دانوستان بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەستیپێكرد
2018-10-06 11:42:26
(درەو میدیا):
پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەڕێگەی بەشداریپێكردنیان لە حكومەت لایەنەكان قایل بكات بە ئەنجامی هەڵبژاردن، یەكێتی دەیەوێت پێش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەیكەری حكومەتی داهاتوو یەكلابكرێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت دەكات.
چەند رۆژێكە لە پشتی پەردەوە دانوستانێكی نهێنی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكردووە.
لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەیانەوێت لایەنە ناڕازییەكان قایل بكەن بە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەرامبەر زیادكردنی كورسییەكانیان و قەرەبوكردنەوەیان بە پۆست لە كابینەی نوێی حكومەتدا.
سێ لایەن بەشێوەیەكی سەرەكی ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەڵێن ساختەكاری بەرفراوان كراوە، ئەو سێ لایەنەش بریتین لە:
• بزوتنەوەی گۆڕان
• یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
• جوڵانەوەی نەوەی نوێ
لەپاڵ ئەم سێ لایەنەدا، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەجۆرێك ناڕازییە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، یاخود وا نیشان دەدات كە ناڕازییە، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی پارێزگاری لەو كورسییانە بكات كە بەدەستی هێناون.
سەرچاوەی ناڕەزایەتی یەكێتی بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆرێك لەو سندوقانەی هەڵبژاردن كە "قردێلەی سور"یان لێدراوە و مەترسی سوتاندنی دەنگەكانیان لەسەرە، دەكەوێتە سنوری دەسەڵاتی یەكێتییەوە.
لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوەیە لەڕێگەی ئەو سكاڵایانەی كە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆماركراوە، هەندێك لە دەنگەكانی بۆ بگەڕێتەوە و لە ئەنجامدا كورسییەك بۆ دوو كورسی بۆ ئەنجامەكانی خۆی زیاد بكات.
بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، لە راگەیاندنی كۆتایی ئەنجامی هەڵبژارددندا، دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە (164 هەزار) دەنگەوە بۆ (196 هەزار) دەنگ زیاد دەكات، بەڵام ئەم زیادبونە كاریگەری لەسەر زیادبونی ژمارەی كورسییەكانی ئەو بزوتنەوەیە نابێت.
ئێران و ئەمریكا چی دەڵێن ؟
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە پشتی پەردەوە هەریەكە لە ئێران و ئەمریكا كە پێشتر لەگەڵ ئەوەدا نەبوون هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلولدا بەڕێوەبچێت، ئێستا داوا دەكەن ئەنجامی هەڵبژاردن وەكو ئەوەی هەیە تێپەڕێندرێت و كێشە دروست نەكرێت، ئەمەش لەپێناو ئەو سەقامگیرییەی كە ئەوان دەیانەوێت لەم قۆناغەدا لە عێراق بەدی بهێنن.
قردێلە سورەكان!
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان رێژەی 85%ی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی راگەیاند، ئێستا رێژەی 15%ی دەنگەكان ماوە، كە ئەنجامی نزیكەی (250 هەزار) دەنگە.
لەم (250 هەزار) دەنگەی كە هێشتا ئەنجامەكەی رانەگەیەندراوە، (228) سندوقی دەنگدان "قردێلەی سور"یان لێدراوە و گومانی ساختەكارییان لەسەرە، هەر سندوقێك لەم سندوقانە رێژەی (250 بۆ 280) دەنگی تێدایە، بە كۆی گشتی زیاتر لە (65 هەزار) دەنگ گومانی ساختەكارییان لەسەرە، واتە نزیكەی (4) كورسی پەرلەمان گومانی ساختەكارییان لەسەرە.
لایەنە سیاسییەكان بە هەمویانەوە نزیكەی (هەزارو 45) سكاڵایان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن تۆماركردووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئێستا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی ئەو سكاڵایانەیە.
یەكێتی داوای كڵێشەی حكومەت دەكات
هەرچەندە وا دەردەكەوێت كە لایەنە سیاسییەكان زۆر ناكۆكن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵام (درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، لایەنەكان لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی دانوستانن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەمدواییە لە بەغدادو لە هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماردا گورزێكی سیاسی گەورەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەشاند، ئێستا دەیەوێت دۆخەكە لەگەڵ پارتی ئارام بكاتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پارتیو یەكێتی لە پشتی پەردەوە دەستیان بە دانوستان كردووە، یەكێتی نایەوێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ئاشكرابكرێت تا ئەوكاتەی پەیكەری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پارتیدا یەكلادەكاتەوە.
یەكێتی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی (سەرۆكی پەرلەمان)و (جێگری سەرۆكی حكومەت)و (هاوسەنگییە لە پۆستەكانی تردا).
بەڵام پارتی نایەوێت بە ئاسانی ئەو گورزە سیاسییەی بەغدادی بەسەردا تێپەڕێت و دەیەوێت بەپێی قەبارەی خۆی لە هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكات، چەندین بەرپرسی پارتی لە لێدوانەكانیاندا جەختیان لەسەر ئەم هەڵوێستەی پارتی كردوەتەوە.
گۆڕان چی دەوێت ؟
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان شۆك بوو، بەتایبەتی كە ئاستی دەنگەكانی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو زیاتر لە (300) هەزار دەنگ كەمیكردو رێژەی كورسییەكانیشی 50% دابەزی.
بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی یەكێتی و پارتی لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی جموجوڵی سیاسییە بەمەبەستی بەدەستهێنانی چەند كورسییەك لەو رێژە دەنگانەی كە هێشتا یەكلانەكراونەتەوە كە زیاتر لە (250 هەزار) دەنگە.
بزوتنەوەی گۆڕان لە پاڵ هەوڵەكانی بۆ زیادكردنی دەنگەكانی یاخود رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، لە دەرگایەكی تریشەوە هەوڵی زامنكردنی پێگەی خۆی دەدات لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا.
(درەو میدیا) زانیویەتی، مستەفا سەید قادر یەكێك لە سەكردە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەرپرسی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەی بوو، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتدا كردووە و نیگەرانی بزوتنەوەكەی پێی راگەیاندووە لەبارەی ئەنجامەكان هەڵبژاردنەوە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مستەفای سەید قادر و نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆیان لەسەر ئەوە كردووە لە كابینەی نوێی حكومەتدا، جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیادبكرێت و بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕان پێگەی لە حكومەتی داهاتوودا هەبێت.
یەكگرتوو چۆن رازی دەكرێت ؟
زیانی یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلول لە زیانی بزوتنەوەی گۆڕان كەمتر نییە، ئەم هێزە رێژەی دەنگەكانی لە (186 هەزار) دەنگەوە بۆ (69 هەزار) دەنگ كەمیكرد، واتە (117 هەزار) دەنگ كەمیكرد و ژمارەی كورسییەكان لە (10) كورسییەوە بۆ (5) كورسی دابەزی.
ئەمە لەكاتێكدا بوو یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا بە تەنیا نەبوو، لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست بەشداری كرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكردووە بە پەیوەندی لەگەڵ یەكگرتوو بەمەبەستی رازیكردنیان بە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، ئەمەش لەبەرامبەر پێدانی پۆست و زامنكردنی پێگە بۆ یەكگرتوو لە كابینەی داهاتووی حكومەتدا.
كۆمەڵ لە هەموان دڵخۆشترە
كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای پارتییەوە، سەركەوتوترین لایەنی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئەم هێزە ژمارەی كورسییەكانی لە (6) كورسییەوە بوو بە (7) كورسی.
كۆمەڵی ئیسلامی پێناچێت هیچ كێشەیەكی ئەوتۆی هەبێت لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاسایی كردووە.
نەوەی نوێ لە یەكەم تاقیكردنەوەدا
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی ئەوەی تازە دروستبووە، یەكەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات.
بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، ژمارەی دەنگەكانی ئەم جوڵانەوەیە لە (152 هەزار) دەنگەوە بۆ (113 هەزار) دەنگ كەمیكرد، واتە نزیكەی (40 هەزار) دەنگ كەمیكرد.
سەرباری ئەمە، نەوەی نوێ لە یەكەم تاقیكردنەوەدا توانی (8) كورسی پەرلەمان بباتەوە، ئەم جوڵانەوەیە وەكو یەكەم لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن بڕیاریداوە بایكۆتی پەرلەمان بكاتو نوێنەرە دەرچووەكانی نەنێرێتە پەرلەمانەوە.
تائێستا نەوەی نوێ سورە لەسەر بڕیارەكەی بۆ بایكۆتكردنی پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەگەر نوێنەرەكانی نەنێرێتە پەرلەمان، كورسییەكانی دابەشدەكرێت بەسەر لایەنە براوەكانی تردا.
پارتی چۆن هەمووان قایل دەكات ؟
پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری ئەوەی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان رێژەی دەنگەكانی نزیكەی (150 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، بەڵام بەهۆی كەمی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمجارە و دابەزینی بەهای كورسییەكانی پەرلەمان، ژمارەی كورسییەكانی لە (38) كورسییەوە بۆ (44) كورسی زیادیكردووە و چاوەڕوانی ئەوەش دەكات كورسییەك بۆ دوو كورسی تر زیاد بكات.
پارتی ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات لەڕێگەی پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی و بەشداریپێكردنی لایەنەكانی تر لە كابینەی نوێی حكومەتدا، قایلیان بكات بە رازیبوون بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە.