Draw Media

لە زستاندا، بەهاری عەرەبی گەیشتە سودان

لە زستاندا، بەهاری عەرەبی گەیشتە سودان

2019-01-01 19:36:11


راپۆرتی : نامیق رەسوڵ
دوای هەشت ساڵ بەسەر شۆڕشە جەماوەرییەكانی چەند وڵاتێكی عەرەبی كەناوی " شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی" لێنرا و بوونە هۆی گۆڕینی دەسەڵات لە تونس، میسر،  لیبیا و یەمەن، ئێستا ئەو شۆڕشە گەیشوەتە سودان و زیاتر لە هەفتەیەكە خۆپیشاندان لەدژی دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستیپێكردووە.


لە داواكاری نانەوە بۆ گۆڕینی رژێم
خۆپیشاندانەكانی خەرتومی پایەخت و شارەكانی تری سودان سەرەتا بۆ داواكاری باشكردنی باری بژێوی و رەخساندنی هەلی كار و نان دەستیپێكرد، بەڵام ئێستا چوەتە قۆناغێكی نوێوە داواكاری گۆڕینی رژێمی دەسەڵاتدار بووەتە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران و لەماوەی رابردووشدا خۆپیشاندانەكان توندوتیژی زۆریان لێكەوتوەتەوە بەهۆیەوە چەندین خۆپیشاندەری سڤیل بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان كوژران و چەندین كەسی تر برینداربوون.

بەرەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری
لە پێشهاتێكی نوێدا 23 حزبی سودان نزیك لە حكومەتی ئێستا كە لە بەرەیەكدا بەناوی " بەرەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری" كۆبوونەتەوە داوای  گۆڕینی رژێمی سیاسی و پێكهێنانی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئینتیقالی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختیان كرد.
ئەو 23 حزبەی سودان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیانكردەوە لەوەی كە رژێمی ئێستای وڵات بەهۆی گۆشەگشیی ئابوری و سیاسی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە توانای چارەسەركردنی كێشەكان و قەیرانەكانی نییە.
ئەو 23 حزبەی سودان چەند داواكارییەكیان  بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتەكەیان خستەڕوو كە ئەمانەن:
1- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی ویلایەتەكان و دانانی ئەنجومەنێكی تەوافقی كە لە 100 ئەندام پێكبێت.
2-  هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی و حكومەتی ویلایەتەكان و ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتەكان و داڕشتنەوەیان بە گوێرەی پێكهاتەی دیالۆگی نیشتمانی.
3- حكومەتێكی ئینتیقالی دابمەزرێنرێت كەوادەیەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن دیاریبكات بە گوێرەی بەرەوپێشچونی دۆسیەی ئاشتی و بە دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا.
4- حكومەتی ئینتیقالی چاكسازی یاسایی و دەستوری بكات و چاكسازیش لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و یاسای هەڵبژاردنەكان بكات و كۆمسیۆنێك بۆ هەڵبژاردن و لیژنەیەكی نیشتمانی بۆ دەستور بە تەوافق لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئینتیقالی پێكبهێنێت.
5- نەخشەڕێی ئەفریقا بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسی لە سودان پشتی پێببەسترێت.
6- پەیماننامەی دیالۆگی نیشتمانی بۆ ئەو هێزە سیاسییانە بكرێتەوە كە ئیمزایان لەسەر نەكردووە بۆئەوەی بەشداربن تێیدا.
7- رێوشوێنی ئابوری بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی نەهامەتی هاوڵاتیان و پێداویستییە بنەڕەتییەكانیان بۆ دابینبكرێت.
8- پاراستی ئازادی گشتی و گەڕاندنەوەی دیموكراتیەن.
9-  سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەریی و سەروەربوونی یاسا.
10- پشتیوانیكردنی هێزە یاساییەكان و پەرەپێدانی تواناكانیان و دوورخستنەوەیان لەهەر جەمسەرگیرییەك بۆ ئەوەی بێلایەنی و پیشەییان گرەنتی بكرێت و ئەركی دەستوری خۆیان بۆ پاراستی نیشتمان لە ئەستۆبگرن.
11- بایەخدان بە كۆچبەران و منداڵەكانیان.
12- راگرتنی شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكانی نیلی شین و باشوری كوردۆڤان و دارفۆر.
13- بایەخدان بە دۆسیەی ئاوارەكان و پەنابەران و گەڕاندنەوەیان.

ئەو حزبانەی سودان هۆشدرایشیاندا لە رەتكردنەوەی وەرچەرخان بۆ رژێمێكی سیاسی نوێی، ئەنجامی خراپی كۆمەڵایەتی و سیسای لێدەكەوێتەوە و داواشیان لە هێزەكانی سوپای سودان كرد دامەزراوە گشتییەكان و خۆپیشاندانەكان بپارێزن بۆئەوەی رێگە لە خوێنڕشتی هاوڵاتیان بگیرێت.


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand