕیاری خۆتان ده‌ده‌ن كه‌ ئایا له‌ دوای ٢٤ی حوزه‌یران وه‌ڵات به‌ره‌و كوێ بچێت. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌نگ به‌ ئاكه‌په‌ بده‌ن، چاره‌نووسی و‌ڵات ته‌نیا له‌ ده‌ستی كه‌سێكدا ده‌بێت، هه‌موو بڕیاره‌كانی به‌ڕێوه‌بردن، دادگا‌ییكردن و یاساكان له‌ ده‌ستی كه‌سێكدا ده‌بێت. هیچ ده‌زگه‌یه‌ك نابێت كه‌ بتوانێت بچوكترین كێشه‌كانی ئه‌و كه‌سه‌ش ڕاست بكاته‌وه‌، چاره‌نووسی ٨١ ملیۆن كه‌س له‌ ده‌ستی تاكه‌كه‌سێكدا ده‌بێت. دونیا له‌ كاتێكدا له‌ ڕێی دیموكراتی پێشده‌كه‌وێت، توركیا به‌ حكومه‌تێكی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ به‌ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌ و دوور ده‌بێت له‌ دیموكراتی. هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ دیموكراتییه‌كان له‌ شه‌وێكدا نامێنن. هیچ شوێنێك نامێنێت كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر نادادپه‌روه‌ریدا ئێمه‌ سكاڵای له‌لا بكه‌ین. دادگا و فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌ردی ئێوه‌ نابنه‌ ده‌رمان. هه‌موو شتێك به‌ گوێره‌ی كه‌یف و زه‌وقی كه‌سێك ده‌كرێت. له‌و ڕژێمه‌دا مرۆڤ هه‌ست ده‌كات كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌خنكێت.  من ئه‌م شته‌ به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی خۆم ناڵێم، به‌ڵكو سه‌یری ڕووداوه‌كانی ساڵانی ڕابردوو ده‌كه‌م و وه‌ها ده‌ڵێم. ئه‌و شته‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین ته‌نیا پێشه‌كییه‌كه‌ی ڕژێمی تاكه‌پیاوییه‌. به‌شی ترسناكی فیلمه‌كه‌ هێشتا ده‌ستی پێنه‌كردووه‌. له‌ ٢٤ی حوزه‌یراندا ئێوه‌ بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ ئایا كه‌شوهه‌وای ترس ده‌ستپێبكات یان نا. من ده‌زانم كه‌ بڕیاری ئێوه‌ له‌پێناو ئازادی و دیموكراتی ده‌بێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌هاداره‌ی ئێوه‌، داهاتووی ڕووناكی توركیا مسۆگه‌ر ده‌كات. به‌ر له‌وه‌ی ئێمه‌ بكه‌وینه‌ تونێلێكی تاریك، له‌ به‌رده‌ممان هەلێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌م هەلە‌ به‌كاردێنین و وڵات له‌ دۆخی به‌ر‌ كه‌نده‌ڵان ڕزگارده‌كه‌ین. با هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌قاوه‌كان كه‌ به‌ والی و قایمقامه‌كان، به‌ ده‌رفه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت، به‌ سزادان و میدیا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، ئێوه‌ نه‌ترسێنێت. سه‌خت نابێت كه‌ مرۆڤ پیشانی ئه‌و كاراكته‌ره‌ سیاسییانه‌ی بدات كه‌ گه‌ل كێیه‌ و هێزی گه‌ل چییه‌. له‌ ٢٤ی حوزه‌یراندا ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ده‌په‌ و ده‌میرتاش بخه‌نه‌ زه‌رف و ئه‌وه‌ی دیكه‌ بۆ ئێمه‌ لێبگه‌ڕێن. ئێواره‌ كاتێك سندووق كرانه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ ئه‌و شه‌قاوه‌ و ساخته‌كارانه‌ ده‌كه‌ونه‌ چ حاڵێك. ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ به‌رده‌م ئێمه‌یه‌ كه‌ ده‌رسێكی باشی سیاسه‌تمه‌دارانی بچووك بده‌ین. بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆتان بده‌ن. پێویسته‌ هه‌ڤاڵانی گه‌نج بۆ چاودێریكردن ئه‌رك وه‌رگرن. تا زۆرترین ڕاده‌ من باوه‌ڕم به‌ گه‌نجان و ژنان هه‌یه‌. هەلەكان من لێره‌ زۆر كه‌من، به‌ڵام ده‌زانم‌ ئێوه‌ به‌ ناوی منه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی باش درێژه‌ به‌ كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن. من ده‌زانم ئێوه‌ خاوه‌نداره‌تی له‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ن. خه‌می منتان نه‌بێت، ئێوه‌ باش بن منیش باش ده‌بم. نه‌ك ته‌نیا ٢٠ مانگ، ئه‌گه‌ر ٢٠ ساڵیش من له‌ زینداندا بهێڵنه‌وه‌ سه‌ری خۆم له‌ به‌رانبه‌ریاندا دانانه‌وێنم. له‌پێناو ئاشتی و دیموكراتی من به‌ ناوی ئێوه‌ خۆڕاده‌گرم. ئێمه‌ كوردین، توركین، ژن و پیاوین، عه‌له‌وی و سوننین. توڕه‌یی ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ستەمە‌. ئێمه‌ شێخ به‌دره‌دینین، لایه‌كی ئێمه‌ پیر سوڵتانه‌. ئێمه‌ مه‌زڵوومین، ئێمه‌ ده‌نیزین. ناوی ئێمه‌ سه‌عیده‌ له‌ مه‌یدانی ده‌روازه‌ی چیا. ئێمه‌ حوسێنین له‌ كه‌ربه‌لا. له‌ دووره‌ وڵاتی ئه‌حمه‌د كایاین، له‌ زینداندا یەڵماز گونه‌ین. جیاوازی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌نیا كه‌سێك نین، به‌ڵكو ئێمه‌ زۆر كه‌سین. ئێمه‌ شان ده‌ده‌ینه‌ به‌ر شانی یه‌كتر. له‌ ٢٤ی حوزه‌یراندا ده‌نگێك بده‌نه‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌نگێك بده‌نه‌ ده‌میرتاش. شانسێك بده‌نه‌ ڕووناكی، هیوا، ئارامی و ئاشتی. باوه‌ڕ به‌م شته‌‌ بێنین و پێكه‌وه‌ به‌دی بێنین. به‌م هه‌ستانه‌وه‌، به‌ ڕێزه‌وه‌ سڵاو له‌ هه‌مووتان ده‌كه‌م و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانتان لێ پیرۆز ده‌كه‌م. ئاینده‌یه‌كی به‌هیوا و به‌خته‌وه‌ر بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم.  سەرچاوە: ئاژانسی فوراتنیوز  


(درەو میدیا): ئەمڕۆ دووشەممە 18ی حوەزیران، توركیا و ئێران و روسیا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستوری نوێی سوریا لە جنێڤ كۆدەبنەوە. ستیفان دیمستۆرا، نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە سوریا رایگەیاند رۆژی 18 و 19ی حوەزیران نوێنەرانی توركیا و ئێران و روسیا لە جنێڤی سویسرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستوری نوێی سوریا و پێكهێنانی لیژنەی دەستوری سوریا كۆدەبنەوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش رایگەیاند جگە لەو سێ‌ وڵاتە، نوێنەرانی چەند وڵاتێكی تریش بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە و قۆناغی ئێستای سوریا بانگهێشتنی كۆبوونەكە دەكرێت و چاوەڕوانیش دەكرێت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان ئەندامانی لیژنەی دەستوری نوێی سوریا دیاریبكات. نوسینی دەستورێكی نوێ بۆ سوریا یەكێكە لە چاكسازییە سیاسییانەی دوای هەڵگیرسانی جەنگی سوریا لە 2011ەوە بڕیاری لێدراوە و چاوەڕوان دەكرێت ئەوە یەكەم هەنگاوبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە سوریا.  


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵا "هێزی چەكدار بۆچی دروست بكەین و بۆ گیان كێ ؟ كاك نەوشیروان وتی ئێمە ئەگەر هێزمان هەبێت ئەبێ بۆ گیان یەكێتی یان بۆ گیان پارتی بێت" مام رۆستەم هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و فەرماندەی پێشووی سەربازی كە لە سەرەتاوە لە دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداربووە بەمجۆرە باسی لە دروستكردنی هێزی چەكدار كرد لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان. لەماوەی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ (درەو میدیا)، مام رۆستەم هەر بیرۆكەیەكی دروستكردنی هێزی چەكداری نوێی بۆ گۆڕان رەتكردەوە و وتی "ئەنجام هەر ئەبێ بێیتەوە‌ سەر مێزی مفاوەزات و لەو نێوانەش كۆمەڵێك گەنجی باشمان ئەكوژن و تەواو". درەو میدیا: دەرفەت هەیە بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە ‌هێزێكی چەكدار؟ مام رۆستەم: لە ئەسڵا ئێمە وەختی خۆی كە دەستمان دایە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بزووتنەوەیەكی مەدەنی بوو، تا ئێستاش ئەو بزووتنەوەیە مەدەنییە. درەو میدیا: تۆ كەسێكی نزیك بویت لە نەوشیروان مستەفا، ئەو رای چی بوو لەسەر ئەگەرەكانی دروستكردنی هێزی چەكدار بۆ بزووتنەوەكە ؟ مام رۆستەم: ئەو هەر دوای ئەوەی كە ئێمە چووینە گردی زەرگەتە و دەستمان كرد بە خەباتی مەدەنی هەتا ئەو رۆژەی كۆچی دوایی كرد دژی خەباتی چەكداری بوو، چونكە وتی هێزی چەكدار بۆچی دروست بكەین و بۆ گیان كێ؟ وتی ئێمە ئەگەر هێزمان هەبێت لە سلێمانی ئەبێ بۆ گیان یەكێتی یان بۆ گیان پارتی بێت یا حیزبێكی تر، ئەگەرنا خۆ حكومەتی عێراقی لێ نەماوە بڵێین هێز دروست ئەكەین بۆ گیان رژێمێك كە دژ بە كوردە. لەبەر ئەوە ئێمە ئیمانمان بە هێزێكە هێزی نیشتیمان بێت، هێزێك بێ هی هەمووان بێ دژی هیچ كەسێك نەبێ لە كوردستان و هیچ پارچەیەكی تری كوردستان. درەو میدیا: نەوشیروان مستەفا رای چی بوو لەسەر ئەو بیرۆكانەی داوای دروستكردنی یەكەی 90 یان ئەكرد هاوشێوەی یەكەی 70 و 80ی پارتی و یەكێتی؟ مام رۆستەم: ئەوەندەی من ئاگام لە كاك نەوشیروان بوو قەت لەگەڵ هێزی چەكدار نەبوو، چونكە وتی لە ساڵانی شەستەكانەوە  كورد كورد ئەكوژێ و هیچیشمان بە هیچ نەكرد لە خەسارەت زیاتر.   درەو میدیا: ئەو كەسانەی لەناو گۆڕان خواستیان بۆ دروستكردنی هێزێكی چەكدار هەیە، پێتوایە بتوانن ئەو خواستە بەدیبهێنن؟ مام رۆستەم: مەحاڵە بتوانن، لەبەرئەوەی ئەوە شتێكی چاوەڕواننەكراوە و شتێكە ناكرێت. چونكە چۆن هێز دروستئەكەی؟ هێز شوێن و راهێنانی ئەوێت، هیچ نەبێت چەك و پارە و خواردنی ئەوێت، كۆمەڵێك شت هەیە بتەوێت هێزێك دروستبكەی لای كەمی ئەگەر لیوایەكیش دروستبكەی كە بریتییە لە سێ بۆ چوار فەوج ئەمەش ژیانی ئەوێت. ئەو كەسانەی ئەڵێن گۆڕان هێزی چەكداری هەبێت دوو بەشن، بەشێكیان حەز ئەكەن هێزێكی چەكدارمان هەبێت، بەشەكەی تریان لە غەدرەوەیە و پێیانوایە ئەو هەموو غەدرە ئەكرێ، ئەڵێن ئەمانە بە چەك غەدرمان لێ ئەكەن و ئەبێ بە چەك وەڵامیان بدەینەوە. بەڵام خۆ زۆر كەس و لایەن هەن چەكیان نییە و خەبات ئەكەن خەباتی مەدەنی. ئەوەتا لە توركیا سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانە‌ و لەسەر داواكاری خۆیان سوورن و لەم لاشەوە هێزێك هەیە ناوی پەكەكەیە. ئەوە ئەكرێت لە هەندێك وڵات، بەڵام لای ئێمە لە كوردستان ناتوانین بڵێین هێز و وەزارەتی پیشمەرگەمان هەیە كە هی كوردە‌، هەرچەندە هەر هی كورد نییە، چونكە بینیمان لە كەركوك نەیانتوانی بەرگری بكەن، بەڵام بۆ گیان یەكتریش ئەوەندە ئازان نەبێتەوە. بە ویستی خۆم وەك مام رۆستەم حەز ئەكەم كورد هێزێكی هەبێت دیفاع بكات لە وڵات و كوردستان لە هەموو پارچەكانی كوردستانیش بەرگری لە هەموو كوردستان بكات. بەرگری لە بوونی كورد و لە هەموو تاكێكی كورد بكات. لەبەر ئەوە قەت لەگەڵ ئەوە نیم ئێمە هێزێك دروستبكەین بۆ گیان پارتی یان یەكێتی و یەكیكی تر، چونكە ئەنجام هەر ئەبێ بێیتەوە‌ سەر مێزی مفاوەزات و لەو نێوانەش كۆمەڵێك گەنجی باشمان ئەكوژن و تەواو. لە ژیانی پێشمەرگایەتیم شەش جار برینداربووم، خۆشبەختانە هیچ یەكێك لەو شەڕانەی بەشداریم تێداكردووە شەڕی ناوخۆ نەبووە. كەواتە بۆچی ئیستا بێم بەشداربم لە دروستكردنی هیزێك بۆ گیان هێزەكانی تر، بەڵام بەڵێ لەگەڵ هێزم بۆ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان كە بەرگری لە خاكی كوردستان بكات.          


(درەو میدیا): سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك رایگەیاند ئیستەبرەق عەبدوللەتیف بەرپرسی بەشی پلاندانانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرکوک  و باوكی لە ماڵەكەیاندا بە گەڕەكی قادسیەی دوو بە خنكێنراوی دۆزراوەنەتەوە و پاشان بۆ زانینی هۆكارەكەی تەرمەكانیان رەوانەی پزیشكی داد كراوە. عەقید ئەفراسیاو كامیل وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای كەركوكیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" سەرۆكی بەشی پلاندانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە كەركوك ئیستەبرەق عەبدوللەتیف لە نێو ماڵەكەی خۆیدا لەلایەن كەسانەی نەناسراوەوە تیرۆركراوە." وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای كەركوك ئاشكراشیكرد، هەروەها تەرمی باوكی سەرۆكی بەشی پلاندانی سەربە وەزارەتی تەندروستی لە كەركوكیش دۆزراوەتەوە و پۆلیسی دەستیكردووە لە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە.  


(درەو میدیا): سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی سەرۆكایەتی توركیا، یەكەم پەیامی ڤیدیۆیی خۆی لە زیندانەوە لەرێگەی كەناڵی (TRT)ەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند" هەڵبژاردن قۆناغی هەرەگرنگی بڕیاردانە، 24ی حوزەیران رۆژێكی گرنگە بۆ هاوڵاتیانی ئێمە و نابێت دەرفەت بەوانە بدرێتەوە كە حكومەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنن".  دەمیرتاش وتی: ترس و دڵەراوكێ لەناو هاوڵاتیان بڵاوبوەتەوە، بێكاری و دابەزینی بەهای دراوی توركی كێشەی گەورەی بۆ توركیا دروستكردووە. دەمیرتاش بارودۆخی توركیای بە خراپ لەقەڵەمداو ئاماژەی بەوەكرد" بڕیارەكانی توركیا لەدەستی تاكەكەسدایەو دەنگدانەوە بە ئەكەپەو ئەردۆغان واتا چارەنووسی 81 ملیۆن هاوڵاتی لە توركیا لەدەستی یەك كەسدا، كە ئەمەش توركیا دەكاتە وڵاتێكی ستەمكار، جیهان بەرەو دیموكراسی هەنگاو دەنێت، بەڵام توركیا لەو پرسەدا بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت".  دەمیرتاش بە ورەیەكی بەرزەوە پەیامەكەی ئاراستە كردو باسیلەوەكرد"  لە كوشتن و دەستگیركردن ناترسێت و چەند ساڵی تر لە زیندان بێت سەری خۆى دانانەوێنێت و بەرامبەر بە ستەمی توركیا دەوەستێتەوە". دەمیرتاش داوای لە هاوڵاتیان كرد" لە ئاستی ئەو بارودۆخەدا رەشبین نەبن و ئەم هەڵبژاردنە هەلێكی باشە بۆ ئەوەی خۆیان رزگاربكەن لەو بارودۆخە" . https://www.youtube.com/watch?v=Dtr1r1ObqW0&feature=youtu.be


گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا "وه‌ك هه‌ده‌په‌ رامان وایه‌ توركیا ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستیانه‌ی سوریا به‌كاربهینێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ سنوورییه‌كان" ئه‌مه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ بوون هاوسه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی گه‌لان- هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق عابد ئیكه له‌ ماوه‌ی گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ (دره‌و میدیا) خستییه‌ روو. له‌ ماوه‌ی قسه‌كانیدا عابد ئیكه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی تێگه‌یشتنی نیازی راسته‌قینه‌ی سوپای توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێم كرده‌وه‌.  دره‌و میدیا: هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌رامبه‌ر هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هه‌رێم چۆن ده‌بینن؟ عابد ئیكه‌: دوای زۆربوونی هه‌ڕه‌شه‌كان، پێویسته‌ شه‌ڕی توركیا وه‌ك شه‌ڕی پارتی كرێكارانی كوردستان- په‌كه‌كه‌ نه‌بیندرێت، ده‌بێت هێرشی توركیا وه‌ك هێرشی سه‌ر هه‌موو گه‌ل و خه‌ڵكی كوردستان ببیندرێت. ئه‌وه‌ به‌ ته‌نیا بیانووه‌ كه‌ ده‌ڵێن هاتنی سوپاكه‌ دژ به‌ پارتی كرێكارانی كوردستانه‌ له‌ باشووری كوردستان، راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ سوپای توركیا دێت و ده‌یه‌وێت هه‌رێمی كوردستان داگیر بكات. بۆ نموونه‌ توركیا ده‌یه‌وێت هه‌موو خاكی باشوور داگیر بكات له‌ كه‌ركوكه‌وه‌‌ تا ته‌واوی شاره‌كانی، ئه‌مه‌ به‌رده‌وامی ئه‌وه‌یه‌. ئه‌وان ده‌خوازن قوربانی نزیكه‌ی سی ساڵی خه‌ڵكی هه‌رێم له‌ شه‌هید و ئه‌نفال و ته‌واوی ئه‌وه‌ی كورد له‌ هه‌رێم وه‌ك ده‌سكه‌وت ده‌ستی خستووه‌ تێكبده‌ن. دره‌و میدیا: ئایا هه‌ڵوێستی حیزبه‌كان جیاوازتر ده‌بینن له‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌ت؟ عابد ئیكه‌: به‌ دڵنیایی به‌شێك له‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵوێستن، بێ ده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستیشیان‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان- ئاكه‌په‌. بۆنموونه‌ به‌ ناوی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر پارتی كرێكاران له‌ چیای قه‌ندیل و برادۆست و ئه‌و شوێنانه‌ نه‌بێت، ده‌وڵه‌تی توركیا هێرشی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم نه‌ده‌كرد. ئه‌مه‌ خۆ خه‌ڵه‌تاندن و خه‌ڵك خه‌ڵه‌تاندنه‌، پێویسته‌ گه‌لی باشوور به‌م قسانه‌ بڕوا نه‌كات و ئه‌وان پێویسته‌ هاوده‌نگی خۆیان هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی 2008 له‌و كاته‌ی شه‌ڕ له ‌دژی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو خه‌باتێكی مه‌زن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا، خه‌ڵكی بامه‌ڕنی هه‌تا دهۆك و ئامێدی و ته‌واوی خه‌ڵكی هه‌رێم ئه‌و كات گیانی خۆیان كرده‌ قه‌ڵغان دژ به‌و داگیركارییه‌. حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته‌ هه‌ڵویستی بۆ پاراستنی خاك و گیانی خه‌ڵكی كوردستان روون بێت. سوپای ده‌وڵه‌تی توركیا كه‌ توانیویه‌تی بێته‌ برادۆست و پیشوازی له‌ سوپاكه‌ی بكرێت، هه‌ندێك هێزی كورد وه‌ك هێزی پاراستنی ئه‌و خاكه‌ ئه‌وان وه‌ك میوان ببینن، پێویسته‌ گه‌لی ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ ئه‌وه‌ به‌ باشی بزانن ئه‌و سوپایه‌ چۆن هاتووه‌. دره‌و میدیا: گرنگی بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و چیاكان چییه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و هێزه‌ كوردیانه‌ی هه‌رێم په‌كه‌كه‌ به‌ هۆكاری هاتنی سوپاكه‌ ده‌زانن؟ عابد ئیكه‌: ئه‌گه‌ر هێزی په‌كه‌كه‌ له‌ خنێر و خواكورك و قه‌ندیل نه‌بێت توركیا ئه‌و ناوچه‌ و چیایانه‌ پڕ ده‌كات له‌ گرووپ و هێزه‌ تیرۆریستییه‌كانی، ئیتر خه‌ڵكی كوردستا ناتوانن له‌و ناوچانه‌ بژین و ژیانی خۆیان له‌سه‌ر خاكی خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و به‌ ئازادی بسووڕێنه‌وه‌.  عابد ئیكه‌: توركیا له‌ شه‌ڕی ناوخۆ پێشه‌نگی ده‌كرد چونكه‌ ده‌یویست دۆخی باشوور تێكبدات، ئێستاش ده‌یه‌وێت هه‌مان شت بكات به‌ ناوی هێزی جیا جیای كوردییه‌وه‌     دره‌و میدیا: كه‌واته‌ وه‌ك هه‌ده‌په‌ راتان چۆنه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌چنه‌ رۆژئاوا؟ عابد ئیكه‌: به‌داخه‌وه‌، توركیا له‌ شه‌ڕی ناوخۆ پێشه‌نگی ده‌كرد چونكه‌ ده‌یویست دۆخی باشوور تێكبدات، ئێستاش ده‌یه‌وێت هه‌مان شت بكات به‌ ناوی هێزی جیا جیای كوردییه‌وه‌ له‌ باشووره‌وه‌‌ كورد به‌رنه‌ سه‌ر رۆژئاوا و له‌ دژیان به‌كاریان بهێنن و شه‌ڕیان پێ بكه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌ژه‌.  ئه‌وان له‌ شنگالیش به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا ویستیان هه‌مان شه‌ڕ بكه‌ن به‌ڵام له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ ده‌ركران، ئه‌وانه‌ پێشمه‌رگه‌ نین و خزمه‌ت به‌ گه‌لی ئێمه‌ ناكه‌ن و ئامانج و ناوی پێشمه‌رگه‌ جودایه له‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن‌.  عابد ئیكه‌: حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته‌ هه‌ڵویستی بۆ پاراستنی خاك و گیانی خه‌ڵكی كوردستان روون بێت   دره‌و میدیا: ئایا مه‌ترسی راسته‌قینه‌ له‌ هێنانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی به‌ره‌ی نووسڕه‌ی سوریا هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن توركیا بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌‌ له‌ هه‌رێم؟ عابد ئیكه‌: ئه‌وان ده‌خوازن وه‌ك چۆن له‌ ساڵانی 2015 و 2016 له‌ باكووری كوردستان له‌ ناو شاره‌كان ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستییه ‌ سووریانه‌یان له‌ دژی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه به‌كارهێنا و شه‌ڕیان پێكرا و به‌كارهێندران دژ به‌ كورد، ده‌خوازن هه‌مان شت له‌سه‌ر خاكی باشوور به‌ یاوه‌ری سوپای توركیا جێبه‌جێ بكه‌ن دژ به‌ خه‌ڵكی باشوور. دیاره‌ ده‌وڵه‌تی توركیا و ئاكه‌په‌‌‌ له‌ هه‌رشوێنێك ده‌ستیان بڕوات هێزه‌كانی تیرۆر دژ به‌ كورد به‌كارده‌هێنن و ئابووری ده‌وڵه‌تی بۆ خه‌رج ده‌كه‌ن تا بار و ژیان و ده‌سكه‌وتی كورد تێكبده‌ن و بشێوێنن. عابد ئیكه‌: ئه‌گه‌ر هێزی په‌كه‌كه‌ له‌ خنێر و خواكورك و قه‌ندیل نه‌بێت توركیا ئه‌و ناوچه‌ و چیایانه‌ پڕ ده‌كات له‌ گرووپ و هێزه‌ تیرۆریستییه‌كانی    دره‌و میدیا: پێتان وایه‌ هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ به‌كارده‌هێنرێن كه‌ شه‌ڕیان له‌ دژی رۆژئاوا كرد یان هێزی نوێ دروست ده‌كرێن؟ عابد ئیكه‌: ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستیانه‌ی كه‌ چوونه‌ سه‌ر شاری عه‌فرین و رۆژئاوای كوردستان هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ ده‌بن له‌ داهاتوو توركیا ده‌یه‌ویت بیانهێنێته‌‌ سه‌ر شاره‌كانی كه‌ركوك و هه‌ولێر و زاخۆ و دهۆك، پێویسته‌ پارته‌كانی باشوور باش له‌و مه‌ترسیانه‌‌ تێبگه‌ن.  بۆیه‌ وه‌ك هه‌ده‌په‌ رامان وایه‌ توركیا ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستیانه‌ی سوریا به‌كاربهینێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ سنوورییه‌كان. 


بەڵێندەرێكی عێراق تەحەدای حكومەت دەكات و دەڵێت تەنها لەماوەی شەش مانگدا كێشەی كارەبا لە عێراقدا چارەسەر دەكەم بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەك لە دەوڵەت وەربگرم. لە راگەیەنراوێكدا ساڵح محەمەد جبوری، بەڕێوەبەری باوەڕپێكراوی كۆمپانیای عەبیر بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی رایگەیاندووە" دوای ئەوەی حكومەت ٦۰ ملیار دۆلاری بەفیڕۆدا و  نەیتوانی چارەسەری كێشەی كارەبا بكات، ئامادەیی خۆم ڕادەگەیەنم بۆ چاكردنەوە و دروستكردنیی وێستگەكانی كارەباو ، چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە عیراق، لەماوەی ٦ مانگدا، بەبێ ئەوەی دەوڵەت هیچ بڕە پارەیەك بدات" . دەقی راگەیەنراوەكە  ڕاگەیاندنێك بۆ حكومەتیی عیراقیی من هاونیشتیمانیی ساڵح محەمەد جبوریی ، خاوەنیی كۆمپانیای عەبیر، بۆ بەڵێندەرایەتیی گشتیی پۆلێنكراوی پلەیەكیی كۆمپانیا . دوای ئەوەی حكومەت ٦۰ میلیار دۆلاری بەفیڕۆدا و ، نەیتوانی چارەسەرەی كێشەی كارەبا بكات، ئامادەیی خۆم ڕادەگەیەنم بۆ چاكردنەوە و دروستكردنیی وێستگەكانیی كارەبا و ، چارەسەركردنیی كێشەی كارەبا لە عیراق ، لەماوەی ٦ مانگدا ، بەبێ ئەوەی دەوڵەت هیچ بڕە پارەیەك بدات . تكا لە هەموو خوشك و برایانم دەكەم ، ئەم پۆستە بڵاوبكەنەوە ، بۆ ئابڕوبردنی ئەو حكومەتەی ، چارەسەری كێشەی كارەبا ڕەتدەكاتەوە ، چونكە چارەسەری كێشەی كارەبا، كۆتایی هێنان بەو دزی و گەندەڵیە رێكخراوەیە لەو كەرتەدا. خوا لە پشت مەبەستەكەمە   ساڵح محەمەد جبوری بەڕێوەبەری باوەڕپێكراوی كۆمپانیای عەبیر بۆ بەڵێدەرایەتی گشتی بەرواری پۆستەكە ٦ / ٦ / ۲۰۱۸   https://www.facebook.com/saleh.aljubori/about?lst=100005969081360%3A100001654665512%3A1529184041


(درەو میدیا): سبەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردن سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و هاوڵاتیانی تورکیا و باکوری کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان وعێراق دەژین دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پەرلەمانی تورکیا،  لە ٢٤ی حوزەیران لەناو تورکیا و باکوری کوردستان بەریوە دەچێت، بەڵام  پرۆسەكە لە ٧ی حوزەیرانەوە  لە وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوەی تورکیا دەستی پێکردووە. بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی " فورات نیوز"، لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوڵاتیانی باکوری کوردستان و تورکیا، کە مافی دەنگدانیان هەیە، سبەینێ بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا دەکەن و دەنگدان لە کونسوڵخانەکانی تورکیا  لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا  چاودێرانی خۆیان ئامادەکردووە کە لەسەر سەندوقەکانی دەنگداندا ئامادە ببن، نوینەرایەتی هەدەپەش سبەینێ چاودێرانی خۆی دەنێرنە کونسوڵخانەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان. بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران لە تورکیا و باکوری کوردستان، ئەمساڵ زیاتر لە ٣ ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات ناوی خۆیان تۆمارکردووە. بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٦٠ وڵاتی جیاواز و ٥ کیشور سندوقی دەنگدان دادەنرێن، لە هەر وڵاتێک ئەگەر ژمارەی دەنگدەران زیاتر لە ٥٠٠ دەنگدەر بێت، سندوقی دەنگدانی لێ دادەنرێت.  


درەو میدیا: له‌و كاته‌ی شێخ جه‌عفه‌ر فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خۆی و ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌كه‌ی به‌ ده‌ستڕێژی گوللەی كڵاشینكۆف و بیكەیسی و دۆشكە هێرشیانكرده‌ سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌، كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ی ئێن ئین-ی بزووتنه‌وه‌كه‌ داوای له‌ لایه‌نگرانیان كرد بێنه‌ گرده‌كه‌ بۆ "دروستكردنی پشتێنه‌ی ئه‌منی و پارێزگاریكردن له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی"یان، ئه‌و بانگه‌وازه‌ به‌س بوو بۆئه‌وه‌ی ده‌یان هه‌ڵسوڕاو و لایه‌نگری گۆڕان به‌ چەكه‌وه‌ له‌سه‌ر گڵكۆی نه‌وشێروان مسته‌فا و گرده‌كه‌ ئاماده‌بن. له‌ شه‌وی 12ی ئایاره‌وه‌ پرسی دروستكردنی هێزێكی چه‌كدار، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی كردووه‌ به‌ دووبه‌شه‌وه،‌ لایه‌نگران و ئه‌وانه‌ی بیرۆكه‌ی هێزێكی چه‌كدار ره‌تده‌كه‌نه‌وه تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، له‌ كاتێكدا له‌ ده‌ستووری بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌رفه‌ت به‌ دروستكردنی هیچ ئۆرگانێكی چه‌كدار نه‌دراوه‌‌‌. بابه‌كر دڕه‌یی هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوكات به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای سلێمانی، ئه‌و شه‌وه‌ به‌ جل و به‌رگێكی كوردی ره‌نگ خاكی و هه‌ڵگرتنی كڵاشینكۆفێك له‌سه‌ر گڵكۆی نه‌وشێروان مسته‌فا وێنه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه،‌‌ كه‌ تیایدا عه‌دنان عوسمان خاوه‌ن بیرۆكه‌ی "یه‌كه‌ی سه‌ربازی 90 بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" و ئه‌ندامی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌ چه‌كێكی جۆری كڵاشینكۆف له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ وه‌ستابوو‌. بابه‌كر دڕه‌یی ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و وه‌كو به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی له‌ پۆسته‌ حكومییه‌كه‌ی چه‌كی هه‌ڵگرتبێت و بڕوای به‌ دروست كردنی "هێزی به‌رگری" هه‌بێت له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پێی وایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی سیاسییه‌ مافی خۆیه‌تی كه‌ "رووداوێك ئه‌بێت و ده‌ستی گه‌وره‌ی تیایه"  ئاگای له‌ خۆی و له‌ حیزبه‌كه‌ی بێت چونكه‌ ئه‌و رووداوه‌‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ رووی تاریخییه‌وه‌ نه‌ك پۆسته‌ حكومییه‌كه‌ی. دڕەیی دەشڵێت: هەروەک چۆن نوسین و قەڵەم لە باریدا هەیە زاڵمان و ستەمکاران ڕیسوا بکات و پاشەکشەیان پێبکات، بە هەمان جۆر تفەنگ و گوللەش لە کاتی پێویستدا دەتوانێ مافیاو پیاوەکانی دەسەڵات تێکبشکێنێ...مێژوی گەلانی دنیاو شۆڕشەکانی جیهان هەزاران نمونەی تیایە کە ڕۆشنبیڕەکان پێش هەمو کەس دژی زوڵم و نادادی وەستاون و خەباتیان کردوە..   دڕه‌یی پێشتر له‌ نووسینێكیدا به‌ ناونیشانی "ده‌رباره‌ی چه‌ك و قه‌ڵه‌م" رووداوی هه‌ڵگرتنی چه‌كی له‌ لایه‌ن خۆی و هاوڕێكانی به‌و جۆره‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ كادیره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گۆڕان نزیكه‌ی 10 كه‌س بوونه‌، كاتێك "كاك عەدنان عوسمان هاتە ژوور و رووی کردە من و وتی کاکە مشور بخۆن دێنە سەرمان.. چەک... فریاکەوە... بە گورجی هاتمەدەر، وتم من ئەڕۆم بۆ چەک.. ئێوەش مشور بخۆن.. دێنەسەرمان". گێڕانه‌وه‌ی رووداو‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتنی ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای هێرشیكه.  بابه‌كر دڕه‌یی: من ئەڕۆم بۆ چەک.. ئێوەش مشور بخۆن بیرۆكه‌ی دروست كردنی "هێزی خۆبه‌خشی به‌رگریكردن له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چووه‌ سه‌ر ده‌فته‌ری ناونووسینی خۆبه‌خشانی گۆران كه‌ سه‌دان كه‌س ناوی خۆیان تیا تۆماركرد، به‌ڵام دیار نییه‌ ناوه‌كانی ناو ئه‌و ده‌فته‌ره‌ له‌ لای كێ هه‌ڵگیراوه‌‌. هه‌ڵسوڕاوه‌كه‌ی گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ "هه‌ڵگرتنی چه‌ك و دروست كردنی هێزی به‌رگری له‌ گۆڕان" به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌م بۆچوونه‌ له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ئێره‌ وڵاتی قانون نییه‌ و قانونێك حاكم نییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ ده‌ستدرێژییه‌كان بپارێزیت، له‌ لایه‌كی تر‌ كۆمه‌ڵێك میلیشیا و كه‌سایه‌تی حیزبی هه‌ن كه‌ هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاری ئه‌هێنن".  ئه‌و شه‌وەی هێرشه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی یه‌كێتی به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ وتی "بییه‌وێت هێز و كه‌رامه‌تت بشكێنێت و ‌باره‌گاكه‌ت تێكبدات، هه‌قه‌ و بڕوام به‌ مه‌نتقی داكۆكی له‌ خۆكردن هه‌یه". ‌ عه‌تا سه‌روای ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پێشتر به‌ (دره‌و میدیا)ی وت، ئه‌وه‌ی هێرشی كرده‌ سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان شێخ جه‌عفه‌ر بوو، به‌ڵام "ئه‌وه‌ پلان بۆ داڕێژراو نه‌بووه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتی". له‌ بڕگه‌ی 3ی مادده‌ی 11 له‌ یاسای ژماره‌ 17ی ساڵی 1993ی حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌ "حیزب دام و ده‌زگای سه‌ربازی و شێوه‌ سه‌ربازی نه‌بێ و لێی قه‌ده‌غه‌یه‌ چه‌كی به‌ پێچه‌وانه‌ی یاساوه‌ هه‌بێ". به‌ڵام تائێستا به‌ بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و یه‌كپێگرتنی له‌گه‌ڵ لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه،‌ پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌ن یه‌كه‌ی سه‌ربازی 80 و یه‌كێتی نیشتیمانیش خاوه‌ن یه‌كه‌ی سه‌ربازی 70یه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵانی دامه‌زراندنییه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و هێزانه‌ی به‌ میلیشیا ناوبردووه‌ و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یانی كردووه‌. به‌پێچه‌وانه‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی، مام رۆسته‌م هه‌ڵسوڕاو و فه‌رمانده‌ی پێشووی سه‌ربازی و یه‌كێك له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی رێكخه‌ری پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دژ به‌ دروست كردنی هه‌ر جۆره‌ هێزێكی چه‌كداریە، ئه‌و بۆچوونی نه‌وشێروان مسته‌فای له‌باره‌ی دروست كردنی هێزێكی چه‌كدار له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه‌ بۆ (دره‌و میدیا) گێڕایه‌وه به‌وه‌ی وتوویه‌تی  "هێزی چه‌كدار بۆچی دروست بكه‌ین و بۆ گیان كێ؟ وتی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر هێزمان هه‌بێت له‌ سلێمانی ئه‌بێ یان بۆ گیان یه‌كێتی یان بۆ گیان پارتی بێت یان حیزبێكی تر، ئه‌گه‌رنا حكومه‌تی عێراقی لێنه‌ماوه‌ بڵێین هێز دروست ئه‌كه‌م بۆ گیان رژێمێك كه‌ دژ به‌ كورده‌". مام رۆسته‌م له‌ قۆناغی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا 6جار برینداربووه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی وتی "هیچ یه‌كێك له‌ برینه‌كانی له‌ شه‌ڕی ناوخۆ نین". ئه‌و به‌ مه‌حاڵی زانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بتوانێت ببێته‌ خاوه‌ن هێزێكی چه‌كدار  چونكه‌ "هێزی چه‌كدار شوێن و راهێنانی ئه‌وێت، هیچ نه‌بێت چه‌ك و پاره‌ و خواردنی ئه‌وێت". دەشڵێت " بەتەواوی دژی درووستكردنی هێزی چەكداریی گۆڕانم، چونكە ئێمە لەسەرەتاوە دژی بە حیزبیكردنی هێزی چەكداربوین ئێستا خۆمان درووستی بكەین؟  ئه‌و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌ی پێشوو خه‌باتی مه‌ده‌نی پارتی دیموكراتی گه‌لان- هه‌ده‌په‌ی له‌ توركیا وه‌ك هێزێكی بێ چه‌ك وه‌ك نموونه‌ بۆ هه‌وڵی چه‌كداركردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و لادان له‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی خسته‌ روو و باسی له‌وه‌ كرد "ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌ڵێن گۆڕان هێزی چه‌كدار دروست بكات دوو به‌شن، به‌شێكیان حه‌ز ئه‌كه‌ن هێزێكی چه‌كدارمان هه‌بێت، به‌شێكییان له‌ روانگه‌ی غه‌دره‌وه‌یه‌ و ئه‌ڵێن ئه‌مانه‌ به‌ چه‌ك غه‌درمان لێ ئه‌كه‌ن ئه‌بێ به‌ چه‌ك وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه‌" به‌ڵام "خۆ زۆر كه‌س و لایه‌ن هه‌ن چه‌كیان نییه‌ و خه‌بات ئه‌كه‌ن خه‌باتی مه‌ده‌نی، ئه‌وه‌تا له‌ توركیا سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش له‌ زیندانه‌ و له‌سه‌ر داواكاری خۆشیان سوورن". مام رۆسته‌م: نه‌وشێروان مسته‌فا وتی هێزی چه‌كدار بۆچی دروست بكه‌ین و بۆ گیان كێ؟   خه‌لیل سه‌ركانی ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌ركرده‌ی پێشووی سه‌ربازی، رۆژی 22ی ئایار بۆ‌ (دره‌و میدیا)ی ئاشكرا كرد كۆبوونه‌وه‌ له‌ لایه‌ن "سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی گۆڕان" كراوه‌ و داوایان كردووه‌ "ژماره‌ی پاسه‌وانه‌ فه‌رمییه‌كان زیاد بكرێت، بۆئه‌وه‌ی گره‌نتی پاراستنی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌كه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ". تائێستا هیچ ئه‌ندامێكی خانه‌ی راپه‌ڕاندن پشتیوانی ئاشكرای خۆی بۆ دروست كردنی "یه‌كه‌یه‌كی چه‌كدار"ی سه‌ر به‌ بزووتنه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌.  دكتۆر ئیسماعیل نامیق رێكخه‌ری ژووری یاسایی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی ئه‌گه‌ره‌كانی چه‌كداربوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌بێ هیچ ئاماژه‌كردنێك به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌ لایه‌ن هه‌ڵسوڕاوه‌ دیاره‌كانی گۆڕان وتی "ئه‌وانه‌ی داوای چه‌كداربوونی بزووتنه‌وه‌كه‌یان هه‌یه‌‌ لایه‌نگران و خه‌ڵكی خۆبه‌خشن و هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی گۆڕان ناوی كه‌سی وه‌ك خۆبه‌خش تۆمارنه‌كردووه‌".   


نیاز عه‌بدوڵڵا پارتی دیموكراتی گه‌لان " هەدەپە" مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی وڵاتی سوریا له‌ هه‌رێمی كوردستان دژ به‌ پارتی كرێكاران و شاره‌كانی هه‌رێم به‌كاربهێندرێن. به‌پێی لێدوانه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی توركیا و به‌رپرسانی ئیداری ناوچه‌ی سیده‌كانی، سوپای توركیا 30 كیلۆمه‌تر هاتۆته‌ ناو خاكی هه‌رێم و خۆی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی چه‌كداری له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان- په‌كه‌كه‌ ئاماده‌كردووه‌. به‌ڵام پارتی دیموكراتی گه‌لان-هه‌ده‌په مه‌ترسییه‌كه‌ به‌ ته‌نیا له‌ داگیركردنی خاكی هه‌رێم و بانگه‌شه‌كانی توركیا بۆشه‌ڕی په‌كه‌كه‌ نابینێت، به‌ڵكو مه‌ترسی له‌ به‌كارهێنانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی سوریا هه‌یه‌ كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ توركیا هێرشیان كرده‌ سه‌ر عه‌فرین و رۆژئاوای كوردستان. عابد ئیكه‌ هاوسه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستیانه‌ی‌ چوونه‌ سه‌ر شاری عه‌فرین، هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ ده‌بن له‌ داهاتوو توركیا ده‌یه‌وێت بیانهێنێته‌ سه‌ر شاره‌كانی كه‌ركوك و هه‌ولێر و زاخۆ و دهۆك، توركیا ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستیانه‌ به‌كارهینێت".   عابد ئیكه‌ بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ چیاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگ ده‌بینێت، چونكه‌ "ئه‌گه‌ر هێزی په‌كه‌كه‌ له‌ خنێر و خواكورك و قه‌ندیل و چیاكان نه‌بێت توركیا ئه‌و ناوچه‌ و چیایانه‌ پڕ ده‌كات له‌ گرووپ و هێزه‌ تیرۆریستییه‌كانی، ئیتر خه‌ڵكی كوردستان ناتوانن له‌و ناوچانه‌ بژین و ژیانی خۆیان له‌سه‌ر خاكی خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و به‌ ئازادی بسوڕێنه‌وه"‌. ئه‌و نوێنه‌ره‌ی هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێم و عێراق ره‌خنه‌ی له‌ لاوازی هه‌ڵویستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هاتنی سوپای توركیا بۆناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و وتی "دوای زۆربوونی هه‌ڕه‌شه‌كان، پێویسته‌ شه‌ڕی توركیا وه‌ك شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ نه‌بیندرێت، ده‌بێت هێرشی توركیا وه‌ك هێرشی سه‌ر هه‌موو گه‌ل و خه‌ڵكی كوردستان ببیندرێت". پێی وایه‌‌ توركیا ده‌یه‌وێت هه‌موو خاكی هه‌رێم داگیر بكات به‌ كه‌ركوك و ته‌واوی شاره‌كانی "ئه‌مه‌ش‌ به‌رده‌وامی ئه‌وه‌یه"‌. نوێنه‌ره‌ی هه‌ده‌په‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بكات، نیگه‌رانی خۆی له‌ هه‌ڵوێستی به‌شێكی پارته‌ سیاسییه‌كان ده‌ربڕی و وتی "به‌شێك له‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم، بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵوێستن، بێ ده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستیشیان‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان-ئاكه‌په‌".  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand