Draw Media

كوڕێكی كورد بووەتە باسی میدیاكانی هۆڵەندا

كوڕێكی كورد بووەتە باسی میدیاكانی هۆڵەندا

2018-09-28 20:40:03


 (درەو میدیا):
كوڕێكی كورد بە ناوی (هەردی- ن) لەگەڵ شەش كەسی تردا لەلایەن پۆلیسی هۆڵەنداوە دەستگیركراو گومان دەكرێت پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی "تیرۆریستی" داڕشتبێت.
ئەو كەسانە رۆژی پێنج شەممە لە هەڵمەتێكدا بۆسەر چوار ناوچە لەسەرتاسەری وڵات دەستگیركران و ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا ماوەی دەستبەسەركردنیان بۆ درێژكردنەوە بەمەبەستی تەواوكردنی دۆسیەی لێكۆڵینەوەكانیان.
بەپێی زانیاری میدیاكانی هۆڵەندا، ئەو (7) كەسە كە تەمەنیان لەنێوان (21 بۆ 34) ساڵدایە، پۆلیس لە ماڵەكانیاندا دەستی بەسەر بۆمب و چەك و پشتێنی بۆمبڕێژكراودا گرتووە.
سێ كەس لەو (7) كەسەی كە ئێستا دەستبەسەرن پێشتر لەلایەن پۆلیسی هۆڵەنداوە دەستگیركراون بەهۆی هەوڵدانیان بۆ چونەدەرەوە لە هۆڵەنداو رۆشتن بۆ ناو گروپە توندڕەوەكان.
یەكێك لە دەستگیركراوەكان كە كوڕێكی كوردە بە ناوی (هەردی)و تەمەنی (34) ساڵە، ساڵی رابردوو تۆمەتباركراوە بە هەوڵدان بۆ چونەناو رێكخراوی "داعش"ەوە.
لێكۆڵەران رایانگەیاندووە، لە ماڵی یەكێك لە دەستگیركراوەكاندا بڕی 100 كیلۆ پەینی كیمیایی دۆزراوەتەوە كە گومان دەكرێت ئامادەكرابێت بۆ بەكارهێنانی لە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراودا.
مارك روتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند" ئەو تۆڕەی كە ئێستا ئەندامەكانی دەستگیركراون، ویستویانە بە چەكی كڵاشینكۆڤ هێرش بكەنەسەر گردبونەوەیەكی جەماوەری و لە شوێنێكی تریش ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو بتەقێننەوە".
دەستگیركردنی ئەو (7) كەسە لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر بنەمای زانیاری دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا بووە و بەر لە دەستگیركردنیان پۆلیس چەند مانگێك چاودێریکردوون. 
ئەو وێنەیەی كە بڵاوكراوەتەوە، وێنەی پۆرترێتیی هەردییە كە میدیاكانی هۆڵەندا بڵاویانكردەوە، تائێستا وێنەی راستەقینەی ئاشكرانەكراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand