بۆ یەكەمجار تاران و واشنتۆن و دیمەشق هاوهەڵوێستن
2018-09-18 11:14:16
(درەو میدیا):
هەریەك لە ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و حكومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێشوازی لە ڕێككەوتنی توركیا و ڕوسیا دەكەن سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە ناوچەكانی نێوان ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ناوچەكانی رژێم لە پارێزگای ئیدلیب، كە دوێنێ دووشەممە ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتای توركییەكەی، دوای دیدارەكەیان لە هاوینەهەواری سۆچی ڕایانگەیاند.
لەكادرانەوەیدا بەرامبەر بەو رێككەوتنەی نێوان پوتن و ئەردۆغان، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئەمڕۆ پێشوازی لە رێككەوتنەكە كرد بۆ پێكهێنانی ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە ئیدلیب، بەدرێژایی هیڵی بەریەككەوتنی نێوان سوپای سوریا و گروپە چەكدارەكان.
سایتی كەناڵی (RT) ڕوسی، لە زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە، سوریا پێشوازی لە ڕێككەوتنی تایبەت بە پاێزگای ئیدلیب دەكات، تەئكیدیشی كردووە، ئەو ڕێككەوتنە دەرئەنجامی گفتوگۆ چڕوپڕەكانی نێوان ڕوسیا و سوریایە و بەهەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات كراوە.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا راشیگەیاندووە، حكومەتی دیمەشق پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییە دەكات كە ڕێگە لەڕشتنی خوێنی سورییەكان بگرێت و بەشداری بكات لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەر ناوچەیەك كە تیرۆر گورزی لێدابێت.
هاوكات بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی تیرۆر و داڕشتنی چارەسەرێكی سیاسی لە سوریا.
میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ لەزاری قاسمیەوە بڵاویانكردەوە، تاران پێشوازی لە پێكهینانی ناوچەیەكی داماڵراو لەچەك دەكات و سیاسەتی وڵاتەكەشی پشتیوانیكردنە لە پاككردنەوەی ئەو ناوچانە لە تیرۆر هاوشانی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و هەر جۆرە توندوتیژییەك.
هەر لەوچوارچێوەیەدا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا ڕایگەیاندووە" دیپلۆماسیەتی چالاك دەبێتە مایەی وەستانەوە بەڕووی جەنگ و ململانێ لە ئیدلیب".
زەریف هەوڵە دیپلۆماسییەكانیشی بە كاریگەر داناوە، كە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا چڕببوەوە لەلاكاتی سەردانەكەی بۆ ئەنكەرەلاو دیمەشق ولوتكەی سێ قۆڵی تاران، دوای ئەوەش كۆبوونەوەی دووقۆڵی ڕوسیا و توركیا لە سۆچی.
ئەمریكا ڕێككەوتنكەی پێباشە و متمانەشی بە ئەسەد نیە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش پێشوازی لە ڕێككەوتنەكە كرد و لەڕێی وتەبێژەكەیەوە ڕایگەیاند"پێشوازی لە هەر هەوڵێكی ڕاستگۆیانە دەكەین كە ببێتە مایەی هێوركردنەوەی توندوتیژی".
وتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەشكردوە، دوناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن لە كاتی كۆبونەوەیەكەیان لە ڤێتنام لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2017 تەئكیدیان لەوەكردەوە، چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی سوریا ڕەتدەكەنەوە، ڕاشیگەیاندووە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پشتیوانی سەرجەم ئەو هەنگاوانە دەكات كە دەبنە مایەی پاراستی هاوڵاتیانی سڤیل و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە سوریا.
هاوكات، شۆن رۆبرتسۆن وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن)، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە، وڵاتەكەی پشتیوانی هەر هەنگاوێك دەكات كە ببێتەمایەی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا و لەناوبردنی گروپە تیرۆریستییەكان لەو وڵاتە و پشتیوانیش لە گفتوگۆكانی ژنێڤ دەكەن كە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسییە بۆ قەیرانی سوریا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسێكی ئەمریكی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، هیوای خواستووە هێمنی و ئارامی لە ئیدلیب درێژە بكێشێت، ئاماژەی بەوەشكردوە، لەگەڵ ئەوەی وڵاتەكەی بەشداری نەكردووە لە دانوستەكانی نێوان ڕوسیا و توركیا، بەڵام ئەو هەر هەنگاوێك ببێتە مایەی ڕێگەگرتن لە رژێمی سوریا و پشتیوانەكانی بۆ هێرشكردنە سەر ئیدلیب هاندەرێكی باشە، هۆشداریشداوە لەهەر هێرشێكی ڕژێم بۆ سەر ئیدلیب، كە دەبێتە هۆی وێرانكارییەكی مەترسیدار لە ناوچەكە.
ڕاشیگەیاندووە، نیگەرانییەكانیان سەبارەت بە كردەوەكانی ڕژێمی سوریا لەبارەی سەقامگیری لە ئیدلیب و ناوچەكانی تر وەك خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە بەردەوامدەبن لە چاودێریكردنی دۆخی ناوچەكە و هەنگاوەكانی ڕژێم لەنزیكەوە.
جوگرافیایەكی دانپیانراو بۆ گروپە چەكدارەكان لە سوریا
بەرپرسێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: ڕێككەوتنی توركیا و ڕوسیا سەبارەت بەئیدلیب، خەونی بەشار ئەسەدی لەباربرد بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی خاكی سوریا.
ئەو بەرپرسە كە نەیویستوە سەرچاوەكە ناوەكەی ئاشكرابكات، ئاماژەی بەوەشكردوە، ناوچەی دابڕاو كە ڕێككەوتنی لەسەركراوە لە ئیدلیب گیانی هاوڵاتیان ڕزگاردەكات و ناوچەكانی ئۆپۆزسیۆنیش لە بۆمبارانی سوپای سوریا دەپارێزێت، تەئكیدیشی كردووە، ڕێككەوتنەكە ناوچەیەكی جوگرافیی بۆ سوپای سوریای ئازاد دروستدەكات، كە دەكرێت ببێتە سەرەتای قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی بۆ دوای ئەسەد.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ڤلادێمیر پوتن سەرۆكی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دوای كۆبوونەوەكەیان لە هاوینەهەواری سۆچی لە باشووری ڕوسیا، ڕایانگەیاند، لەبارەی ئیدلیبەوە گەیشتونەتە ڕێككەوتن و بەوپێیەش ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و سوپای ئەسەد دادەمەزرێت.
ئەو ناوچەیە بە قوڵی 15-20 كیلۆمەترە بەدرێژیی هێڵی بەریەككەوتنی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و هێزە چەكدارەكان، لە15ی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی داهاتووە دەست بەدامەزراندنی دەكرێت و چەكدارەكانی بەرەی نوسرە دەكرێنە دەرەوەو تیمە سەربازییەكانی ڕوسیا و توركیاش چاودێری ناوچەكە دەكەن.
دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكەش، سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، هێزەكانی رژێمی سوریا و هاوپەیمانەكانی هیچ پرۆسەیەكی سەربازی تازە لە پارێزگای ئیدلیب ئەنجامنادەن.