Draw Media

ڕۆژنامە ئەوروپیەكان داوای ئاشكراكرنی چارەنوسی خاشقچی لە سعودیە دەكەن

ڕۆژنامە ئەوروپیەكان داوای ئاشكراكرنی چارەنوسی خاشقچی لە سعودیە دەكەن

2018-10-06 14:19:36



(درەو میدیا):


مەسەلەی رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە كێشەی ڕای گشتی لە وڵاتانی خۆرئاوا، بە جۆرێك ژمارەیەك لە ڕۆژنامەكان ڕۆشناییان خستوەتە سەر ڕووداوی دیارنەمانی بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر و، داوا لە دەسەڵاتدارانی سعودیە دەكەن چارەنوسی ئاشكرابكەن و ئازادیبگەن، ئەگەر دەستگیریانكردووە.
لەلاپەڕەی (ڕا)ی، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست كە جەمال خاشقچی نوسەر و میدیاكاری ئۆپۆزسیۆنی سعودی تیایدا دەنوسێت، تیمی هەواڵنوسانی ڕۆژنامەكە وتارێكیان بەناونیشانی "جەمال خاشقچی لە كوێیە؟" نوسیوە و تیایدا نیگەرانی خۆیان لە چیرۆكی ناڕوونی دیارنەمانی ناوبراو باسكردووە.
بەلای ڕۆژنامەكەوە" خاشقچی تەنها نوسەری وتاری (ڕا) نیە، بەڵكو ئەو بەحوكمی كاروانی پیشەیی خاوەنی پەیوەندییەكی نزیكە لەگەڵ خانەوادەی فەرمانڕەوا، زیاتر لە هەر كەسێكی تر دەزانێت چۆن بیردەكەنەوە و كاردەكەن".
پێشیوایە" ڕەخنەگرتنی خاشقچی لە محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی توڕەكردووە كە هەڵمەتێكی فراوانی بۆ بێدەنگردنی ئۆپۆزسیۆن دەستداوەتێ‌، لەساتەوەختی "تازەكردنەوەی شانشین"، بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە پیاوانی ئاینی و ڕۆژنامەنوسان و چالاكان لە زیندانەكان توندكراون، هەروەها ئەو ژنانەی زیندانیكردووە كە بەرگری لە مافی ژنان دەكەن لە شۆفێریكردن، كە مافێكە ژنان بەدەستیانهێنا وێڕایی سەپاندنی ئەو سزایانە بەسەر چالاكان لەو بوارەدا".
واشنتۆن پۆست نوسینێكی خاشقچی بیرهێناوەتەوە كە لە ئەیلولی ساڵی 2017 نوسیویەتی" ماڵ و خانەوادە و كارەكەم بەجێهێشت، من دەنگم بەرزدەكەمەوە، ئەگەر پێچەوانەی ئەوەبكەم بە خیانەتكردن دادەنرێت لەوانەی لە زیندانەكان توندكراون، ئەتوانم قسەبكەم لەكاتێكدا زۆرێك ناتوانن ئەوەبكەن".
لە كۆتایی وتاری ڕۆژنامەكەدا هاتووە"جێنشینی سعودیە مژدەی ئەوەی بەسەرانسەری هەموو ویلایەتە یەكگرتوەكان دا كە تێڕوانینێكی مۆدرێنتری هەیە بۆ كۆمەڵگەی سعودییە، یاسا و مامەڵە ئاینییە كۆنەكان تێكبشكێنێت، بەڕووی بیركردنەوەو وەبەرهێنانی بیانیدا كرانەوەبكات، ئەگەر بەكردار پابەندی ئەو كارە بوایە، پێشوازی لە ڕەخنەی بناتنەر دەكرد لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە نمونەی خاشقچی، هەموو هەوڵێكی دەخستەگەڕ بۆ زامنكردنی وەك كەسێكی ئازاد و بەردەوامبونی لەسەر كارەكەی".

چاكسازی سەركوتكار

ئەنجومەنی نوسین لە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە سەروتاری ڕۆژنامەكەدا بەناونیشانی"جەمال خاشقچی بدۆزنەوە" پشتیوانی خۆیان بۆ ناوبراو دەربڕیوە، داواشیان لە هەموان كردووە دەنگیان هەڵبڕن" بۆ پشتیوانی لەخاشقچی و هەموو ئەو دەنگانەی ناچاركراون بەبێدەنگی، دەنگتان بەرزبكەنەوە تا هەموان گوێیان لێیبێت، لەنێوان ئەوانەشدا چاكسازی سەركوتكار". 
لای خۆیەوە، تۆماس فریدمان ڕۆژنامەنوسی ئەمریكی داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و جارید كۆشنێری زاوای كردووە، داوا لە سعودیە بكەن چارەنوسی خاشقچی ئاشكرابكات.
فریدمان لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی" ترەمپ، كۆشنێر، لەڕێی تویتكردنەوە زۆر هەڵوێست دەرنابڕم، بەڵام ئەمجارە باوابێ‌، پێویستە لەسەرەتان داوا لە سعودییەكان بكەن جەمال خاشقچی بدۆزنەوە و ئازادی بكەن، بەبێ‌ ڕەخنەگرێكی بنیاتنەری وەك ئەو، چاكسازییە ئابورییەكانی سعودییە شكستدەهێنێت".
فریدمان لە تویتێكی تردا، بۆ  محەمەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە و عادل جوبەیری وەزیری دەرەوە ئەو وڵاتە نوسیوە" پێویستە لەسەرتان جەمال خاشقچی هاوڕێی ونبوم لە كونسوڵیەتی سعودیە لە ئەستنەبوڵ بدۆزنەوەو ئازادی بكەن، ئەگەر رفێندرابێت، كارەسات دەبێت بۆ دیپلۆماسیەتەكەتان".
 ڕۆژنامەی (گاردیان)یش، لەسەر وتاری ڕۆژنامەكەدا بەناونیشانی "پێویستە ڕۆژنامەنوسی ونبوی سعودیە بدۆزرێتەوە" پشتیوانی بۆ خاشقچی دەربڕیوە و لەبارەی بن سەلمانەوە ڕایگەیاندووە"حەزی لەو ڕەخنانە نیە كە لە دەرەوە ئاڕاستەی دەكرێت، ئەوەش والێكردوە هێرشبكاتە سەر كەندا كە ڕەخنەی لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ  گرتوە، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی كەسانی تر قسەی خۆیان نەكەن، خاشقچی ڕوبەڕوی ئەم تۆقاندنە بوەتەوە، ئێمەش ڕێز لە ئازایەتی دەگرین و پشتیوانی دەكەین.
ڕۆژنامەی (لۆمانیتیە)ی، فەرەنسی، وتارێكی نوسیوە بەناونیشانی "پیاوی ئەمڕۆ..جەمال خاشقچیە" چیرۆكی نامۆی ونبونی لە توركیا گێڕاوەتەوە بۆ ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەكانی سعودیە.
هاوكات گۆڤاری "لونوفیل ئوبسرفاتور" وردەكاری پرسی ونبونی ڕۆژنامەنوسە سعودییەكەی بڵاوكردوەتەوەو بەناونیشانی " ناڕوونی بەچواردەوری ونبونی ڕۆژنامەنوسە سعودییە ڕەخنەگرەكە لە محەمەد بن سەلمان لە توركیا" وتارێكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا ئاماژەی بە هەندێك لەو پەڵپانە گرتوە كە ڕوبەڕوی بوەتەوەو ئەو وتارەشی بەنمونە هێناوەتەوە كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2017دا لە واشنتۆن پۆست بڵاویكردوەتەوە.

سەرچاوە: ڕۆژنامە فەرەنسیەكان، ڕۆژنامە بەریتانیەكان، ڕۆژنامە ئەمریكیەكان، ئەلجەزیرە 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand