بڕیارێكی عێراق نرخی هێلكە 100% بەرزدەكاتەوە
2019-06-23 16:57:17
درەو میدیا: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ
بڕیارێكی حكومەتی عێراق بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكە، نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە رێژەی 100% بەرزدەكاتەوە، هەرێمی كوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی (ملیارێكو300 ملیۆن )هێلكەی هەیە، بەڵام ئەو بڕە ناتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە كە ساڵانە تەنها ( 800 ملیۆن ) هێلكەیە، چونكە بڕێكی زۆر لەو هێلكەیەی لە ناوخۆی هەرێم بەرهەمدەهێنرێت هێلكەی رەنگ سورە رەوانەی شارەكانی تری عێراق دەكرێتو لە هەرێمی كوردستان خواستی لەسەر نییە.
هۆكاری گرانبوونی هێلكە
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، رۆژی 30ی نیسانی رابردوو نوسراوێكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆئەوەی رێگە بگرێت لە هاوردەكردنی هێلكە لە دەرەوەی عێراق لەسەرجەم دەروازە سنورییەكاندا بە تایبەتی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هۆكاری ئەو بڕیارەی بۆئەوە گەڕاندوەتەوە كە بڕێكی زۆر هێلەی خراپ بە شێوەیەكی نایاساییو بە نرخێكی كەم لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە هاوردەكراوەو ئەوەش زیانی بە بەرهەمی ناوخۆ گەیاندووە، ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، بەشێوەیەكی خێرا نرخی هێلكەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزكردەوە.
پێداویستی ناوخۆیی هێلكە
لەدوای دەركردنی ئەو بڕیارەوە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، نرخی تەبەقێك هێلكە بە رێژەی 100% بەرزبوەوەو لە 3 هەزار دینارەوە بۆ نزیكەی 6 هەزار بەرزبوەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان, لە 11 پڕۆژەی پەلەوەری بەرهەمێنانی هێلكە، ئێستا پێنجیان بەرهەمیان هەیە، ئەگەر هەر 11 پڕۆژەكە بكەونەوە كار ساڵانە (ملیارێك و 300 ملیۆن) هێلكە بەرهەمیان دەبێت، ئەوە لە كاتێكدا پێویستیی هەرێمی كوردستان بە هێلكە لە ساڵێكدا نزیكەی 800 ملیۆنە".
بەوەش هەرێمی كوردستان دەتوانێت ساڵانە ( 500 ملیۆن) هێلكە لە پێداویستی خۆی زیاتر بەرهەمبهێنێت.
بە بڕوای چەند شارەزایەكی ئابوریی بڕیاری قەدەغەی هاوردەی هێلكەی سودیشی هەیە بەوە بووەتە هۆی بووژانەوەی پرۆژەكانی پەلەوەر لە ناوخۆی هەرێم.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 دا خواست لەسەر هێلكەی كوردستان لە شارەكانی عێراق زۆربووەو، 90%ی ئەو هێلكەیەی لە كوردستان بەرهەمدێت، هەناردە دەكرێ بۆ شارەكانی عێراق، لە هەمانكاتدا هەرێمی كوردستان ساڵانە بایی(45 ملیۆن دۆلار) هێلكە لە توركیاو ئێران دەكڕێت.
هێلكە لە توركیا هەرزان دەبێت
لەدوای بڕیاری قەدەغەی هاوردەكردنی هێلكە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوەو گەڕاندنەوەی سەدان تۆن هێلكە بۆ توركیا لە هەرێمی كوردستانەوە، نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی توركیا دادەبەزێنێت، بەوتەی سەرۆكی یەكیتی سەنتەری بەرهەمهێنانی هێلكە لە توركیا" پێشتر لە توركیا یەك تەبەقی هێلكە بە (٢٠)لیرەی توركی بووە، بەڵام لەدوای قەدەغەكردنی هاوردەی هێلكەی توركی بۆ عێراق، نرخی یەك تەبەق هێلكە بووە بە(١٠)لیرەی توركی.
ئیبراهیم ئافیۆن سەرۆكی یەكێتی سەنتەری بەرهەمهێنانی هێلكە لە توركیا، بە رۆژنامەی (جمهوریەت)ی توركی راگەیاندووە" بۆیە نرخی هێلكە لە ناوەوەی توركیا هەرزارن بووەو لە عێراق گران بووە، ماوەی چەندین ساڵە ٩٥٪ی هێلكەی وڵاتەكەیان لە عێراق ساغدەكەنەوە"
هاوڵاتیەك ساڵانە 145 هێلكە دەخوات
هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستیی بە ( 800 ملیۆن ) هێلكەیە، واتا ساڵانە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان (800 ملیۆن) هێلكە دەخۆن، ژمارەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە نزیكەی ( 5 ملیۆن و 500 هەزار)كەسە, ئەگەر ئەو هێلكانە دابەشی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەوا هەر هاوڵاتیەكی هەرێم ساڵانە ( 145 ) هێلكەی بەردەكەوێت.