Draw Media

یەكگرتوو ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە

یەكگرتوو ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە

2018-10-06 20:34:56


( درەو میدیا):
لە دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكرگرتوو لە بەلاغێكدا بڕیاریدا"  بە رەتكردنەوەی دەرئەنجامە سەرەتاییە راگەیێنراوەكانی هەڵبژاردن، بەهۆی ئەو هەموو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە رووبەرووی پرۆسەكە بووەتەوە"
لەبارەی دابەزینی رێژەی دەنگەكانیشیان رایانگەیاندووە: سەركردایەتی یەكگرتوو راشكاوانە داندەنێت بەو پاشەكشە نەخوازراوەدا و ئامادەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی هەر بەرپرسیارێتیەك لەو بارەیەوە رووی تێبكات .

بەلاغی كۆتایی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو:  

بسم الله الرحمن الرحیم 
بەلاغی كۆبوونەوەی نائاسایی 
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان 

ئەمرۆ شەممە 6/10/2018 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بە مەبەستی تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30/9 دا ئەنجام درا .. 
سەرەتا كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم رێكخستنەكان و ئۆرگانەكانی حیزب و كاندیدە بەرێزەكان و دەنگدەرانی لیستی ( بەرەو ئیصلاح )  كرد و هەوڵ و ماندووبوونەكانیانی بەرزنرخاند.
پاشان كۆبوونەوە هەڵوەستەی كرد لەسەر ئەنجامە بەراییە راگەیەنراوەكان و نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر ئەو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە لایەنەكانی دەسەڵات ئەنجامیان داوە و بووەتە هۆی ناشیرنكردنی پرۆسەكە و زیادكردنی رێژەی دەنگی لایەنەكانی دەسەڵات بە شێوەیەكی نایاسایی و دوور لە پێوەرەكانی دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ . 
لەوبارەیەوە كۆبوونەوە بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی دەرئەنجامە سەرەتاییە راگەیێنراوەكانی هەڵبژاردنەكە، بەهۆی ئەو هەموو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە رووبەرووی پرۆسەكە بووەتەوە. 
لە تەوەرەیەكی تردا كۆبوونەوە راوەستا لەسەر دابەزینی رێژەی دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكرا و، لەو بارەیەوە كۆبوونەوە رایگەیاند كە سەركردایەتی یەكگرتوو راشكاوانە داندەنێت بەو پاشەكشە نەخوازراوەدا و ئامادەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی هەر بەرپرسیارێتیەك لەو بارەیەوە رووی تێبكات .
بۆئەو مەبەستە سەركردایەتی بڕیاریدا هەموو هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی دەرهاویشتەكانی ئەم پاشەكشەیە و ئەنجامدانی گۆڕانكاری پێویست لە تێكڕای ئۆرگانە حیزبیەكان و دانانی پلانی پێویست بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆنوێكردنەوە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە خراپە و گرێدانی كۆبوونەوەی گشتی لە زووترین كاتدا .
سەبارەت بە بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنەكان، هەر لە بایكۆتكردنی تێكڕای پرۆسەی سیاسی یان هەر هەڵوێستێكی تر، كۆبوونەوە بڕیاریدا بە ئەنجامدانی ئەو رێكارانەی كە لە پێرەوی ناوخۆی حیزبدا دیاریكراوە و هەرچی زووە بڕیار و هەڵوێستی رۆشن لەو بارەیەوە رابگەیەنێت . 
لەكۆتاییدا كۆبوونەوە داوای كرد كە رێكخستنەكان و ئۆرگانەكانی حیزب هەموو پێكەوە بە گوڕ و تینەوە  پێشوازی لە قۆناغی نوێ بكەین و ئەرك و بەرپرسیاریەتیەكان جێبەجێ بكەین و بەشكۆ و هیمەتی بەرزەوە پەیام و ئامانجەكانی یەكگرتوو بە ئەنجام بگەیەنین.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand