فەرەنسا: سەرۆكی پۆلیسی ئینتەرپوڵ دیارنەما
2018-10-05 16:53:18
(درەو میدیا):
مینگ هۆنگۆی سەرۆكی پۆلیسی تاوانی نێودەوڵەتی " ئینتەرپوڵ" دیارنامێنێت و فەرەنساش بۆ دیاریكردنی چارەنوسی لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە.
چەند سەرچاوەیەك لە پۆلیسی فەرەنسا رایانگەیاند مینگ هۆنگۆی هەفتەیەك لەمەوبەر گەشتێكی بۆ چین دەستپێكردووە و لەو كاتەوەی كە بارەگای سەرەكی ئینتەرپوڵی لە شاری لیۆنی فەرەنسا بەجێهێشتووە پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لەو لایەنە پەیوەندیدارەی فەرەنسا كە لێكۆڵینەوە دەكات قسەی بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس" كردووە و رایگەیاند هۆنگۆی لە فەرەنسا بێسەروشوێن نەبووە.
مینگ هۆنگۆی تەمەن 64 ساڵ بەرپرسێكی دیاری حزبی شیوعی چینە و دوو ساڵە بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ هەڵبژێدراوە.
لێكۆڵینەوە لە دیارنەمانی هۆنگۆی كاتێك دەستیپێكرد كە هاوسەرەكەی پۆلیسی لە دیارنەمانی ئاگاداركردەوە و پۆلیسی ئینتەرپوڵیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئاگاداری دیارنەمانی هۆنگۆین و جەختیشیكردەوە كە ئەو پرسە پەیوەستەبە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەریەك لە فەرەنسا و چینەوە.
مینگ هۆنگۆی وەك سەرۆكی ئینتەرپوڵن سەركردایەتی لیژنەی جێبەجێكردنی دەزگاكە دەكات كە بڕیاری لە سیاسەتی گشتی دەدات و رێنمایی ئاراستەی رێكخراوەكە دەكات.
مینگ هۆنگۆی پێش هەڵبژاردنی بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ، جێگری وەزیری كاروباری ئاسایشی گشتی بوو لە چین و ساڵی 2016 بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ هەڵبژێدرا و ئەو كاتەش چالاكان و رێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان دەربڕی و رایانگەیاند ئەو پۆستەی لە چین هەیبووە هاوكار دەبێت بۆ ڕاوەدوونانی ئەو كەسانەی كە ئۆپۆزسیۆنی چینن و ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە، بەڵام مینگ هۆنگۆی رایگەیاند ئامادەیە هەرچی لە توانایدایە بیكات لە پێناوی پرسی پاراستی سیستم لە جیهاندا.
مینگۆ هۆنگۆی سەرۆكی ئینتەرپوڵ، خزمەت و شارەزایی 40 ساڵی بواری دادپەروەریی تاوان و پۆلیسدا لە چین هەیە، بە تایبەتی لە بوارەكانی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان و تیرۆر و چاودێری سنور، ئەوەش بە گوێرەی پۆلیسی نێودەوڵەتی " ئینتەرپوڵ".