ژمارەی كاندیدە دەرچوەكانی كورد بۆ پەرلەمانی سوید لە زیادبووندایە
2018-09-15 05:10:50
( درەو میدیا):
جەبار ئەمین ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی سوید لە پەیجی تایبەتی خۆی رایگەیاندووە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سوید كە لە 9/9/2018 بەرێوەچوو، ژمارەی كاندیدە دەرچوەكانی كورد لە 5 كەسەوە بوە شەش كاندید و
سارا سێپەڵە لە پارتی دیموكراتە سویدیەكان
گولان ئاڤجی لە پارتی لیبرالەكان
قادر كاسرگە لە پارتی سۆسیالدیموكراتەكان
لاوێن ڕێدار لە پارتی سۆسیالدیموكراتەكان
سەركان كوێسە لە پارتی سۆسیالدیموكراتەكان
ئەمینە كاكە باوە، پارتی چەپ (هەڵبەتە جارێ ناوی ئامینە كاكەباوە تەواو ساغ نەبوەتەوە، بەڵام بە پێی زانیاری و شیكردنەوەی من ئامینە كاكەباوەش دەبێتە پەرلەمانتار).
جگە لەوەش چەند ئەندامێكی پەرلەمانی یەدەكیش دەبێت، بۆ نمونە ژین ئاكگوڵ حاجۆ لە پارتی چەپ و شادیە حەیدەری لە پارتی سۆسیال دیموكرات.
ئەو 6 كوردە لە كۆی 40 كاندیدی كورد لە نێو پارتەكانی سویدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە كە لە 9/9/2018 بەڕێوەچوو تیایدا ئاستی بەشداربوان 84% بووە.
هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاكان و شارەوانییەكانی سوید لە 9/9/2018 بەرێوەچوو:
* (7 ملیۆن و 500 هەزار) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو
* ڕێژەی دەنگدان گەیشتە (84%)
* ژمارەی بنكەكانی دەنگدان: (6 هەزار) بنكە
* ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی سوید: (349) كورسییە
تەنها (5) كاتژمێر دوای بەڕیوەچوونی پرۆسەكە، واتە كاتژمێر (1)ی شەو، ئەنجامە بەراییەكان (كە نزیكەی 98%ی دەنگەكانە) بڵاوكرایەوە، و ئەنجامەكان بەم شێوەیەن:
1- پارتی دیموكراتەكانی سوید (واتە رەگەزپەرستەكان) و پارتی مەسیحی و پارتی چەپ و پارتی سەنتەر سەركەوتنێكی دیاریان بەدەستهێنا:
* ژمارەی كورسی پارتی ڕەگەزپەرستەكان لە (42) كورسییەوە دەبێت بە (٦٢) كورسی، واتا (20) كورسی زیاد دەكات.
* ژمارەی كورسییەكانی پارتی مەسیحییەكان لە (16) كورسییەوە دەبێت بە (23) كورسی، واتا (7) كورسی زیاد دەكات.
* ژمارەی كورسییەكانی پارتی سەنتەر لە (22) كورسییەوە دەبێت بە (31) كورسی، واتا (9) كورسی زیاد دەكات.
* ژمارەی كورسییەكانی پارتی چەپ لە (21) كورسییەوە دەبێت بە (28) كورسی، واتا (7) كورسی زیاد دەكات.
2- هەردوو پارتی حوكمڕان، واتە پارتی سۆسیال دیموكرات و پارتی ژینگە، دابەزینیان بە خۆیانەوە دی:
1- پارتی سۆسیال دیموكرات لە (113) كورسییەوە كەم دەكات بۆ (101) كورسی، واتا (12) كورسی كەم دەكات.
2- پارتی ژینگە لە (25) كورسییەوە بۆ (15) كورسی كەم دەكات، واتا (10) كورسی كەم دەكات.
3- پارتی پارێزەران كەم دەكات و ژمارەی كورسییەكانی لە (83) كورسییەوە دەبێت بە (70) كورسی، واتا (13) كورسی كەم دەكات.
4- پارتی لیبرال (19) كورسییەكەی خۆی دێنێتەوە، واتە نە زیاد دەكات و نەكەم.
5- كوتلەی چەپ/ سەوز (كە لە پارتی سۆسیال دیموكرات و پارتی ژینگە و پارتی چەپ پێكدێت)، (144) كورسی بەدەستهێناوە.
6- كوتلەی ڕاستڕەو (كە لە پارتی پارێزەران و پارتی لیبرال و پارتی سەنتەر و پارتی مەسیحی پێكدێت)، (143) كورسی بەدەستهێناوە.
لەبەرئەوەی پارتی ڕەگەزپەرستەكان، كە ئێستا (62) كورسیی بەدەستهیناوە، ئەگەرێكی بەهێز هەیە كوتلەی ڕاستڕەوەكان چەند هەفتەیەكی تر و لە ڕێگای هاوكاری ڕەگەزپەرستەكانەوە، دەسەڵات بگرێتە دەست.