Draw Media

دەنگی پوچەڵی هێزە ئەمنییەكان سێیەمە لە ناوەندی سلێمانی

دەنگی پوچەڵی هێزە ئەمنییەكان سێیەمە لە ناوەندی سلێمانی

2018-09-29 11:15:01


(درەو میدیا):
هێزە ئەمنییەكان لە دەنگدانی تایبەتدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان شێوازێكی نوێ لە بایكۆت دادەهێنن،  ئەوەش (پوچەڵ) كردنەوەی دەنگەكانیانە، كە لە ناوەندی قەزای سلێمانی بەرزترین رێژەی تۆماركردووە.
بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییانەی بڵاوكراونەتەوە، پوچەڵكردنەوەی دەنگ، لەدەنگدانی تایبەتدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە دوێنی ٢٨ ئەیلول بەڕێوەچوو، ڕێژەیەكی بەرچاوی تۆماركردووە  و  بەڕای شارەزایانی بواری هەڵبژاردن ئەم حاڵەتە پێشهاتێكی تازەیە و لە ساڵی ١٩٩٢وە، تا دواین هەڵبژاردن رێژەیەكی لەو شێوەیە تۆمارنەكراوە.
ئەمانە چەند نمونەیەكن لەو ڕێژە بەرزەی بایكۆتی هێزە ئەمنییەكان كە تۆماركراوە:
-     ناوەندی قەزای سلێمانی ١٦٩٧ دەنگ  لە دەنگدانی تایبەت پوچەڵكراوەتەوە.
-    بنكەكانی چەمچەماڵ ٤٦٥ دەنگ، لە پێنج وێستگەی قوتابخانەی بەردەقارەمان ٢١٩ دەنگ،  بنكەی قوتابخانەی یەكێتی ٩٠ دەنگ.

هەر بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ، پوچەڵكردنەوەی دەنگ لەدەنگدانی تایبەتدا لە ناوەندی قەزای سلێمانی ئاستێكی پێوانەیی تۆماركردووە و گەیشتوەتە  ١٦٩٧ دەنگ، بەوەش  لەدوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پێشی هەموو هێزەكانی تری داوەتەوە.
ئەمە وێڕایی تۆماركردنی ڕێژەیەكی بەرچاو لە دەنگی سپی، كە پێكەوە لەگەڵ دەنگی پوچەڵ، لە هەندێك لە بنكەكانی تری سنوری پارێزگای سلێمانی ڕێژەی دەنگی زۆرێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی تێپەڕاندووە.
ڕێژەی بەشداری هێزە ئەمنییەكان لە دەنگدانی تایبەتدا لەسەدا ٩٠ زیاتربووە، زۆرێك بەرزی ئەو ڕێژەیە بۆ فشاری دەسەڵات و ترسی مووچە بڕین و دوورخستنەوەیان لەكارەكانیان دەگەڕێننەوە بەوپێیەی زۆرێك لەم هێزانە لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی حزبدان، وێڕایی ئەوەش زۆرێك لە هێزە ئەمنییەكان ڕێگایەكیان دۆزیوەتەوە لەلایەك بۆ دەنگنەدان بەهێزەكانی دەسەڵات لەڕێی دەنگدان بەهێزەكانی تر كە ئەویش ڕێژەیەكی بەرچاوە، یان بۆ بایكۆتكردنی هەموو هێزەكان لەڕێی پوچەڵكردنەوەی دەنگەكانیان یان دەنگدان بەسپێتی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand