سەدر لە خەونە گەورەكەی نزیك دەبێتەوە
2018-09-16 10:35:00
راپۆرتی: درەو میدیا
دوو بەرە ناكۆكەكەی شیعە، ململانێی توندی (محمەد حەلبوسی و خالی عوبەیدی)یان، لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، نەكردە بەشێك لە ململانێكانی خۆیان و لە چوارچێوەی ناكۆكی ناوماڵی سوننەدا هێشتیانەوە، ئەمەش وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن، ئاماژەیەكی گرنگە بەبوونی خواست و ئیرادەیەكی بەهێز لەلایەن هەردوو بەرە شیعییەكە بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت و خستنەوە سەرسكەی پرۆسەی سیاسی كە خۆیان تێیدا زۆرینەن و خاوەنی قسەی یەكلاكەرەوەن.
حەلبوسی كاندیدی هاوپەیمانی بونیادنان (البناء) بوو بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە (ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری) دوو هێزی سەرەكین تێیدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی (عەسائیبی ئەهلی حەق) كە یەكێكە لە گروپەكانی حەشدی شەعبی و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی (فەتح)دایە، لە تویتێکدا دەڵێت: "سەركەوتنی هاوپەیمانی " بونیادنان" لە سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە گەڕی یەكەمدا و كشاندنەوەی كاندیدەكەی بۆ پۆستی جێگری یەكەم و دەنگدانی لە بەرژەوەندیی كاندیدی سائیرون، پەیامێكی روونە و بەواتای ئەوەدێت كە ئێمە دەتوانین لێكتێبگەین و سازش بۆ یەكتربكەین".
بە قسەكانی ئەم بەرپرسەی (فەتح)دا دەردەكەوێت، گەڕی دووەمی سازشكردن دەكەوێتە سەرشانی ئەمان كە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت و ئامادەشن بیكەن، ئەوەش دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كوردە و، بەپێی زانیارییەكانی "درەومیدیا" تائێستا نە لە نێوان یەكێتی وپارتیدا یەكلاكراوەتەوە و، نە یەكێتیش كە بە پشكی خۆی دەزانێت توانیویەتی لەناوخۆیدا لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە ڕێكبكەوێت. دوو بەرە شیعییەكەش هاوشێوەی خۆبەدوورگرتنیان لە ململانێی ناوماڵی سوننە، لە ململانێی ناوماڵی كوردیشدا خۆیان ناكەن بەتەرەف و چاوەڕێی یەكلاكردنەوە دەكەن، دواتر لەگەڵ ئەنجامەكەدا مامەڵە دەكەن.
پۆستی سەرۆك وەزیران كە بەربەستی سەرەكی بوو و خاڵی جەوهەری ململانێی توندی هەردوو بەرە شیعییەكە بوو، بەمزوانە یەكلادەكرێتەوە، بەڵام وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن ئەوەندەش ئاساننابێت كە لایەنەكان دەستبەرداری ململانێ بوبێتن لەسەری، ئیئتیلافی نەسر جارێكی تر ناوی حەیدەر عەبادی وەك بەهێزترین و خاوەنی زۆرترین چانس هەڵداتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئەوەی ئەم ئومێدەشی بۆ گەڕاندونەتەوە، ڕای مەرجەعیەتی باڵای شیعیە كە لە وتاری هەینی ڕابردوودا تەئكیدی لە گەڕانەوە كردوە بۆ خەڵكانی خاوەنی دانایی و شارەزایی لە چاكسازیكردن، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر ڕایگەیاندبوو پشتیوانی هیچ یەكێك لەوانە ناكات پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون، جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن.
ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق پێیانوایە، وێڕایی ئەم بۆچونە تازەیەی مەرجەعییەت، بەڵام چانسی عەبادی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر كورسی دەسەڵات لاوازە، بەتایبەتی دوای ڕێككەوتنی (سەدر و عامری) هاوپەیمانێتی نەسر پێگە و قورسایی ڕابردووی لەدەستداوە، ڕەنگە ئەمە دەرفەتێكی زێڕینیش بێت بۆ موقتەدا سەدر و بەدیهێنانی خەونە گەورەكەی و بەپاساوی كاندیدی بێلایەن و تەكنۆكرات پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدەست حزبی دەعوە دەربهێنێت، كە لە ساڵی 2005وە، لەدەستی ئەو حزبەدایە.