( درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات دەنگی سندوقەكانی هەموو پارێزگاكانی هەرێم جارێكی تر بەدەست جیابكرێنەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانیش رەتدەكاتەوە. مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وتی:" به گوێرهی زانیارییه سهرهتاییهكان و بهراوردكردنی دهنگی دهنگدهركهنمان، له پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكهكانی دیكهی ئهو پارێزگایه، گومانی زۆرمان له لا دروست بووه، لهوهی كه بهشێوهیهكی ڕێكخراو دهستكاری دهنگی دهنگدهران كرابێت، مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی گوتیشی: بردنی سندووقهكانی دهنگدان گومانمان لهسهر دهستكاریی دهنگهكان به سوودی لانێكی دیاریكراو زیاتر دهكات، شایهنی باسه لایهنهكانی دیكهی بهشدار له پڕۆسهی ههڵبژاردن به ههمان شێوه گومانیان له پاكی و بێگهردیی پڕۆسهی ههڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی ههیه" وتەبێژی پارتی وتیشی :" وهكو پارتی ڕایدهگهیهنین، ئهو ئهنجامانهی راگهیهندراو قبووڵكراو نین و، داوادهكهین پڕۆسهی ژماردن به دهست ئهژمار بكرێ و، ئهگهر پڕۆسهی ژماردن به دهست له سهرتاسهری كوردستان ئهنجام بدرێ به كارێكی باشی دهزانین، تا گومانی ههموو لایهك بڕهوێتهوه و ئهمن و ئاسایش و سهقامگیری پارێزراو بێت." دەقی ڕاگەیەندراوەكە: به گوێرهی زانیارییه سهرهتاییهكان و بهراوردكردنی دهنگی دهنگدهركهنمان، له پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكهكانی دیكهی ئهو پارێزگایه، گومانی زۆرمان له لا دروست بووه، لهوهی كه بهشێوهیهكی ڕێكخراو دهستكاری دهنگی دهنگدهران كرابێت، ههروهها بردنی سندووقهكانی دهنگدان گومانمان لهسهر دهستكاریی دهنگهكان به سوودی لانێكی دیاریكراو زیاتر دهكات، شایهنی باسه لایهنهكانی دیكهی بهشدار له پڕۆسهی ههڵبژاردن به ههمان شێوه گومانیان له پاكی و بێگهردیی پڕۆسهی ههڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی ههیه. بۆیه وهكوو پارتی ڕایدهگهیهنین، ئهو ئهنجامانهی راگهیهندراو قبووڵكراو نین و، داوا دهكهین پڕۆسهی ژماردن به دهست ئهژمار بكرێ و، ئهگهر پڕۆسهی ژماردن به دهست له سهرتاسهری كوردستان ئهنجام بدرێ به كارێكی باشی دهزانین، تا گومانی ههموو لایهك بڕهوێتهوه و ئهمن و ئاسایش و سهقامگیری پارێزراو بێ. مهحموود محهممهد گوتهبێژی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان
(درەو میدیا) كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە هەموو پارێزگاكاندا 44.52% بووە. ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی كۆمسیۆن لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند رێژەی بەشداریكردن لە دەنگداندا لەسەرتاسەری عێراقدا 44.52% بووە و كۆی دەنگدەران زیاتر لە 10 ملیۆنە و زیاتر لە 700 هەزار لەدەنگدانی تایبەتدا بەشداریكردووە و لە دەرەوەی عێراقیش ژمارەی دەنگدەران لە 179 هەزار تێپەڕیوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەبۆنەی تەواوبوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەكات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاند ئەركێكی گرنگ لەسەر شانی پەرلەمانتارانی نوێیە كە بریتیە لە پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر كە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی هەموو عێراقییەكان بێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاندوو هیواخوازن پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەخێرایی و بە گوێرەی خشتەی دەستوریی بەڕێوەبچێت، بۆئەوەی عێراق بتوانێت بەرەو داهاتوویەكی زیاتر سەقامگیر و گەشەسەندوو بەردەوام بێت لە جموجوڵ.
بەرەی توركمانیی هۆشداریدەدات لە گڕگرتنی دۆخی كەركوك ئەگەر دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بە دەست جیانەكرێنەوە و داواش لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكات بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگەی كەركوك بڕیارێك بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەربكات. ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانیی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەوەی لە ئەنجامی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكانی ئامادەیی حەویجە روویداە باشترین نمونەیە لەسەر دەستكاریكردنی ئامێرەكانی دەنگدان. ساڵحی داواشی لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كرد بڕیارێكی دروست بدات بۆ پارێزگاریكردن لە ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵگەی كەركوك بەوەی دەنگەكان ببرێنە بەغدا و بە دەست جیابكرێنەوە.
راكان جبوری پارێزگاری كەركوك رایگەیاند كێشە لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگای كەركوك روویداوە و داواشدەكات لە بەغدا دەنگەكانی پارێزگاكە بەدەست جیابكرێنەوە. جبوری لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی :" كەركوك عێراقێكی بچوككراوەیە و بە سیفەتی ئەوەی پارێزگارم چەند مافێكی یاسایی و دەستوری دەكەوێتە سەرشانم." جبوری وتیشی :" جوموجوڵێكی جەماوەریی لەدژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە، دوای ئەوەی دەركەوت كێشە لە پرۆگرامی ئەلیكترۆنی دەنگداندا هەیە، هۆشداریمان لەوەدا ، بەڵام بێ وەڵام بوو." پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت داواشیكرد سندوقەكانی دەنگدان بە سەرپەرشتی هێزە ئەمنییەكان سندوقەكانی دەنگدان ببرێنە بەغدا بۆئەوەی لەوێ بەدەست دەنگەكان جیابكرێنەوە."
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایدەگەیەنێت لە هیچ دۆخێكدا پەنا بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست نابەن و پشت بە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی دەبەستن و لەماوەی 48 كاتژمێریشیدا ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنێت. لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " بغداد الیوم"، حازم ردێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی:" كۆمسیۆن پشت بە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان دەبەستێت و لە ژێر كاریگەری هیچ دۆخێك پەنا بۆ جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان نابات." ردێنی وتیشی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانەوە دەربارەی ئەنجامێكی زۆری حزبێكی دیاریكراو بڵاودەكرێنەوە دوورن لە راستییەوە كۆمسیۆن لەماوەی 48 كاتژمێردا ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە رادەگەیەنێت.
(درەو میدیا): هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە. دەقی رونكردنەوەكە: روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار ئەكەین كە یارییەكی ترسناك بەدەنگەكانی ئێوەوە كراوە و ژمارەی سەیرو سەمەری گوماناوی خراونتەڕوو، ئێمە بە وردی چاودێری دۆخی هەڵبژاردنەكانمان كردوەو بەهەموو پێوەرەكان ئەو ژمارانەی دەخرێنەڕوو دروست نین و یاری بەژمارەكان كراوە. داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بەرگری لە دەنگەكانی خۆیان بكەن رێگەنەدەن دەستی ساختەكاری بگات بە موقەدەراتی ئەوان و یاری دەنگەكانتانەوە بكرێت. ئێمە وەك هاوپەیمانی ئەو دەرئەنجامانە رەتدەكەینەوە كە خراونەتەڕوو، هەروەها هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەیەنە كارو هەموو رێگایەكی یاسایی و مەدەنی دەگرینەبەر بۆ داكۆكیكردن لە دەنگەكانی هاوڵاتیان، هەروەها كۆمیسۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاگادار دەكەینەوە و رێگە نادەین دەرئەنجامی ساختەكاری فەرزبكرێت بەسەر هەڵبژاردنەكەدا، بەڵگەی ساختەكاریەكانیش ئەوەیە لە رێگەی فەرزكردنی دەنگەكانی چەند سندوقێكەوە ئەو راستیە دەركەوتوە كە بەشێوەیەكی رێكخراوەیی یاری بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە. هاوڵاتیانی خۆشەویست.. پێشتر دەسەڵات لەڕێگەی قۆرغكاری بازاڕو دزینی داهاتی وڵاتەوە ویستویەتی بەردەوامی بەدەسەڵاتی خۆی بدات، ئێستاش ئەیەوێت لەڕێگەی دزینی دەنگەكانی ئێوەوە جارێكی تر درێژە بەدەسەڵات و ستەمی خۆی بدات. هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری 12/5/2018
جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و پسوڵەكان دوورن لە راستییەوە داواش لە لایەنەكانی تری دەرەوەی یەكێتی و پارتی دەكات بێنە پێش و پێكەوە كاربكەن لەسەر دەستكارینەكردنی دەنگە راستەقینەكانی ناو سندوقەكان و هەروەها ناو سێرڤەرەكە. دەقی راگەیەندراوەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: هەرجەندە نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەمو کوردستان دوەمە و لە هەندێک لە شوێنەکان یەکەمە و لە کەرکوک دوەمە و لە هەولیر دوەمە، بەڵام ئێمە هێشتا بەم دووەمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رازی نین، کە دو حیزبی دەسەلات دەستکاری ئەنجام و پسولەکانیان کردوە ،بە تایبەت یەکێتی لەسەر ئاستی سلێمانی و هەندێ ناوچەی تر دەسکارییەکی زۆری دەنگەکانی کردوە. بۆیە، هەمو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو پسوڵانەی دەدرێن بە چاودێرەکان و بڵاودەکرێنەوە، دورن لە راستیەوە و دو پارتی دەسەڵاتدار دەنگەکانیان زۆر زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی بڵاویانکردووەتەوە و تەنها ئەمانە پسوڵەکەیان لە دەرەوەی سیستەمەکە و سێرڤەرەکە پرینت کردوە، بێ پشتبەستن بە داتا و زانیاری ناو سیستەمەکە و ناو سندوقەکان. چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنەکانی تری دەرەوەی (یەکێتی و پارتین)، کە بێنە پێش و پێکەوە کار بکەین لەسەر دەستکاری نەکردنی دەنگە راستەقینەکانی ناو سندوقەکان و هەروەها ناو سێرڤەرەکە. وەک وتمان ، هەرچەندە ئەنجامەکەی نەوەی نوێ رەنگە بە لای زۆرێکەوە سەپرایز بێت ، بەڵام هێشتا دڵنیاین سەد لە سەد کە ئەو ئەنجامانەی دو پارتی سەرەکی دورن لە راستیەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی راستەقینەین لە کۆمسیۆنەوە بە فەرمی لە بەغدادەوە بڵاوبکرێتەوە بە پست بەستن بە ژمارەی راستەقینەی دەنگەکانی ناو سندوقەکە و هەروەها داتا و زانیاری ناو سێرڤەرەکە، ئەوکاتە هەڵوێستی کۆتایی خۆمان رادەگەیەنین. جوڵانەوەی نەوەی نوێ ١٢/٥/٢٠١٨
(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان هەژماری ئەلەكترۆنی دەنگدان ڕەتدەكاتەوەو داوادەكات پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوازی دەستی بەڕێوەبچێت. ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (درەو میدیا) كەوتوە، ڕایدەگەیەنێت، گومانی زۆر هەیە سیستمی ئەلەكترۆنی دەنگدان هاككرابێت و هەژماری ئەلەكترۆنی دەنگدان ڕەتدەكەنەوە و داواشدەكات هەژماری دەنگدان بەدەست ئەنجامبدرێت.
(درەو میدیا): دیارترین زانیارییەكان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: • یەكەم هەڵبژاردنە دوای لەناوبردنی رێكخراوی داعش لە عێراق • لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003، چوارەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانییە • لە كۆی 38 ملیۆن كەسی ژمارەی دانیشتوانی عێراق، 24.5 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە • لە قۆناغی یەكەمدا ملیۆنێك عێراقی لە 21 وڵاتی جیهان دەنگیاندا • 700 هەزار كەس كە بریتی بوون لە (پۆلس، سوپا، نەخۆش لە نەخۆشخانەكان) رۆژی پێنج شەممە بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا كرد • 8 هەزارو 959 بنكەی دەنگدان هەن و نزیكەی 11 ملیۆن كارتی دەنگدانیان بەسەردا دابەشكراوە • كاتژمێر حەوتی بەیانی وادەی كردنەوەی دەرگای بنكەكانی دەنگدانە و كاتژمێر شەشی ئێوارە وادەی داخستنی بنكەكانە • 7 هەزارو 367 كەس لە ژن و پیاو خۆیان كاندیدكردووە • 320 حزب و ئیئتیلافی سیاسی بەشدارن لە هەڵبژاردنەكەدا • 87 لیست لە 18 پارێزگا هەن و دەنگی كاندیدەكانی بەپێی پلەبەندییان بەسەردا دابەشدەكرێت • ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان 329 كورسییە، 83 كورسی وەكو كۆتا بۆ ژنان دانراوە، 9 كورسی وەكو كۆتا بۆ كەمینەكانی (ئێزدی، شەبەك، مەسیحی، سابیئە) دانراوە • پەرلەمان بۆ ماوەی 4 ساڵ هەڵدەبژێردرێت • دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمان، دەبێت لەماوەی 90 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنرێت
(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركوك كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازدا. ئەو سێ لایەنە كە لیستێكی هاوبەشیان بە ناوی (لیستی نیشتیمان) لە كەركوك هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، داویان لە خەڵكی كەركوك كرد بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردن بكەن. كەمی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردن بووەتە جێگای سەرەنجی هەموو قەوارە سیاسییەكان و چاودێران، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆن تاوەكو كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ ئاستی بەشداری دەنگدەران لە كەركوك 24% بووە.
( درەو میدیا ) كاتژمێر شەشی ئێوارە وادەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی دێت و كۆمسیۆن وادەكە درێژناكاتەوە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان بە شێوەیەك پرۆگرام كراون كە كاتژمێر شەشی ئێوارە لە كار رادەوەستن، بەوەش وادەی دەنگدانی گشتی بەهیچ شێوەیەك درێژناكرێتەوە. لە كاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی ئایارەوە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردووە و تا ئێستا رێژەی بەشداریكردن لەسەرتاسەری عێراقدا نەگەیشتوەتە 50%.
چاوەڕوان دەكرێت ئاستی بەشداری هاوڵاتیانی لە هەرێمی كوردستان 60% تێنەپەڕێنێت،بەو پێیەش بەهای كورسیەك لە 49 هەزار دەنگدانەوە بۆ 43 هەزار دەنگ دادەبەزێنێت، بەجۆرێك ئەگەر لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 لە هەولێر 79% و لە سلێمانی 76% و لە دهۆك لە 81% بووە، ئەو كات بەهای كورسیەك سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە - بەهای كورسیەك لە پارێزگای هەولێر ( 49.632 ) دەنگە لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 744489) كەس دەنگی داوە بۆ بەدەستهێنانی 15 كورسی لەو پارێزگایە. - لە پارێزگای سلێمانی كە بەهای كورسیەك ( 49.623 ) دەنگ لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 893226) كەس دەنگیداوە بۆ بەدەستهێنانی 18 كورسی لەو پارێزگایە. - لە پارێزگای دهۆك كە بەهای كورسیەك ( 44.586 ) دەنگە لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 490452 ) كەس دەنگیداوە بۆ بەدەستهێنانی 11 كورسی لەو پارێزگایە.