Draw Media

تاران بەڕەكەی لەژێر پێی واشنتۆن دەرهێنا

تاران بەڕەكەی لەژێر پێی واشنتۆن دەرهێنا

2018-09-17 11:34:28


(درەو میدیا):
قەیرانی پێكهێنانی شەشەمین كابینەی حكومەتی عێراق، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر پێینایە مانگی چوارەمییەوە، لاوازیی ئاشكرای ڕۆڵی ئەمریكای دەرخست لەبەرامبەر ئەو هەژموونە بەهێزەی ئێران هەیەتی لە عێراق، لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و ئەمنی، و بگرە گەیشتوەتە سیستمی كۆمەڵایەتی و ئایینی و تەنانەت ڕۆشنبیریش. 
وەزیرێكی دیاری عێراقی و یەكێك لە هاوپەیمانەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدیدی) ڕاگەیاندووە:" واشنتۆن ئێستا لە عێراق لە دۆخێكدا دەژی كە ئەكرێت بە شۆك ناوی بهێنرێت، بەجۆرێك تەنانەت هاوپەیمانەكانی لە سیاسییەكانی كورد و سوننەش گوێ‌ بە فشارەكانی نادەن و باوەڕیان بە بەڵێنی ئێرانییەكانە زیاترە لە ئەمریكییەكان". 
ئەو بەرپرسە عێراقییە باسی ئەوەی كردووە، عەبادی كە لەلایەن واشنتۆنەوە پشتیوانی دەكرێت لە كێبركێكە چوەتە دەرەوە و هیچ ڕۆڵیكی نەماوە، كوتلەی (نەسر) پەرتوبڵاوبووە و 27 پەرلەمانتاری ماوە لە كۆی 42 پەرلەمانتار، دوای چونیان بۆ بەرەی بەرامبەر (نوری مالیكی و هادی عامری) كە ئێران پشتیوانیان دەكات.
لەڕووی كرداریشەوە، كەسایەتییەكی سوننە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بردەوە، كە لەلایەن حەشدی شەعبی و مالكییەوە پشتیوانی دەكرێت، سەرۆكی حكومەتیش بە سازان لەنێوان (موقتەدا سەدر و هادی عامری) هەڵدەبژێرێت، لەوەش گرنگتر هەردوو لایەنەكە ڕێككەوتوون كە یەكەم كاری پەرلەمانی نوێ‌، داڕشتنی یاسایەك بێت بۆ كردنە دەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق، لەسەروو هەمووشیانەوە سوپای ئەمریكا. 
بەوتەی ئەو وەزیرە عێراقییە، دانیشتنی ڕۆژی شەممەی پەرلەمان، وەك تەسلیمبونی سیاسی وابوو بە ئێرانییەكان، دۆڕاندنی خالید عوبەیدی، هاوپەیمانی سەدرییەكان و عەبادی، هەروەها ئوسامە نوجێفی، كە لەلایەن ئەمریكا و توركیا وڵاتە عەرەبییەكانەوە پشتیوانی دەكرا، لەبەردەم گەنجێكی تەمەن 37 ساڵ، بە مێژووییەكی سیاسی بەتاڵ و كۆمەڵێك دۆسیەی دادگاوە، مانای وایە سوننەكان خۆیان عوبەیدی و نوجێفیان هەڵنەبژارد و، كاندیدێكیان پەسەندكرد كە ئێرانییەكان لێی ڕازیبن. 
لە بەشێكی تر قسەكانیدا ئەو وەزیرە عێراقییە ئاشكرایكردووە" كوتلە سونییەكان بەڵێنی زۆریان لەلایەن ئێرانییەكانەوە پێدراوە، لەوانە كشانەوەی میلشیاكان لە شارە سوننەنشینەكانی باكور و ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق و بنیاتنانەوەی شارە ئازادكراوەكان لەدەستی "داعش" و ئازادكردنی دەیان هەزار دەستگیركراو و زامنكردنی پاراستنی خاكی پارێزگای نەینەوا و جیانەكردنەوەی هیچ بەشێكی لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و، پشتیوانی پێكهاتەی عەرەبی لە كەركوك و گەڕاندنەوەی دانیشتوانی (جورف ئەلسەخرو عویسات و یەسرب) و چەند ناوچەیەكی تر بۆ سەر زێدی خۆیان، هاوكات ئێرانییەكان بەڵێنی تایبەتیشیان لەبواری دۆسیەی ئەمنیدا بەكورد داوە.   
ڕۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردوەتەوە، كورد و سوننە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو ئەزمونێكی تاڵیان هەیە لەگەڵ بەڵێنەكانی ئەمریكا، بەنیسبەت شیعەش، عەبادی دەرسێك دەبێت بۆ هەر هێزێكی تر گرەو لەسەر پشتیوانی ئەمریكا بكات لەسەر حسابی ئێران.
سەرچاوەكەی (عەرەبی ئەلجەدید) قسەكانی بەوە كۆتایهێناوە، كە ڕەنگە عەبادی جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ لەندەن، كە پێشتر لێی دەژیا، لەو بڕوایەشدا نیە وەك ئەندامێك بگەڕێتەوە پەرلەمان، چونكە دوژمنی زۆرە، هەڵەكەی لەوەدابوو هەموو كارتەكانی خستە ناو سەبەتەی ماكگۆرك و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق.  
بەپێچەوانەی خولەكانی ڕابردوەوە، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران زیاتر لە 29 ئەندامیان هەیە لە پەرلەماندا، كە پێشتر وەك چەكدار لەچوارچێوەی گروپە چەكدارەكاندا بوون، لەوانە 7 یان پێشتر بەشدارییان لەشەڕی سوریا كردووە لەپاڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، لەنمونەی، حەسەن سالم كە سەربە گروپی عەسائبەو، ئەحمەد ئەسەدی و ئەبو مەریمی ئەنساری،جگە لە 100 پەرلەمانتاری تری  حزبە جیاوازەكان، كە دیارترینیان حزبی دەعوە و فەزیلە ئەنجومەنی باڵا و كوتلە سونییە جیاوازەكانن، كە بەكردار ساڵانێكە دوای ئەجێندای ئێران كەوتوون، ئەوەش بەو مانایەی نزیكەی نیوەی پەرلەمانی عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندایە و بەوەش تێپەڕاندنی بڕیارەكان تیایدا ڕەنگە لەهەموو كات ئاسانتربێت.  
سەرچاوەی زانیارییەكان: رۆژنامەی (العربی الجدید)
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand