پەرلەمانی نوێی عێراق سەرۆك و جێگری یەكەمی هەڵبژارد
2018-09-15 18:29:29
( درەو میدیا):
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خۆی لە كێشەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی قوتاركرد، بەوەش هەنگاوێكی گەورەی بڕی لە كردنەوەی گرێ كوێرەی پرۆسەی سیاسی و ڕێگەخۆشكردن بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكانی هەردوو سەرۆكایەتیەكەی تر " سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق".
لە سەرەتای دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەماندا كە بە سەرۆكایەتی محەمەد ساڵح زەینی سەرۆكی كاتی پەرلەمان بەڕێوەچوو، پرۆسەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەیە دەستیپێكرد،دوای كشانەوەی ژمارەیەك لەو كاندیدانەی ڕكابەرییان دەكرد، شەش كاندید مانەوە كە ئەوانیش بریتیبوون لە محەمەد حەلبوسی، خالید عوبێدی، ئوسامە نوجێفی، تەلال زەوبەعی، محەمەد خالیدی، ڕەعد دەهلەكی.
لە دانیشتنەكەدا 298 پەرلەمانتار لە كۆی 329 پەرلەمانتار، بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان كرد، دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان ئەنجامەكان بەمشێوەیە بوو:
- محەمەد حەلبوسی 169 دەنگ.
- خالید عوبێدی 89 دەنگ.
- ئوسامە نوجێفی 19 دەنگ.
- محەمەد خالیدی 4 دەنگ.
- تەلال زەوبەعی 1 دەنگ.
- ڕەعد دەهلەكی 1 دەنگ.
- لەگەڵ 12 كارتی سپی و پوچەڵكردنەوەی 3 دەنگ.
محەمەد حەلبوسی كێیە؟
- محەمەد رێكان حەدید عەلی حەلبوسی
- ٤/١/١٩٨١ لە پارێزگای ئەنبار لە دایكبووە
- ساڵی ٢٠٠١/ ٢٠٠٢ بەكالۆریۆسی لە ئەندازیارییدا لە زانكۆی موستەنسریە بەدەستهێناوە.
- ساڵی ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریدا بەدەستهێناوە.
- ساڵی ٢٠١٤ بە ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە.
- ٢٠١٤/ ٢٠١٥ ئەندامی لیژنەی مافەكانی مرۆڤی پەرلەمان بووە.
- ٢٠١٥/ ٢٠١٦ ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە.
- ٢٠١٦/ ٢٠١٧ سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە.
- ٢٠١٧/ ٢٠١٨ پارێزگاری ئەنبار بووە.
- ٢٠١٨ بە ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە.
- سەرۆكی هاوپەیمانی " ئەنبار ناسنامەمانە" یە.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكی كاتی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی جێگری یەكەم و دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردەوە.
هاوپەیمانی " سائیرون" حەسەن كەریم كەعبی و هاوپەیمانی " بەیارقی خەیر" عەلیە فلەیح ئیمارە یان بۆ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كاندیدكرد و ئەنجامەكەی بەمشێوەیەوە بوو:
• ئەنجامی هەڵبژاردنی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان:
- 281 پەرلەمانتار دەنگیاندا
- حەسەن كەریم كەعبی: 210 دەنگ.
- عەلیە فلەیح ئیمارە : 33 دەنگ.
- دەنگی بەتاڵ و 5 دەنگیش پوچەڵ بوون.
حەسەن كەریم كەعبی كێیە؟
- حەسەن كەریم مەتەر كەعبی
- پەرلەمانتاری هاوپەیمانی " سائیرون" ی موقتەدا سەدرە.
- ساڵی 1971 لە بەغداد لەدایكبووە.
- ساڵی 1995 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە و بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سیاسییەكاندا بەدەستهێناوە.
- قایمقاقی مەدینە سەدر/2 بووە.
- سەرۆكی ناوەندی مەدەنی بۆ توێژینەوە و چاكسازیی یاساییە.
- ماوەی 10 ساڵە ئەندامی دەستەی ئیداریی یانەی قوە جەویەیە.
جێگری دووەم یەکلایی نەبووە
بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش كە پشكی كوردە، هەریەك لە (بەشیر خەلیل حەداد) پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان و (موسەننا ئەمین) پەرلەمانتاری یەكگرتوو، (ئەحمەد حاجی ڕەشید) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و (ئاڵا تاڵەبانی) خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكرد و لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگداندان ئاڵا تاڵەبانی لە كێبركێ كشایەوە و ئەنجامەكەشی بەمشێوەیە بوو:
ئەنجامی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان:
- 268 پەرلەمانتار دەنگیاندا.
- بەشیر حەداد- پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان 152 دەنگ.
- موسەننا ئەمین – پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی 21 دەنگ.
- ئەحمەدی حاجی رەشید – پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیی 45 دەنگ.
- 22 دەنگی بەتاڵ و 29 دەنگیش پوچەڵبوون.
بەڵام لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا كەسیان ژمارەی پێویست 167 واتا ( 50 + 1)ی بەدەستنەهێنا بۆیە هەڵبژاردنی جێگری دووەم بۆ سبەی دواخرا.