رووبەڕبوونەوەی ئەمریكا و ئێران لە عێراق دەستیپێكرد
2018-09-29 11:01:10
(درەو میدیا):
مانگی رابردوو لەكاتی خۆپیشاندانەكانی هاوڵاتیانی بەسرە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان بە گشتی و ئاوی پاك بە تایبەتی, كونسوڵگەری ئێران و بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە بەسرە سوتێندران، و ئەمریكا بەوە تۆمەتباركرا و ئێستاش هەڕەشەی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئەمریكای ناچاركرد كونسوڵگەرییەكەی لەو شارە دابخات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند دوای زیاتربوونی هەڕەشەكانی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەكانی بڕیاریداوە كونسوڵگەری وڵاتەكەی لە بەسرە دابخات.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند فەرمانیداوە بە هەموو كارمەندان و فەرمانبەران كە كونسوڵگەری بەسرە بەجێبهێڵن.
پۆمپیۆ هۆشداریشی دایە تاران و رایگەیاند " وڵاتەكەی دەستبەجێ و بە شێوەیەكی گونجاو وەڵامی دەبێت ئەگەر هەر دامەزراوەیەكی ئەمریكی بكرێتە ئامانج".
هاوكات هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند پۆمپیۆ فەرمانیداوە بە شێوەیەكی رێكخراو سەرجەم كارمەند و فەرمانبەرانی كونسوڵگەریی بەسرە بگوازرێنەوە و خزمەتگوزارییەكانی كونسوڵگەرییەكەش لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا جێبەجێدەكرێن.
بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا چەند هەفتەیەكە هەڕەشەكان لەدژی كارمەندانی كونسوڵگەری ئەمریكا لە بەسرە و هاوكارەكانیان لە لایەن حكومەتی ئێران و فەیلەقی قودس و ئەو میلیشیایانەوە زیادیانكردووە كە ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی بەڕێوەیان دەبات.
دەربارەی كاردانەوەی ئەمریكا ئەگەر دامەزراوە و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق بكرێنە ئامانج پۆمپیۆ وتی:" حكومەتی ئێرانم ئاگاداركردوتەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەر زیانێك بەر ئەمریكییەكان یان دامەزراوە دیپلۆماتییەكانمان بگات لە عێراق یان هەر شوێنێكی تر ، راستەوخۆ دەكەوێتە ئەستۆی ئێران، جا بكەرانی بە شێوەیەكی راستەوخۆ هێزی ئێران بن یان ئەو میلیشیایانەی پەیوەندییان پێوە هەیە".
ئەم بڕیارەی ئەمریكا بۆ داخستنی كونسوڵگەری بەسرە دوای ئەوە هات لەماوەی رابردوودا بە موشەك هێرشكرایە سەر كونسوڵگەرییەكە كە لەناو كۆمەڵگەی فڕۆكەخانەی بەسرەدایە و بەوتەی بەرپرسانی ئەمریكا هیچ زیانێكی لێنەكەوتووەتەوە.
جگە لەوەش بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە 24 كاتژمێری رابردوودا چەندجارێك ناڕاستەوخۆ دەستدرێژی گوللە بە ئاراستەی كۆنسوڵگەرییەكە كراوە.
دوای كشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكان، پەیوەندییەكانی تاران و واشنتۆن بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاوی ناوە و رۆژی سێشەممەش لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ترەمپ و رۆحانی رەخنەیان ئاراستەی یەكتركرد و ترەمپ بەڵێنیدا سزای زیاتر لەسەر ئێراندا بسەپێنێت و بەرپرسەكانی ئێرانیشی بە بڵاوكردنەوەی " پشێویی و كوشتن و وێرانكاریی" تۆمەتباركرد.
هەڵوێستی عێراق
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە داخستنی كونسوڵگەریی بەسرە لەلایەن ئەمریكاوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی.
ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند حكومەتی عێراق پابەندە بە پاراستن و پارێزگاریكردن لەو تیمە دیپلۆماتییە بیانیانەی كە لە عێراقن.