ئەو پیاوەی عەرشی ئەردۆغانی لە ئیستانبوڵ هەژاند
2019-06-22 15:40:53
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
سبەینێ هەڵبژاردنی شارەوانی لە شاری ئیستانبوڵی توركیا دووبارە دەكرێتەوە، سەرباری ئەوەی كاندیدەكەی پارتی دەسەڵاتدار بەرەگەز كوردە، بەڵام دەنگدەرانی كورد جارێكی تر دەنگ بە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەدەنەوە، راپرسییەكان باس لە چانسی بردنەوەی كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن دەكەن.
دوو هەڵبژاردن لە سێ مانگدا
بۆجاری دووەم لەماوەی سێ مانگدا، سبەینێ دەنگدەرانی شاری ئیستانبوڵی توركیا دەچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی شارەوانی بۆ شارەكەیان.
رۆژی 31ی مانگی ئازاری رابردوو، هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا بەڕێوەچوو، لە ئیستانبوڵ یەكەم گەورە شارو پایتەختی ئابوریو گەشتوگوزاری توركیا (ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ) كاندیدی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) بەجیاوازی (14 هەزار) دەنگ سەركەوتنی بەسەر (بن عەلی یەڵدرم) سەرۆك وەزیرانی پێشووی وڵاتو كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاكەپە)دا، سەركەوت.
بەڵام لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان رۆژی 6ی ئایاری رابردوو وەكو وەڵامدانەوە بۆ داوایەكی پارتی دادو گەشەپێدان، ئەنجامی هەڵبژاردنی لە ئیستانبوڵ هەڵوەشاندەوەو فەرمانیدا بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە رۆژی 23ی ئەم مانگە، واتە سبەینێ.
پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا سەرۆكایەتی دەكات، دەڵێت لە هەڵبژاردنی ئیستانبوڵدا سەرپێچی رویداوە.
ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ كێیە ؟
بەڵام سەرباری ئەمەش دەبێت ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ كێ بێت كە توانیویەتی ئیدارەی شارەكە لە ئەردۆغانو ئیسلامییەكان بسەنێتەوە كە ئیدارەی ئەو شارە لە ساڵی 1994وە بەدەست ئەوانەوەیە ؟
ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ تەمەنی (49 ساڵ)ە، یەكێكە لەو سیاسییانەی بەمدواییە ئەستێرەی لە ئاسمانی سیاسی توركیا درەوشاوەتەوە، بەپێچەوانەی سەركردەكانی تری پارتەكەیەوە (جەهەپە)و ئەم پیاوە تاڕادەیەك سەربە نەوەی نوێی توركیایە، ئەمە لەكاتێكدایە كەمال كلیچدار ئۆغلۆی سەرۆكی پارتەكەی تەمەنی (71 ساڵ)ەو سەربە نەوە سیاسییە كۆنەكەیە.
كاروانی سیاسی ئەردۆغان ساڵی 1994 لە ئیستانبوڵەوە دەستیپێكرد، كاتێك وەكو سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە لەسەر لیستی پارتی رەفاهی ئیسلامی هەڵبژێردرا كە نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكایەتی دەكردو دواتر هەڵوەشێندرایەوەو ئەردۆغان بۆماوەی چەند مانگێك زیندانی كراو پاش خوێندنەوەی هۆنراوەیەكی ئاینیش لە فێستیڤاڵێكدا، ئیتر رێگری لێكرا هیچ پۆستێكی حكومی وەرگرێت.
ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ هاوشێوەی ئەردۆغان كاروانی سیاسی خۆی لە ئیستانبوڵەوە دەستپێكرد.
پارتی فەزیلەتی ئیسلامی كە میراتگیری پارتی رەفاه بوو، ساڵی 2004 سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵی گرتەدەست، پارتی دادو گەشەپێدان كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات ساڵی 2002 دەسەڵاتی لە توركیا گرتەدەست، لە ساڵی 2004وە جارێكی تر ئیستانبوڵ كەوتەوە دەست پارتەكەی ئەردۆغان، واتە ئەم شارە ماوەی چارەكە سەدەیەكە لەژێر دەستی ئەو پارتانەدا بووە كە رەگو ریشەی ئیسلامییان هەبووە.
زمانێكی ئاشتیخوازانە
بەپێچەوانەی گوتاری سۆزاویو توندی ئەردۆغانەوە، دوای ئەوەی لیژنەی هەڵبژاردنەكان سەركەوتنی راگەیاند، ئیمام ئۆغلۆ لەبەردەم لایەنگرانی پارتەكەیدا لە ئیستانبوڵ رووی دەمی كردە لایەنگرانی ئەردۆغانو وتی:" دەبێت پرۆسەكە بەڕێزو لێكتێگەیشتنو دیالۆگ بەڕێوەبچێت، داوا لە سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەم ئەوپەڕی پەرۆشی خۆی لەم بوارەدا نیشان بدات، لەبەر بەرژەوەندی نیشتمانو ناوچەكە، خوازیارم گەیشتنم بە چارەسەرێكی دادپەروەرانە لە زوترین كاتداو دورخستنەوەی هەر زیانێك بە ناوبانگی توركیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".
ئیمام ئۆغلۆ بەشداری نوێژێكی بەكۆمەڵی كرد بۆ گیانی قوربانیانی كرایست چێرچ لە نیوزلەنداو چەند ئایەتێكی قورئانیشی خوێندەوە، بەمشێوەیەش دژی ئەو وێنە باوە وەستایەوە كە لەسەر پارتی گەلی كۆماری هەبوو وەكو پارتێكی ئەتاتوركیی عەلمانیی.
ئیمام ئۆغلۆ لەدایكبووی ساڵی 1970ی شاری ترابزۆنە لە باكوری توركیا، دەرچووی كۆلیژی كارگێڕی كارە لە زانكۆی ئیستانبوڵ، لە خێزانێكی دیندارو كۆنەپارێزەوە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە، بەڵام خێزانەكەی مێژوویەكی دورودرێژی هەیە لە كاری سیاسیدا، باوكی دامەزرێنەری لقی پارتی "نیشتمانی دایك"ە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی كۆچكردووە تۆرگۆت ئۆزال لە ترابزۆن.
ئیمام ئۆغلۆ دانی بەوەدا نا كە ئەو لە خێزانێكی كۆنەپارێزەوە هاتووە، بەڵام لەسەردەمی خوێندنی زانكۆدا ئازادتربووەو بووەتە هەڵگری بەها دیموكراتییە كۆمەڵایەتییەكان.
تاوەكو ساڵی 2008 نەچووەتە ناو كاری سیاسییەوە، لەو ساڵەدا چووەتە ناو پارتی گەلی كۆمارییەوە، یەك ساڵ دواتر بووە بە سەرۆكی شارەوانی ناوچەی (بیلیكدۆز) لە بەشە ئەوروپییەكەی ئیستانبوڵو لە كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری بردوەتەوە.
وەبەرهێنان لە سەركەوتندا
پارتی گەلی كۆماریی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئاستە باشەكەی ئیمام ئۆغلۆی لە ئیدارەدانی شارەوانی ناوچەی (بیلیكدۆز)ی قۆستەوەو كاندیدی كرد بۆ هەڵبژاردنی ئەمدواییەی شارەوانی ئیستانبوڵ، كە ئەم شارە (16 ملیۆن) كەسی تێدایەو ژمارەی دەنگدەرەكانی (10 ملیۆن) كەسە.
رۆژی 13ی كانونی یەكەمی 2018، كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی سەردانی ماڵی حەسەن ئیمام ئۆغلۆ باوكی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆی كرد لە ترابزۆنو بە پێكەنینەوە وتی:" هاتوین كوڕەكەت بخوازین" ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ كاندیدكردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ.
حەسەن ئیمام ئۆغلۆ وەڵامی دایەوەو وتی:" پێشتر كچێكت لە ئاغجا ئابات (یەكێك لە گەڕەكەكانی ترابزۆن) برد، ئێستا كوڕێكیشت پێدەدەین".
لەو كاتەوە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ بە لیهاتووییو داناییەوە چووە ناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوەو خۆی بەدورگرت لە وروژاندنی ناكۆكیو توڕەكردنی دەنگدەرانو پەنای بۆ گوتارێكی دۆستانەی جیاواز برد كە هەموو چینە جیاوازەكانی دەنگدەران بگرێتەوە.
ئیمام ئۆغلۆ دەچووە بۆلای دەنگدەران لەو گەڕەكانەی كە بە پێگەی پارتی دادو گەشەپێدان دادەنرانو بەناو شەقامەكانیدا دەسوڕایەوەو لەگەڵ خەڵك قسەی دەكرد بۆ ئەوەی سەرەنجی دەنگدەرانی ئاسایی بەلای خۆیدا رابكێشێت، لەبەرامبەردا ئەردۆغان بەشێوەیەكی تایبەتیو بەنوێنەرایەتی پارتەكەی هەڵمەتی بانگەشەی بەڕێوەدەبرد، تا ئەو ئاستەی لە دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشەدا، لە ئیستانبوڵ هەشت وتاری پێشكەشكرد.
پارتەكەی ئەردۆغان كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرەست (مەهەپە)دا كردبوو، سەرباری ئەوەی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆی لە توڕەكردنی دەنگدەرانی كورد بەدورگرت، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە بوو بەهۆی لەدەستدانی پشتیوانی دەنگی كوردو كورد دەنگیاندا بۆ ئیمام ئۆغلۆ، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە نوێنەرایەتی دەنگی كورد دەكات، لە ئیستانبوڵو ئەنكەرەو شارە گەورەكانی تر كە زۆرینەی دانیشتوانەكەیان كورد نین، كاندیدی بۆ سەرۆكی شارەوانی پێشكەش نەكرد، بەوەش دەنگی كورد لەو شارانە رۆیشت بۆ ئۆپۆزسیۆن.
كورد ئەمجارە پشتیوانی كێ دەكات؟
لە هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ دەنگی كورد خاڵی یەكلاكردنەوەی كورسی سەرۆكایەتی شارەوانییە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا پارتی دیموكراتی گەلان"هەدەپە" كە نوێنەرایەتی دەنگی زۆرینەی كورد دەكات، كاندیدی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ نەبوو، پشتیوانی لە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، كاندیدی (جەهەپە) كرد، لەم هەڵبژاردنەشدا سەرەڕای كۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان، بەهەمان شێوە پشتیوانی خۆی بۆ كاندیدەكەی (جەهەپە) راگەیاند.
پەروین بوڵدانو سەزایی تەمەللی هاوسەرۆكانی (هەدەپە) لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا جەختیانكردەوە، حزبەكەیان هەتا ئێستا ستراتیژو هەڵوێستی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنەكە نەگۆڕیوە.
هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی (هەدەپە) لە زیندانەوە هەڵوێستی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنەكە راگەیاندو داوای لە دەنگدەران كرد، دەنگ بە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ بدەن.
ئەم هەڵوێستەی (هەدەپە) لە كاتێكدایە (ئاكەپە) لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ راكێشانی دەنگی كورد بۆ كاندیدەكەی، ئەوەی بڵاوكردەوە كە گوایە ئۆجەلان لە زیندانەوە داوای لە دەنگدەرانی كورد كردووە بێلایەن بن لەنێوان (ئاكەپە)و (جەهەپە)دا، بەڵام هاوسەرۆكانی (هەدەپە) ئەوەیان رەتكردەوە.
راپرسییەكان چی دەڵێن ؟
لەدوای بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئیستانبوڵەوە، زۆرینەی راپرسییەكان كە لە توركیا ئەنجامدراون، ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی كاندیدی (جەهەپە) بووە.
نوێترین راپرسی كە رۆژانی 17 بۆ 19ی ئەم مانگە لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی ئیستانبوڵ ئەنجامدراوەو 1500 كەس بەشدارییان تێداكردووە، لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی (جەهەپە) بووە.
لەو راپرسییەدا، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، كاندیدی (جەهەپە) 52.11%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بن عەلی یەڵدرم كاندیدی ئاكەپە 47%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، نەجدەت گۆكچینار، كاندیدی حزبی سەعادەت كە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا زۆر هەوڵو تەقەلای دا لە كێبركێكە بكشێتەوە لەو راپرسیەدا 0.84%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.
لە راپرسیەكیشدا كە دامەزراوەی " كۆندا"ی تایبەت بە راپرسی ئەنجامیداوە، ئیمام ئۆغڵو 54%و یەڵدریم 45%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.
یەڵدرم.. هاوپەیمانە دڵسۆزەكەی ئەردۆغان
كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ، بن عەلی یەڵدرمە، كە پێشتر سەرۆك وەزیران بووەو پێش ئەوەی ببرێتە ناو كێبركێی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵەوە، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا بووە.
یەڵدرم كە بەرەگەز كوردە، ساڵی 1955 لە شاری ئەرزنجان لە دایكبووەو پسپۆری ئەندازیارییو دەریاوانییەو سەرپەرشتی چەندین پرۆژەی گرنگی لە بواری ژێرخانی توركیاو گواستنەوەی دەریاییدا كردووە، كە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەرێتی (ئاكەپە) لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا لە ساڵی 2002ەوە.
یەڵدرم بە هاوپەیمانە دڵسۆزەكەی ئەردۆغان وەسفدەكرێتو لەوكاتەوە كە ئەردۆغان سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ بووە لەگەڵیدا كاریكردووەو ساڵی 1994 بۆ 2000 بەرپرسبووە لەو هاتوچۆی دەریایی لە شارەوانی ئیستانبوڵ.
ساڵی 2001 لەكاتێكدا ئەردۆغان پارتی دادو گەشەپێدانی دامەزراند، چەندین كەسی نزیك لەخۆی هێنایە ئەنكەرەی پایتەخت، یەكێك لەوانەش بن عەلی یەڵدرم بوو.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2002دا یەڵدرم لە شاری ئیزمیر سەركەوتنی بەدەستهێناو هەر ئەو هەڵبژاردنە (ئاكەپە)ی گەیاندە كورسی دەسەڵاتو دوای ئەوەی ئەردۆغان بووە سەرۆكی حكومەت پۆستی وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی بە یەڵدرم سپاردو تا 2007 لەو پۆستەدا مایەوە.
لە هەڵبژاردنی 2007دا جارێكی تر یەڵدرم لە شاری ئەرزەنجانی زۆرینە كورد خۆی كاندیدكردو سەركەوتنی بەدەستهێناو لە پۆستی وەزیری گواستنەوەدا بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی 2011دا لە شاری ئیزمیر سەركەوتنی بەدەستهێناو دەسەڵاتەكانی وەزارەتەكەی فراوانكراو گواستنەوەی ئاوییشی خرایەسەر.
لە میانی خزمەتكردنیدا لە وەزارتی گواستنەوە، یەڵدرم هێڵی دەریایی ئیستانبوڵ- یالۆڤا، ئیستانبوڵ- بالیكی كردەوەو چەندین خزمەتی پێشكەش بە كەرتی دەریاوانیو رێگەی ئاویی كرد لە ئیستانبوڵ، پاشان رویكردە ئیزمیرو چەند پرۆژەیەكی وەك شەمەندەفەری خێرا، پەرەپێدانی ژێرخانو ئینتەرنێتو هێڵی ئاسمانیو رێگا خێراكانی بۆ ئەو شارە پێشنیاركرد، بەهۆی ئەو پرۆژانەوە شاری ئیزمیر بەرووی (ئاكەپە)دا كرایەوە كە پێشتر ئامادەگی لەو شارە زۆر كەمبوو.
یەڵدرم ئازاری 2014 خۆی بە سەرۆكایەتی شارەوانی ئیزمیر كاندید كرد، بەڵام شكستیهێنا، پاشان ئەردۆغان وەك راوێژكاری خۆی بۆ بواری وەبەرهێنان دەستنیشانی كرد.
ساڵی 2016 ئەردۆغان متمانەی بە یەڵدرم كردو سەرۆكایەتی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری پێسپاردو دواتر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپێردراو پاشان ئەركی هەمواركردنەوەی دەستوری وڵاتو گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پێسپێدراو ئەوەش لە ساڵی 2018 ئەنجامدرا.
دوای سەركەوتنی راپرسی هەمواری دەستورو هەڵبژاردنی ئەردۆغان وەك سەرۆك كۆمارو هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەردۆغان یەڵدرمی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندیدكردو تا تەموزی 2018 لەو پۆستەدا مایەوەو پاشان كاندیدكرا بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵو لە هەڵبژاردنەكەدا بە جیاوازییەكی كەم بەرامبەر ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ شكستیهێنا.